Cemal-Abdul

مەحمود ڕەزا : نهێنییەکی لیستە 2250 کەسییەکە .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

ئەمشەو ،  2015/8/5 ، سەعات 20 بە کاتی کوردستان لەگەڵ هاوڕێی بەڕێزم مامۆستا رەفیق ساڵح ، سەرێکمان لە مامۆستا جەمال عەبدول دا .
قەیرانە قوڵەکانی هەرێم کارێکیان کردووە ، دانیشتنی وا ، تەنیا بە خێر بێن و خواحافیزتان بێی لێ دەرچێ ، ئەوی تری باسی سیاسەتە . لە ماوەی دو سەعات و نیودا ، مێژوی زیاتر لە بیست ساڵ حوکمڕانیی گێڕ و گەواڕی کوردمان ئەمدیو دیو کرد .
ئێمە نەمان ویست میزاجی بەڕێزی تێک بدەین ، بۆیە خۆمان پاراست لەوەی لە نهێنیی بونی ناوی بەڕێزی لە لیستی داواکارانی درێژکردنەوەی تەمەنی کورسیەکەی بارزانی دا ، لێ بکەین . بەڵام زنجیرەی باس بردینی بۆ تەنگەبەری یەک ، کە بە تەنیا بە کردنی ئەو پرسیارە ئەتوانرا بپەڕینەوە بۆ ئەو دیو تەنگەبەری یەکە  .
کە لێمان پرسی چیرۆکی بونی ناوت لەو لیستەدا تا چەند راستە ؟ وەکو ئەوەی شاخێک لە سەر شانی بوبێ و دامان گرتبێ ، هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و وتی : ” باوەڕ ئەکەن لە دوێنێ وە ، کە ئەم چیرۆکەم بیستوە ئەڵێی بە سەر ئەم دنیایەوە نیم “. ئینجا ئەم چیرۆکەی بۆ گێڕاینەوە :

تێبینی : لێرەوە چیرۆکەکە لە زمانی کەسی یەکەمەوە ، یانی بە زمانی مامۆستا جەمال ئەگێڕمەوە  :

” سێیەم رۆژی جەژنی رەمەزان بو ، سەرێکم دا لە ماڵی کاکە حەمەی مەلا کەریم . کە گەیشتم ، کاک ئازاد عەبدولواحید و حەمەکەریم هەورامی ناوێک لە وێ بون . لەگەڵ کاکە حەما باسی ئیمزا کردن و نەکردنی بەیاننامەیەکیان ئەکرد . خەریکی خوێندنەوەی بون بۆ کاکە حەمە .
کاکە حەمە دو دڵ بو . کاک ئازاد بەیانەکەی دایە دەستی منیش بیخوێنمەوە . خوێندمەوە . ڕووی تێ کردم و بەمنی وت ، شەرەفمەند ئەبین پیاوێکی وەکو جەنابیشت ئیمزای بکا . وتی ، تا ئێستا چەن هەزار رۆشنبیرێک ئیمزایان کردوە .
ئەوی راستی بێ ، ئەو نوسخەیەی خوێندمەوە هیچ وشەیەکی خراپی تیا نەبوو . بەڵام چونکە من مارانگاز بوم ، چەند جارێکی ، کە بەو شێوەیە فێڵم لێ کراوە ، لێم پرسی : هەر ئەم دەقە ئەبێ ؟ بۆ خزمەتی ئەم یان ئەو حیزب دەستکاری ناکرێ ؟ دڵنیای کردم  ، کە رێک ئەم دەقە بڵاو ئەکرێتەوە و وشەیەکی لێ زیاد ناکرێ .
دڵم بەوەش ئاوی نەخواردەوە ، وتم باشە نوسخەیەکم لەم نوسینە بەرێ .
وتی : بە تەنیا ئەو نوسخەیەم پێیە . بەس تەلەفۆنەکەتم بەرێ ، دوایی نوسخەیەک ئەگەیەنمە دەستت . بەڵام نە تەلەفۆنی کرد و نە نوسخەی گەیاندە دەستم . منیش لە بیرم چوبۆوە تا دوێنێ پێیان وتم : شتێکی وا بڵاو بۆتەوە .

هەر دوێنێ شیرین خانی ژنی کاکە حەمە بۆ دڵنەوایی تەلەفۆنی بۆ کردم و لەوم بیست کە کاکە حەمە یش وەکو من نیگەرانە  “
چیرۆکەکە تەواو .

سەعات 22.30 تەواو لە دەرگای ژوری میوان درا . مامۆستا جەمال چو بە دەم تەقەی دەرگاکەوە . زۆری پێ چو . من لە ناخی خۆما توشی جۆرێک لە دڵەڕاوکە بوم ، چ قەوما بێ ؟ شتێکی ناخۆش روی نە دابێ ؟ و  زۆر پرسیاری تر .

دوای زیاتر لە 10 دەقیقە مامۆستا گەڕایەوە . دوای عوزر خوایی ئەم چیرۆکەی گێڕایەوە :
” ئەوە شیرین خانی ژنی کاکە حەمە بو تەلەفۆنی کرد . شیرین خان ئەو رۆژە لەگەڵمان دانیشتبوو ئەویش ئەزانێ فێڵ لە من و کاکە حەمەش کراوە . کوڕەکەیان توڕە بوە ، وتویەتی چۆن باوکم شتی وا ئیمزا ئە کا ؟
دایکی چیرۆکەکەی بۆ گێڕاوەتەوە ، کوڕە هەر خاو نەبۆتەوە ، باوەڕی پێ نەکردون . دایکییشی تەلەفۆنی بۆ من کردوە تا قسە لەگەڵ کوڕەکەی بکەم ، خاو ببێتەوە . لەو ساوە لەگەڵ ئەو قسەم ئەکرد . چیرۆکەکەی بۆ ئێوەم گێڕایەوە ، بۆ ئەویشم گێڕایەوە و شکور بۆ خوا بڕوای کرد و زانی باوکیشی فێڵی لێ کراوە  “.

من پێشتر لێم پرسی : بۆچی رونکردنەوە نانوسی ؟
وتی : ئەی نوسم ، چۆن نای نوسم . بەس جارێ ئەوەنە پەستم دەستم قەڵەم ناگرێ .

لێم پرسی : ” من ئەتوانم ئەم چیرۆکە لە زمانتەوە بگێڕمەوە و بڵاوی بکەمەوە ؟

وتی : مەمنون یش ئەبم .

وتم : لە پێناو نە شێواندنی وێنەی جوانی بەڕێزت و کاکە حەمەی مەلا کەریما شەرتبێ بیکەم .

کە هەستاین بۆ خواحافیزی ، مامۆستا وتی : باشە ئەم بێ ویژدانانە لە پێناوی چیا ئاوا بێ باکانە ناوی ئێمە مانان ئەزڕێنن بێ ئەوەی ویژدانیان ئازاریان با ؟

تێبینی :
ئەوەی جەنابی مامۆستا جەمال گێڕایەوە ، تێکستی بەیانەکە تەواوی ئەو پەرەگرافەی لێ زیاد کراوە کە داوای درێژکردنەوەی تەمەنی کورسیەکەی م . بارزانی تیا کراوە .

ئاخۆ چەند کەسی کەی وەکو ئەم دو زاتە موبارەکە ، فێڵیان لێ کرا بێ و ناویان خرابێتە ناو لیستەکەوە ؟

ئێستا کاک ئازاد عەبدولواحید لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئەخلاقیی مەزنایە و لە سەرێتی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە :
” پاراستن کڵاوی لە سەر ئەویش ناوە ، یا خۆی بە حوسن و رەزای خۆی بەشداری سیناریۆکە بوە ؟”

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت