Akram-Ali-Kamal

 ئەکرەم محەمەد ئەمین : دوای ( 20/08/2015 ) لە کوردستان

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە بۆ گەشتن بە سازانی نیشتمانی لایەنە سیاسیەکان لەسەر یاساکانی دەسەلاتی سەرۆکی هەرێـم و ماوەی تەواو بونی وویلایەتی سەرۆکی هەرێـم .

یاسا زۆر گرانە لەم هەرێمەی خۆماندا سەروەر بێت . ئەوەش ئەگەرێتەوە بۆ قازانج و دەسکەوتی تایبەتی لایەنە سیاسیەکان بە گشتی و بە تایبەتی پارتی .

چۆن ؟

گرنگترین دەسەلاتی بالا لای برادەرانی پارتیە ، کە خۆی ئەبینێتەوە لە دەسەلاتی سەرۆکایەتی هەرێـم بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە و سەرۆك وەزیران و دەسکەوتێکی زۆری داهاتی نەوت بە ناروونی و ئاسایشی وولات و کۆنترۆل کردنی زۆنی زەرد بە هەموو مانایەکیەوە کە بۆ لایەنەکانی تر نیە کاری سیاسی وەکو پێویست بە ئەنجام بگەیەنن .

کەواتە لەدەست دانی ئەم هەموو دەسەلاتە بۆ پارتی لە شەورۆژێکدا ئاسان نیە و ناشکرێ .

کۆمیسۆنی بالای هەڵبژاردنەکان لەدوای ئەم بەروارەوە و لە دوای دوومانگی تریش هەر ناتوانن بریاری ئامادە کاری بکەن بۆ هەڵبژاردن ، چونکە کاتیان نیە سەرژمیری تەواو و بودجە لەبەردەست نیە بۆ راپەراندنی .

هەرچوار لایەنەکە بە جیاوازی  بیرو بۆچونەکان ودەسەلاتەکانیانەوە وەکو جوگرافیا زۆری ئەندامانیان لە زۆنی سەوزان و کاری سیاسی زۆر ئازادانە بە ئەنجام ئەگەیەنن ، پێچەوانەی زۆنی زەرد ، ئەمەش وای کردوە چۆن بە قازانجایان بێت و لە بەرژەوەندی حزبەکەیان بێت وا بکەن یەك پرۆژەیان هەبێت ، بێجگە لە یاسا کە دوا بریاری خۆی داوە بۆ کۆتا دەسەلاتی سەرۆکی هەرێـم .

کەواتە لایەنەکان ناگەنە سازانێکی کۆتایی ، منیش بۆ دوای ( 20 /08 / 2015 ) لە کوردستان وای ئەبینم .

١ – سەرۆکی هەرێـم بە تەنها سەرۆکی یەك لەسەر سێی هەولێر و زۆرینەی دهۆك ئەبێت ، دەسەلاتی قەلەم رەویی تەنها زۆنی زەردە وەکو جوگرافیا .

٢ – سەرکی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ بە پێی یاسای ئەبێتە سەرۆکی هەرێـم ، بەلام سەرۆکی بەشێکی دانیشتوانی هەولێر و زوربەی دانیشتوانی شاری سلیمانی و هەلەبجە و گەرمیانە . دەسەلاتی قەلەم رەویی تەنها لە زۆنی سەوزدا ئەبێت ، هەرچەندە پەرلەمان لە هەولێرە .

٣ – سەروك وەزیران بە شەرمەوە سەرۆك وەزیرانی زۆنی سەوز ئەبێت چونکە بەشێك بوە لەوەی نەیتوانیوە بگاتە سازان لەگەل لایەنەکانی تر .

٤ –  فەرماندەکان وهێزی پێشمەرگە بە قارەمانێتی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی وەکو خۆی ئەمینیتەوە ئەرکی پاراستن سنورەکانی خۆیان لە ئەستۆ ئەگرن و فەرمان لە دوو شوێن وە ئەگرن ، لە حزبەکانیان و وەزارەتی پێشمەرگە .

٥ – لەم ماوەیەدا پەیوەندیەکان لەسەر ئاستی حوکمەتی عێراق و تا رادەیەکیش ناوچەکە گۆرانکاری دێتە پێشەوە ،

٦ – راگەیاندن ئارام نابێت لە هەردوو لاوە .

٧ – ئەندامانی  هەردوو لا کە لەژێر دەسەلاتی بەرامبەردان خۆپیشاندان بەردەوام ئەبێت و زۆر جاریش ئەگاتە توندو تیژی .

٨ – ئۆتوماتیکی دوو ئیدارە  خۆی ئەسەپێنێ .