5-‌Partaka

میران محەمەد : پـارتـی ئینشا به‌ چـوار حـیـزبـه‌کـه‌ی تـر ‌ئه‌نوسێته‌وه‌ .

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس

هیچ گرینگ نیه‌ به‌لامه‌وه‌ کێ سه‌رۆکه‌ و کێ ده‌بێت ببێت به‌سه‌رۆك . ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه‌ گرینگه‌ ئه‌و سه‌رۆکه‌ چه‌ند شایسته‌و لێهاتوه‌ ، چه‌ند دڵسۆز و کارامه‌ و ده‌سڕه‌نگینه‌ بۆ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌م .
به‌ گوێره‌ی یاسایه‌ك که له‌ سه‌رده‌می زۆرینه‌ و باڵاده‌ستی یه‌کێتی و پارتیدا په‌ڕله‌مانی هه‌رێم په‌سه‌ندیکردوه‌ ، ئه‌وه‌ ٢٩ رۆژه هه‌رێم بێ سه‌رۆکه . هه‌ر به‌ پێی هه‌مان یاسا ده‌بوایه‌ سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان له‌و رۆژه‌وه‌ کاره‌کارنی سه‌رۆکی هه‌رێمی ببردایه‌ به‌ڕێوه ‌و له‌ ماوه‌ی ٦٠ رۆژدا سه‌رۆکێکی نوێ هه‌ڵببژێردرایه !‌‌
که‌چی تا ئه‌م ساته‌ش ‌سه‌رۆك هه‌ر خۆی سه‌رۆکه‌ ! نه‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مانیش فزه‌ی دێت و نه‌ په‌ڕله‌مانیش له‌ هه‌وڵی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکێکی ‌نوێدایه !‌
ئه‌وه‌ ٢٩ رۆژه‌ پارتی له‌م کۆبونه‌وه‌ بۆ ئه‌و کۆبونه‌وه‌ چوار لایه‌نه‌که‌یتر ئه‌هێنێ و ئه‌بات و بابه‌خولێیان پێ ده‌کات ، بێ ئه‌وه‌ی تاڵه‌ مویه‌ك له‌ رێکه‌وتن له‌گه‌ڵیان نزیك بووبێته‌وه‌ ! دڵنیاشم ، که‌ براده‌رانی پارتی خوازیاری نزیكبونه‌وه‌ش نین‌ ! چونکه‌ هاوکێشه‌که‌ به‌لای خۆیاندا لاسه‌نگه‌ و چوار لایه‌نه‌که‌یتر‌ نه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ناوخۆیاندا پته‌ون و نه‌ خاوه‌نی ئه‌و گوشاره‌ به‌هێزه‌شن که‌ پارتیان پێ ناچاربکرێت له‌و‌ که‌له‌ سه‌خته‌ بێته‌ خواره‌وه .‌
کاتی خۆی مامۆستای زمانی عه‌ره‌بیمان ، له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك گه‌ر ئاره‌زوی وانه‌ وتنه‌وه‌ی نه‌ بووایه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌شی نه‌ هاتبایه‌ سه‌ر ، ئه‌ی وت سه‌رو په‌ڕه‌ی سپی ده‌رهێنن و له‌سه‌ر فڵان بابه‌ت ئینشایه‌کی به‌ و ڕه‌نگ و شێوه‌یه‌م بۆ بنوسن ، ده‌ره‌جه‌ی معه‌ده‌لتانی پێ به‌رزده‌که‌مه‌وه‌ ! ئیتر ئێمه‌ش مه‌جبور تا کۆتایی وانه‌که‌ خۆمان سه‌غڵه‌ت ئه‌کرد و جه‌نابیشیان به‌که‌ماڵی سه‌لته‌نه‌ت هه‌وای خۆی وه‌رده‌گرت !
دیاره‌ پارتیش هه‌مان ستراتیجی له‌گه‌ڵ چوار لایه‌نه‌که‌یتر په‌یڕه‌و ده‌کات ! وا تازه‌ به‌تازه‌ بڕیاره‌ بۆچون و پێشنیار و پڕۆژه‌کان بنوسرێنه‌وه‌ و بخرێنه‌ سه‌ر کاغه‌ز !
جا خوێندنه‌وه‌ دراسه‌کردن و هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌رگرتنی رای سه‌رۆکایه‌تی و پێداچونه‌وه‌ و سه‌ر له‌نوێ داڕشتنه‌وه‌یان به‌ خشکه‌یی کاته‌که‌ ده‌گه‌یه‌ننه‌ ٢٠/١٠/٢٠١٥، واتا کۆتای ماوه‌ی ٦٠ رۆژی یاساکه‌ ! ئه‌وا هێشتاش سه‌رۆك هه‌ر سه‌رۆکه و کالعاده‌ مهامه‌کانی خۆی ده‌بینێ و هه‌موو لایه‌کیش ئاقڵانه‌ بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه !

جا ئه‌و کات سه‌یرکه‌ن به‌زمه‌که‌ چۆن پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه . پارتی زمانێکی ده‌کاته ‌ده و تاکه‌ چه‌کی ده‌ستی چوار لایه‌نه‌که‌یتریش که‌ سه‌روه‌ر بوونی یاسایه‌ ده‌که‌وێته‌ ده‌ستی پارتی ! به‌و بیانوه‌ی ماوه‌ی ٦٠ رۆژه‌که‌ گوزه‌شتووه‌ و یاساکه‌ ئێکسپایه‌ر بووه ( به‌ هه‌مان شێوه‌ی برا عه‌ره‌به‌کان که‌ دوای ٢٠٠٧ وتیان ماده‌ی ١٤٠ ئێکسپایه‌ر بووه ، وه‌ك ئه‌یبینین له‌ بێ هه‌ڵوێستی سه‌رانی کوردا تا ئێستاش بۆیان چوه‌ته‌ سه‌ر ) . خه‌تاکه‌ ئه‌خه‌نه‌ ملی ئه‌وان و ئه‌ڵێن ئێوه‌ن له‌ یاسا لاتانداوه‌ . نه‌ سه‌رۆکی په‌ڕله‌مانه‌که‌تان زاتی کرد یاسا بچه‌سپێنێ و رۆڵی سه‌رۆك ببینێ ! نه‌ سه‌رۆك هه‌رێمی نوێشتان پێ هه‌ڵبژێردرا ! ئیتر چیتر ئه‌وه‌نه‌ باسی سه‌روه‌ری یاسا مه‌که‌ن ! په‌ڕله‌مانه‌که‌تان له‌ جێبه‌جێکردنی یاسادا که‌مته‌رخه‌م بووه‌ و رۆڵی خۆی نه‌ بینیووه . دوور نیه‌ گومانی نا یاسایشی بخه‌نه‌ سه‌ر و داوای‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌شی بکه‌ن .
له‌و لاشه‌وه‌ بۆ راکێشانی سۆز و وه‌لای خه‌ڵکی و مسۆگه‌رکردنی ده‌نگی زیاتر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووشدا ، بڕێ پاره‌ ئه‌خه‌نه‌وه‌ بانقه‌کان و ده‌س ئه‌کرێته‌وه‌ به‌ دابه‌شکردنی موچه و زیادکردنی کاره‌با و ئه‌و شتانه‌ بۆ ره‌وانه‌وه‌یه‌کی هاکه‌زایی قه‌یرانه‌ دروستکراوه‌کانی هه‌رێم . وه‌ك چاوسورکردنه‌وه‌یه‌ك له نه‌یارانیشیان دورنیه‌ له‌ژێر هه‌ر ناوێکدا بووه‌ ، عه‌رضی عه‌ضه‌لاتێکی سه‌ربازی تر نمایشبکه‌نه‌وه .
به‌و شێوه‌یه‌ پارتی گۆڵی خۆی له‌ چوار لایه‌نه‌که ئه‌کات . ره‌نگه‌ مه‌عجوبیشیان بکات ! ئه‌وسا ساحه‌که‌یان بۆ ته‌خت ئه‌بێت و گۆڕانکارییه‌کی ئه‌وتۆش رونادا و جومگه‌ گرینگه‌کانی ئابوری و ده‌سه‌ڵات له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا ده‌مێنێته‌وه‌ و سه‌رۆكیش بۆ خۆی هه‌ر به‌ سه‌رۆكی ئه‌مێنێته‌وه !
گه‌ر براده‌رانی چوار لایه‌نه‌که‌ ، ئه‌م هه‌وڵه‌ی پارتیان پێ پوچه‌ڵنه‌کرێته‌وه‌‌ ، ده‌‌‌ستیان له‌ بنی هه‌مانه‌که‌ ده‌رئه‌چێت ، جه‌ماوه‌رێکی زۆریش له‌ده‌س ئه‌ده‌ن و ئه‌بێ تا ماون بۆ خۆیان هه‌ر خه‌ریکی ئینشا و مینشا نوسینه‌وه‌ بن !

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس