نەبەز گۆران : لە ساڵی (2016) دەترسم .

سەرەتای ساڵی (2015) وتارێكم نووسی ، لەو وتارەدا بە پشت بەستن بە كۆمەڵێك داتا ، باسم لەوە كرد ئەم ساڵە ساڵێكی سەختی ئابووری دەبێت . ئەگەرچی ئومێد بەخشەكان وایان نە دەبینی و باسیان لەوە دەكرد ، ئەوە نائومێدكردنی خەڵكە ، بەڵام باشتربوو راستیەكان بوترێن نەك ئومێدەواركردنێك لە بۆشیایدا .
ئێستا خەمەكە ساڵی ( 2016 ) یە . رستەیەكی دیار هەیە دەڵێت :
” كێشەی ئابووری ، دوای ساڵێك دەرئەنجامەكەی دەردەكەوێت “
ئەمەی كە ئەمساڵ بینیمان ، دەرئەنجامی ساڵی (2014) بوو . دەرئەنجامی ساڵی ( 2015 ) لە ساڵی ( 2016 ) دەبینین .
با پرسین بۆچی ساڵێكی سەختتر دەبێت ؟
سەیری ئەم ستوونە بكە . لە رووی ئابوورییەوە كۆمەڵگە دابەش دەكرێت ، بەسەر ئەم سێ‌ خانەیەدا .
گروپێكی سەرمایەدار و پارەداری گەورە ، لە ئاستی لوتكەدا .
گروپێكی سەرمایەداری ناوەنچی ، ( پرۆژەی بچوك ) لە ئاستی ناوەنیدا .
هەژارەكان ، لە ئاستی خوارەوەدا .
بۆ ساڵی نوێ‌ ، گروپەكەی ناوەند بە تەواوەتی تێك دەشكێن . دەبینن ، دوای برینی بودجەكەی هەرێم لە بەغداد ، ئەوەی گورزی گەورەی بەركەوت ، ناوەندەكە و ئاستی خوارەوە هەژارەكان بوو . ئەوانەی لە لوتكەدان ، هەر وەك خۆیان دەمێننەوە . كاتێكیش تاقمی ناوەند تێكشكا ، ئیدی جوڵە بەهێزەكەی ئابووری ناوخۆ تێك دەشێكت . چونكە هەژارەكە دیارە ، هەر هەژارە و لە رێگەی ناوەندەوە گوزەرانی گۆرانكاری بەسەردێت ، كە ناوەند نەما دەچێتەوە دۆخی خۆی . لوتكەكەش دیارە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە .
ئەو ناوەندەی كە جوڵەكەی نێوان سەر و خوار دروست دەكا ، داڕما ، دیسانەوە دوو خانە دروست دەبنەوە ، خانەی لوتكە و خانەی خوارەوە .
ساڵی ( 2016 ) ئەو ساڵەیە ، زۆرینە دێتە خوار و كەمینەی ئاستی سەرەوەش لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە . بەم عەقڵە سیاسیەی ئێستای هەرێم ، چاوەڕێ‌ ناكرێت بە هیچ شێوەیەك جارێكی تر ، مانگانە ئەو بڕە پارە زۆرە لە ناوەندەوە بێتەوە ناو هەرێم . خۆشیان لە رێگەی نەوتەكەوە ، توانای ئیدارەدانیان نیە . لەبەر :
(1) _ برە پارەی فرۆشراو دیار نیە. یاری بە فرۆشتنەكەوە دەكرێت !
(2) _ زۆر بەی بانكەكانیان تێكشكاند و ئەو چەند بانكەی ماونەتەوە ، ناتوانن ببنە هۆی دروستكردنی بازار .
(3) _ بەم میكانیزمانەی ئێستایان ، ئەگەر بتوانن تا ناوەراستی ساڵی ( 2016 ) موچەی ساڵی ( 2015 ) تەواو بكەن ، واتای ئەوەیە ، خۆیان بە سەركەوتوو دەزانن ! چونكە ئەوەی هەیانە و نیانە نەوتەكەیە بەو حاڵە . نەوتەكەش توانای پێدانی موچەی نیە ! ئیدی چۆن توانای باشتركردنی بازاری ئابووری دەبێت ؟!
(4) _ كارگە و پرۆژە ناوەندیەكانی و پرۆژە بچوكەكان ، وردە وردە بەرە و وەستاندن دەچن و كار كەم دەبێتەوە و قورساییەكە لەسەر موچە زۆر دەبێت و موچەش ناتوانێت ، هیچ جموجوڵێك دروست بكات ، تەنها دەتوانێت كەمێك لە نیگەرانی موچەخۆر كەم بكاتەوە .
ئەم چەند رونكردنەوە سەرەتاییە ، رەنگە تێگەشتنێك بێت بۆ منی هاوڵاتی ، كە لە ساڵی (2015 ) باجی ساڵی (2014) دا و ساڵێكی قورس بوو لەسەرمان . ئەی باجی (2015) دەبێت چۆن بێت ؟
بە تەماشاكردنێكی وێنە گەورەكەی سیاسەتی ئابووری هەرێم ، ساڵێكی سەختر دەبێت لەم ساڵەی تێیداین . بۆیە وەك هاوڵاتیەك پێویستە لەو ساڵە بترسین لەبەردەماندا و ئەشێت لەم ساڵەی كە تێیدا بووین، قورستر بكەوێت لەسەر ژیانمان . هەڵبەت ئەگەر عەقڵێكی سیاسی نەیەت چارەسەرێك بۆ نێوان هەرێم و بەغداد دروست بكات ، دۆخی ژیانی هاوڵاتیان دەچێتە قۆناغێكی سەختتر لەوەی ئێستا .

فەیسبوکی نوسەر

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies