Sherif-Hejari

شەریف هەژاریی : سەرە قەڵەمێک لەو دەرفەتانەی کورد لە جەرخی مێژووی نوێوە لە دەستی داون .

کورد ئەو گەلەی لە خۆخۆرییدا هەموو ساتێ لەسەر پێیە بۆ گیانی یەکتر !

* پێش درووستبوونی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیی سونەگەرا و وسەفەوی شیعەگەرا ، ئەوا دەسەڵاتێکی مەرکەزیی بەهێزی داگیرکاریی لە کوردستاندا نەبوو ، کەچی میرە کوردییەکان لە خۆخۆریدا نەیانتوانی ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و ئیمپراتۆرییەتێک یان دەولەتێک بنیادبنێن ! بەڵکو هەردەم لە یەکترخۆرییدا دەژیان ، تا عوسمانیی و سەفەوییەکان لە دوو میرنشینی بچووکەوە بەسەر خاکی کوردەوە کە کوردستانە و بەسەر نەتەوەی کوردەوە بوونە ئیمپراتۆریەت و، میرنشینە کوردییەکانیش ڕۆشتن بەپیریانەوە و دابەش بوون بەسەریاندا و بوونە ئامێری دەست تورک و فارس .
* لە دەورانی دەسەلا‌تی‌ عوسمانیی و سەفەوییەکان هەمیشە هەر میرێکی کورد بیویستبایە خەبات بۆ دامەزراندنی دەولەتی کوردی بکا ئەوا لە لایەن میرەکانی دیکەوە دژایەتیی دەکرا و داگیرکارانی تورک و فارسی دەهێنرایە سەر، مێژووی بەریەککەوتنە زۆر و زەوەندەکانی میرانی : ‘ بابان ، ئەردەڵان ، بادینان و سۆران ‘ سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن .
* لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانیی دا کە دەسەلاتی عوسمانی پڕوکا . کوردی باکور کە شێخ عەبدولقادری نەهری سەرکردایەتی دەکرد ، ئەوا بە ناوی برایەتیی ئیسلامییەوە زۆر بە ئاسانیی لەلایەن کەمال ئەتاتورکی ئەفسەری ئەوکاتەوە فریودرا و شێخ عەبدولقادر نەیتوانی دەرفەتەکە بقۆزێتەوە و دەوڵەتی کورد ڕاگەیەنێت . لە ویلایەتی موسڵیش کە هەرێمی باشوری کوردستانی ئەمڕۆیە ئەوا شیخ مەحمود هەرچەندە پێشتر باوکی کە ” شێخ سەعید ” بوو لە لایەن تورکەکانەوە لە سێدارە درابوو ، بەڵام شێخ مەحمودیش لەلایەن تورکەوە فریودرا و هێزی کۆکردەوە بۆ هاوکاری دەوڵەتی کوردکوژی عوسمانیی و شەڕی شوعەیبەی دژ بە ئینگلیزەکان ئەنجامدا لە پێناو برایەتیی ئاینیی لەگەڵ تورکە عوسمانییەکاندا .
* لە دەورانی جەنگی دووەمی جیهانیش دا ، تەنها پێشەوا قازی محەمەد دەرفەتەکەی قۆزتەوە ” کە ئەم کۆمارەش چەند هۆکارێکی ناوخۆیی و دەرەکیی بوونە هۆی زوو ڕووخانی ، بەڵام دەستکەوتێکی مێژووی سەنگینی کوردە و تەحەدایەکی زۆر کاریگەریش بوو بۆ داگیرکارانی گشت کوردستان لەو کاتەدا ”، هەرچەندە لە هەمان کات دا ، دەوڵەتی عێراقیش لەوپەڕی لاوازیی و ململانێی ناوخودی دەسەڵاتدارانیی حکوومەت دابوو، کەچی کوردانی باشور نەیانتوانی ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە .
* لە کاتی شۆڕشی ١٤ ی تەموزی ١٩٥٨ ی عێراقیش دا ، گەلی کورد لە باشور نەیانتوانی دەرفەتی نەمانی ڕژێمی ناوەندی عێراق بقۆزنەوە بەڵکو لەژێر ناوی ” برایەتیی کورد و عەرەب”ەوە هانایان بۆ عەبدولکەریم قاسم بردەوە و عەبدولکەریمیش پاش کەمتر لە سێ ساڵی دەسەڵاتەکەی ئەوا شەڕی دژ بە کورد هەڵگیرساندەوە .

* بەدرێژایی ساڵانی پەنجا و شەستەکان و دواتریش ! چەندین کودێتا لە عێراق و تورکیا دا ڕوویدا . کوردی هیچ بەشێک لە بەشەکانی باکور و باشور نەیانتوانی دەرفەتی نەمانی دەسەڵاتی ناوەند بۆ خۆیان بقۆزنەوە . پارتیی دیموکراتی باشوری کوردستانیش لە ١٩٦٤ەوە بوونە دووبەش و ، بەشێکیان بوونە داردەستی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق و ، بەشی سەرۆکایەتیش بوونە ئامێری دەستی شای ئێران . لەو کاتەوە تاکو ئێستا هەر لە یەکترخۆریدان و کاریگەریشیان لەسەر هێزەکانی بەشەکانی دیکە داناوە کە پەرت ببن بەسەر ئەم دوو هێزەی باشور دا .

* لە ساڵی ١٩٧٥ کە شۆڕشی کورد لە باشوری کوردستان کاریگەریی هەبوو هەر لە زاخۆوە تا خانەقین . کەچی لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی شۆڕش خۆیان هەڵواسیبوو بە دەسەڵاتی حەمەڕەزا شای ئێران دا ، ئەوا نەیانتوانی دەرفەتەکە بقۆزێتەوە بۆ بنیادنانی دەوڵەتی کوردیی و بگرە ‘ بێ لێکدانەوەی دۆخەکە و بەهۆی ڕێکەوتنی جەزائیری ١٩٧٥ ی ئێران و عێراقەوە ‘ لە پڕ ئاشبەتاڵیان لە ناو شۆڕش دا ڕاگەیاند ، کە ئەمە خاڵێکی ئابڕووچوانەیە لە ناو مێژووی کورد دا تا هەتایە .
* لە ساڵی ١٩٧٨ ڕاپەڕینەکان لە ئێراندا بەتینتر بوو ، قاسملووی ڕێبەری کورد تیۆریای کەوتنی دەسەڵاتی شای ئێرانی داڕشت و کۆمیتەیەکی سەرپەرشتیاری پێک هێنا بۆ گەڕانەوە بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان و خستنی دەسەڵاتی شا و ، خۆشی ڕۆشتە تاران و سەرپەرشتی گشتیی دەکرد . پاش ئەوە ساڵی ١٩٧٩ بە تیۆریی و پراکتیکیی سەرکەوتوو بوو لە خستنی دەسەڵاتی شای ئێران و زۆرزوو ناوچەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانی ڕزگارکرد و بەپێی دۆکیۆمینتەکانی بەریتانیا لە ماوەیەکی کەمدا سوپایەکی پێشمەرگەی ١٠٠٠٠٠ ‘ دە هەزار کەسی ‘ بنیاد نا ، بەڵام ئەو دەرفەتەش بەهۆی دوو هۆکارەوە خاپورکرا :
1 – خۆخۆریی کورد بەتایبەتی پارتیی و یەکێتیی کە دوو هێزی باشوری کوردستان بوون ململانێکانی خۆیان گواستەوە بۆ خاکی ئازادکراوی خۆرهەڵاتی کوردستان . کە پارتیی بوونە چاوساغی سوپای پاسداران بۆ گرتنی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی قاسملوو . هەرچەنە یەکێتیی و حیزبی شوعی بە سەدان پێشمەرگە هاوکاری دیموکراتیان کرد ، بەڵام چ دیموکرات و ” چ یەکێتیی و شوعی کە هێزی پشتیوانی دیموکرات بوون ” نەیانتوانی هەمیشەییانە پارێزگاری لە خاکی ڕزگارکراوی خۆرهەڵات بکەن ، بەهۆی نابەرامبەری هێزەکانی خومەینیی و هەبوونی فڕۆکەی سیخۆ و چەکی قورسی وەک دەبابە و تانک و … هتد . کە لە هیچ شتێ سوپای خومەینی دەستی نەدەپاراست . بەپێی قسەکانی ساڵی ڕابردووی خامنەیی کە لە شاری سنە کردی ، ئەوا سوپای پاسداران زیاد لە بیست هەزار کەسی بەدەست دیموکراتەوە لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا کوژراوی داوە .
2 – خۆخۆری کورد لە ناو خودی هێزەکوردییەکانی خۆرهەلاتی کوردستان ، هەریەکە لە کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و سوپای ئەحمەدی موفتیزادە دژایەتیی دیموکراتیان کرد ، کۆمەڵە کە لە ژێر هێژموونی مەنسور حیکمەتی فارسیست – مارکسیست دابوون ئەوا قاسملوویان بەبۆرجوا و کۆنخواز ناودەبرد کە هەوڵی بنیادی دەسەڵاتی نەتەوەیی-بۆرجوازیی دەدا و ، ئەحمەدی موفتیزادە و هێزەکانیشی بەناوی ‘ برایەتیی ئیسلامی ‘ یەوە پاڵپشتی هێزەکانی خومەینیان کرد . هەربۆیە ئەو دەرفەتە مێژوویەش لەکیسدرا .
* لە ساڵی ١٩٩١ بەهۆی بڕیاری ٦٨٨ ی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەوا خاکی باشوری کوردستان لە چنگ دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق پارێزرا و بەخشرا بە هێزە کوردییەکانی باشور . هێزە کوردییەکان بەتایبەت یەکێتیی و پارتیی لە بری ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کە دەسەڵاتی سەدام لەوپەڕی لاوازییدا بوو ، کەچی دیسانەوە بەناوی ” برایەتی کورد و عەرەب ” ـەوە هانایان بۆ سەدام بردەوە !!
* لە ساڵی ٢٠٠٣ سەدام ڕوخێنرا و کورد و تەنی : ” عێراق فڕی نەما بەسەر جمهورییەوە ”. ئەمریکا زیاد لە حەفتەیەک کەرکووکی دا بەدەست یەکێتیی و پارتییەوە بۆ ئەوەی پلانەکانی خۆیان سەربخەن . کەچی یەکێتیی چوون بەبیانووی خزمایەتییەوە عەشیرەتە عەرەبەکانی سنوری تکریتیان بەرەو کەرکووک هێنایەوە کە عەرەبەکان پێشتر هەڵهاتبوون ، پارتیش لەژێر کاریگەری تورکیا لە هەوڵی زیندووکردنەوەی تورکمانەکاندا بوو . ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارتیی و یەکێتیی بیریان هەر لای فەرهودی و تاڵانی بوو تا ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی . هەربۆیە پارتیی و یەکێتیی جارێکی دیکە ڕۆشتنەوە بۆ بەغدا و دەوڵەتی عێراقیان بۆ عەرەب دروستکردەوە .
* ئەوە بۆ دوو ساڵ زیاترە ، داعش هاتووەتە عێراق و سوریا ، لە بری ئەوەی پەیەدە بارودۆخی سوریا بقۆزێتەوە و دەوڵەتی کوردی ڕاگەیەنێت و برایەتیی لەگەڵ هێزە کوردییەکانی دیکەی خۆرئاوا بکات. کەچی بووەتە ‘ هاوپەیمانی ئێران و هێزەکانی ئەسەد ‘ و کانتۆن دروست دەکا و بڕوای بە دەوڵەت – نەتەوە نەماوە و لە نەگبەتی کورد پەیەدە بە فەرمانی پەکەکە پێی وایە : چەرخی دەوڵەتیی نەتەوەیی ئێکسپایەر بووە !! بەڵکو دیموکراتییەت بۆ گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دادەهێنێ !! کورد وتەنی : ” ڕێوی نەئەچوو بە کونا هەژگێکیشی بەخۆیەوە ئاڵاندبوو !! لەم لاشەوە لە باشور ، پارتیی و یەکێتیی لەبری ئەوەی ناوخۆیان پتەو بکەن و دەوڵەت ڕاگەیەنن !! کەچی هەر خەریکی حساباتی تاڵانیی نەوتن و ، لەم ساتە پڕ ـ دەرفەتاوییەدا زیاتر لە جاران هێزەکانی باشوری کوردستان ڕیزەکانیان لێکترازاوە !! وادیارە پارتیی و یەکێتیی وەک پیشەی هەمیشەییان ئەم جارەش لەبری ڕاگەیاندنی دەوڵەتیی کوردی ئەوا دەیانەوێ بۆ چەندەهەمین جاریان دەوڵەتی عێراق بۆ عەرەب بنیادبنێنەوە !!

کورد پێویستە لە ئێستادا ، کە دەوڵەتەکانی عێراق و سوریا بوونیان تەنها لەسەر کاغەزە ، ئەوا ستراتیژێکی ڕزگاریی نەتەوەیی داڕێژێ و هێزەکانی هەر بەشێک لە خاکی کوردستانیش ڕێز لە هێزەکانی بەشەکانی دیکە بگرن. زۆر پێویستە لە باشور ڕیزەکانی کورد یەکخرێ و دەوڵەت ڕاگەیەنرێ و تەنانەت ئەشتوانرێ گەر کورد لە خۆخۆریی و گیانی حیزب – پەرستی بکەوێ ئەوا خۆرئاوا و باشوری کوردستان یەکبگرنەوە !! پێویستیشە هێزەکانی خۆرهەڵات جووڵانەوەی چەکداری دەست پێ بکەنەوە و نابێت پەکەکە ببێتە ئامێری دەست ئێران بۆ ئەوەی ڕێگا لە شۆڕشگێڕانی خۆرهەڵات بگرێ . سەبارەت بە دۆخی باکور و هەدەپە-پەکەکەش ئەوا نووسینێکی تایبەتی گەرەکە ، بەڵام وەک وترا : زۆر پێویستە هێزەکانی هەر چوار پارچە چیتر بەرژەوەندی نەتەوەیی بکەنە تێکۆشانی خەباتی ڕاستەقینەیان و بیخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبیی و بنەماڵەیی و تاکەکەسییەکان .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies