Yusf-Ezadin

یوسف عزەدین رەئوف : دانەرى تێکست یان خودى تێکست .

ئەدەب لەدەرئەنجامدا بێجگە لەخەونێکى ئاراستەکراو هیچى تر نییە . بۆرخیس .

لوغزى زمان ، نهێنى و پەنهانەکانى ، سیحر و تەلیسمەکانى ، رەهەندە جیاجیاکانى ، کۆریدۆر و پاساژە نەزانراوەکانى ، زانراوەکانى و چەندین شتى دیکە وامان لێدەکات ، لەئاست زماندا سەراسیمە بین . هەرچەندە خودى مرۆڤ زمانى خوڵقاندووە ، بەڵام سەنترالیزمى زمان و وەپەراوێزخستنى مرۆڤ ، لەئاست زمانێکدا کەخۆى داهێنەریەتى ، توانستى کۆنتڕۆڵکردن و ترازانى زمان لەپێگە ماتەریالییەکەى و چوونى بۆ نێو قووڵاییەکانى میتافیزیکیاو سەیرکردنى وەک موقەدەسێک ، بەرزبوونەوەو باڵابوونى ، نەوەستانى لەئاستێکدا و گۆڕانی .. راگەیاندنى بەردەوامى بۆ بوونێکى شاراوەو پەنهانى خۆى ، بوونێکى نەزانراو و هێشتا کەشف نەکراوى ، مایەى هەڵوێستەو پرسیارە ؟!
بۆیە سەیر نییە گەر هەبن پێیان وابێت ، ململانێى مێژوویى راستەقینە ، ململانێى ئینتیمایە بۆ تێکست یاخود زمان ، بەو پێیەى کەزمان سیستمى سیستمەکانە ، گەرچى لەنێو شوێن و زەمەندا چی دەبێت ، بەڵام هەروەک ئەوەى لەناشوێن و نازەمەندا نیشتەجێ بێت ، پێویستى بەموغامەرەى خەیاڵ و ئەندێشەیە تا پەى بەسەرەتاو نەزانرا و بەرایبوونى ببات . ریزبەندى زمانە یەک لەدواى یەکەکانى هەمان سولالەى زمان هەندێک کات بەچەشنێکە ، کە زمانى ئاڵتەرناتیڤ شوێنى زمانەکەى پێش خۆى دەگرێتەوەو بەم چەشنە ئیدامەى دەبێت تادواجار زمان دەبێتە شتێکى زۆر نەیار بەبەراییەکانى خۆى ، هەر لەنێو خودى ئەو کۆمەڵە ئیتنیکییەى کەتێیدا دروستبووە .
سیحرى زمانى بەرایى لەیەکەمین ساتى دروستبوون و گۆکردنیدایە ، لەیەکەمین ساتى بەربەرەکانێى خەیاڵ و واقیعە بۆ ناونانى شتێک ، رەنگە زمان هەڵقووڵاوى یەکەمین ساتى سەرسامیى مرۆڤ بووبێت ، دەرحەق بەو شتانەى کەلاى ئەو پێشتر تەنها رەنگ و شێوە و بۆن و دەنگ و تام و قەبارە و بارستە بوون ، داهێنانى زمان ساتەوەختێکى سەیرى پەڕینەوەى بوونەوەرێکى ئاقڵە لەدنیاى ئاژەڵانەوە بۆ نێو دنیایەکى دیکە ، دنیایەکى سامناکتر لەجەنگەلڕ . زمان بۆ هەتا هەتایە ئەو بوونەوەرەى کەئێستا پێى دەگوترێت مرۆڤ لەدنیاى ئاژەڵان ترازاند و گەڕانەوەشى بۆ نێو ئەو دنیایەى
پێشووترى کردە مەحال .
ئەوەى وەک سەرەتایەک پێش ئەوەى بچینە سەر کورتە باسەکەمان ، دەبێت ئاماژەى پێبدەین .. پێوەندى نێوان ئاخافتن و نووسینە ، ئاخافتن لەمێژەوە بەبنەمایەکى بەرایى سەیرکراوەو پەى بەوە براوە کە ئایدیاو مەبەستى بێژەر راستەوخۆ دەگەیەنێتە وەرگر” گوێگر ” ، بەڵام نووسین کردەیەکى راستەوخۆ نییە و تەنانەت تواناى گەیاندنى بیرکردنەوەى خودى دانەریشى نییە لەحاڵەتى خوڵقاندنى تێکستدا ( دیارە لەسەرجەمى کورتە باسەکەدا تەنها مەبەستمان لەو جۆرە نووسینانەیە کەجدیەت لەخۆ دەگرن و بەتایبەتیش ئەو نووسینەى کەتێکستێکى ئەدەبى دەهێنێتە بوون ).
گۆران ” لەدووتوێى شیعرێکدا باسى لەو حاڵەتە کردووە ، کەچۆن ئەوەى بیرى لێدەکاتەوەو وەک خەیاڵێک پێى مەستە ، بۆى ناهێنرێتە نێو تێکستەوەو دەستنیشانى دوورى ئەو دوو پرۆسەیە دەکات کەیەکێکیان بیرکردنەوەو خەیاڵى خۆیەتى و دووەمیشیان کردەى نووسینیەتى ، رەنگە ئەمە وەرچەرخانێک بێت لەئەدەبى کوریدا بۆ جیاکردنەوەى تێکست لەخودى بیرو هزر و تێڕوانینى دانەر . دەتوانین بڵێین ئاخافتن زیاتر نزیکە لەوەى بەخەیاڵدا گوزرە دەکات و دانەر بیرى لێدەکاتەوە ، بەو پێیەش کەنووسین دوالیزم و پاشکۆى ئاخافتن نییە ، کەواتە هەر لەبنەڕەتەوە بارگاوییە بەجیاوازى و دوورکەوتنەوە لەکۆنتڕۆڵکردنێکى بەزۆر ، هەرچەندە ئەوەى کە لێرەدا لەبارەیەوە دەدوێین ساتەوەختێکى زمانە لەخوڵقاندنى تێکستێکى زیندوودا .
گەمەکانى نووسین لەکردەى نووسیندا ، لەهیچ سنوورێکى دیاریکراو جیا ناکرێنەوە و بێکۆتا ئیدامەیان دەبێت ، هەر ئەم گەمەیەشە کەبەشێکى جیاکردنەوە و ناسینەوەى تێکستەکانى دەکەوێتە ئەستۆ ، دیارە مەبەستمان لەو گەمانەیە کەلەناوەوە دەکرێن و لەنێو قووڵایى کێشمانکێش و ململانێ و دژایەتییەکانەوە وەک ناوکۆکەیەک لەچەقەوە بۆ دەرەوە تەوژم دەدەن و شەپۆلە یەک لەدواى یەکەکانیان لێدەکەوێتەوە .
کردەى نووسین کاتێک لەئاست خوڵقاندنى تێکستدا رادەوەستێت ، بەبێ گەڕانەوە بۆ پانتاییەکانى زمانى پەراوێزکراو و رەتکراو و دوور لەسێنتەر مەحاڵە ، بەکارهێنانى زمانى ئاڵتەرناتیڤ تێکستێکى ئاڵتەرناتیڤ دەهێنێتە کایەوە ، هەر ئەمەشە بەشێوەیەکى گشتى لەدنیاى ئەدەبیدا دەگوزەرێت و کەمجار هەندێک تێکست تواناى تەجاوز کردنیان هەیە . دەبینین پاش دەرکەوتنى تێکستێکى زیندوو ، دەیان تێکستى ئاڵتەرناتیڤ دێنە بوون و خۆیان نمایش دەکەن .
لەڕوویەکى دیکەشەوە پێوەندى هۆشمەندى بە تێکستە ئاڵتەرناتیڤەکانەوە گەیشتۆتە ئاستێک ، کەتەنها بەشێکى زۆرى تێکستەکان نابنە ئاڵتەرناتیڤى یەکدى ، بەڵکو زۆر جاران هۆشمەندیش وەک تێکستێک خۆى نمایش دەکات و لەمیانى بوون بەتێکستیەوە دژایەتى تێکستە نەیارەکان بەخۆى دەکات . بەمەش ئەو پێوەندییەى لەنێوان نووسراو و نەنووسراودا هەیە بەچەشنێک دەئاڵۆزکێ و دەپەشۆکێ کەئیدى نەزانراو لەو ناوەدا دەبێتە پەراوێزێکى لەبیرکراو و زانراویش دەبێتە ئەوەى کەهەیەو ناشێت و ناکرێت لەپشت ئەوەوە بیر لەشتێکى دیکە بکرێتەوە .
ئەدەبێکى ناتەقلیدى و ناباو وەک کایەیەکى ناجێگیر و شلۆق و ناسەقامگیر ، سەربارى ئەو گومانەى کەهەیە کەسەبارەت بەخۆى و ژانرەکانى ، ئەگەر بگەڕێینەوە سەرەتاکانى و بەنێو زەمەنێکى دێریندا هەنگاو بنێین و لەئاست حیکایەتەکانیدا رابوەستین ، دەبینین ئینیمایەکى فیعلى بۆ کەسێک نییە ، بەڵکو ئینتیماى بنەڕەتى بۆ زمانەو حیکایەتخوانیش تەنها هۆکارێکى گواستنەوەیەتى و لەویشەوە لەدوو توێى ئاخافتندا لەزارێکەوە بۆ زارێکى دى ، سەفەرى بێکۆتاى دەست پێدەکات ، ئەو سەفەرەى کەهێندەى دوورکەوتنەوەى لەسەرچاوە یەک لەدواى یەکەکانى ، هێندە دەگۆڕێت و لەشتێکەوە دەبێتە شتێکى تر ، رەنگە هەر ئەمەش بێت هۆکارى لێکچوونى زۆرێک لەو حیکایەتانەى کەلەلاى زۆر لەکۆمەڵ و گروپە ئیتنیکییەکان بوونیان هەیە ، سەربارى دوورى پانتایى جوگرافى مابەینیان ، بەمەش هاوبەشییەک دروست دەبێت ، بەبێ ئەوە بێژەرى یەکەم ، یان سەرچاوەى زێدى کەوتنەوەى حیکایەت دیار و ئاشکرا بێت . دیارە ئەوەى لەحیکایەتەکاندا ئیبراز و بەرجەستە دەکران کاراکتەرەکان بوون ، نەک خوڵقێنەر و بێژەرى حیکایەتەکە و حیکایەتخوانە یەک لەدواى یەکەکانى ، هەردەم ئەوانەى کەحزوریان هەبوو کاراکتەرەکان بوون ، کەبەزیندوویەتى لەزەین و خەیاڵى گوێگران و گوێبیستانیدا دەمایەوە و هەمیشە بەوەبیرهاتنەوەو گێڕانەوەى ماجەراکانیان وەک خۆیان کارا دەبوونەوەو دەهاتنەوە نێو ئەو ساتەوەختەى کەلە ساتەوەختى گێڕانەوەیاندا هەبوو .
بێژەر و راویى سەربارى بوونى راستەقینەیى و رۆڵى لەگواستنەوەدا لەجێى نەبوو بوو ، هەمیشە ئەوانى دیش دەیانتوانى بیگێڕنەوە ، بەبێ ئەوەى خودى حیکایەتەکە ببێتە مەرجەعێک ، قابیل بەلەخۆگرتنى هەموو ئاڵوگۆڕ و گۆڕانێک بوو .
حیکایەتەکانى  هەزار و یەک شەو  ” ەوە نمونەیەکى بەرچاوى ونبوونى حیکایەتخوانى راستەقینەى حیکایەتەکانە ، کەلەجێى ئەو  ” شەهرەزاد ” دێتە قسە و ئەوە لەدنیادا وەک بێژەر و راوى حیکایەتەکان ناسراوە . ئەم ناو ونبوونە ئیختیارییەى دانەرى حیکایەتەکانى ” هەزار و یەک شەو ” ە ، بەتایبەت بەو پێیەى نووسراوەتەوە لەلایەن کەسێکەوە کەدەکرێت کۆکەرەوەى ئەو حیکایەتانە بووبێت ، یان دانەریان بووبێت ، یان لەیەک کەس زیاتر بووبێتن و دەیان بۆچوونى دیکە کەدەکرێت بەخەیاڵماندا بێت ، جێگەى سەرسامبوونمانە لەمڕۆدا ، کەدیارە بەمەبەستى بردنە پێشى نووسراو ، ئەوانەى لەپشت هاتنە بوونى ئەو حیکایەتانەوە بوون ، بۆ هەتا هەتایە خۆیان ونکردووە ، هەر ئەمەشە تەوەرەى سەرەکى و یەکێک لەهۆکارەکانى ئەو پەیوەست بوونە تەلیسماوییەى خوێنەر پێوەى ، چونکە مەودایەکى واڵایان جێ هێشتووە تا خوێنەر بۆ خۆى پڕى بکاتەوە ، هەر ئەم تێکستەى ” هەزار و یەک شەو ” ەش بوو ، کەمێژووى نووسینى ئەوروپاى گۆڕى ، لەکاتێکدا لەزێدى خۆى کەڕۆژهەڵات بوو ئەو رەواجەى نەبوو ، شوێن قسەو باس و بگرەو بەردە نەبوو ، وەک ” ئۆرهان پامووک ” یش ئاماژەى پێدەدات ، گوایە گوتراوە ئەوەى هەموو حیکایەتەکانى ئەو کتێبە بخوێنێتەوە دەمرێت ، ئیدى ئەمەیە ئەو ریکلامەى کەڕۆژهەڵات بۆ باشترین کتێبى خۆى کردووە ، ئەمەیە ئەو تەوژمە ناشرینەى کەپێى هەزم ناکرێت کتێبێک خوێنەرى هەبێت و بخوێنرێتەوە ، ئەمەیە ئەو ئاستەنگەى کەئێمەى رۆژهەڵاتى تا ئەمڕۆکەش تەجاوزمان نەکردووەو خوێندنەوە نەبۆتە بەشێک لەمیرات و فەرهەنگمان ، بەتایبەت خوێندنەوەى ئەو کتێبانەى لەدەرەوەى بازنە داخراوەکانى موقەدەساتەوە هەوڵى گوتنى شتێکى جیاواز و ناباو دەدەن .
بوونى تێکست وەک ئەوەى کە لەئێستادا هەیەو هەوڵدان بۆ کردنە ئەفسانەى خودى دانەرى تێکست ، مێژوویەکى هێندە کۆنى نییە و پەیوەستە بەزەمەنى بەهادانان بۆ تاک وەک خوڵقێنەر و داهێنەر ، شایانى باسە هەر لەو دەمەوەى سیستمى کاپیتالیزم بەها پێشینەکانى پیشووترى سەر و ژێر کرد و دەرئەنجامى ئەو تەنزیر و بیر و بۆچوونانەى کەهێدى هێدى لەنێو جەرگەى گۆڕانى سیستمى پێشوو هاتنە دەرآ و لەزەمینەى کاپیتالیزمدا شوێنیان بۆوە ، دانەریش لەمیانەى ئەو تەرحانەوە کەباسیان لەفەردانییەت و توانا شاراوەکانى دەکرد ، دانەریش وەک ” تاک ” ێک بووە مایەى قسەو باسێکى جیاوازتر لەوەى پێشتر لەئارادا بوو ، بەسەرهات و حیکایەتى ژیانى و بارە دەرونییەکانى ، راو بۆچوونە زاتییەکانى بووە پێشەنگى هەموو ئەو خوێندنەوەو کارە رەخنەییانەى کەخۆیان لەقەرەى تێکستەکانى دەدا ، دیارە خودى دانەرانیش رۆڵیان هەبووە لەو جۆرە تێڕوانینەى کە بوون و مەوجودیەتى ئەوان دەباتە پێش تێکستەوە ، ئیدى دەبووایە لەنێو ژیانى واقیعى و هەڵسوکەوتى رۆژانە و یادەوەرییەکانى خودى نووسەر و کەسە نزیکەکانى کەلەبارەیەوە دەیانگێڕایەوە ، وەک گەواهیدەرێکى ژیانى دانەر دەبووە کلیلى کردنەوەى دەرکە داخراوەکانى تێکست و لەمیانى ئەوەوە دەخوێنرایەوە ، کەواتە دانەر و تێکست بوونە دوانەیەکى لێک جیانەکراوەى پێکەوە گرێدراو ، بەچەشنێک کەهەر دەبووایە لە دانەر و ژیانییەوە تروسکایى تێگەیشتن و راڤەکارى و شیکارکارى تێکستەکەى بکرێت ، ئەگەر سەردەمانێک “هۆمیرۆس ” تەنها ناوێک بووبێت ، بۆ ناسینەوەى داستانێک ، ئەوە دانەرى ئەمڕۆ بۆتە ئەو تێکستەى کەبۆخۆى لەتێسکتە نووسراوەکە گرنگتر و لەپێشترە ، چ تێکستیشە ئەو موڵکەیە کەدانەر خاوەن شەرعییەتى و هەر خۆشى بەتەواوى پەى بەنهێنى و پەنهانەکانى دەبات و هەربۆیە ، بەشێکى زۆرى چاوپێکەوتن و دیمانەکان لەگەلڕ دانەرانەدا بەدەورى ئەو تەوەرەیەدا هەڵدەسووڕێت ، کەئاخۆ مەبەستى لەفڵانە رەمز و هێماو ، بوونى فڵانە کەسایەتى و روودا و شتەکانى دیکە چییە ، وەڵامى نووسەر سەنگى مەحەکە لاى ئەوانەى کەخاوەنى ئەو چەشنە تێڕوانینەن ، ئەمە بەشێکى بەرفراوانى ئەدەبیاتى کوردیشى داگیرکردووە ، تەنانەت ئەو نووسەرانەى ئیدیعاى ناتەقلیدى بوونى نووسینەکانیشیان دەکەن ، یان وا دێتە پێش چاوى خوێنەران و ئەزموونەکەى بەشتێکى نوآ دەزانن ، بەڵام کەقسە دێتە سەر تێکستەکانى ، یان کەسایەتییەکانى رۆڵى ئەو داکۆکییە و هێرشکردنە بۆ سەر ئەوانەى کەبەچەشنێکى دیکە نووسینەکانى ئەو دەخوێننەوە ، کەواتە ئەو جۆرە نووسەرانە هێشتاکە لەوە حاڵى نەبوون ، کەتێکست ئەوەیە فڕآ دەردرێتە دەرەوەو ناکرێت جارێکى دیکە نووسەر بۆى بگەڕێتەوە ، ئیدى ئەو بوونەوەرێکى دابڕاوە لەو و ، مافى ئەوەى نییە لەبارەیەوە بدوێت ، مەگەر خۆى بخاتە ئاست خوێنەرێکى دەرەکى و ئاوا لەبارەیەوە بدوێت ، نەک ببێتە ئەو باوکەى لەپێناو ناونەزڕاندن و شکۆى منداڵەکانیدا ئامادەى شەڕەجەنگ و دژایەتى دنیایە . حاڵى ئەدەبیاتى کوردى لەو رووەوە بەشێوەیەکى بەرچاو کۆڵەوارە ، هەن حیکایەتى چۆنیەتى نووسینى تێکستێکى خۆیانمان بۆ دەگێڕنەوە ، ئەگەر یەکێک بۆچوونێکى نێگەتیڤى لەسەر تێکستەکانیان هەبێت ، هەرهیچیان پآ نەکرێت دەست دەکەن بەگریان و داد و بێداد لەدەست ئەوانەى تەقدیرى ماندوو بوون و شەونخوونى ئەوان ناگرن ، داواکارن کەسانێک هەبن و لەسەریان بنووسن و ئەوە بۆ نەیارەکانیان روونبکەنەوە ئەوان چەند ماندوون و بەچ حاڵێک ئەو تێکستەیان نووسیوەو بەچەشنێک لەچەشنەکان هەوڵى پەشیمانکردنەوەیان بدەن و ئەوانیش بێنە ریزى موعجبین بە خودى دانەر و کارەکەى ، کەسایەتیەکانى نێو تێکستەکەى ئەوانیان خۆش بووێت و نەیانڕەنجێنن .
خۆ جیانەکردنەوەى دانەر لە تێکستەکەى و مانەوە لەنێو خەیاڵات و بەڕاست زانین و وەک راستى پیشان دانى هەڵوێستى کەسایەتییە ئیجابییەکانى ، یان خۆ شوبهاندنیان بەو کەسایەتییانەى ماکى پاڵەوانیان هەیەو لەمیانى تێڕوانینى ئەوانەوە دەتوانن لەخەیاڵى خوێنەراندا بەنەمرى بمێننەوە . ” سێرڤانتیس “- ى دانەرى ” دۆن کیخۆتە ” ش لێى بەدوور نەبووەو بەڵکو ئەوە قەناعەتى ئەو بووە لەزەمەنەکەى خۆیدا ، هەر بۆیە لەنامەیەکیدا بۆ دەسەڵاتدارێک ،” دۆکێک ” ى ئەو سەردەمەى خۆى بەمەبەستى پشتگیرى کردنى لە بە چاپ گەیاندنى ” دۆن کیخۆتە ” ەو وەستانەوە بەرانبەر نەیارانى شەخسى ” سێرڤانتیس ” ، کەدژایەتییەکى زۆر توندیان کردووە ، زۆر بەڕوونى ئەو تێڕوانینە تەقلیدییەى جیانەبوونەوەى کاراکتەرى سەرەکى تێکست و دانەرەکەى دەردەکەوێت .
“سێرڤانتیس” لەنامەکەیدا سەربارى مەدح و سەناى “دۆک ” ، لەشوێنێکدا دەڵێت : ( لەڕاستیدا “دۆن کیخۆتە” بۆ خۆى دەیویست بێتە حزورتان و دەست و قاچتان ماچ بکات ، بەڵام بەو پێیەى ئەو شۆڕە سوارە خەریکى ماجەراکانیەتى و کاتى نییە ، وا بەندە لەجێى ئەو دەست و قاچەکانى ئێوە رادەمووسێت ) .
سێرڤانتیس ” هەرچەندە بەبآ ئەوەى کەپێ بزانێت تێکستێکى ناتەقلیدى نووسى ، بەڵام وەک خۆى تەجاوزى تێڕوانینى زەمەنەکەى خۆى نەکردووە ، هەر ئەمەشە گەواهیدەرى ئەو راستیەى کەتێکستى ناتەقلیدى لەدانەرەکەى دەترازێت و خودى خۆشى پەى بەپەنهانەکانى کارەکەى نابات ، هەر چۆن ” کۆلۆمبۆس” تا مردیش نەیزانى کیشوەرێکى دۆزیوەتەوە ئاواش “سێرڤانتیس” نەیزانى رۆمانەکەى دەبێتە سەرەتاى ئەوەى کەلەمڕۆدا بەرۆمان ناو دەبرێت و بەدەر لەخوێندنەوەو ویستى خۆى دنیایەکى مەییو و وەستاوى ئەدەبى سەرە و ژێر دەکات ، نەیدەزانى تێکستەکەى وەرچەرخانێکە لەمێژووى نووسینى رۆماندا .
زۆر شیکارى و راڤەکارى و خوێندنەوەى بەرچاو و دیار هەن سەبارەت بە ” دۆستەیێڤسکى و بلزاک و کافکا ” و زۆرى دیکە لەنووسەران ، کەپێودانگى ناسینەوەى تێکستەکانیان و پۆلێنکردن و راڤەکردنیان پەیوەست دەکەن بەژیان و بەسەرهاتى شەخسى و بارە دەرونییەکان و لایەنەکانى دیکەى ئەو دانەرانەوە ، لەڕێى ئەمانەو نامەو ژیانى شەخسى و باس و خواسە تایبەتییەکانى ژیانیان ، رۆدەچنە نێو تێکستەکانیان و تَێکستەکانیان بەسایە و سێبەرێکى ئەوان دەزانن ، کەواتە بەڕا و بۆچوونى ئەو جۆرە رەخنەگرانە ئەگەر دانەرێک هیچ لەبارەى ژیانییەوە نەزانرابوو ، ئەوە شیکار و راڤەکارى تێکستەکانیان دەبێتە ئاستەم . سەیر نییە هەموومان بزانین کە بلزاک پیاوێکى پارە خۆر و قەرزار و زۆر خۆر و شتى لەو بابەتە بووە ، کەچى ئاگادارى تێکستەکانى نەبین . یان بزانین ” دۆستەیێڤسکى ” پەرکەمى هەبووە ، بەرێکەوت لەمەرگ گەڕاوەتەوە ، حەزى بەخواردنەوەو قومار بووەو دەیان شتى تریش ، بەڵام نەزانین خودى تێکستەکانى لەکوێدان ، تەنانەت ئەگەر زۆربەى خوێندنەوە تایبەتەکانى تێکستەکانیشى بخوێنینەوە ، بێجگە لەتێکەڵکردنى ژیانى و تێکستەکانى هیچى دیکەمان نایەتە پێش چاو و خوێنەریش لەو میانەیەوە بانگهێشتى خوێندنەوە دەکرێت و پێش وەخت هەموو شتێکى لا دەکرێتە زانرا و تابکرێت خوێندوەى لادەکرێتە کارێکى بى مەودا و تاک رەهەند و هیچ دەرفەتێک بۆ حەزى خوێنەر و گەڕان و کەشفکردنەکانى ناهێڵرێتەوە ، چونکە هەر لەسەرەتاوە ئەو نووسینانە ئیفلیجى دەکەن و ناچارە پێش خوێندنەوە بەو پەڕى سەرسامى و حەیران بوونەوە بڕوانێتە ئەو تێکستەى لەبەر دەستیدایەو سلڕ لەتەرحکردنى بیر بۆچوونێکى پێچەوانەوە بکاتەوە ، لەکاتێکدا دەزانێت رووبەڕووى چ دژایەتییەک دەبێتەوە ، ئیدى ئەو کایەیەى کەقەولە بەئازادى تێیدا هەڵسورێین و بەدەر لەسانسۆر و پێودانگە پێشوەخت و سەپاوەکان قسەى خۆمان بکەین ، بۆتە کایەیەکى قۆرخکراو سانسۆرکراو ، ئیشکردن بۆ ئیبرازکردنى دانەرێکى تێکست و سەرکردەیەکە سیاسى و سەربازى و کەسایەتییەکى تەقدیسکراوى ئایینى هێندەى فەرق نییە ، کردنە کارێزماى دانەرى تێکست کارێکى ترسناکە و بەدەر نییە لەو جەهلەى کەلەنێو دنیاى ئەمڕۆدا حزوورى هەیە ، خۆ ناکرێت لەمڕۆدا و بەتایبەت لەپانتایى ئەدەبیاتى کوردیدا هیچ بڵێیت ، یەک ” کۆرس” ى تەواو هاوشێوەى کۆرسى دواوەى گۆرانیبێژەکان ، پێکەوە بۆ پاراستنى کارێزماى دانەرى تێکستێکى دیاریکراو دەست بەگوتنەوەى بەستەیەکى پێشتر ئەزبەرەکراو دەکەن .
” فۆکنەر ” سەبارەت بە ” شکسپیر ” دەڵێت : ئەوەى کەگرنگە هاملێت و خەونى شەوێک لەنێوەڕاستى هاویندا – یە ، نەک ئەو کەسەى کەنووسیویەتى ، دانەر هیچ گرنگییەکى نییە ، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کەدایدەهێنێت .
مالارمآ ” یەکێکە لەوانەى کەهەستى بەو ئیزدیواجییەتە قووڵەى تێکست و نووسەر کردووە و بەمەبەستى تێکشکاندنى ئەو تێڕوانینە سەقەت و تەقلیدییەدا گوتویەتى : ئەوەى کەدەدوێت زمانە نەک دانەر .
بۆیە هەرچەشنە تەقدیسکردنێکى نووسەر و زاڵکردنى بەسەر تێکستدا بەواتاى مراندنى تێکست و کڵۆم دانى دەرکەکانى خوێندنەوە و راڤەکارى و تەئویل و پرسیار دێت ، واتە هەر لەسەرەتاوە خوێنەر بانگهێشت دەکرێت بۆ خوێندنەوەى تێکستێک کەپاش زانینى جفرەکانى ژیانى نووسەر و هەندێک هێما و سیمبۆل و کەرستەکانى دیکە بەو پێیەى کەخوێندنەوە چەقیوەکان راڤەى بۆ دەکەن ، ئەو دەم نەخشەى جوگرافیاى تێکست وەک زانراوێک دەدەنە دەست خوێنەر و دەبێت ئەویش لەو نەخشەیە لا نەدات بۆ رێکردنى بەنێو پانتاییەکانى تێکستدا و ئیدى هەر لەسەرەتاوە دەیگەیەننە ئەو یەقینەى کەهیچ مەجهولێک نییە خۆى پێوە سەرقالڕ بکات و پێویستە بەو پەڕى باوەڕەوە بەوەى کەپێش وەخت پێى گوتراوە ، بەنێو تێکستدا گوزەر بکات و بەبآ هەناسەبڕکآ و شەکەت بوون و ماندووبوون بەسەلامەتى بێتە دەرآ و هیچ پرسیارێکى نەبێت و قەناعەتى تەواوى بەوە هەبێت کەهەموو پرسیارەکان پێشوەخت وەڵام دراونەتەوە . ئەمەش بۆ خۆى خوێنەرێکى تەمەلڕ و تەوەزەل دروست دەکات ، خوێنەرێک کەئەوەندە دەزانێت و دەڵێت کەپێى دەگوترێت ، خوێنەرێک کەتێکستى ئەدەبى لا بۆتە ماجەرایەکى پۆلیسى کەئەو بۆى نییە ، دوور و نزیک بەلایدا بچێت و دەبێت چاوەڕێى موحەقیق و موفەتیشى تایبەت بەدۆزینەوەى تاوان بێت ، تا لوغزى کوشتن و هۆکارەکەى دەدۆزنەوەو دواتر وەک هەواڵێک رادەگەیەنرێت و ئەمیش وەک کەسانى دیکە گوێبیستى دەبێت و بێجگە لەباوەڕهێنان بەڕاستى ئەوەى کەدەگوترێت هیچ رێگە چارەیەکى دیکەى نییە . موحەقیق و موفەتیشە کەشفکەرەکانى نهێنیەکانى تێکستیش ئەو رەخنەکارە تەقلیدیانەن کەخوێنەر فێرى چاوەڕوانى دەکەن ، تا بۆ خۆیان کەشفى دنیا و نهێنییەکانى نێو تێکستیان بۆ دەکەن ، یان وەک ئەوەى لەکێڵگەیەکى مایین رێژکراودا بن ، ئەمان وەک رابەر و شارەزا و چاوساغێک لەپێشەوە دەڕۆن و کارى خوێنەریش شوێن پآ کەوتنى هەنگاوەکانیانە .
لەکاتێکدا وەک رۆلان بارت ” دەڵێت : دانەر بوونى نییە تەنها لەساتەوەختى نووسیندا نەبێت ، منیش وەک خۆم لەو ئەزموونە خاکییەوە کەهەمە ، هەستم بەوە کردوە پاش نووسین هیچ نامێنێت لەبارەیەوە بیڵێم ، هیچ پێوەندییەکى موڵکایەتى و بەڕێوەبردن و دەست پێوەگرتن بە تێکستەکەمەوە نابەستێتەوە .
خوێندنەوە و رەخنە و راڤەکارییەکانى نێو پانتایى ئەدەبیاتى کوردى ، زۆر سامناکتر لەوەى کە لەئەدەبیاتى جیهانیدا دەگوزرەآ ، دانەرى کردۆتە تەوەرەى سەرەکى و بەدەر لەویش شتێکى تر نییە راڤە و شیکارى بۆ بکات ، لەکاتێکدا ئەگەر واش خۆى نمایش بکات کە گوایە لەبارەى تێکستەوە دەدوێت ، لەڕاستیدا پێوەندى دۆستانەو هاوڕێیەتى و ناسین و نزیکایەتى و خزمایەتى و کۆمەڵێک ئیعتیبارى دیکە رۆڵى سەرەکى دەبینن ( مەگەر بەدەگمەن و هەندێک خوێندنەوە لەم پێودانگە بچنە دەر ) ، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو زۆرجار هەر بەتەواوى دەبێتە گێڕانەوەى حیکایەت و بەسەرهاتى دانەر و بەباش و خراپ بەلاى تێکستدا ناچێت و هیچى پآ نییە لەبارەیەوە بیڵێت ، هەموو ئەمانەش زیاتر بەعەریزە و راپۆرت و زانیارى موختارەکان دەچێت دەربارەى دانیشتووانى گەڕەکەکانیان .
لێرەدا دەکرێت هەردوو پێشەکى دیوانى ” نالى و مەحوى ” بەنمونە بهێنینەوە . سەبارەت بەدیوانى نالى ( ساغکردنەوەى ” مارف خەزنەدار ” چاپى دووەم هەولێر 2008 ) ، لەبەشى شیعرى نالى لەڕۆژئاوا دا باس لەوە دەکات چۆن نالى لەسەردەمى خۆیدا ناوى گەیشتۆتە ئەوروپا و چەندین نمونە سەبارەت بەمە دەهێنێتەوە و لەکۆتایى ئەو بەشەشدا دەنووسێت : ئەمە بەکورتى پیشاندانى ئەو هەولڕ و تەقەلایانە بوو کە لەڕۆهەڵات و رۆژئاوادا درابوون بۆ ناسینى نالى ، دیارە ئەمە ئەوەیە کەئێمە ئاگامان لێى هەیە ، ئەمە تیشکێکى چراى دزان”ە لەچراخانى ژیان و بەرهەمى نالى بآ پایان و سنوور .
بێگومان سەرجەم هەوڵەکانى مارف خەزنەدار بۆ ناساندنى تێکستەکانى نالى خودى ئەو زاتە و بەچاپ گەیاندنى تێکستەکانى ، هەڵقوڵاوى خۆشەویستى ئەو زاتەیە بۆ نالى و ناکرێت نکووڵى لێ بکرێت .
بەڵام داخوا سەرجەم حیکایەت و بەسەرهاتەکانى ژیانى ” نالى” وەک گریمانەیەک لەئەگەرى راست و ناڕاستیدا ، لەمیانى ئەو تێڕوانینەوە کەئاخۆ وابووە یان وانەبووە ، بەڕاستى ئەوروپا ئەو پیاوەى وەک ناوێک ناسیوە یان نەیناسیوەو ئەمانەو زۆر قسەو باسى دیکە ، چ ئیزافەیەک دەخەنە سەر ئەوەى کە ” نالى” نووسیویەتى .
ئاخۆ ئەم جۆرە هێنان و بردنە حیکایەت ئامێزانە بێجگە لەراوەستاندنى تێکست لەئاستێکى دیاریکراوى مێژوویى و کۆمەڵایەتى و سیاسیدا شتێکى دیکە لەخۆ دەگرن ؟!. کوا ئەو تێڕوانین و خوێندنەوە نا تەقلیدییانەى ئەئویل بۆ تێکستەکانى نالى دەکەن ، نالى” یەک کەبۆ خۆى وەک گاڵتە و گەپێک دەڕوانێتە نووسین و ئەو تێڕوانینە تەقلیدییەى روانینە نووسین تێکدەشکێنێت ، کە وەک موقەدەسێک دەیبینێت ، وەک دەڵێت :
نالى حەریفى کەس نییە ئولف و ئەلیفى کەس نییە
بەیتى رەدیفى کەس نییە تەفریقە نووسە گەپ دەکا
سەربارى هەوڵدانى بۆ گچکەکردنەوەى خۆى و تێکشکاندنى هەر پێودانگێکى تەقلیدى و ساختە بۆ جێکردنەوەى لەنێو کەسانى ئێگۆ ئۆرۆستۆکراتدا ، وەک دەڵێت :
ئەى رەفیقان سوحبەتى نالى مەکەن
سووک دەبن ، ریسواو هەم بەد ناوم ئەز
یان :
هێندەم پێم خۆش بوو زمانى حاڵى دەیگوت ” نالى” یا
هەردوو حەیوانین ئەتۆ گوێکورت ئەمنیش گوێدرێژ

پێم وانییە نالى” وەک کەسێکى ئاسایى لەهیچ مەجلیسێکدا بەزاتێکى دیکەى گوتبێت ، ئێمە حەیوانین و بگرە لەگەلڕ گوێدرێژێکدا جیاوازیمان نییە ( بە لە بەرچاو گرتنى شوێن و جێگەى گوێدرێژ لەفەرهەنگى کورددا ، بەڵام ئەو دەمەى کەدەنووسێت و وەک دانەرێک دەکەوێتە کار هیچ سڵ لەوە ناکاتەوە شتێکى زۆر ناباو ناتەقلیدى بڵێت ، کە نەک هەر لەوە زەمەنەدا بەڵکو لەم زەمەنەشدا لاى کورد جێگەى قبوڵ نییە ، بەتایبەت کەگوێدرێژ بەدرێژایى مێژووى کورد زۆرترین دەستدرێژى سێکسى کراوەتە سەر و سەربارى ئەوەى سیمبۆلى بێ ئەقڵییە ، ئەو شیعرەى نالى ” کەپشتگوآ خراوە یەکێکە لەشیعرە گرنگەکان و تێکستە زیندووەکان ، لەو زەمەنەدا لەنێو کۆمەڵى کوریدا چ پاڵپشتێکى مەعریفى و فەلسەفى هەبوون و زانراوبوون تا رێگە بەگوتنى شتێکى وا بدرێت ، مەبەستى نالى ” یش لەگوتنى سەرپێى و راگوزەر نییە ، بەتایبەت ئەوەى ئەم شیعرەو زۆر شیعرى دیکەى نووسەرانى دیکەى غەیرە کورد سەبارەت بەئاژەڵان جیا دەکاتەوە ، ئەوەیە کەلە شیعرەکەدا باس لەبەزەیى هاتنەوە بەئاژەڵێکى وەک گوێدرێژ نەکراوە ، بەڵکو بەتەواویى نالى ” لەزمانى ئەوەوە خۆى بەو شوبهاندووە ، هەر بەمەبەستى نەهێشتنى هیچ جیاوازییەکیش جیاوازى گوێکورتى خۆى و گوێدرێژى ئەو خراوەتە روو ، بەمەش خودى مرۆڤ دەبێتە فەسیلەیەکى ئاژەلڕ و ناچارە ئینتیماى بۆ بکات ، بەڵام چەند ئەمە لەگەلڕ تێڕوانینى ئایینى و ئایدیالیستیدا ناکۆکە ، بەو پێیەى ئینسان سەیدو ئەلکائیناتەو نزیکترین بوونەوەرە لەخوداوەندەو هەڵبژاردەى ئەوە بۆ زانینى ئەوەى کەتەنانەت فریشتەکانیش نایزانن و بۆیان نییە بیزانن ، ئەویش ناونانى شتەکانە ، کەچى ئەو ئاژەڵەى لەتێکستەکەدا ناوى هاتووە وەک هەر یەکێک لەئێمە دەدوێت و باس لەنەبوونى جیاوازى لەنێوان خۆى و خاوەنەکەیدا دەکات ، ئەگەر رەخنەگر لەپانتایى ئەدەبیى کوردیدا هەبووایە ، ئەوە بێگومان ئەم شیعرە بەڕادەیەک سەرنجى رادەکێشا ، کەبەدەیان وتار و راڤە و شیکارکارى و ئەئویلى بۆ دەکرد ، ئەو شیعرە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت کەمنێکى خوێنەر لەم دەرفەتەدا بتوانم خۆمى لێبدەم .
بەڵام بەدەر لەویستى خۆم کاتێک ئەو شیعرە دەخوێنمەوە ، گوێدرێژەکەى فیساگۆرس – م بیردەکەوێتەوە ، کەناوبراو بەسەیرکردنى بەردەوامى سێبەرى گوێى گوێدرێژەکەى ، ئەو بیردۆزەى دانا ، کەدواتر بەبیردۆزى فیساگۆرس ناسرا .
سەبارەت بەو شیعرەى کەپێشتر ئاماژەمان پێدا ، نازانم ماقووڵە کەسێک لەنێو قووڵاییەکاتى ئاییندا قاڵبووبێتەوەو بزانێت گوتنى شیعرێکى وا لەڕوانگەى تێڕوانینى ئایینییەوە دەیکاتە زەندیق و سەرلێشێواو کافر ، وەک خۆى بێت و شیعرێکى وا بنووسێت ، بێگومان ئەم پرسیارە لەهەر کەسێک بکەیت وەڵامەکەى نەخێرە ؟!.
بەڵام ئەم تێکستە لەو ساتەوەختەدا نووسراوە ، کەدانەر تێیدا دێتە بوون و ئەوەى کەدەیڵێت و دەینووسێت ، بۆ تەبابوونى نییە لەگەلڕ دنیا بەڵکو بۆ هەڵگێڕانەوەو تێکدان و شێواندنى پێودانگە تەقلیدییەکانە .
سەبارەت بەدیوانى مەحوى ” یش ( چاپى 1984کۆڕى زانیارى لێکدانەوەو لێکۆڵینەوەى – مەلا عەبدولکەریمى مودەریس و محەمەدى مەلا کەریم ). پێش ئەوەى بێمە سەر باسى پێشەکییەکەى ” محەمەدى مەلا کەریم “، راوبۆچوونێکى “سۆران ” بەنمونە دەهێنمەوە کەدەڵێت : دەبێت بەرهەمەکانى نووسەرى کۆچکردوو بڵاوبکرێنەوە بەڵام بەبآ ئەوەى ئیهانات بگرێتە خۆى … سەبارەت بە بارت” و بەرهەمەکانیشى دەبێت بڵاوبکرێنەوە ، بەڵام پاش لابردنى هێرشە شەخسییەکانى کەڕەنگە لەباسەکەیدا هاتبێت … دەبێت رێگە لەگومانکردنیش نەگیرێت چونکە هەلێکە بۆ ئەوەى مرۆڤ بەتەواویى نەکەوێتە هەڵەوە .
هەر لەهەوەڵى پێشەکییەکەى محەمەدى مەلا کەریم ” ـدا ئاماژە بەوە دەدات : کەتۆژینەوەو لێکۆڵینەوەى بەرهەمە ئەدەبییەکان بۆ ئەوەیە دەستى خوێنەواران بگرێت و پەنجەیان بخاتە سەر راستى .
دواتر دەڵێت : بەڵام وەنەبآ ئەم کارە ، هەر بەم چەشنەى کەئێمە خستمانە روو ، ئاسان و بآ گرآ و تەگەرە بآ ، تێگەیشتنێکى ورد و تۆژینەوەو لێکۆڵینەوەیەکى راستى بەرهەمەکە ، شارەزایى لەبارى کۆمەڵایەتى و زۆرانبازیى بیرى سەردەمى خاوەن بەرهەمە تۆژراوە لێکۆڵراوەکە ، زانینى زانستى خەباتى کۆمەڵایەتى و قانونە هەڵسوڕێنەرەکانى ، ئەمانە هیچ کامیان شتێک نین هەروا بەئاسانى دەستگیر ببن تا هەر کەسێک بیەوآ دەستیان بداتآ . بۆیە منیش کەدەمەوآ لەم پێشەکییەدا بەیارمەتى بەرهەمى مەحوى خۆیەوە کەمێک لەخۆى بکۆڵمەوە ، بەترسێکى زۆرەوە پآ هەڵدێنمەوەو بەتەماى لەوە زیاتر نیم کەتوانیبێتم نیشانەیەک لەم مەیدانەدا دانێم ئەوەندەى لەبارەدا بآ دەسەچیڵەیەک بدا بەدەستى تۆژەرەوەو لێکۆڵەرەوەى دوا رۆژەوە تا لەتاریکاییى رێگاى کاریدا بەرپێى خۆى پآ روون بکاتەوە .
محەمەدى مەلا کەریم ” هەر لەپێشەکییەکەدا دەڵێت : ئەگەر وانەبوایەو ئەم هەموو متمانەیەى بەراستى و دروستیى و خاوێنى ئەوان نەبوایە ، نەدەهات بەشان و باڵى سەرکەوتنى سوڵتان عەبدولحەمیددا هەڵبدا کەبەسەر گەلى خەباتکارى یۆناندا زالڕ بوو بوو ، لەکاتێکا کەکوردەکەى خۆى کەلەهەندآ شوێنى دیوانەکەیدا شانازیى پێوە دەکا ، لەهیچ روویەکى ژیانەوە لەسایەى حوکمى عوسمانى و سوڵتان عەبدولحەمیددا لەیۆنانییەکان بەختەوەرتر نەبووە . یا نەدەهات چوار خشتەکى بۆ شایەکى ستەمکارى وەک حەمە عەلى شاى قاجارى بنوسآ کەهەموو مێژوونووسان دەڵێن ئێران بەدرێژایى مێژووى خۆى مەگەر بەدەگمەن ستەمکارێکى لەو کابرایە بەدڕەزاتر و بەدفەساڵترى بەخۆیەوە دیبآ .
پێش ئەوەى ئاماژە بەوە بدەین کە لەپێشەکییەکەى دیوانى مەحوى ” وەک نمونە هێنامانەوە ، دەبێت ئاماژە بەوە بدەم کەڕەنگە خوێنەریش لەو پەرەگرافەى پێشووتر سەبارەت بە حەمە عەلى شاى قاجارى لەوە حاڵى بووبێت کەستەمکار بووە ، بەڵام پێموانییە لەو ” بەدڕەزاتر ” و ” بەدفەساڵتر ” ە حاڵى بووبێت ، لەڕووى پێویستبوونى بەکاربردنى لەو شوێنەدا و هۆکارى تەوزیفکردنى ، ئەمە جگە لەوەى بوونى ئەو دوو وشەیە ئەگەر واز لەهەموو ئەوانەى تر بهێنین کەسەرنجمان رادەکێشن ، مایەى پرسیارن .. دەلالەت لەگرفتێکى گەورەى نووسین دەکەن ، بەکاربردنى” بەد + رەزا + تر ” لەگەلڕ ” بەد + فەسالڕ + تر ” و قووتکردنەوەى لەو شوێنەدا مەگەر لەوتارێکى تایبەتدا و زیاتر لەپێشەکییەکەى ” مەحوى ” درێژتر بابەتێکى لەسەر بنووسم ، بەمەبەستى راڤەکردن و خستنە رووى ئەو گرفتەى کەلەو جۆرە نووسینانەدا هەیە ، ئەگینا بەپەلەو لەم دەرفەتەدا رەنگە ئەوەى کەبەرانبەر بەکارهێنانى ئەو دوو وشەیەو هاوچەشنەکانى هەمانە نەتوانین بیخەینە روو .
بەهەرحالڕ ئەو پێشەکییەى کە بۆ ” مەحوى ” نووسراوە هیچ دەرفەتێک بۆ خوێنەر ناهێڵێتەوە تا بۆخۆى تێکستەکان بخوێنێتەوە ، لەو پێشەکییەدا بەشێوەیەکى شاراوە خودى ” مەحوى ” دادگایى دەکرێت لەسەر ئەو دوو شیعرەى کەبۆ سوڵتانى عوسمانى و شاى قاجارى نووسیوە ، من نازانم هەموو ئەوەى کەلەو پێشەکییەدا هاتووە چ پێوەندییەکى بەتێکستە شیعرییەکانى ” مەحوى ” ییەوە هەیەو ئاخۆ چ ئیزافەیەک دەخاتە سەرى .
ئەوەى لەسەرەوە باسمان کرد دوو نمونەى پەراوێزکردنى تێکستە لەپێناو خستنە رووى باس و خواسى زاتى نووسەرانێک و گوزارشتە لەتێکەیشتنێکى تەقلیدى بۆ کردەى نووسین و تێکست .
ئەوەى کەپێویستە بگوترێت ئەوەیە کەئەم جۆرە نووسینانەى پێشتر ئاماژەمان پێدا سەربارى هێنانە پێشەوەى خودى دانەرى تێکست و هەڵسوڕان بەدەورى گوتراوەکان و ماجەراکانى ژیانیدا ، رێگە خۆشکەرە بۆ خوێندنەوەیەکى سەرپێى وەک ئەوەى کە لە نێوەندى رۆشنفکرى کوردیدا هەیەو پیادەدەکرێت ، کاتێک خوێندنەوە واتاى خوێندنەوە دەدات ، کەلەساتەوەختێکدا خوێنەر بۆخۆى و بەدەر لەهەر کاریگەرییەک توانستى رۆچوونە نێو تێکستى هەبێت و تەوەرى سەرەکى لاى تەنها تێکستەکە بێت ، تێکست بەغیابى دانەر وەک تێکستێک بوونى دەبێت ، ئەگینا ئەگەر هەردەم دانەرەکەى حزورى هەبێت و بۆخۆى ببێتە تێکست ئەوە تێکست واتاکانى خۆى وەک مەوجودیەت و ترازانى ئەبەدى لەدانەرەکەى لەدەست دەدا .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕیکانت 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies