Sherzad-Wllatdost

شێرزاد وڵاتدۆست : هەرێمی قەیران .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

دوای 25 ساڵ لە حکومڕانی ، شکستهێنان و ئیفلاسبوون بوو بە بەشی دەسڵاتداری حزبی و مافیایی لەم هەرێمە ، دەسەڵاتداریەک 25 ساڵ بێت لە ژێر فەرمانی کەسانی نەزان و شکستخواردوو  دابێت بێگومان ئاقیبەتی هەر بەم جۆرەی ئێستا دەبێت ، کەسانێک کە بە پێڵاوی دڕواوە بە ناو جۆگەلەی خوێنی خەباتی ئەم گەلە دا هاتن و گەیشتن بە دەسەڵات و بوون بە بزنسمان و ئەم نیشتمانەیان بەش بەش و هەراج کرد بۆ زیاتر بوونی پارەی حساب بانک و دامەزراندنی گرووپی کۆمپانیای مەزنتر .

   ئەگەر ئەم نیشتمانە بێ خاوەنە توانیبای قسەبکاو هاتبا گۆ ، ڕەنگە نەفرینی لە هەموومان کردبا بۆ بێ دەنگی و ترس و لەرزمان لەبەرامبەر ستمەکار و گەندەڵچیەکانی ئەم هەرێمە ، نیشتمان و میللەتێک دوای سەدان ساڵ لەداگیرکاری کوشتن و بڕین چاوەڕێ بوو بە خەبات و تێکۆشانی نەبڕاوەی خۆری ئازادی و سەربەخۆی لێ هەڵبێت ، ئەگەرچی 25 ساڵ لەمەبەر ئەم خۆرەمان لێ هەڵهات بەڵام هەر زوو کەسانێک وەک شەمشەمەکوێری برسی بە کۆمەڵ دەرکەوتن و بەری ئەم خۆرەیان بە ڕەشی خۆیان لێل و تڵخ کرد و دوای 25 ساڵ لە حکوم هەموو شتێکیان لەم هەرێمە لە پێناو مەرامی خۆیان توشی قەیران کرد ، دواتریش لیژنەی بێکرداری زۆر و زەوەندیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە دروستکرد .

   ئەگەر هاوشێوە وەک حکومەتە دیموکراتەکانی دونیا لەم هەرێمە حکوم کرابە ، ئەوا بێگومان دەبوا لەم 25 ساڵە لە حکومڕانی سەدان جار بە هۆی زۆری قەیران و شکستی مەزنەوە حکومەت هەڵبوەشێندرابایەوە ، بەڵام بۆ تەنها جارێکیش نەمانبینی لە پێنج کابینەی حکومەت هیچیان هەڵبوەشێندرێتەوە هیچ وەزیر و بەرپرسێک دەستلەکاربکێشێتەوە ، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنیان و کۆمەڵێک کەس وەک لیژنە ڕادەسپێردێن ، کە لەڕاستیدا زۆرجار خودی ئەوکەسانە بەشێک بوون لە هۆی دروستبوونی ئەم قەیرانانە! مێژووی دروستبوونی قەیران و دروستکردنی لیژنە لەم هەرێمە مێژوویەکی 25 ساڵییە لەگەڵ دەستپێکی حکومڕانی کوردی ، بەجۆرێک هاوڵاتیان ئاشنایەتی زۆریان بەم دوو وشەیە پەیداکردەوە هەموو ڕۆژێک بێ بەش نابن لە بیستنی و بینی ناوی قەیران و لیژنەی نوێ !

   زۆر و زەوەندی قەیران هەنوکە و دەسەڵاتی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان ئیفلیج کردەوە ، بەشێوەیەک ئەم جارە دروستکردنی سەدان لیژنەوەو کۆبونەوە دادی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە نادات بەشێوەیەکی تەواو ، گەورەترین قەیران لە ئێستادا قەیرانی داراییە کە کاریگەری تەواوی هەبووە لەسەرکۆی گشتی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ، ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت یەکێک بێ لە هۆکارە سەرەکیەکانی قەیرانی دارای لە هەرێم ، ئەوە  بێگومان  هۆی ڕاستەقیەنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە لەپێناو دەنگی زیاتر و مانەوە لە کورسی دەسەڵات سەدان هەزار کەسی حزبەکانیان وەک موچە خۆری بندیوار لە سەر بودجەی گشتی دامەزراندووە ، بەشێوەیەک ژمارەی موچە خۆرانی  گەیشتووەتە 1.4 ملیۆن کەس ، لە کاتێک ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان خۆی 5 ملێۆن کەس تێپەرناکا ! لەگەڵ قەیرانی دارایی چەندان قەیرانی تریش ڕۆژانە بەرۆکی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەی  گرتووە وەک قەیرانی کەمی کارەبا و سوتەمەنی و دەرمان و قەیرانی گرانی شتومەک و چەندان قەیرانی تری دروستکراو لەلایان دەسەڵاتەوە ، ئەوەی پێویستە هەموومان بیزانین ئەوەیە هیچ کات ئەم جۆرە  لەدەسەڵات کە کەسانێک بەڕێوەی دەبەن تا سەرئێسقان توشی گەندەڵی بوون ، هیچ کات ناتوانن چارەی گونجاو بدۆزنەوە بۆ چارەسەکردنی ئەم  هەموو قەیرانە زۆر و زەوندەی  ڕووی لەم مەملەکەتە کردووە ، چونکە هەر ڕێگایەک بگرنە بەر بۆ چارەسەرکردن ئەوا بێگومان کۆمپانیا حزبی و کەسەکانیان توشی شکست دەبێت ، زۆر ڕوونە هۆی سەرەکی سەرهەڵدانی ئەم قەیرانانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هەم دز و گەندەڵیەی ئەو کەسانە لە لەماوەی ئەم 25 ساڵە  کردویانە ، بۆیە گونجاو دەبێت لەمەو دوا ناوی هەرێمی کوردستان  بنێین هەرێمی قەیران  .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت