خەبات جەزا : سەربەخۆیی و هەندێ لە گرفتەکانی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سەربەخۆیی هیواو ئامانجی هەموو مرۆڤێکە .. بەڵام کە بۆ سەدەها ساڵ ژێردەستەو چەپۆکی دوژمنانا بێت ئەوکات تامەزرۆی ئەو سەربەخۆییە دەبێت ئێمەی کوردیش چەندین ساڵە بێ سەربەخۆیی و دەوڵەتین بۆیە هەموو تاکێکی گەل بە پێی توانا قوربانی بۆ داوەو ئامادەیە بۆی بدات  .  بێگومان بە پێی دابەش بونی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی جیاوازدا کە دوانیان عەرەبن و یەکێکیان فارس و ئەوی تریان تورکە  . لەگەڵ ئەگەری ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەر پارچەیەک لە کوردستان ئەو دەوڵەتانەی پارچە جیاجیاکانی کوردستانی تێدایە  ئەکەونە خۆیان چونکی وەک ئاگرو پوش ئەوانیش ئەیانگرێتەوە وکوردان داوای مافی ڕەوای سەربەخۆیی خۆیان دەکەن  هیچ دەوڵەتێکیش ناهێڵێت سەدەها هەزار دۆنم لە زەوی بە پیت وئاسمان و سامانی مرۆیی وئاوی و کانزایی و نەوت و غازی ژێرزەوی و ڕێگاوبان و گواستنەوەی بێ ترانزێت و کشتوکاڵ و بەروبومی ئاژەڵی لێ داببڕێت کەوابێ هەموو مرۆڤێکی ژیر دەزانێت هەرکات کوردستانی باشور سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت نە ئێران و نە عیراق وسوریاو  نە تورکیاش بەودۆخە قایل نابن چونکی دوای کوردستانی بەزۆر لکاو بە عیراقەوە نۆرەی سەربەخۆیی بەشە بەزۆر لکاوەکانی ئەوانە ..
کەوابێ  لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی باشور هەر چواردەوڵەتەکە بەربەرەکانێمان دەکەن و دەست دەنێنە بینمان تا پاشگەزبینەوە لەو کارە .. ئێمەی کوردستانی باشور ئێستا لەگەڵ ئەوەی دەرگای هەرچوار دەوڵەتە دراوسێکەمان کراوەتەوەو  خراوەتە سەر پشت نانمان نییەو موچە نییەو سوتەمەنی نییە لەم زستانەدا وە گازمان بۆ دابین ناکرێت بۆ کارەبا و بەنزین و گازیش بۆ هاتوچۆ  تەنانەت جل و بەرگ و گەنم ودەغڵ و دان و شیرو پەنیر و ماست و توریش لای وانەوە هاوردە دەکەین .. وابزانم گەلێکی شەش ملیۆنی تەنها بە سەربەخۆیی و داری بەڕوو ناژی
 ئینجا کوردستانی باشور و گەورەش هیچ سنورێکی دەوڵەتی وشکایی و دەریایی بێ لایەنی نییە هەتا پارویەک نانمان بۆبێت لەو ڕێیەوە یا تەنەکەیەک نەوتی لێوە بفرۆشین ..
هەروەها لوبی کوردی وەک کەروێشک دەست کورت و بێ هێزە لە جیهاندا و چەندین ساڵە لە دەرەوەی ووڵات تەنها کار بۆ بەربەرەکانێی حیزبی نێو خۆمان کراوە نەک بەهێزکردنی ڕیزەکانی نیشتیمان پەروەران لە دەرەوەی وڵات ..!!
هۆکارە بیرو باوەڕێکانیش لە قازانجی کورد نییە لەم سەردەمەدا بۆ نمونە باشوری سودان کە لەژێر فشاری دەوڵەتە زەبەلاحەکاندا دروست بوو هۆکاری سەرەکی ئەوەبوو کە دانیشتوانەکەی کریستیانن و کورد موسوڵمانە بمانەوێ و نەمانوێ وەها تەماشا ئەکرێین لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە … لەگەڵ ئەوەشدا  ئەمڕۆ لوبی یەهودی دەست باڵایە لە جیهانداو ئێمە خۆمان ساغ نەکردۆتەوە لەگەڵیانا  بەهۆی سیاسەتی دووفاقی سەرکردەکانی کورد کە جارێک لەگەڵ عەرەبن جارێک دژیانن جارێک لەگەڵ ئیسڕائیلن وجارێک لەپێناوی بەرژەوەندی تەسکی خۆیانا دژن لەگەڵیان ئەمڕۆش لوبی یەهودی دەستی باڵایان هەیە لە دروستبونی هەر دەوڵەتێک لە پێناوی بەرژەوەندی ئیسڕائیل بە تەنها ،  ئێمەش ڕۆڵمان نییە لەو بەرژەوەندییەی ئیسڕائیل چونکی ئیسڕائیل هەرچیەکی بوێت ئەمەریکا ئامادەیەو بۆی جێبەجێ دەکات بۆیە ئیشیان بە ئێمە نییە  باشترین نمونەش کیمیاوێکەی ئەسەدی سوریایە کە ئەمەریکا لەژێر فشارا بۆ دابین کردنی ئاسایشی ئیسرائیل هەموو چەکە کیمیاوێکانی  لێ سەند و لەلایەکی ترەوە ئەم بۆچونە لە سوریادا جوان دیارە شارێکی گەورەی حەوت مانگە گەمارۆدراوە خەڵکەکەی ڕۆژانە دەهای لێ دەمرێت لەبرسا و کەس نانێکی نەداونەتێ دارو گەڵاش نەماوە بیخۆن تەنانەت مناڵەکانیان شیری سەگ ئەخۆن ودوڵەتەکانی دونیاش بە دەوڵەتە عەرەبەکانیشەوە تەنها تەماشا دەکەن…  ئەگەر تەماشا کەن !!
سەرەڕای ئەم هۆکارانەش پەرش و بڵاوی ماڵی کورد خۆی بە تایبەت ئەو پارچەیەی ئەمڕۆ لە سەربەخۆیی ئەدوێت و ساردوسڕی و بەربەرەکانێی یەکتر و دژایەتی کردنی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ یەک و دروستبونی کەلەبەرێکی گەورە لە نێوانیان و حیزبە کوردستانێکانی بەشەکانی تری کوردستانیش  کە لەکاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەت ئەوان پشتو پەنامان دەبن و زۆر ڕۆڵیان گرنگە … لەو کاتەی سەرەکی ترین بنەمای سەربەخۆیی یەکگرتن و پشت بەیەک بەستنە لە کۆمەڵگادا کە ئێمە نیمانە .
هەروەها باری ناوخۆی ئەمڕۆی کوردستانی باشور نەگونجاوە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بەهۆی بونی دوو ملیۆن و نیو عەرەب تێیدا کە هەرگیز قایل نابن بەو جیابونەوەیە و دەبنە خەنجەری چەقیو لە کەلەکەی جەستەی دەوڵەتە سەربەخۆکەمان و مایەی خوێن ڕشتن و ئاژاوەنانەوە وسەرلێ تێکدانمان و هەروەها بارێکی قورس دەبن لەسەر دەوڵەتە کوردێکە بۆ بەخێوکردنیان ئەگەر بێ کێشەی ئەمن و ئاسایشیش بن  , زۆر هۆکاری تری باسکراو هەیە ڕێگرە یان قۆرتە بۆ دەوڵەت وەک نەبونی سەرکردەیەک هەموو گەل لە ژێر سایەیدا و لەژێر فەرمانیدابن و گیان فیدابن بە ووشەو فەرمانێکی .. نەبونی سەروەری یاساو … نەبونی عەدالەت ونەبونی هێزێکی سەربازی پتەوی پڕ تەکنەلۆجیا کە بتوانێت دیفاع لە ئاسمانی دەوڵەتەکەمان بکات وهەتا  فڕۆکەیەک نەتوانێ هەموو کوردستان هەڵ گێڕێتەوە  ….
لێڵی سیستمی ئەودەوڵەتەو چۆنێتی بەڕێوەبردنی دوای ڕاگەیاندنی .. لەگەڵ جەمسەرگرتنی هەرلایەنێک بەدەستی دەوڵەتێکی دراوسێ لە دوژمنەکانمان کە ئەتوانن دوای بەرپابونی سەربەخۆیی ئاژاوەی تیابنێنەوەو بمانگەڕێننەوە بۆ پێش ئۆتۆنۆمی جارێکی تر سەرلەنوێ ببێتەوە یاری مارو پەیژەکە .
بەکۆ نەبونی ژێرخانی دیموکراسی و سیاسی گونجاو .. نەبونی سیاسەت و ژێرخانی ئابوری و .. نەبونی هێزێکی سەربازی مۆدیرنی خاوەنی یەک بیروباوەڕ و یەک ئاڵاو ..  پوچەڵی سیاسەتی دەرەوەو پەیوەندیەکان لەگەڵ دەوڵەتە زلهێزەکان و خۆ نەبەستنەوە بە بەرژەوەندێکانیانەوە  و کۆمپانیە جیهانێکان و ڕانەکێشانی وەبەرهێنەری ڕاسەقینە و زۆر کەمتەرخەمی تر ئەو هیواو ئامانجەی سەربەخۆیی دەکاتەوە خەونێک پێوەی بتلێینەوە هەتا ڕۆژی خۆی .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت