ئارام قزلەریی : ڕاپەڕین چۆن دروست بوو .
وەک ئەم ساتە وەختە بە بیرم دێت ـ ئەو ڕۆژگارانە یادگاریەکی زۆر خۆشەویست و بەنرخن لە لام تا ئەو ساتانەی چاولێک دەنێنم لە دڵمدا دەرناچن و قودسێت و گەورەیی و بەنرخیان لام پارێزراوە .
یەکێک لە هاورێ خۆشەویستەکانم بە ناوی کاک سابیرەوە قسەمان لەسەر ڕاپەرین و خۆ ئامادە کردن بوو بۆ ئەو کاتەی چۆن بەژدار بین لە تۆڵە سەندنەوەو بەرگری کردن لە هاوڵاتیان کاتێک ڕادەپەرن و هەڵدەکوتنە سەر دام و دەزگاکانی جەلادەکانی بەعس و بە سزای گەل و نیشتیمانیان ئەگەیەنن.
چەند ڕۆژێک پێش ڕاپەڕین چوم بۆ ماڵی کاک سابیر کڵانشنکۆفێکی قۆناغدارم لێ وەرگرت و شەو بە دزیەوە ئوتومبیلێکی بەرازیلیم پێ بوو هێنام بۆ ماڵی خۆمان ئەو کات ماڵمان لە گەرەکی مامۆستایان بوو نزیک سەرپازگای حامییەی ئەو کات. کاتێک سەرقاڵی شاردنەوەی چەکەکە بوم لە سوچێکی باخەکەی ماڵی خۆماندا . بەڕێکەوت براژنم کە ناوی شلێرخانە بینیبومی کە خەریکی شاردنەوەی شتێکم و هات و وتی ئەوە چی ئەکەیت؟ وتم هیچ ناکەم وتی چۆن من لەوساوە لە سوچێکی پەردەکەوە تۆ ئەبینم خەریکی چاڵ هەڵکەندنیت! ئەزانم چەکت پێ بوو . دیاربو براژنم لەوە ئەترسا بۆ جارێکی تریش خێزانەکەمان ڕوبەڕوی گرتن و کوشتن ببێتەوە لە لایەن بەعسیە دڕندەکانەوە . ڕاستەو خۆ پێی وتم تۆ سەری خێزانێکت کرد بەقورداو تەفرو تونانت کردن! ئێستاش ئەتەوێت ئەوەی تریش ماوە بە کوشتیان بدەیت وەک ئەوانی تر ! ، کاکم لێ توڕە بوو پێی وت دەستی خۆش بێت گەر ئەترسیت ئەتوانیت لەم ماڵەدا نەمێنیت ، دەمەوێت ئەوە بڵێم کاکم کە ناوی کاک( بەختیارە) کەسێک بوو لە و تێکۆشەرانەی هەرگیز سڵی نەدەکردەوە لە بەعس و گرتن و کوشتن و زورپەی چالاکی و کارە نەھێنیەکانمان بە ھاوکاری کاک بەختیارم بوو لە ڕوی دابین کردنی ئوتومبێل و ھەم لەڕوی ھاوکاری داراییەوە بۆ خۆشم و ھاوڕێکانم ، بەڵام لەبەر ئەوەی تازە من کارە نەهێنیەکانم ئاشکرا بوبو نەشم ئەویست کێشە بخەمە ناو خێزانەکەوە . کڵاشنکۆفەکەم دەرهێناو بردمەوە بۆ ماڵی کاک سابیر ، کاک سابیر برای کاک ئاکۆ بوو خزمی نزیکی کاک عوسمانی ئاسنگەر کە دوکانەکەی لە مامۆستایان بوو . کاک سابیر پێم وایە بە ئەسڵ خەڵکی دەورو بەری دوکانن . ماڵیان لای ماڵی محافزی ئەوکاتە بوو کە ئێستا ماڵی بەڕێز کاک کۆسرەتە.
چەکەکەم خستە ژێر کوشنی بەرازیلیەکەوەو بردمەوە بۆ ماڵی کاک سابیرو پێم وت کە شتێکی وا ڕوی داوە ناچار بوم بیهێنمەوە . لە کاتی بردنەوەی چەکەکە هەر دورەوە بینیم لە گەرەکی( دورل ئەمن) کە ماڵی سەرجەم ئەمن و سیخوڕەکانی بەعسی لێ نیشتەجێ ببون و لەم ناوچەیە ئەژیان . لەدورەوە بینیم بازگەی قوە خاسەکانی لێیە، بۆیە ناچار بوم لە پشتەوە بە کۆڵانەکانی کارێزە وشکدا خۆم بگەیەنمەوە لای ماڵی کاک سابیر . بەڵام کۆڵم نەدابوو لەوەی بەژدار نەبم لە ڕاپەڕین ، وا رێک کەوتین لە شەوی 6 لەسەر 7/ 3 خۆی بە دزیەوە چەکەکەم بۆ بێنێت بەڵام ئەمجارەیان بێ ترس و بێ ئەوەی براژنیشم بترسێت و قسە بکات ، دیار بوو ئەویش لەوە دڵنیا بوبو کە هەموو شتێک کۆتایی پێ هاتوەو ڕاپەڕینی جەماوەری دروست دەبێت و دەبێت هەموانیش بەژدار بین . ئەو شەوە خەڵكی سلێمانی خەویان لێ زڕابو هەمووی لە چاوەڕوانی زەنگی کۆتایی ڕاپەڕیندا بون.
لە ڕۆژی 3/7 هاتوچۆ قەدەغە کرابوو لە ناو شاری سلێمانیدا و کەس بۆی نەبوو بچێتە دەرەوە دەمەو بەیانی هەمومان لە چاوەڕوانی بیستنی دەنگی تەقەی ڕاپەڕین بوین و گوێبیستی ڕادوێی دەنگی گەلی کوردستان بوین کە جۆش خرۆشی ئەدایە هاوڵاتیان و دانیشتوانی شاری سلێمانی و دەورو بەری.
لەبەرە بەیانی 3/77 دا تەقە دروست بوو ، وای لێهات تەقەکان نزیک ئەبونەوە . لەگەڵ نزیک بونەوەی دەنگی تەقەکاندا منیش زیاتر حەماس ئەیگرتم و خۆم ئامادە کردو تاقم و کڵاشنکۆفەکەم بەست و چومە بەردەرگای ماڵی خۆمان ، خانوەکەمان دوو دەرگای هەبوو یەکێک لەسەر شاقامە گشتیەکەو دەرگایەکیش لەناو کۆڵانەکەدا بوو . پیاوەکانی دراوسێمان لەبەر دەگا گەراجیەکەماندا لەگەڵ کاکم وەستا بون و قسەیان ئەکرد . ئەو بەرێزانەش بریتی بون . لە کاک سەڵاح ئەوەڵزاوای کاکم بوو کاک حەمە فەتاحی جێشتخانەی سلێمانی کاک تەهای دراوسێمان ، مامۆستا ئەنوەر فەخری و چەند پێاوێکی تر.
ئەوان لەگەرمەی قسە کردندا بون و من چومە ناویانەوە وەک پێشمەرگەیەک ، کاتێک بەو جۆرە منیان بینی سەریان سوڕماو وتیان کاکە بچۆ ژورەوە بۆ خاتری خوا ئەوە چی ئەکەیت! . لەو مشتو مڕانەدا بوین دەنگە دەنگ و هاوار هاور دروست بوو بینم یەک دوو هاورێی خۆم یەکێکیان کڵاشنکۆفێک و ئەوی تریان دەمانچەیەکی پێ بوو هەرسێکمان یەکمان گرتو بە کۆڵانەکاندا بەرەو گەرەکەکانی کارێزە وشک بەرێ کەوتین کاتێک لە جادەکەی ئەزمەڕ پەڕینەوە کۆمەلێک چەکدار وەستابون توێتایەکی لانگرۆزی پیکابیان پئ بوو کە نزیک بومەوە بینم هەمویان برادەری پێشمەرگایەتیم بون هەدێکیان لە ژیاندا نەماون کە ئاوانیش خوالێخۆشبوان ، ( دلێری شێخ ڕەزاو ، کاک عومەر عەرەب ) بون . ئەوانەشی کە لە ژیاندا ماون کاک( نەوزادی عەبەی تەقێ و کاک ساڵح موزەلی ) و چەند پیاوێکی تر بون . گەر بەهەڵەدا نەچو بوم ساڵح موزەلی پیکابەکەی لێخوڕی و بەڕێکەوتین بەرەو ئەمنە سورەکە کاتێک نزیک بوینەوە لە ئەمنەکە وەک ڕۆژی حەشر وا بوو دەنگی تەقەو بۆنی باروت مێشکی مرۆڤی کاس ئەکرد. زۆرێک لەوانەی باس لەوە ئەکەن یەکەم فیشەک ئەو بە ئەمنە سورەکەوەی ناوە . بەڵام ئەوەی ئێمە وا نەبوو کە چوین گەرمەی شەڕو تەقە کردن بوو. ئەو کۆمەڵەی پێکەوە ڕۆشتین لە پشتەوە دزەمان کردە پشتی بیناکانەوە و چەکدارێکی زۆر لە دەروبەری ئەمنەکە بون . من لەگەڵ دلێری شێخ ڕەزادا بوم کەمێک دور بوم لێ یەوە ، نایەتە یادم چۆن بوو بەڵام نارنجۆکێکیان هەڵدا بەداخەوە شەهید دلێر هەندێک پارچەی بەرکەوت و بریندار بوو . لێرە بەدواوە شەڕەکان بونە شەری دەستەو یەخەو ئەو داستانە تۆمار کرا کە ناسراوە بە داستانی ئەمنە سورەکە.
ڕاپەڕین ئاوا دروست بوو ئەوانەی کردیان و قوربانیان دا لەپێناویدا ئەوانە نەبون کە ئێستا دەسەڵاتدارو خاوەن پلەو پایەو سەروەت و سامانن ، ئەوکەسانە نەبون کەئستا وەک قارچک هەڵتۆقیون و لە کۆبونەوە چارەنوس سازەکانی و میللەتەکەماندا ئەبینرێن و دەوری باڵایان هەیە و ھاتونەتە سەر سفرەی حاز.