شه‌ریف هه‌ژاری : بۆ ئه‌و ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكارانه‌ی باشوری كوردستان كه‌ خۆیان به‌ پیشه‌یی ئه‌زانن !

ئه‌مه‌وێت بۆ مێژوو ئه‌م ڕاستییه‌ له‌ به‌رچاو بگرن كه‌ : وا نه‌زانن خه‌ڵك ناهوشیاره‌ و ، ورد له‌ڕه‌فتار و هه‌ڵوێست و ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ پشتتانه‌وه‌ن تێ ناگات .

زۆر به‌ ڕوونی هه‌موو كوردێكی شه‌ره‌فمه‌ند تێبینی ئه‌مه‌ ده‌كات ، كه ‌:

زۆرینه‌ی ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاكارانی زۆنی زه‌رد و ئه‌وانه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامیش ، خۆیان به‌ دور ئه‌گرن له‌ خستنه‌ڕووی ته‌واوی چالاكیه پارتیزانییه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ باكوری كوردستان دا .

باشه‌ پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه ‌: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ڕۆژنامه‌نووسن ئه‌ی كوا هه‌ڵوێستیی نه‌ته‌وه‌ییتان !؟ ئه‌گه‌ر میدیاكارن ئه‌ی كوا پیشه‌ییتان !؟ چونكه‌ خۆ هه‌ر هیچ نه‌بێت چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه‌ وه‌ك هێزێكی ئازادیخواز و ، توركیاش وه‌ك ده‌وله‌تێكی فاشیستی جینۆسایدكار ‌كه‌ دراوسێی ( ده‌وڵه‌تی عێراقی ئێوه‌یه‌  ) ئه‌وا ده‌كرێت وه‌ك ڕووداوێك كه‌ ڕۆژانه‌ ڕووده‌دات و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ ئێوه‌ بیخه‌نه‌ڕوو . ئیدی با بیریی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵوێستیی نه‌ته‌وه‌یشتان له‌ولاوه‌ دانێین ! باشه‌ پێتان وایه‌ كه ‌: خه‌ڵك له‌وه‌ هوشیارنایه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانتان پشكی كنسووڵی توركیای داگیركه‌ری تیابێت  ؟ ئه‌گه‌ر تیای نیه‌ و پیشه‌ین بۆ له‌ ئاست جینۆسایدكردنی كوردانی باكوری كوردستان وه‌ك پێویست نین  .

زۆرینه‌ی ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاكارانی زۆنی سه‌وز ، كه‌ هه‌ندێكیان خۆیان به‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌زانن !! و ئه‌وانی تریشیان سه‌ر به‌ حیزبه‌كانی یه‌كێتیی و گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامیی و بزووتنه‌وه‌ن ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی لاف و گه‌زافی ڕۆژنامه‌نووسیی پیشه‌یی و ئه‌خلاقی نه‌ته‌وه‌یی لێ ده‌ده‌‌ن ، كه‌چی له‌ هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌كانیان دا له‌ ته‌واوی چالاكییه‌كانی حیزبی دیموكرات و ڕژێمی داگیركه‌ری ئێران خۆیان ده‌بوێرن ! كه‌وابوو چ وه‌ك پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیتان و چ وه‌ك ئه‌خلاق و بیریی نه‌ته‌وه‌ییتان پێم ناڵێن : كامه‌یه‌ ئه‌خلاق و شعور و هه‌ڵوێستیی نه‌ته‌وه‌ییتان !؟ باشه‌ ئێوه‌ به‌ ئیعازی كنسووڵی ئێران هه‌واڵه‌كانتان ده‌خه‌نه‌ڕوو ، یان بڕواتان به‌ دۆزی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌كه‌تان هه‌یه  .

ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئه‌م بێ ده‌نگییه‌تان له‌ خستنه‌ڕووی چالاكییه‌كانی حیزبی دیموكرات دژ به‌ داگیركه‌ری فارس له‌ ئێراندا و ، جینۆسایدی كورد له‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستاندا ، ئه‌وا واباشتره‌ ڕووتان نه‌یه‌ت ئیدی باس له‌ ئه‌خلاق و پیشه‌یی بوونی كاری ڕۆژنامه‌نووسیی بكه‌ن ،  وا باشتره‌ ئیدی ڕووتان نه‌یه‌ت باس له‌ دۆزی نه‌ته‌وایه‌تیی و خیانه‌ت بكه‌ن ، چونكه‌ ئایا بێ ده‌نگی ئێوه‌ ناچێته‌ چوارچێوه‌ی جاش -قه‌ڵه‌میی و به‌كرێگیراویتان بۆ ئێرانی داگیركار .

من ته‌ریق ئه‌بمه‌وه‌ له‌ ئاست ئه‌و قسه‌ قه‌به‌یی و ده‌مبازییه‌ی ( به‌ناو ) ڕۆژنامه‌نووسانی باشوری كوردستان كه‌ له‌ ده‌م دا چه‌قه‌ڵ به‌ لوره‌ لور نایان به‌زێنی و ، له‌ كرده‌وه‌ش دا ئه‌وانه‌ی ئه‌ولا له‌ ئاست توركی تورانیه‌ت دا پاڵیان لێ داوه‌ته‌وه‌ و، هی ئه‌ملاش له‌ ئاست فارسی فاشیست مه‌زهه‌بیی – نه‌ته‌وه‌یی دا سه‌رشۆڕییان هه‌ڵبژاردووه  !

ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌ركیزی ته‌واوی له‌سه‌ر كام ڕۆژنامه‌نووسانه‌یه‌ ؟ ئه‌م بابه‌ته‌ جگه‌ له‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی كه‌ هه‌ڵوێستی نه‌وته‌وه‌ییان به‌ نووسین و له‌سه‌ر شاشه‌ش هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ له‌سه‌ر داگیركه‌رانی تورك و فارس ، ئه‌وا ته‌واوی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ یان باس له‌ داگیركاریی تورك ده‌كه‌ن یان باس له‌ داگیركاری فارس ئه‌كه‌ن . چونكه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌نووس ئه‌خلاقی هه‌بێ و پیشه‌یی بێ و نه‌ته‌وه‌یی بێ ، ئه‌وا پێویسته‌ له‌ نووسین و له‌سه‌ر شاشه‌ش دا ته‌واوی ڕووداوه‌كانی ( باكور و خۆرهه‌لات ) ی كوردستانی داگیركراو بخاته‌ڕوو.

به‌ومانایه‌ی : پیشه‌یی بێت و ئه‌خلاقی نه‌ته‌وه‌یی شكۆی پێ ببه‌خشێت ، نه‌ك پاره‌یی بێت ( ماددی بێت ) و له‌ پێناو تمه‌نێكی كنسووڵی ئێران یان لیره‌یه‌كی كنسووڵی توركیا ، شكۆ و ڕه‌وشت و پیشه‌یی بوون و كه‌سێتی خۆی بدۆڕێنێت !! چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ له‌ پێناو فڕێدانی تمه‌نێك یان لیره‌یه‌ك بۆتان سه‌رشۆڕیتان هه‌ڵبژارد ئه‌وا تاماوون خووی سه‌رشۆڕیی ئه‌چێته‌ خوێنتانه‌وه‌ و هه‌ر به‌سه‌رشۆڕیی و بێ هه‌ڵوێستیی ئه‌ژین!!

زۆر پێویست و گرنگه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ هه‌ر حیزبێك دابێ و هه‌ر پیشه‌یه‌كی هه‌بێت ئه‌وا ئه‌خلاق و شه‌ره‌فمه‌ندێتیی خودی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی نه‌دۆڕێنێت ، چونكه‌ كه‌ شه‌ره‌فمه‌ندێتیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی دۆڕان ئه‌وا زۆر به‌ ئاسانی كه‌رامه‌تی خۆشی ئه‌دۆڕێنێت، ده‌وران ده‌ڕوا و پۆست و پیشه‌ و ته‌مه‌ن به‌سه‌ر ئه‌چێ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مێنیته‌وه‌ ئه‌وا ته‌نها و ته‌نها : هه‌ڵوێستیی نه‌ته‌وه‌یی خودی مرۆڤه‌كه‌یه‌ له‌ بیریی تاك تاكی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا!

كوردبوون ، واته ‌: به‌رگریكردن له‌ كه‌رامه‌ت و شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ ڕۆژانه‌ داگیركه‌رانی فارس و تورك و عه‌ره‌ب ئه‌یانه‌وێت ئه‌تكی كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی تاكه‌كانی كورد بكه‌ن ، هه‌ربۆیه‌ : كوردبوون شه‌ره‌فمه‌ندییه ‌، هه‌ڵاتن لێی و بوونه‌ پیاوی داگیركه‌ر و بێ هه‌ڵوێستیی له‌ ئاست داگیركه‌رانی كوردستان ئه‌وپه‌ڕی بێشه‌ره‌فییه ‌.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies