ئەحمەد ڕەسوڵ : هەر ڕۆژ ٣١ ی ئابێکە .

زۆر کەم و دەگمەنە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلانی دنیادا، هێزێک یان هێزگەلێک لە بەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی درێژی میللەتێک دوای گەیشتن بە دەسەڵات، هێندە دژایەتی ئازادی هەمەلایەنەو دیموکراسیەتێکی ڕاستەقینە و ئازادی بیروڕا و دەربڕینی کردبێت. زۆر کەم و دەگمەنە لە مێژووی سیاسی گەلانی دنیا. هێزگەلێک هێندەی لە پێناوی کۆمەڵگاکەی خۆیان و بەرژەوەندی و چاکەی گشتی کاریان کردبێت، هەزار هێندە لە پێناوی دوژمنان و دەوڵەتانی داگیرکەر خزمەتیان کردبێت.

زۆر کەم و دەگمەنە لە مێژووی گەلانی دنیادا هێزێک یان هێزگەلێک لە دوای گەیشتن بەدەسەڵات هاوشێوەی کوردستان، سەرانی دەسەڵاتدار هێندە هیستیری عاشقی پۆست و پلە و پایە بووبن و بۆ ئەمەش هەر ڕێگا و شێوازێک چەندێک دزێویش بێت بیگرنە بەر. ئەم سوڵتەخوازیە نەخۆشانە و پارە پەرستیە شێتانە و تاڵانچێتیە بەسەر داهاتی گشتی و سەروەت و سامانی کۆمەڵگاوە لە مێژووی دوور و نزیکی دەسەڵاتدارانی سیاسی دنیادا لە وێنەی و کەم و دەگمەنە.

پایەکانی هێز و دەسەڵات لە کوردستان لەسەر بنەمای ملکەچی و بەکرێگیراوێتی بۆ دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە داڕێژراون. ئەمە وا دەکات شەیمانەی تێکدان و وێرانکردنی ژیان و ئەمنیەتی خەڵك لەلایەن هەر هێز و دەوڵەتێکەوە ئەگەرێکی هەرە سادە و ئاسان بێت. پەیوەستەگی سیاسی و ئابوری و ئەوەی کە حزبە فیوداڵیەکانی کوردستان بەشێکن لە ئەجێندا و جێبەجێکردنی ستراتیچی دەوڵەتانی داگیرکەر، وایکردووە کۆمەڵگا لە سەرگەردانی سیاسی وئابوری و ئایندەیەکی ناڕۆشن دا بهێڵنەوە و ‌هەڕەشە و ئەگەری خاپور کردنی هەموو شتێک لەلایەن هەر هێز و دەوڵەتێکەوە، ئەگەرێکی هەرە بەهێز و واقعی بێت.

تێگەیشتن لە بونیاد و ماهییەتی حزبە سیاسیەکانی کوردستان بە تایبەت دەسەڵاتدارەکان و لە تۆپدا پارتی، وادەکات هەر ڕۆژ لە خەیاڵی ڕوداونی ٣١ ی ئابێکی تردا بین. لەڕاستیا ئەم دەسەڵاتدارێتیە خۆسەپێنە میلیتاریستیە وایکردووە کۆمەڵگای ئێمە هەر ڕۆژێکی ٣١ ی ئابێک بێت بە شێوازی تر و لەسەر ئاستی جیاواز.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies