شەنگار سابیر: لە نێوان چاکە و خراپەدا- فیلمی قازی ڕەش (Black Swan)وەک نمونە

بە درێژایی مێژوو مرۆڤ شەری نێوان چاکە و خراپە دەکات. تەفسیری ژیان بە چاکە و خراپە دەکات، عەشق لە نێوان چاکە و خراپەدا تەماهی دەکات، سیاسەت فۆرمیولەی دوو رەهەندی کلاسیکی _ ترادسیۆنالیستی – دەکات، کە ئەوانیش چاکە و خراپەن. دەکرێت بە جۆرێکیتر بڵێن کە مرۆڤ بە درێژایی بوونی خۆی لەسەر ئەم ئەستێرەیە خۆی دابەش کردوە بە سەر چاکە و خراپەدا و هەموو گشتەکانیش هەموو ” ئۆبژە ” کانیش دواجار ئۆبژە ی چاکە و خراپەن . بەڵام دەکرێت لێرەدا ئێستێک بکەین و بڵێن: چاکە و خراپە چیە ؟
ویستی چاکە و خراپە لە بنەڕەتدا ویستی مرۆڤ و وەهمی مرۆڤە بۆ ژیان ، مرۆڤ ناتوانێت بەبێ ئەم دژانە بەردەوامی بە پرۆژەی ژیانکردنی بدات ، لە هەمان کاتیشدا ئەم وەهمە بەردەوامی هەیە کە، دژێک دژێکیتر لە ناو بەرێت . لە میسۆلۆغیایی گریکیدا و لە کتێبەکەی ( فرانسواز کریسڵ)ـدا ، سەروەختێک ( پاندۆرا ) سندوقێک بە دیاری وەردەگریت لە لایان زیۆسەوە و بەڵێنی لێ وەردەگیرێت هەرگیز سندوقەکە نەکاتەوە ، بەڵام ویستی غەریزەیی پاندۆرا وادەکات سندوقەکە بکاتەوە و ( خراپە ) لە سندوقەکە دێتە دەرەوە ، پاشان پاندۆرا، کە سندوقەکە دادەخاتەوە ئەوەی تێدا جێدەمێنێت و نایەتە دەرەوە ( چاکەیە ) و چاکە لە سندوقەکەدا دیل دەکرێت ، پاشانیش شەڕی گەورەی پرۆمیسە گرنتەوەی خراپەیە و دەرهێنانی چاکەیە لە سندوقەکەی پاندۆرا . وە پاشانیش چاکە و خراپە هەردەم مۆتیڤی سەرەکی هەموو میسۆلۆغیاکان بووە و ( ئیزیس و ئیزریس) لە ئەفسانەی میسریدا و پاشان شەڕ و ململانێی نیوان ” نیپتۆن و ژۆبیتەر ” لە ئەفسانەی ” رۆمانیدا ” و “مەرگی کریشنا ‘ لە داستانە هیندیەکاندا ، بەردەوام ململانێی نێوان چاکەو خراپە بووە .
لە دواتردا و لە ترادسیۆنی هەر سێ ئاینە ” ئیبراهیمەکە دا ” ویست و هێزی دژەکان بەردەوامن . لە پەیمانی کۆندا ( عهد عتیق ) و لە کتێبی پەیدا بووندا ( سفر پیدایش ) خودا لەسەرەتدا هەموو شتەکان بە ویستی خۆی دروست دەکات ، شتەکانیش بەرمەبنای ئیرادەی چاکەن ، واتا خودا خودی چاکەیە ، بەڵام ئەم چاکەیە ناتوانیت بەتەنیا بەردەوام بێت و پێویستی بە ململانێیەکە ، بۆ ئەمەش بەهانەیەک دەدۆزێتەوە تا دژێک لە بەرامبەر خۆی پەیدا بکات ، بەهانەکە مرۆڤە و دروستکردنی ئادەم و حەوایە، وە ئەوەی دەبێتە ” ئانالیتیکی کانتی ” هێزی شەڕە کە مانیفێستی خۆیدەکات و ئۆنتۆلۆجیایی خۆی لە عەدەن دەسەلمێنێت و بەرەنگاری ویستی چاکە دەبێتەوە، ئەویش دواجار هەر لەڕێگەی مرۆڤەوە.
ئەم ویستە ی نێوان چاکەو خراپە لە ئاینیە ئیبراهیمیەکاندا دێتە ناو مرۆڤەوە و لەو دا بەرجەستە دەبێت ، وە لەو کاتەوە مرۆڤ وەک ” هۆمۆساکەر”ـ ێک هەردوو دژەکەی لەخۆیدا هەڵگرتوە و شەڕی خۆیدەکات، شەڕێک لە نێوان خۆی و خۆیدا.

شەڕێکی ئەبەدی لە نێوان ویستی چاکە و ویستی خراپەدا ، لەڕاستیدا چاکەو خراپەدا بەردەوام پێویستیان بەیەکە تا بوونی خۆیان لەدەرەوەی ئەویتر بسەلمێنن یا خود لەناو ئەوتردا خۆیان نمایش بکەن.
فیلمی “قازی ڕەش” کە لەبنەڕەتدا یەکێکە لە ئیشە ئۆپێریەکانی ” چایکۆڤیسکی ” و لە پاشان ” ئەندرێس هاینز ” دەینوسێتەوە و بۆ فیلم ئامادەی دەکات و ” دارین ئارۆنۆڤسکی ” کاری دەرهێنانی بۆ دەکات . ئەم فیلمە دەرونشیکارانە و کەمتازۆریش ترادسیۆنیانە لە ویستی چاکە و خراپە دەدوێت و لێی دەکۆلێتیەوە . مۆتیڤی سەرەکی فیلمەکە باس لە کچێک دەکات کە سەمای بالیە دەکات و خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ئاکت لە یەکێک لە ئیشەکانی چایکۆڤیسکیدا بکات ، هەڵبەت ئیشەکەی چایکیۆ ڤیسکی پێویستی بە دوو فیگۆرە بۆ ئەوەی لە هیزی چاکە و خراپە بدوێت ، بەڵام مامۆستای
بالیەکە داوا لە پاڵەوانی سەرەکی فیلمەکە دەکات کە رۆڵی هەردوکیان بەرجەستە بکات .
بەىڕوای من داواکاری مامۆستای بالیە تا ئەندازەیەکی زۆر هیچ نیە جگە لە وەبیر هێنانەوەی مرۆڤ بۆ چرکەساتی تاوانی یەکەم و هاتنە ناوەوەی دژەکان بۆ یەک بوون ، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەم هەبووە ، ئەم خانمەی کە سەمای بالیە دەکات ، جگە لەوەی دەبێت هەر دوو ڕۆڵەکە بەرجەستە بکات ، دەشبێت شەهدی ڕاستەقینەی خۆی لە نێوان یەکێک لەم دوانەدا بدۆزێتەوە .

لە بنەڕەتدا دەبێت بەوە دەست پێبکەین کە خانمەکەمان لەسەرەتاوە بە ستراکچەری چاکە پەروەردە کراوە و دورە لە هەموو ویستە خراپەکان ، بەجۆرێکیتر ” ئەویدی گەورە ” بۆتە ڕێگرێک لەوەی کە ” ئانا ” نەتوانێت لەدەرەوەی ویستی چاکە شتێکیتر تاقی بکاتەوە ، ئەمەش وەختایەک کە دایک
وەک هێزێکی نەفیکەر و بڕیار دەرێکی تاک ڕەهەند ڕێگرە لە هەموو چوڵە کەینونەیەکانی ئانا. ئەویدی گەورە لەم فیلمەدا بریتیە لە بە ئەبستراکت کردنی چاکە ، ژیان وەک چاکە ، زو نوستن و زو هەستان وەک چاکە ، عەشقکردن و نان خواردن لەکاتی خۆیدا وەک چاکە ، بەڵام ماهیەتی ڕاستەقینەی
کارەکتەرەکە بریتیە لەوەی بوونی خۆی تاقیبکاتەوە و شەهدی خراپە بنۆشێت .

لە ئەساسدا ئەم ” سوژە ‘ لاکانیە ” دەیەوێت ئەویدی گەورە بخاتە دەرەوەی پرۆژەکانی و دەست بە پرۆژەیەکی تر بکات . پاڵەوانی فیلمە کە لە کۆتایی نمایشەکەیدا کە لە سوانی سپیەوە دەبێت رۆڵی سوانی ڕەش لەسەر ستەیج و لەبەرامبەر بینەردا ببینێت ، ئەو چەند خولەکەی بۆ کاتی ماکیاژ و گۆڕینی خۆی وەری دەگریت ، دەبینیت لە ژورەوە کارەکتەرێکیتر خۆی ئامادە کردوە تا لە بری ئەو ڕۆلی ” قازی ڕەش” ببینێت ، بەڵام ئەوکارەکتەرەی تر هیچ نیە جگە لە خۆی ، هیچ نیە جگە لە دیوە ململانێکەرەکەی خۆی ، لەدوای ئەوەی پارچەیەک شوشە دەکات بە سکی ئەویدی خۆیدا و دەیکوژێت و تەرمەکەی دەشارێتەوە ، خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ڕۆڵی قازی ڕەش ببینیت ، لە پاش نمایش و کە دەبێتە کۆتا نمایش کە دیسان پاڵەوان دەبێت ڕۆلی سوانی سپی ببینیت ، کە دەچێتە ژورەوە نە هیچ تەرمێک هەیە و نەهیچ خوێنیک . بەڵک و لە ئەساسدا ئانا پارچە شوشەکەی کردوە بە دیوە چاکەکەی خۆیدا ، تا دیوە خراپ و داهێنەرەکەی بێتە دەرەوە ، لە ماهیەتەدا ئەم کوشتن و بریندارکردنە تەنها لەناو خودی پاڵەواندا ڕویدا ، ئەم شەڕە لە نێوان چاکە و خراپەکەی ناو خۆیدا ڕویداوە ، بۆیە لەکۆتای فیلمەکەدا و لە کۆتا نمایشدا قازی سپی بەو برینەی خۆی دمرێت و قازی ڕەشیش وەک ” ئیکسپریشنیستێک ” تێکەڵ بەڕۆحی سەردم و زەمانێکیتر دەبێت و لە مرۆڤ ئازاد دەبێت .
بەرمەبنای ئەم خوێندنەوە بچوکەی کردمان بۆ چاکە و خراپە لەم فیلمەدا، دەبێت لەوە تێبگەین هێزی داهێنەر و پاڵەوانی ڕەسەن ویستی خراپەیە نەک چاکە.