هاوکار حوسەین: مەناعەی کوردبون،
سێ مانگ لەمەوپێش، بانگهێشت کرام بۆ کۆڕێکی هاوڕێیانە دەربارەی (چۆن خۆت رزگاردەکەیت لە ترس؟)؛ منیش لەبەرئەوەی بابەتەکەم زۆر بەلاوە سەرنجڕاکێش بوو، بێ ئەوەی بزانم بەشداربوەکان کێن، قبوڵمکرد. شوێنەکە شارەزا نەبووم، تا دۆزیمەوە 15 خولەک دواکەوتم. کاتێک گەیشتم، بینیم نزیکەی 20 کەس لەهۆڵێکی گەورەدا بەشێوەیەکی بازنەیی لەسەر کورسی پلاستیک دانیشتون، مشتومڕیانە.
دەرگاکە بەشی سەرەوەی شاش بوو، لەهەردوو دیوەوە دەتوانرا خەڵک ببینیت، لەبەردەم دەرگاکە وەک پەیکەر چەقیبووم، شەرمم ئەکرد بچمە ژوورەوە، چونکە هەم دواکەوتبوم، هەم نەمدەزانی ڕۆڵی من چی دەبێت. لەم نێوانەدا یەکێک لەبەشداربووەکان تیلەی چاوی کەوتە سەرم، لەجێی خۆی بڵندبوو و بەرەو لام هات، ئیدی دەرفەتی قوتاربونم نەما. دەرگاکەی کردەوە وتی: “بۆ کۆڕەکەمان هاتویت”. بەحەپەساویەوە وتم: بەڵێ.
چومە ژورەوە، قسەم پێبڕین، هەموان چاویان تێبڕیبوم، کورسیەکیان بۆ راکێشام و بەهێواشی دانیشتم. وتم: “ببورن درەنگ کەوتم، یەکەمجارمە بەشداریی کۆڕی وابکەم و تازەگی هاتومەتە کەنەدا”. عوزرخواییەکەیان قبوڵکردم و بەڕیز دەستیان کرد بەخۆناساندن، منیش بێ ئەوەی تەرکیزم لەسەر ناوەکان بێت، هەر سەرەلەقەم بۆ ئەکردن، هەموو خەیاڵم لای ئەوە بوو بچنەوە سەر باسوخواسی خۆیان و چاویان لەسەرم لاچێت تا هەناسەیەکی قوڵبدەم. سەرە هاتەوە سەر من و منیش خۆمناساند و وتم: کوردم و خەڵکی کوردستانی عێراقم.
لەو 20 کەسە کە نیوە بەنیوە ژن و پیاو بون، جگە لەیەکێکیان ئەوانی دی هەمویان خانەنشین کرابون. من لای پیرێژنێکەوە دانیشتبوم، وتی: لەسەردەمی مەلیکە بچکۆل (ناوەڕاستی پەنجاکان) هاتومەتە بەغدا. لەکوێ قسەکەم پێبڕین، لەوێ دەستیان پێکردەوە. پیاوێک بو تەمەنی سەرو شەست ساڵ دەبوو، پەیکەرەی لەشی هیچی وای کەمتر نەبو لەهی داینەسوڕێک. بەسەرهاتی ئەوەی گێڕایەوە کە بەمنداڵی کولەیەک گازی لەپەنجەی گرتوەو ئێستاش ئەو ترسە هەر لەدڵی دایە. وامزانی بۆ پێکەنین وادەڵێت، زیاد لەهەمویان من پڕمەیەکی پێکەنینم کرد، بەڵام کەس پێنەکەنی، چونکە باسەکە زۆر جدی بوو و کابراش بەڕاستی بوو، زۆر تەریقبومەوە. ژنێکی تر کە ئەگەر بەفر بوایە، بەدوو هاوین نەدەتوایەوە، باسی سەرکەوتنی خۆی دەکرد کە ئێستا زاڵبوە بەسەر ترسەکەیدا و بەخەیاڵیدا نایەت مێش لەسەر دەستی بنیشێتەوە. منیش واقم وڕمابوو، ئەوانیش پەلەیان بو زوو سەرە بگاتەسەر من و بزانن کوردێکی عێراقی ترسی چی هەیە.
هەمویان رویان وەرگێڕا رووەو من و وتیان حەزدەکەین گوێمان لەتۆ بێت. منیش هەرچەند بیرم کردەوە شتێکی وەک خۆیان بۆ باسبکەم، بەڵام نەمزانی چی بڵێم. دواجار نوتقم کرایەوە وتم: ببورن بەڕاستی بۆم دەرکەوت من و ئێوە سەر بەدوو دنیای زۆر جیاوازین، نەئێوە دەتوانن لەدنیای ئێمە تێبگەن، نەمنیش دەتوانم باوەڕ بەئێوە بێنم کە چی لەوڵاتی من دەگوزەرێت. بەڵام ئەتوانم بڵێم ئەو جۆرە ترسەی ئێوە باستان کرد، ئێمە هەر بەمنداڵی پێش ئەوەی پێ بگرین، تێی ئەپەڕێنین. هەستم کرد قسەکەم تۆزێک رەق بو لەسەر دڵیان. وتیان چۆن؟ وتم: ئاخر من تەمەنم 9 ساڵ بوو لەڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991، لەسەر سنوری ئێران-عێراق، کاتێک ویستمان بەسەر چەمێکی خوڕ بپەڕینەوە، من و هەشت نۆ منداڵی دیکەیان وەک پەتاتە کردە شەبەکەیەکەوەو بە حەبلێک کە ناویان نابو تەناف، لەوبەرەوە رایانئەکێشاین، قاچێکم لەکونێکی شەبەکەوەوە هاتبوە دەرەوە و چاوەڕێ بوم وەک دەیان کەسی پێش ئێمە، لورەی چەمەکە لەگەڵ خۆی بمان پێچێتەوە. ئاخر چۆن ئێوە بڕوا بەوە ئەکەن؟ هەمویان گوێیان شل کردبو، منیش بەشەقە شەقی ئینگلیزییەکەم، دوکەڵم لەوناوە بەردابوو. تۆزێکی تر لەسەری بەردەوام بومایە، چینێک بۆم ئەگریان.
بڕیار وابوو دوای من دوو کەسی تریش چیرۆکی خۆیان باس بکەن، وەڵا هەر من چیرۆکم تەواوکرد، کەس لەروی نەهات باسی هیچ بکات، نە مێشولە باسکرایەوە، نە کولە.
جا بەڕاستی لەوێ هەستم بەوە کرد، مرۆڤی ئێمە چەند خۆگرن، دەتوانم بڵێم هەر تاکێکی کورد بەشی سەد کەسی غەربی مەناعەی بەرامبەر ژیان پەیداکردوە، ئێمە هەر لەمنداڵیماندا پێدەگەین و لەهەرزەکارییدا پیردەبین. ئەو دەرفەتەی بۆ تاکێکی غەربی رەخساوە، بۆ هەر تاکێکی کورد هەڵکەوێت، سێ بارتەقای ئەوان باشتر دەتوانێت داهێنان بکات. باوەڕم بەقەومچێتی نیە، بەڵام کاتێک بیر لەمێژوی پڕ چەوسانەوەی خۆمان دەکەیتەوە، تەحەدا ئەکەم هیچ میلەتێک هێندەی ئێمە لەژێر دەستوپێدا فلیقابێتەوە، کەچی هێشتا رۆحیەتی بەرەنگاریی لەلوتکە دایە. ئاخر تەنها مەناعەی کوردی بەرگەی ئەوە دەگرێت کە لەشارێکی وەک کۆبانێدا، هەموو دونیا گرەویان لەسەر شکستی ئێمە دەکرد، بەڵام کۆمەڵە کچ و کوڕێکی گیرفان بەتاڵ، توانیان لەناو تەپوتۆزی وێرانەیەکدا هەستنەوە سەرپێ. هەر مەناعەی کوردی وادەکات، 35 ساڵ هەزاران لاوی کورد، هەمو گەنجێتی خۆیان لەشاخێکی وەک قەندیل هەڵچۆڕێنن. ئاخر جگە لەمیلەتی ئێمە، چ میلەتیکی دونیا تەحەمولی 27 ساڵ حوکمی قەرەقوشی یەکێتی و پارتی دەکات؟
خاڵی هەرە گەشی خەڵکی ئێمە ئەوەیە، زۆر بەزویی توانای خۆگونجاندنمان هەیە لەگەڵ بارودۆخی نوێدا، بەهەمان رادەش توانای تێپەڕاندنی زروفە دژوارەکانمان هەیە، ئەوانەی رۆژگارە رەشەکانی ناوەڕاستی نەوەدەکانیان لەبیربێت، هەست بەم حەقیقەتە ئەکەن. بۆیە بەیەقینەوە ئەیڵێم، دەتوانین ئەم بارە نالەبەرەی ئێستاش بەزویی تێپەڕێنین و سەرلەنوێ برینەکانمان بەزویی ساڕێژبکەینەوە، ئومێدەوارم ساڵی 2018 سەرەتای ئەو قۆناغە نوێیە بێت.