شوانە حەسەن: سۆرانی مامە حەمە هەمیشە زیندووە.

لە دەیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە، لەو ڕۆژە ڕەشەدا نەفرەت دەکەم لەو ئەقڵەی بڕیاری تیرۆرکردنی دا و نەخشەی داڕشت، لەو ئەقڵییەتەی تا ئێستا بەکارە بۆ تیرۆری رۆژنامەنووسان و خاوەن را جیاوازەکان و ئازادیخوازان.
‌نەفرەت لەو دەستانەی بە چەکەوە دەستڕێژی گوللەیان لە سۆران کرد، ئەو دەستانەی لە هەر کاتێکی تر ئامادەتر و کاراترن بە تفەنگی دەستیانەوە بۆ ترساندن و سەرکوتکردن.

‌تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە و عەبدولستار تاهیر شەریف لە کەرکوک و سەردەشت عوسمان لە هەولێر و کاوە گەرمیانی لە کەلار، مانای هاوبەشی ئەقڵییەتی حوکمڕانە لە خاڵی سەرکوتکاری. هاوبەشییانە لە مێژووی ستەم و نادادی و دژایەتی میدیاکارانی دوور لە تەوژمی سیاسی حزبییان.

ئەو مافیا خۆماڵییانە کوشتنەکانی 17ی شوباتییان ئەنجامدا. ئەوانەی بڕیار لە سەید سادق و مامۆستا محمدیان لە قەڵادزێ خەڵتانی خوێن کرد، ئەوانەی کەمالی سەید قادریان هێلکە باران کرد. ئەوانەی لە دهۆک گەنجان بەزەبری شەق دەنێرنە نێو زیندانەکان و ئەوانەی بە تفەنگ و دار و گازی فرمێسک رێژ ناڕەزاییەکانی سەر شەقامیان بڵاوە پێکرد… هەموویان هەڵقوڵاوی یەک قوتابخانەی حوکمڕانین بە ناوی پارتی و یەکێتی.
‌بۆیە سۆران و سەردەشت و عەبدولستار و کاوە، لە دژی ئەو تاوانانە دەیاننوسی کە لە هەناوی حزبەکان لە دایک دەبوون، ئەوان پێشبینی ئەم خەڵتانی خوێنەیان دەکرد.

‌هەربۆیە سۆرانی مامە حەمە یەکەمین قوربانی ڕێگای ئازادی و یەکەمین شەهیدی قەڵەم و ڕابەری شۆڕشی ڕۆژنامەگەری دژی ستەم و کۆیلایەتی،سۆران ئەو گەنجە بوو کە خۆی کردە چرا بۆ ڕوناک کردنەوەی هزری تاکی کورد لەهەمبەر ئەو هەموو ستەمو نادادییەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکرێت،سۆران پیشانیدا هێزی وشە ئەتوانێت چی بخوڵقێنێت وتنی ڕاستیەکان چۆن ئەبێتە هۆی ترساندنی دەسەڵاتی بنەماڵەی و خێڵەکی، سۆران ئەوەشی خستەڕوو ورەو هێزی گەنج چۆن کاردەکاتە سەر دەسەڵاتێکی نابەرپرس و دەیان هێنێتە لەرزە، هەروەک چۆن پێش سەردەمی سۆرانیش هەمیشه توێژی گەنج و نوسەرو ڕۆژنامەنوسەکان بونەتە هەڵگری دروشمی ئازادی بۆ نەوەکانی دوای خۆیان هەر بۆیە ئێستاش دەنگی بڵندی گەنجی بوێری ئەم وڵاتەیە هاواردەکات بۆ مافەکانی و دەبنە درێژەپێدەری ڕێگای شەهیدانی قەڵەم و تۆڵەسێنری هاوڕێکانیان کە چوونە سەنگرەوە دژی گەندەڵی و لەپێناو ئازادیدا بەنرخترین شتی خۆیان بەخشی کە ژیانیانبوو.

سۆران بووە دەروازەیەک بۆ ئاشنا کردنی نەوەی داهاتوو بە دەسەڵاتی کوردی و وای کرد چیتر گەنج ڕازی نەبن بەرامبەر ئەو ستەمەی چەندین ساڵە ڕووبەڕویان دەبێتەوە،هەر بۆیە دوای تیرۆر کردنی سۆران هاوڕێیانی لەسەرجەم شارەکانی دیکەوە هاتنە دەنگ و سەردەشت و کاوەو ویدادی بەدوای خۆیدا هێنا ئێستاشی پێوە بێت چەندین گەنج لەو ڕێگایەدا لەخەباتدان و ئامادەن ژیانیان لەپێناویدا ببەخشن نموونەی زیندوش ئەو ڕۆژنامەنوسانەن دوای شەهیدانی قەڵەمیش توشی گرتنو ئەشکەنجەو ئازار بونەتەوە لەو ڕێگایەدا هەر وەک”ئەحمەد میرە و ئاسۆس هەردی و ئومێد ئەحمەد و بەهزاد موحسین هتد….”چەندانی دیکەش بەڵام تائێستاش خۆنەویستانە بەردەوامن لە خەبات ، هەرلەبەر ئەوەشە دەسەڵاتی شکستخواردووی کوردی تا هەنوکەش لە کتێب و ناو و گۆڕی شەهیدانی قەڵەم دەترسێن و هیچ دەرفەت و بیانوییەک لەدەست خۆیان نادەن بۆ سڕینەوەی ناوی نەمریی شەهیدانی قەڵەم و کپ کردنی دەنگی ئازاد، بەڵام مانەوەی ڕۆحی سۆران و هاوڕێیانی بەزیندوویی مژدەی ئەوەدەدەن کە هەتا ئەم دەسەڵاتە عەبەس و نادادپەروەرە نەگۆڕدرێت گەنجان و ڕۆژنامەنوسانی دوای ئەوان هەمیشە لە سەنگەردان بۆ لەناوبردنی حوکمی عەشایەری و خێڵەکی لە کوردستاندا.

ئێستاش ۹ساڵ تێپەڕبووە بەسەر یەکەمین شەهیدی قەڵەمدا بەڵام تا ئێستاش گەلی کورد ڕزگاری نەبووە لەژێر زوڵم و سەتەمدا یەک لەدوایەک ڕۆڵەی ئەم خاکە لەسەر داوا ڕەواکای خۆیان ئازار دەدرێن، پەندێکی چینی هەیە دەڵێت”سەفەری هەزار میل بە هەنگاوێک دەست پێ دەکات” گەر بە واتایەکی دیکە لێکیبدەینەوە وەک بەختیار عەلی دەڵێت”کوشتنی هەموو شتەکان لە کوشتنی ڕۆژنامە نوسێکەوە دەست پێ دەکات”، هەر وەک ئەم دەسەڵاتە بێڕەحم و بێ باکە کە دەستی چووە خوێنی ڕۆڵەی ڕۆژنامەنوسی خۆی زەنگی ئەوەی لێدا ئامادەن هەموو شت و هەموو کەسێک لەناوبەرن ئەگەر ببنە هەڕەشە و کۆسپ بۆ کورسی و دەسەڵاتەکەیان و لەق کردنی پلەوپایەکەیان و لەناوبردنی حوکمی مافیا گەرییان.