سۆران محەمەد: چەمکی باڵا لە پشت داڵەکانی دەقی، دیکانێشەی عەباس عەبدوڵڵا یووسفـەوە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کاتێك ڕێنیە دیکارت، فەیلەسوفی فەڕەنسی (31- 03- 1596 -11- 02- 1650 ) مامۆستای فەلسەفە و ماتماتیك و فیزیای هاوچەرخ گومانی لە مەعریفەی هەستەکی دەرەوەو ناوەوەی خۆی کرد، هەروەها لە مەعریفەی جیهانی ئاگایی، گومان لە عەقڵ بۆ گەشتنە مەعریفە، تەنانەت گومانی لە بوونی خۆشی کرد، لە جیهانی بەرهەستی دەرەوەشی، تا ئەو گومانەی گەڕایەوە بۆلای خۆی و بووە بەڵگەیەك لەسەر بوونی خۆی. بۆیە بەرنامەی فەلسەفی دیکارت لەسەر دووبنەما دادەمەزریت: بۆچوونی دەروونێکی هوشیاری خاوەن ڕۆشنایی زەینیی، لەگەڵ هەڵهێنجان کە ئەو کارەیە ژیریی پێی هەڵدەستێت و دەمانگوێزێتەوە لە بیرۆکەوە بۆ ئەنجامێکی تر کە لێوەی بەرپا دەبێت. دیکارت دەڵێت: نموونەی فەلسەفە وەك درەختێك وایە رەگەکانی میتافیزیکیایە، قەدەکەی زانستی سروشتیەو لقەکانی سەراپای زانستەکانی ترن، ئەمانەش دەگەڕێنەوە بۆ سێ شتی گەورە: پزیشکی، میکانیك، ئاکاری بڵند، ئەمەی کۆتاییش داواخوازی زانینە بە هەموو زانستەکانی تر، و گەورەترین پلەی کارلەجێی و داناپەروەرییە”.
کاتێك گەوهەرە شاراوەکانی ناخ لە شێوەی فەلسەفاندندا، شتێکی نوێمان پێ دەڵێت: یان چەمکە فەرامۆشکاراوە تۆز لەسەر نیشتووەکانمان دەخاتەوە یادو پەیوەستمان دەکاتەوە بە ژیان و قۆناغە جیاوازەکانی بوون، ئەو ساتەی سروودە نەشازە خاوەکان باوێشکی خەواڵوویی دەدەنە کاروانی مردووی رەوتی ژیانێكی کیسەڵ ئاسا، کە دەلاقەیەك دروست دەبێت لە نێوان ناخ و رواڵەتدا، لە نێوان خود و ئەوی تردا، لە نێوان ئێرەو ئەوێ دا، ئەوسا ناچار پەنا دەبرێتە بەر زاراوەیەکی نامۆ بە گۆمی لیخن و ئاشنا بە ژوورە ئاوەدانەکانی هزر، لەو جێیەی کەم دووان، چڕ دووانی بە دوادا دێت، لەو جێیەی بە شیوازێکی فەنتازیا ئامێزی مەخسەرە ئاسا، گاڵتە بە دنیای ( بەردان) دەکرێت، لێرەوە دەنگی هۆش لە ناخدا دەزرنگێتەوەو گوێی مۆدی دۆگما کەڕ دەکات، پێیان دەڵێت من ئەو ڕاستیە زانستی و فەلسەفی و مەعریفی و …. جیاوازەم کە لە دوورەوە هەمووتانوەك یەک و بە یەك دەبینم و تەنانەت خانووەکەشم غەرقی نەفامی ئێوە دەبێت کە لە دوورە تێی دەڕوانم، هەر لەبەر ئەمەشە لە بەرزاییەکی پاکەوە هاوڕێی هەورە گەڕۆکەکان و باڵندە سەرکەشەکان و هەسارە مەنگەکان، تەماشای خوارەوەی تەپوتۆزاوی دەکات بە یەك زمان دێتە گۆ، ئەو زمانەی هەموو مرۆڤە هوشیارەکانی سەر زەوی لێی حاڵی دەبن، چونکە هەر لێرەوەیە مەوزوعیەت تەنگ بە زاتیەت هەڵدەچنێت و پێ یان دەڵێت پەنجە مۆری من وەك کەسایەتی داهێنەرانەی من وایە، لە هی هەمووتان جیاوازترە، لێرەشەوە جوانی کەمەندکێش سواغی ناخ و ڕواڵەتی دەدات و لە بەرچاوان ڕوون دەبێت کە بە دنیا سواو و دووبارەکانی ئێوە ناچێت، من خۆم ڕاگرتووەو ڕادەگرم بەرانبەر هەموو پلاردان و ددان جیڕکردنەوەو خشەی دەفتەرەکانتان، ژیان و فەلسەفەو ئەزمونەکان بە زارێکی تایبەت دەهۆنمەوە، دەڵێم هەر کەسێ نادان نەبێت خۆی تالیبی مەعنا دەکات، لە زانستەوە بۆ گەردوونناسی و مێژوو و ئەدەب و پۆلەتیك و داستان و دانا ئامێزی و… دەتانهێنمەوە سەر واقیعێکی زیندوو، بە چاوکردنەوەو گۆڕانکاری بەردەوام و جوڵەی پۆزەتیڤ، حەیف و مەخابنی ئەو ئیرادە شەڕەنگێزەی مرۆڤتان ئاشنا دەکەم هەر لەو کاتەی دایکە حەوا لە ئاسمانەوە (بە پەڕەشووت) کە سیمبوڵی هاتنە خوارەیەوە، قابیلێکی خاوەن خەنجەر ژەنگاوی هێنایە سەر زەوی، حەزم نەدەکرد هەرگیز ڕەنگی سوورم بدیبایە، گەر لە شۆڕشی بەلشەفیشدا بووبێتە ڕەمزی تێکۆشان و خەڵتانکردنی سەر زەوی بە دروشمە نا ئۆقرەکان. بەرەی دۆگمای خاوەن دەزگاو بڕیاری پاشەڕۆژی ئەدیبان! مردوویی و نەمردوویی شاعیران، بوون و نەبوونی داهێنان، گەر بیانتوانیایە ئەو مێژووە دێرینەی نووسین و بەخشین و خۆ ڕۆشنبیکردن و بڵاوکردنەوەی هەباسۆسیان بسڕیایەتەوە هەر زوو دەیانکرد، ئەوسا دەیانگوت ئەو شیعرانەی ئەو ، لە ژێر ناونیشانی هۆنراوەی تاکدێڕدا دەیانوسێت لە وڕێنە زیاتر نین، ئەوانە کەی شیعرن چونکە بە پێوەرە چەق بەستووەکانی خۆیان نابێتە پەپولەیەکی خەیاڵاوی و بە پرچی یارەوە بنیشێتەوە!
ئەو کێشە بەردەوامەی کەپیتاڵیزم لە گەڵ ژیان و گیاندا هەیەتی، کە هەمیشە تێیدا گیانی مرۆڤ شکست دەهێنێت، لە نێو چەقی دالی ئەم چڕە قەسیدەیدەدا مانایەکی پێچەوانە وەردەگرێت، ئەو مانا ڕەسەنەی ئەمڕۆ نامۆیە بە کۆمەڵگا، ئەو سادە بوون و خاکیەی، خاك تێیدا حاشا لە زێڕی سەر بە گۆبەنگ دەکات و ئاسوودەیی خۆی لە غیابی ئەودا دەبینێتەوە، ئەی مەگەر (قەمەرەی مارکە نوحناو) و (تاکخان و خان بان خانـ) ـەکان نین، پشووی لەبەر مرۆڤی ماندووی چاخ هەڵچنیوەو بەرزترین بنەماو دیدو باوەڕ دەگۆڕێتەوە بەو خرخاڵ و خشەخشەو بریق و باقە ماڵکاولکارکارانەی بونیادی کۆشکی مرۆڤایەتی، کە کەسایەتی تاکی لە دووتوێدا حەشار داوە، ئەم قەسیدانە ئاماژەیەکی ڕوونن لەسەر ئەوەی تەنیا شاعیر بە تێگەشتنە کلاسیکیەکە داینەناون کە تەنیا پشت بە بەهرە ببەستێت، بەڵکو پاشخانێکی مەعریفی و زانیاری لە دواوەیەو کارێکی وردی لەسەر کراوە، ئەمەش دەخوازێت خوێنەر خۆی بڵند بکات بۆ ئاستی دەقەکان و گەر بیەوێت مافی تەواویان پێ بدات و خویندنەوەکانی خۆی لێ هەڵهێنجێت، ئەوا دەبێت دەرگا داخراوەکانی بیری بکاتەوەو لەهەمان کاتیشدا زەمینە سازی بکات بۆ وەرگرتنی ئەم چەمکە باڵایانەی کە هێشتا لەناو کۆمەڵگاکانی جیهانی سێیەمدا تەنیا لە زاراوەی نامۆ بەدەر نین، کە شانۆکانیان بێ سەلیقەیەو و بۆیە بە بێ دەرهێنەر دەچووێنرێن، ئەوا زۆری ماوە تاکەکان بگەنە قبوڵکردن و خۆداماڵین لە بیری تەسکی لە قاڵبدان و پێکهێنانی لێکدانەوەیەکی دەستە جەمعی بۆ ئەو واتایانە، کردنەوەو گەرم کردنی ئاگر بە کتێب و سووتاندنیان، یان بە کردنیان بە لوولەی گوڵەبەڕۆژەو نەک پارە پێنەدانی، بەڵکو نەخوێندنەوەشی لە کاتی پێشکەش کردندا. چۆڵی هۆڵی پێشانگاکان و غەڵبە غەڵبی کاتی خوێندنەوەی شیعرەکان، هەمووی زەنگی مەترسین و ون بوونی ڕەسەنایەتی و ناسنامەو مانەوەو خزمەت و پێشکەوتن و داهێنان دەردەخەن، لە مێژیشە شاعیر لە دەقەکانی ترداو لەم دەقەشدا بە شێوەکی ناواخندار ئاماژەی پێیانداوە، ئەو کەم دەنوسێت بەڵام دەزانێت چی دەنووسێت، بۆیە لە خوێندنەوەی دەقەکاندا خوێنەر ڕا دەمێنێت و بەشێک لە خۆی و دنیا بینیەکانی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە، ئەی دەبێت شەمشەمەکوێرە چ تێڕوانین و دیدگایەکی هەبێت نەك بۆ دەقێکی ئاوها، بەڵکو بۆ هەموو دەستەواژە جیاوازو پێشهاتەکانی ژیان؟ لێرەوە کاتێك باسی دیدگا دەکرێت، ئەو ماتریالیستە بێ دیدگایانە دەکرێنە مەخسەرە کە وا دەزانن (چاو نوقاندن یان پەڕۆ خستنە سەرچاو) تێرامان و بیرکردنەوە دەبەخشێت بە خاوەنەکەی و دەیکاتە بیرمەندو خاوەن لێکدانەوە هەڵسەنگاندن و دیدو تێڕوانین بۆ ژیان و بە فەلسەفەی خوێندنەوەی ئەودیو زاراوەکان ئاشنای دەکات.
ئەو هەستە مرۆڤدۆستانە لە کوێ درکی پێدەکرێت؟ لە کام کۆبوونەوەی شاعیرانی سوریالی، یان لە سەرمێزی کامە نووسەری پۆستمۆدێرن کەوازی لە هەموو سەروەت و سامانەکەی هێناوەو خەریکی ئاواز دانانە بۆ منداڵە بێ کەسەکان ؟ بە مرۆڤ بوون گەورەترین هەستی داهێنانی تەرزی شیعریی و بابەتی شیعریی هاوچەرخەو تەنیا لە هزرو ئەفراندن و وێناکردنی خاوەن بیرکردنەوەیەکی قوڵدا دەبینرێتەوە، واقیعی دواکەوتوو جێبێڵیت و پشت لە دروشمە ناوچەگەریی و چەقبەستووەکان بکات و ڕوو بکاتە هەسارەی زەوی و پەنجە بخاتە سەر هەر بستێکی، بە وڵات و زێدو خانوو و جێ مەنزڵی خۆی بزانێت و هەر لەبەر ئەمەشە، لە پەیوەندیەکی جەدەلیدا دانیشتووانی سەر ئەو هەسارە کوژاوەیەش هەموویان وا دەبینێت کە دەبنە هاو ڕەگەزی خۆی، و بەیەکسانی مرۆڤەکان تێیدا ون دەبن، بۆیە ئاساییە لە ئاسمانڕا شارەکەی نەناسێتەوەو هەرواش خانوو و ماڵەکەی، ئاسمانی شەفاف بە هەوای پاکژ/ تەنی گەندەڵی سەر زەوی بارگاوی بوو بە ژەنگ و ژاری دواکەوتوویی و چاوچنۆکی مرۆڤ: لەو سەر زەویەدا ئەوەی وەك دەڵێن لە قتوی هیچ عەتارێکدا نەبێت تیای دەبینرێت، ئەی ئەوە نیە ئوتومبێلی ئاگر کوژێنەوە، لە بری ئەوەی ئاگر بکوژێنیتەوە خۆی گڕی تێ بەردەبێت!؟، ئەم پارادۆکسە کۆمیدیە دەستانێکی ڕەشی لە پشتەوەن کە کاڵفامان وا دەزانن ڕووداوێك بوو بە ڕێکەوت و تێپەڕی، بەڵام لەم دەقەدا ئەوە روونکراوەتەوە نەك تەنیا بۆ ئەوەیە دۆسیەکانی داهات و خەرجی ئەو ساڵەی پێ بشارێتەوەو ئاشکرا نەکرێت، بەڵکو بۆ هەڵوەشاندنی ئوتومبێلەکەو ئاو دیوکردنی پارچە سکرابەکانی بوو لە زەمەنی ژانە برسیەکانداو پاشانیش سوتاندنی پاشماوەکەی بە ناوی ڕووداوی ڕێکەوتەوە، ئەمە دیوی دەرەوەی دالەکانە، بەڵام لە دیوی ناوەوە دەمانباتەوە سەر کێشەو مەبەستە سەرەکیەکانی فەلسەفەی ژیان، دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەی کە بۆچی ئاگری کێشەکان هەر لە تەشەنەکردندان؟ لەگەڵ بوونی ئەو هەموو هزرمەندانە! گەر سکراب نەکرابن! نەمانی ئاو کە خامۆشکەری ئاگری کێشەکانە، زیاتر گڕو تین بە کڵپەی ئاگرەکان دەدات، لێرەوەیە جارێکی تر دیاردەو پەتای سەردەمی ڕۆشنگەراکان لەبەرانبەر زانینی ئەو هەموو ڕاستیە تاڵەو نەتوانینی کردنی تاکە شتێکیش لە بەرانبەریان وایان لێ دەکات، لەگە عومەرخەیامدا بڵێن بریا هەر نەبووبام، یان وەك لێرەدا بە ئاسانترین ڕێگا خراوەتە ڕوو بە (گەڕانەوە بۆ ناو پزدانی ژیان)، کە ئەمەش یۆتۆپیای دنیای خەونەکانی شاعیرەو لەگەڵ دۆخی ڕیالیتیدا یەکانگیر نابێت. بەڵام حەسرەتێکە گەر بە نووستن لە ئامێزی پزدانی خاکیشدا بێت.
لە گەڕەکە پێچاوپێچە قوڕینەکانی پیرە قەڵای ئەم هۆنراوانەدا تابلۆی (کات)ی سلڤادۆر دالی جارێکی تر حزوری خۆی بە قورساییەکی زۆرەوە دەنوێنیت، ئاخ لە کۆکردنەوەی (خێرایی و خاوی) ناماقوڵی ڕەوتی ژینگەیەکدا چ ماقوڵیەکی مەزن فەراهەم دێت و بە روونی دەچپینێت بە گوێی هزرمەندان، و دەقیژێنێت بە گوێی خوێنەران و تەماشاکارانی خەواڵو.. ئێمە هەموومان لە جوڵەیەکی تەواوکاریداین لەگەڵ هەسارەو بزاوتنی گەردوون و ژیان ئەوان خێراو ئێمەش هێواش، ئەوان مەزن و ئێمە گچکە، ئەوان وەك شارەکان قەرەباڵغ و پێکدا دەچن، بەشێك لە مرۆڤەکانیش بە ڕۆشتنی کیسەڵ و لەکاتێکدا لە پێشەوەی پێشەوەدان، کەواتە ئەمە مردنی کات نیە؟
کەواتە ئەمە مانایەکی تر نیە بۆ فەلسەفەکەی (ئارسەر شۆپنهاوەری ئەڵمانی 22- 02- 1788 – 21- 12 -1860)، وەك چۆن کاریگەریی لە سەر زۆر هزرمەندو فەیلەسوفان جێهێشت وەك نیتشە، ڕیچارد فاگنەر، ئەنیشتاین، فرۆید، رانك، یۆنگ، تۆلیستۆی، تۆماس مان و… تاد، ئەو جەختی لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەم جیهانەمان هەمیشە بە ئیرادەو ویستی نارازی بەڕێوە دەڕوات، بە بەردەوامی بە دوای ڕازیبووندا دەگەڕێت.
کەواتە مۆرانەکانی دەوروبەر هەر ئاسنی ژەنگاویی بخۆن تاکو پێوەندە ئاسنینەکان بپچڕن و لەگەڵ ڤایرۆسە دوو سەرەکاندا بجەنگێن تا رەوتی کیسەڵە سستەکان زیاتر بە گوڕ بدات، ئەوان کوێر نین و دەبینن، بەڵام کوێرەکان کە لە پەنهانی لەشیاندا (چاوی سپێر) هەیە، لەوان جوانترو روونتر دەبینن، لەوانیش ئاشتیخوازترن.. پەنابردن بۆ کاراکتەری شەمشەکوێرەو جرجە کوێرە و گیزە کۆرە، بوونەوەرە قەزەمەکانن کە لەو پاشاگەردانیەی کیسەڵەکاندا، ئەمان دەبنە فەیلەسوف و بیردۆزداڕێژو نەخشەسازی ئەفساندن، دەبنە ڕۆشنبیرانی کۆڕگێڕو مایک بە دەست و حەیزەران بەدەست، دەبنە ئاوازێکی زۆر خۆش کە زۆربەی بەیانیان لە کەونە رادیۆی چایخانەی مەچکۆوە گوێڕادێری دەبین، دەبنە ئەفسانەیەك و بە گەرووی ڕابردوودا شۆڕ دەبنەوە تا ئەو جێیەی تروسکاییەك نامێنێت بۆ دیقەتدان، ساتێك نامێنێت بۆ خەو بینین، هێمنیەك نامێنێت بۆ تێڕامان، پارکێك نامێنێت بۆ پیاسەکردن تێیدا لەگەڵ پارچە بزربووەکانی گیان، گیانە گوناح و کەسیرەکانی تولە ڕێکانی قۆناغە لێوبەبارەکانی ڕابردووی ژیان، تا ئاشنا بینەوە بە خۆمان، ئاشنا بینەوە بە ژیان، بە جوانی، بە پاکی، بە مرۆڤایەتی، بۆ گێڕانەوەی بەهای بزری مرۆڤ بۆی، بۆ لە پێشچاوگرتنی مافەکانی زیندووان پێش مردووان، ئەم زیندەوەرو ئاژەڵە لاوازو ناپەزیرانەش رەنگە شیکاریی لێکدانەوەی دەروونیی (عەکسی قەمەر)ـەکە بێت وەکو کەلوپەلێکی ئەو جیهانە بە نموونە کارا کرابن.
تا ئەو کاتەی هەباسۆس لە زستانێکی شەختەگرتوودا دەچێتە قۆناغی سڕبوونەوەو لە بەهارێکی ئاڵ و واڵادا لەگەڵ کانیاوە وشکەکان و گیا بێنازەکاندا هەڵدەستێتەوەو پڕ بە زاری خۆی هاوار دەکات و ئاوازی ژیانەوە دەدات بە گێتی و دروست بوونی بیری جیهانگەرایی- ئارام و دوور لە فەوزاو ناتەبایی، تا بە هێمنی هەموو بتوانین نەك بە زمانێکی هاوبەش، بەڵکو بە پیتێك لەگەڵ یەکدا بدوێین و لەیەکتری تێبگەین، هەر چەندە جیاوازیە لاوەکی و فۆرمیەکانمان زۆر بێت.
جێی خۆیەتی کەسانێك بپرسن: دەبێت ئەم هۆنراوە تاکدێڕانە ئەلتەرناتیڤێکی زەمەنی ئێکسپرێسی بن تەمی شۆڕشی سەرەڕۆی تەکنەلۆژیا نەبێت؟ یاخود هاومانایەکی کورتکراوەتری (هایکو)ی یابانی و کودەتایەکی پۆزەتیڤ نەبێت بەسەر شیعری مۆبایلدا، لەویاندا باری سۆز ڕادەژەنێت، لەمیاندا چڕبوونەوە بە ئەزمون و فەلسەفەو هزرگەرایی بابەتە سەرەکی و چارەنوس سازەکانی مرۆڤ، کە ناخی مرۆڤ دەهروژێنێت بۆ تێڕامان و خوێندنەوەی دنیا سەمەرەکانی شاعیر، کە لە واقیعە پڕ ناماقوڵ و پڕ سەمەرەکاندا ناڕاستەوخۆ هەڵهێنجراون و وێناکراون و وەستایانە داڕێژراون.
ئەمە دەنگێکی جودا بوو پێویستی بە هەڵوێستە لەسەرکردنی زیاتر هەیە، من تەنیا درزیکی دەرگای دنیای ئەو قەسیدانەم کردەوە، دەنگێك جودا لە جوینەوە و شێوازو وشەسازی و داڕشتن و دنیابینی کەسانی دی، دەنگێکی گران بە پاشخانێکی ڕۆشنبیریی دەوڵەمەندو جورئەت لە دەربڕین و تازەگەریی لە داهێنان، نەسواو بە زۆر دووبارەکردنەوە، نەك وەك ئەوەی چەندان هۆنراوەی شاعیری جودا بخوێنینەوەو هەر هەست بکەی یەك جۆر شیعرت خوێندووەتەوە.. ئەمە هیچ ڕێگریەکی ئازادی و مافە تاکەکەسیەکان نیە، با بنووسرێت.. تا ئەو رادەی شاعیران زیاتر دەبن لە خوێنەران، چونکە ئاسمان و دنیای ڕۆح بەربڵاوەو بەکەس ناگیرێت، بەڵام خوێنەری زیرەك و پێوەرەکانی داهێنان و هەڵسەنگاندنی مەوزوعی و زانستی و لێکۆڵینەوە پاشەڕۆژیەکان درەختی زڕ لە درەختی بەردار جودا دەکاتەوە.
گەر کەسانێکیش گرانییەك ببینن لە حونجەکردنی تێرمۆلۆژیەکانی ئەم جۆرە قەسیدەیەو زۆر سۆزیان نەخرۆشێنیت، ئەوا هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ دیدی خوێنەر کە بە دوای چ جۆرە دەقێکدا دەگەڕێت و تینویەتی بە چی دەشکێت و تا چەندێک لە دووی جیاوازیی و نوێبوونەوە دەگەڕێت. بۆیە زۆر ئاساییەو دەکرێت وەك چۆن هەڵبژاردنەکان و میزاجمان هاوتا نین، ئاوهاش بڕیارەکان و خوێندنەوەکانمان جیاواز بن، تا ئەگاتە ئەو رادەیەی نووسەر هیچ پەیوەندییەکی بە نووسینەکەیەوە نامێنێت و خوێنەر تەواوکاریی خۆی بۆ دەکات.
لە ئازارە بیسترواو و نەبیستراەکانەوە دەنگێکی نامۆ دێت، جارانێک پێی کاریگەر دەبین و جارانێکیش تەنانەت گوێ بیستی نابین، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئازارەکان بوونیان نەبێت، وەك جۆرج بیرکلی (1685- 1753) دەڵێت: ئەو دارەی لە دارستان دەشکێتەوە، گەر کەسێك لەوێ نەبێت بیبیستێ، ئایا هیچ دەنگی لێوە نەهاتووە؟”
گەر وا خاڵی بیربکەینەوە، گەر دیوە شاردراوەکانی شتەکان نەبینین، گەر خوێندنەوە جۆراوجۆرەکان نەکەین بۆ دەقە تیۆری و پراکتیکیەکانی ژیان، ئەوا ژیان خاڵی دەبێتەوە لە بوون و بەهاو بەرامە، گەر ڕۆچوون بە پێچو پەناکانیدا نەکرێت و ئەزموونەکان نەمانگەیەننە خاڵی جیاواز، وەك سوقرات (399- 470 پ ز) دەڵێت: “ژیانی نا تاقیکراو و ئەزموندار شایستەی بوون نیە”.