مستەفا قایتەوەنی: پێشنیارێ بۆ حکومەت.
لەم بارودۆخە سەخت و دژوارەی ئێستای کوردستان هەندێک خەڵک تەنها خەریکی قسەو قسەڵۆکن بابەتەکەش لە ڕەخنەگرتن دەرچووەو بوەتە تانەو تەشەر ئەگەر خودی سەرۆک وەزیرانیش بێتە سەرخەت بەهەر کاکێ لەو کاکانە بڵێ ئەرێ من نوسین و بابەتەکەی جەنابتانم بینی فەرموو ئەوە ڕای تۆ وەردەگرم پێشنیارت چیە بۆ چاککردنی ئەم دۆخە؟…
دڵنیام نەک پێشنیاریان نیە بەڵکو بەشێ لەوانە بڕیاڕی پێشوەختەیان داوە دژی هەموو شتێ بن کە ئەم حکومەتە بیکات بەپۆزەتیڤ و نێگەتیڤەوە ، باشە کەبڕیاڕە ئەو خەڵکە ئەوە دوابڕیاڕو جۆری بیرکردنەوەیان بێ ئەگەر بە نۆرەش بێت کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی تریش شتێ بڵێ!.
پێشنیار دەکەم لایەنە پەیوەندی دارەکانی حکومەت لەجیاتی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری و بەر تەسککردنەوەی ژیانی خەڵک و بەزۆر دانانی خەڵک لەماڵەکانیاندا، لەبری ئەوە حکومەت داوا لەڕێکخراو و ناوەندە خێرخوازیە مرۆیەکان و خەڵکی خێرخوازو خاوەن سەرمایەکانی ناو هەرێم و دەرەوەی هەرێم بکات و هانیان بدات هەر لایەک بەپێی توانا دارایەکانی خۆیان هەڵمەتێکی بەرفراوانی نیشتیمانی دەست پێ بکەن بۆ دابین کردنی دەستەوانەو ماسک و دەمامک بۆ خەڵک بۆ پابەند کردنیان بە ڕێنمایە تەندروستیەکان ، هەروەها بڵاو کردنەوەی ڕۆشنبیری گشتی لە میدیاکانی بینراو و بیستراو و هۆیەکانی تری سۆشیال میدیا بۆ خۆ پارێزی و پابەندی تاک بە گرتنە بەری ئەو خۆ پارێزیەیی دوو مەتر لە نێوان هەر دوو کەس و گروپێکدا هەبێ کە مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەن تاڕادەیەکی باش بەم هەنگاوە ڕێگا دەگیرێ لەگواستنەوەی ڤایرۆسی کرۆنا.
گردبونەوەو بۆنە کۆمەڵایەتی یەکان هێشتا لێرەو لەوێ هەرماون و بەریەک کەوتنی بەکۆمەڵ ماوەو ڕۆژانەش لە سۆشیال میدیادا ئاهەنگی هاوسەرگیری و شای و لۆغان و سەیران و گەڕان و تەنانەت پرسەش دەبینین!.
جێی خۆیەتی توند و تۆڵ تر لەمەی ئێستا دەزگاو دامەزراوەکانی حکومەت وەک فەرمانێکی جێبەجێ کار ئەو هەنگاوانەی خۆ پارێزی جێ بەجێ بکەن، حکومەتیش بۆ هەندێ مامەڵە جێی خۆیەتی و پێویستیشە وا بکات ئەگەر بۆ کاتیش بێ بەسیستەمی دابەشکاری بەناوچە و پیت و تاک و جوت مامەڵەی ئۆتۆمبێل، پاسەپۆرت، خانوو بەرەو،ئاو ،کارەبا، ئەو مامەڵانەی هاوڵاتیان ڕای بکات یان زۆر ئاسانە هەندێک مامەڵە بکرێ بە خزمەتگوزاری ئۆنڵاین ، بەم شێوازە ئەگەر نەتوانرێ تەواویش ڕێگە لەبڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە بگیرێت بەلای کەم دەتوانرێ تاڕادەیەک ڕێگە بگیرێت لەبەریەک کەوتنی بەکۆمەڵ و بڵاو بونەوەی ئەو ڤایرۆسە، یان بەلای کەم خێرایەکەی کەم بکرێتەوە.
هەرچەندە لێرەو لەوێ هەندێ ڕێکخراو ئەو کارەیان کردووە کە جێگای دەست خۆشی و پاڵپشتی کردنە بەڵام بە شێوەیەکی بەربڵاو وگشتگیر ئەوە نەکراوەو نەتوانراوە ئەو جۆرە هۆشیاریە بگات بە خەڵک تاکو هۆشیاری تاک بۆ خۆ پارێزی جێگای بڕیاڕی قەدەغەی هاتوچۆ بگرێتەوە.
بەهیوام کوردستان پارێزراو بێ وهەمووان بەئەرکی سەرشانمان هەڵسین وئەم بابەتە وەک مەترسیەکی ڕاستی سەیر بکەین بۆ سەر ژیانی ئازیزانمان، بەریتانیا و ئەوروپا و ئەمەریکاو وڵاتانی تری پێشکەوتوی جیهان ئەگەرچی بە زیانێکی گەورەی مرۆی و دارای خەریکە ئەو قۆناغەتێ دەپەڕێنن بەڵام هاوڵاتیەکانیان پابەندی ڕێنمای و خۆ پارێزی تاکن بۆیە ئاسان تر خەریکە زاڵ دەبن بەسەر ڤایرۆسی کرۆنادا.