كارزان مه‌حموود:کارکردن بۆ منداڵان شەرەف و شانازیەکی گەورەیه.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ده‌مانه‌وێ گرنگی به‌ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بده‌ین، وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ژانری چیرۆكی منداڵان بكه‌ین و ئـاوڕ له‌ كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌و بواره‌ بده‌ینه‌وه‌‌، كه‌ ئه‌ویش به‌ڕێز “كارزان مه‌حموود” ی نووسه‌ر و وه‌رگێڕی چیرۆكی منداڵانه‌.

سازدانی: ڕۆسته‌م خامۆش

* لەکەیەوە ئاشنا بووی بە ئەدەبیاتی منداڵان، بەتایبەتی ژانری چیرۆک؟
– سەرەتا سوپاس بۆ ئەم دیمانەیە.. ئاشنایەتیم بەئەدەبیاتی منداڵان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵی 2014, کە سەرەتا بە بابەتی زانستی دەستمان پێکرد و دواتر بەوەرگێڕانی چیرۆک، هیوادارم توانیبێتمان خزمەتێکی بچوکی منداڵانمان کردبێت و هۆکارێک بووبین بۆ زیاتر ئاشناکردنی منداڵان بەزانستی سەردەم و گەشەدان بەلايه‌نی کۆمەڵایەتی و بەهاو ئاکارە جوانەکان.

* یەکەم چیرۆک، کە بڵاوت کردەوە بۆ منداڵان کەی بوو، ئەگەر ئاماژە بەناوەکەی بکەی، وەرگێڕدراو بوو، یان لەنووسینی خۆت بوو، وە لە کوێ بڵاوت کردەوە؟
– یەکەمین كارم وه‌رگێڕان بوو, کە بڵاومکردەوە.. چیرۆکێک بوو بەناونیشانی (ئەستێرەیەک لەئاسمان و ئەستێرەیەک لەدەریا), کە بەسوپاسەوە لە گۆڤارە جوانەکەی (جگەرگۆشەکان)دا بڵاوکرایەوە، کەبەداخەوە لەئێستادا ئەم گۆڤارە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لەخزمەتەکانی بە منداڵانی ئازیز وەستاوە، بەوهیوایەین کەجارێکی دی, دیدەی منداڵان بە م گۆڤاره ‌ڕۆشه‌ن بێته‌وه‌.

* تۆ، لە زمانەکانی عەرەبی و فارسی چیرۆک بۆ منداڵان وەردەگێڕی بۆ سەر زمانی کوردی، مەبەست و پەیامت چیە لە وەرگێڕانی چیرۆک؟
– پەیامی گشت چیرۆکە منداڵانەکان، ئاشناکردنی منداڵانی کورد زوبانە، بە ئاکار و ڕەوشتە جوانەکان و بەهابەرزەکان، تا لەداهاتوودا بتوانین منداڵانێکی چاپووک و چالاک و دڵسۆز باربێنین و پێشکەش بەکۆمەڵگه‌یان بکەین، دواتر منداڵانیش ببنە تاکێکی چاک و پاک و دڵسۆز و بەخاک و نیشتیمان و کۆمەڵگه‌.

* جگە لە وەرگێڕانی چیرۆک، تۆ چەند کورتە چیرۆکیشت بۆ منداڵان نووسیوە، بەڵام زیاتر گرنگیت بە وەرگێڕان داوە، بۆچی؟
– لەڕاستیدا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی, کە وەرگێڕان بووه‌ بە خولیاو حەزێک لەلام، هەروەها چونکه‌ چیرۆکی گەلێک جوان و پەروەردەیی گونجاو دەبینرێت و بەدی دەکرێت لەزمانەکانی دیكەوە, بۆیه‌ هەوڵمداوە بە ڕەچاوکردنی لایەنی کلتوریی و پەروەردەیی چیرۆکەکان، کاریان تێدا بكەم و منداڵانی نەتەوەکەمی لێ بەهرەمەند بکەم.

* تا چەند کاری وەرگێڕانی چیرۆک بۆ منداڵان بەرەو پێشچووە، یان وەک پێویست گرنگی بەو بوارە دراوە؟
– کارکردن بۆ منداڵان شەرەف و شانازیەکی گەورەیە، نەک چیرۆکی منداڵان، بەڵکو ئەدەبیاتی منداڵ بەگشتی فەرامۆشکراوە، ئەوه‌ی بەدی دەکرێت، هەوڵ و ماندوو بوونی دڵسۆزان و مامۆستایانی خەمخۆری ئەم بوارەیە، کە توانیویانە بەبێ بەرامبەر خزمەت بەدونیا جوانەکەی منداڵان بکەن.

* ئەوەندەی تۆ ئاگادار بی، ئەو چیرۆک و بابەتانەی کە لە زمانەکانی دیکە وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی کوردی، تا چەند ڕەچاوی کەلتووری کوردی کراوە، یان بڵێین هەموویان گونجاو و شیاو بوون، یاخود جێی خۆیان گرتووەو سوودی هەبووە؟
– ڕەچاوکردنی لایەنی کلتوری لەوەرگێڕانی چیرۆکدا، زۆر پێویسە و گرنگە، دەبێت ئەوچیرۆکەی کە دیاريی دەکرێت بۆ وەرگێڕان لەلایەن وەرگێڕکارانەوە، تەواو گونجاو شیاو بێت بەکلتوری کوردی خۆمان، نەک چیرۆکێک کە بۆ نەتەوەیەک, یان ژینگەیەکی تایبەت نوسراوە، دەقاو دەق کاری لەسەربکرێت و بخرێتە بەر دەست و دیدەی منداڵانی کورد، ئەوکات لە باتی سوودگه‌یاندن زیان و ئاسەواری خراپ لەسەر ڕەوشت و ئاکار و بیرکردنەوەی منداڵان بەجێدەهێڵێت.

* هەوڵت نەداوە چیرۆکی منداڵانی کورد وەربگێڕی بۆ سەر زمانەکانی عەرەبی و فارسی، بەڵکو ئەوانیش ئاشنا بن بەکەلتوور و ئەدەبیاتی منداڵانی کورد؟
– کارکردنێکی لەوجۆرە، کارێکی گەلێک جوان و خزمەتێکی گەورەیە، ئەگەر دەرفەت هه‌بێت و بوار بڕەخسێت و خودا یارمەتی دەربێت، بەم کارە دەتوانین نووسەران و چیرۆکنووسانی بەتوانای گەلەکەمان و کەلتووری جوانی نەتەوەکەمان، بەمنداڵانی نەتەوەکانی تر بناسێنین، چونکە لەم بوارەدا شاکاری جوان هەیە, تا کاری لەسەربکرێت و ئێمەش وەک گەلان, بوون و لێهاتوویی خۆمان بسەلمێنین.

* دەڵێن منداڵ حەزی لە چیرۆک خوێندنەوەیە، یان پێی خۆشە گوێ لە چیرۆک خوێندنەوە بگرێ، ئایا هۆکار چیەو بۆچی؟
– چونکە بەڕاستی گێڕانەوەی چیرۆک سونەتێکی پەروەردەییە، لەچیرۆکەکاندا پەند و وانەی سوودبه‌خش بەدی دەکرێت، هەروەها ئەگەر سەرنج بدەین، چیرۆک پانتایەکی گەورەی لەقورئان و فەرموودەدا هەیە.. منداڵان زۆر زیاتر لەگەورەکان كاریگەر دەبن بەچیرۆک، دەگوترێت هەرکات منداڵەکان گلەیی و گازەندەیان هەبوو لە هاوڕێكه‌ی، لە قوتابخانەکەی، لە براکەی، لە هەربوارێک لە بوارەکانی ژیاندا، چیرۆکێکی بۆ بگێڕەوە.

* ئەوەی کە زۆر پێویستەو گرنگە، وەرگێڕ پێوەی پابەند بێ چیە؟
– پێویستە وەرگێڕ ئەو بابەتە, یان ئەو چیرۆکەی, کە کاری وەرگێڕانی تێدا دەکات ڕەنگدانەوەی دونیا جوانەکەی منداڵان بێت، نزیک بەژینگە منداڵانەيیەکەی خۆیی بێت، بەزمانە سادەو پاراوو ساکارەکەی خۆیی بێت.. پێویستە چیرۆک وا لە منداڵ بکات, کەجیاوازيیەکان قه‌بوڵ بکات. هەروەها پێویستە بەشێوەی گفتوگۆ بێت، ئەمەش هۆکارێکە, کە منداڵ باشتر لەڕوداوەکان تێبگات و هەماهەنگ بێت.
هەروەها گرنگترین تایبەتمەنديی چیرۆکی منداڵان پاڵەوانەکانیەتی… منداڵ بەسروشتی خۆی بەشوێن بوون بەپاڵەوان بووندا دەگەڕێت… ئیتر گرنگ نییە.. ئەوپاڵەوانە گیاندار بێت، یان مرۆڤ بێت.

* جگە لە وەرگێڕانی چیرۆک، تۆ هەندێ بابەتی زانستی و پەروەردەییت وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی، تا چەند گرنگی بە وەرگێڕانی ئەو دوو بابەتە دراوە؟
– پێویستە کارکردن و پێگەیاندنی منداڵان لەسەرجەم لایەنەکاندا بێت، منداڵان چۆن پێویستیان بەچیرۆکە, یان بوارەکانی تری ئەدەبیاتی منداڵە، وەهاش پێویستە ئاشنا بکرێن بەزانستی سەردەم و زانیاریان لەوبوارەشداهەبێت، هۆشیار و بەئاگابن..
سوپاس بۆخوا توانیومە لەپاڵ چیرۆکدا، لەوبوارەشدا سوود بگەیەنم بەمنداڵان، کە لەئێستادا لەم بوارەشدا هەوڵی جدی و دڵسۆزانەو کاری جوان بەدی دەکرێت.

* تۆ تا ئێستا دەرفەتت بۆ نەڕەخساوە بەرهەمەکانت چاپ بکەی بۆ منداڵان، بە چ ڕێگەیەک، یان چۆن توانیوتە نووسین و وەرگێڕانەکانت بخەیتە بەرچاوی منداڵانی کوردستان؟
– ئاواتی هەرنووسەر و وەرگێڕێک، بەچاپ گەیاندنی بەرهەمەکانیەتی، ئەم کارەش گەلێک خۆشحاڵی دەکات، هەرچەندە بەهۆکاری قەیرانی دارایی و گەلێک هۆکاری دی نەتوانراوە بەرهەمەکانمان لەدوو توێی کتێبێکدا، بەچاپ بگەیەنین، بەڵام بەخۆشحاڵیەوە توانیومانە چیرۆک و بابەتە زانستی و پەروەردەییەکانمان لەگۆڤارە جیاوازەکاندا بڵاوبکەینەوەو منداڵان و خوێنەرانی ئازیزی لێ بەهرەمەند بکەین.

پرۆفایل:
– کارزان مه‌حموود مه‌ولود لەساڵی 1977 لەقەزای چوارتای ناوچەی شارباژێر لەدایک بووه‌.
– لەساڵی 1980 دا, ماڵیان چووه‌ته‌ شاری سلیمانی و هه‌ر له‌و شاره‌دا قۆناغەکانی خوێندنی بەسەرکەوتوویی تەواو کردووە.
– نزیکەی بیست ساڵه‌ وه‌ك مامۆستا خزمەتی نه‌وه‌كانی دواڕۆژ ده‌كات.
– بەشداری چەندان خول و ڕاهێنانی پەروەردەیی و زانستی کردووە.
– خێزانداره‌و خاوەنی چوار منداڵه‌.