دکتۆر دیلمان ئازاد حسن: بەسە ئیتر کوشتنی ئافرەت، بیوەستێنن.

کارەساتی کوشتنی خانمان لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەبیانوی جۆراوجۆر لە ژێر پەردەی شەرەفپارێزیدا بەردەوامە.. کە ئێمە لە پزیشکی دادوەری مانگانە چەندین کوشتنی نا حەقی خانمان بە چاوی خۆمان دەبینین، لەلایەن کەس و کارەکانیان بە بێ ئەوەی کاردانەوەیەکی ئەوتۆ هەبیت لەسەر کوشتنیان.
لەم ماوەیەدا خانمێک بە شێوەیەکی تراژیدیا کوژرا، تەرمەکەی هینرایە پزیشکی دادوەری لەلایەن پۆلیسەوە. بە پێی وتەی شایەت حالەکان لە مالی خۆی لە حەمام میردەکەی کوشتویەتی بە بەکارهینانی چەقۆ لەپیش چاوی مندالەکانی. ئەو خانمە خاوەنی مندالە، زۆر بێناز فرێدرایە پزیشکی دادوەری و ، هیچ کەسیش لە کەسوکارەکەی ئامادە نەبوون تەرمەکەشی ببەنەوە. وەکو پزیشکی دادوەری پشکنینی خۆمانمان کرد و راپۆرتمان لەسەریی نوسی…
لێرەدا پرسیارێک دیتە ئاراوە: تاکەی کۆمەڵگای ئێمە لەئاست ئەو بەرپرسیارییە ڕەوشتی و زانستی و یاساییە بیدەنگ دەبێت و، دەسەڵاتی کوردی نابەرپرسیارانەو نایاسایانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسییە ترسناکەدا دەکات؟ پێویستە چیتر خەڵكی هۆشیارو یاساناس ماوە نەدەن بەو شێوە دواکەوتوویانە لەژێر پەردەی شەرەفپارێزیدا سووکایەتی و تا ئاستی ڕوودانای کوشتن و ئەشکەنجدان بە ناشرین شێوە ڕووبەڕووی ژنان ببێتەوە، پێویستە سنوورێک بۆ ئەم کوشتن و لەناوچوونەی خاتونان دابنڕیت، لە کاتێکدا پاش کوشتنی بە ئاسانی قسەوقسڵۆکی ناشرینی بۆ هەڵدەبەستن و ناشهێڵن لە دوای مردنەکەشی ڕۆحی ئارام بێت.
لەو لاشەوە کوشتنە تراژیدیاکە بە بەرچاوی منداڵەکانییەوە ئەنجام دەدرێت و لایەنی نێگەتێڤ بەسەر منداڵەکانییەوە جیدەهێڵن و، ئەمەش لەڕووی مرۆڤایەتی و یاساییەوە کارەساتەو، جگە لە جێهێشتنی  ئاسەواریی دەروونی بەسەر منداڵەکانیانەوە، سەرئەنجام کەسایەتییەکی تێکشکاو یان دڕندە، کە مرۆڤ ناتوانێت ئەنجامی ئەم کەسایەتیانە وەک خۆی هەلسنگێنێت،  زامنی دوارۆژیان دیاریی بکات.

کوشتنی ژنان لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە، چەپەکێکی کوشندەیە بە ڕووی دەسەڵات و یاساوە، دەکڕیت هەر کەسێک ئەم کارە ئەنجام بدات، لەپێش هەر شتێکەوە یاسا بێتە وەڵام و، بەرگری لە مافی تاک بکات و، ئەنجامدەرانی بە توندرین شێوە سزا بدات. یاخوود هۆشیاری کۆمەلایەتی لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە زیاتر و شێلگیرانەتر بێت و لەخەلکی بگەینرێت، گرتنە ڕێی یاسایی و دادی جیابوونەوە باشترین کارە، نەک کوشتن و لەناوبردن، سەرئەنجام هەر لایەنێک ناکوژرێت، بەڵکوو بەسزادانی بکوژ و کەنارگرتنی بەندکراوەکەو، بێ بەشکردنی لە سۆزی دایک و باوک بۆ منداڵەکان بە دوای خۆیدا دێنێت، ئەمەش بەشێکی تر ئاڵۆزیی کۆمەلایەتی ئەنجام دەدات.
وەکو پزیشکیک زۆر کاری تێکردم ئەم بابەتە هەرچەندە من ئەو بابەتانە باس دەکەم، بەلکو بتوانین هەندی دیاردەی ناشرینی ناو کۆمەڵگا بگۆرین..
(هەر حالەتیک کە باسی دەکەین بەو جۆرە دەستکاری دەکەم کە نەناسریتەوە تەنها بەرچاو ڕوونی بیت بۆ کۆمەڵگایەک کە خۆم لەناوی دەژیم و منداڵەکانمان لەناوی گەورە دەبن).

پسپۆری پزیشکی دادوەری
مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی