ناودار زیاد: مەسرەفگەرایى و گەندەڵبوونى تاک.

کۆمەڵگەى بەرخۆر و مەسرەفگەر ئەو کۆمەڵگەیەیە پشت بە بەکاربردن دەبەستێ نەک بەرهەمهێنان، زیاتر بەدواى ماددەگەرایى و چێژپەرستیى و خۆپەرستیی و فۆڕمەوەیە نەک جەوهەر و ناوەڕۆک و سەربارخستن، تا ئەو ڕاددەیەى تاک سەرگەردان و وێڵە بەدواى تێرکردنى ویست و ئارەزووە لەبن نەهاتووەکانییەوە. ئەم تێگەیشتنە لە بەرخۆریى یاخود مەسرەفگەریى هاوکات لەسەر هێڵى ڕەوتى مۆدێرنیتەى سەرمایەدارییە، چونکە مۆدێرنیتەى سەرمایەداریى بە فیکر و بە سیستەم دنەى تاک و کۆمەڵگە دەدات تاکو وەڵامدەرەوەى حەز و ویست و چێژە تایبەتییەکانى بێت.
بەرخۆریى و مەسرەفگەرایى لە هیچ کۆمەڵگەیەکدا بە ڕۆژێک و دووان و، تەنانەت ساڵێک و دووانیش دروست نابێت، بەڵکو بەرهەمى پڕۆسەیەکى ڕێکخراو و سیستماتیکە، کە لە سەرەتادا لە ڕووخسارێکى ئابوریدا پەرەى پێدەدرێت و دواتر مۆرک و ڕەهەند و ڕووکاریى سیاسیى و کۆمەڵایەتیى و ئایینیى و سایکۆلۆژیى و هونەریى وەردەگرێت، تا دەبێت بە شێوەژیانى تاکەکەسى و جڤاکى. لە هەرێمى کوردستاندا بەرخۆریى لە هەموو شوێنێک و لاى هەمووان ئامادەیى هەیە: پێشتر ژن نموونەى مەسرەفگەر بوو، ئێستا پیاویش، چونکە کڕین و بەکاربردن و خۆجوانکردن لاى هەردوو ڕەگەزەکە پێبەپێ دەڕوات. پێشتر ئایین دژى مەسرەفگەریى بوو، ئێستا ئایینیش برەوى پێدەدات، بۆ نموونە ئایین برەو بە ڕازاندنەوە و زەخرەفەى مزگەوت و پەرستگاکان و بە عادەتکردنى حەج و عومرە دەدات. هەر کەسێک بەپێى قەبارەى پارە و داهاتەکەى مەسرەف دەکات، بۆ نموونە ئەو کەسەى پارەى زۆر بێت زوو زوو گەشتى وڵاتان دەکات، بەڵام ئەوانەى پارەیان کەمترە زوو زوو گەشتى ناوچەکانى دیکەى کوردستان دەکەن، زۆرینە ئەم گەشتانە وەک عادەت و خۆنواندن و گرنگ-نیشاندانى خۆیان دەکەن نەک وەک هۆشیاریى گەشتیاریى و سایکۆلۆژیى. ئەو حزبە سیاسییەى دەوڵەمەند و داراترە ئەوا ئەندام و شوێنکەوتەى زیاترە، تا ئەو ڕاددەیەیەى خەڵک وەک پڕۆژەى ئابوریى لە حزبە سیاسییەکان دەڕوانن.
دروستبوونى بەرخۆریى و مەسرەفگەریى چەندین پاڵنەر و فاکتەرى لەپشتەوەیە، یەکێک لەو فاکتەرانە بە باوەڕى سۆسیۆلۆژیستى فەڕەنسى (پییەر بۆردیۆ Pierre Bourdieu)(١٩٣٠-٢٠٠٢) بریتییە لە “خۆگەورەبینیى کۆمەڵایەتى”. واتا تاک هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کۆمەڵگا وەک کەسێکى گەورە و گرنگ لێى بڕوانن. میدیا و تۆڕەکانى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەم خۆگەورەبینییەدا دەورى کارا دەگێڕن، واتا لە گەورەکردن و قەبەکردنى وێناى تاک لە چاوى خۆى و ئەوانى ترەوە ڕۆڵێکى کاریگەر دەبینن. کەواتە تاک هەرچى زۆرە لە هەوڵى ئەوەدایە گەورە و گرنگ دەربکەوێت و، بۆ گەیشتن بەمە هێز و خۆراک لە بازاڕ و سیستەم و میدیاوە وەردەگرێت: بازاڕ بەرهەم و کەرەستەى بێشومار دەخاتە بەردەستى تاک، سیستەم بە پێودانگى سەرمایە و کاڵا کار دەکات و تا چەند تاک خاوەنى سەرمایە و کاڵا بێت بارتەقاى ئەوە گەورە دەبێت، میدیاش بوارى بانگەشە و ڕیکلام و خۆدەرخستنى بۆ دەڕەخسێنێت. بەم جۆرە بە مەسرەفکردنى ئەو پێدراوانەى بازاڕ و سیستەم و میدیا بۆى دابین دەکات، تاک دەتوانێت خۆى وەک کەسێکى زل و گرنگ و کاریگەر بەرجەستە بکات. لەم نێوەندەدا هەندێک کەس بەهۆى توانا و ئیمکانیاتەکانیانەوە بە ئاسانى دەستیان بەم پێدراوانە ڕادەگات، بەڵام هەندێکى تر مەحرومن لێى، ئەم کەسە مەحروم و بێبەشانە لە درێژ ماوەدا حەسرەتى قوڵ و ڕق و توڕەیى دایان دەگرێت.
ئەم بەرخۆریی و مەسرەفگەراییە وردە وردە دەبێتە بارگرانییەکی گەورە بەسەر کۆمەڵگەوە، لە کەمترین دەرکەوتەی نەرێنیشیدا بێکاریی و بێبەرهەمی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش ئەوپەڕی دژى پڕۆسەى بەکۆمەڵایەتییبوونە، چونکە تاکی بەرخۆر لە ڕەنج و ماندووبوون و هەوڵدان و بەرهەمی کەسانی دیکە دەخوات. ئەم کەسانە لە کۆمەڵگەى کوردیدا بوونەتە گروپێکی گەورە و زۆرتریش‌ خۆیان لە دەستەبژێرێکى سەردەست و دەسەڵاتداردا دەبیننەوە و ژمارەیەکی دیکەى خەڵکیش شوێنیان کەوتوون یاخود بە دەوروپشتیانەوەن. ئەم کەسانە لە ڕێگەی هێز و گوشار و ترساندن و درۆ و بانگەشە و فرت و فێڵەوە لە بەرهەمی ئەوانی دیکە دادەپچڕن. واتا لەسەر ڕەنج و ماندووبوون و زەحمەتییەکانی ئەوانی دیکە پاڵکەوتوون. بە واتایەکى تر ئەم کەسانە پارە و داهاتێکی مفتە وەردەگرن بەبێ ئەوەی کارێک یاخود ڕەنجێک لە بەرامبەریدا ببەخشن، لە نموونەی ئەم کەسانە لە هەرێمى کوردستاندا حەشاماتێک لە بندیوار و بە نایاسایى خانەنشینکراوى بێبەهرە و بێبەرهەم هەن، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەى لەڕێى پارەی نەوت و باج و گومرگ و دەزگا و دامەزراوە گشتییەکانى ژێر دەستیانەوە سەرمایەیەکى زەبەلاحییان پێکەوە ناوە بەبێ ئەوەى بزانن چۆن ئەو سەرمایەیە بەگەڕدەخەن.
ئەم کەسانە بۆ ناسینەوە و خۆجیاکردنەوەیان وێڕاى ئەوەى ماڵەکانیان بۆ ناو شارى خەونەکان و گەڕەکە گرانبەهاکان دەگوازنەوە و لە ڤێلا و باخى تایبەتیى کەنارى شارەکان و هاوینەهەوار و سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکاندا کاتەکانى پشوویان بەسەردەبەن و منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانە و زانکۆ تایبەتییەکان و سەردانى نەخۆشخانە تایبەتییەکان دەکەن، هاوکات جلوبەرگی کەشخە و گرانبەها لەبەردەکەن، سەیارەى گرانبەها دەکڕن، ئامێر و ئامڕازى مارکە بەکاردەهێنن و، تەڤلى هەموو ئەو کردە و چالاکییانە دەبن کە مەسرەفى زۆرى هەیە و بۆ مەبەستى چێژ و خۆشی و ڕابواردنە. بەکورتى ئەم کەسانە پێبەپێی مۆدە و ستایلە نوێیەکانی ژیان دەڕۆن. ئیتر ئەم شێوەیە لە ژیان دەبێتە باو و عادەت و تاکەکان لە یەکترەوە فێرى دەبن – هەروەکو چۆن فەیلەسوفى گریکیى (ئەرستۆ Aristotle)(٣٨٤-٣٢٢) پ.ز دوو هەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر وتویەتى سروشتى مرۆڤ لاساییکردنەوە و فێربوونە – تا دەگات بەوەى سەراپاى کۆمەڵگە دەگرێتەوە. بە باوەڕى (ژان بۆدریار Jean Baudrillard) – (١٩٢٩-٢٠٠٧)ى فەیلەسوفى فەڕەنسى “کۆمەڵگەى بەرخۆر کۆمەڵگەیەکە چێژپەرستیى و خۆشبەختیى وەک پڕاکتیکێکى کۆمەڵایەتى بە هێما و سیمبول دەکات و هاوکات وەک جۆرێکیش لە ئەفسانە پێشى دەخات”. لەم سۆنگەیەوە ئێستا ئەم دیاردەى مەسرەفگەرییە بووە بە ئەدگار و ڕووخسارى کۆمەڵایەتى بەجۆرێک خۆشبەختیى و بەختەوەریى پێوە بەستراوەتەوە. هەر بۆیە تاکى کۆمەڵگەى کوردیى تەنانەت لە ئیش و کارکردنیشدا چاوى لە ئیشى خۆش و ئاسان و بێ عارەق ڕشتنە، چونکە ئەو لە کار و کاسبیشدا هەر بەدواى چێژ و ئیسراحەتەوەیە. بۆیە دەبینین بە زار و بە قسە ڕێز و نرخ بۆ کەسى کاسب و ڕەنجکێش دەردەبڕێت، کەچى بە کردەوە تەرەى لێدەکات و خۆى لێ هەڵناسوێت.
سوچ و خەتای سەرەکی لە بەرفراوانبوون و گەشەکردنى بەرخۆریى و مەسرەفگەرایى لە ئەستۆی سیاسەتی حکومەت و لەم سەردەمەشدا ئەو دیاردە جیهانگیرییەیە کە گۆى زەوى گرتووەتەوە. سیستەمى سەرمایەداریى کە لەسەر بەکاڵاکردن و بەتایبەتیکردن و بازاڕ ڕاوەستاوە، هەم حکومەتەکان هەم جیهانى بەتەواوەتى کەمەندکێشى خۆى کردووە، بەوپێیەى ئاڕاستەى حکومەتەکان ڕووەو دابینکردنى خۆشگوزەرانییە بۆ هاووڵاتییەکانیان و، جیهانگیریش ملکەچى تەکنۆلۆژیا و میدیا و ئامێرەکانە، بۆیە تاک لەوە لاوازترە بتوانێت خۆى لە ئاست گوشارەکانى حکومەت و شەپۆلەکانى جیهانگیریدا ڕابگرێت. بەم پێیە تاک هەرچەندە خوازیارى ئەوە بێت نەچێتە ژێر بارى بەرخۆریى و مەسرەفگەرییەوە دواجار دەبێت ویستى حکومەت و سیستەمى لەسەر بێت، ئەگەر حکومەت و سیستەمى وڵات هەوڵى بێکاریگەرکردنى بەرخۆریى و مەسرەفگەریى نەدات و ڕێى لێ نەگرێت ئەوا لەسەر ئاستى تاک بێکاریگەرکردنى هەروا ئاسان نابێت و، لە چوارچێوەیەکى بەرتەسکدا دەمێنێتەوە. بەم جۆرە تاکەکان خۆکردانە و بێ خواستى خۆیان لەناو ماددە و کەرەستە و کاڵادا نقوم و گەندەڵ دەبن.