هۆشیارجەمال: کەی ئەبین بە مرۆڤ؟

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس

کاتێک دیمەنی یەکێک لەبەرنامە تەلەفزیۆنیەکانم بینی کە کارمەندێکی ژینگە پارێز دەڵێت: خەڵکی پێمان دەڵێن حەیوان”. باش بیرکردنەوەیەکی زۆر لە خۆم پرسی ئەرێ ئێمە کەی ئەبین بە مرۆڤ؟
خۆمان بە خاوەنی شارستانیەت و خاوەنی دەوڵەتی ماد دەزانین و پێمان وایە سفری میژوو شارستانیەت کوردستانەکەی ئێمەیە، بەڵام پاش هەزاران ساڵ نەبوون بە مرۆڤ.
ئەڵین پێغەمبەر زەردەشت کورد بووە، و ئاینەکەی فەرمان دەکات بە بیری چاک و کرداری چاک و ئێمەی نەکرد بە مرۆڤ.

زیاتر لە هەزار ساڵە مسوڵمانین و خــوای گــەورەش دەفــەرمــووێ:
(ولقد كرمنا بني ادم و حملناهم في البر و رزقناهم من الطيبات و فضلناهم على كثير ممن خلقنا تفضيلا ) الإسراء 70( سوێند بەخوا بەڕاستی ئـێمە ڕێزمان لە نەوەی ئادەم گرتووە و بەسەر وشکانی و دەریادا (بەجۆرەها هۆکاری گواستنەوە) هەڵمان گرتوون و لە ڕزق و ڕۆزی پوخت و چاکی جۆراوجۆر بەهرەوەرمان کردوون (لە خۆراک و پۆشاک و ماڵ و ناوماڵ و… هتد) بەڕاستی ئێمە ڕێزی زیادەی ئەوانمان داوە بەسەر زۆربەی ئەو بەدی هێنراوانەدا کە دروستمان کردوون (لە هەموو ڕوویەکەوە، تا قەدەر و ڕێزی خۆیان بزانن). بەڵام ئێمە نەبووین مرۆڤ.
سەرۆکی فەرەنسا یەک دێڕ دەڵێت: لە بارەی ئیسلام و پێغەمبەرمان (دخ) لێبێت هەموومان دەبینە بەرگری کارو بە باش و بە خراپ هەرچی بەدەماندابێت دەیڵێن لە کاتێکدا و پێغەمبەرمان (دخ) دەفەرموێت:” عن أنسٍ رضي الله عنە قال: قال رسولُ الله صلَّى الله عليە وسلم: (لَيسَ مِنَّا مَن لَم يَرحَم صَغيرَنا، وَيُوَقِّر كَبيرَنا). [صحيح: صحيح الجامع (٢٧٢)، الصحيحة (٢١٩٦)]. ماناكەى: لە ئێمە نییە كەسێك بە ڕەحم و بەزەیی نەبێت بەرامبەر بچوكەكانمان و ڕێز لە گەورەكانمان نەگرێت. لە ئێمە نییە مانای ئەوە نی یە كافر بێت، بەڵكو كەسێكی ئیمان لاوازە و گوناهی گەورەی ئەنجامداوە. کەچی ئێمە هەر فێری ڕێزگرتن نەبووین و نەبووین بە مرۆڤ.

سەد ساڵ پێش ئێستا ئەحمەد موختار جافی شاعیر وتی:
لە خەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە
هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە
دەسا تێکۆشن ئەی قەومی نەجیبیی بێکەس و مەزڵووم
بەگورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورە وا لەبەرتانە
بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوشمنتان
هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە

هەستاین لە خەو و خوێندمان و شار و وڵات پڕ بوو لە دکتۆر و مامۆستا و پڕۆفیسۆر و دادوەر، بەڵام هەر نەبووین بە مرۆڤ.
زیاتر لە نیو سەدە پێش ئێستا ڕەحیمی قازی و ابراهیم ئەحمەد و جەمیل سایب ڕۆمان و چیرۆکیان بۆ کوردنووسی و لە بواری ئەدەبدا خزمەتیان کردین بناغەی ڕۆمان و چیرۆکیان بۆ داناین و بەڵام نەمانتوانی بە ئەدەبین و مرۆڤبین.
بازاڕ پڕە لە کتێبی فەلسەفی و فکری وەک دەڵێن گەنجی پڕ جوڵە و فکر جیاوازمان زۆرە و لە سفری فەلسەفەی یونانیەوە بۆت شرۆڤە دەکات تا ئێستا فەلسەفی ئەفلاتون و ئەرستۆ و سوقرات تا نیچە شیدەکاتەوە و نەبووین بەمرۆڤ.
هەرچی فکری شیوعی و مارکس و علمانیەت و لیبراڵ و نا ئایدۆلۆژی و چەندانی ترمان هێنایە ئەم کوردستانە و نەمان توانی مرۆڤ بین.
شەجەریان لە ئەمریکا و نەوال سەعداوی لە مسر دەمرن و ئێمە بۆیان ئەگرین و پێمان وایە شەڕیان لە پێناو مرۆڤایەتی کردوە بۆ یەکەمیان ئەلێین هونەر سنوری نیە و بۆ دووەمیان خەمی دۆزی ژنی بووە کەچی خۆمان نەبووین بە مرۆڤ.
زیاتر لە بیست ساڵ پێش ئێستا شێرزاد حەسەن لە یەکێک لە چیرۆکەکانیدا لە دیالۆگی باوک و منداڵێکدا کە باوکەکە کرێکاری شارەوانیە و شار پاک دەکاتەوە منداڵەکەش هەست بەشکان و سوکایەتی کردن دەکات بەوەی باوکی ئەو کارەدەکات و گاڵتەی پێدەکەن لە کۆمەڵگادا، باوکەکە دەڵێت “ڕۆڵە من نەبم هەر بۆگەنی خۆیان دەیان کوژێ شار دەبێتە وێرانە لە پیسی مرۆڤدا، کەچی ئێمە لە شێرزاد تێنەگەیشتین و هەرنەبووین بە مرۆڤ.”
هێندە شارەزا و بەتواناین دادوەرمان ناردە بەغداد و دادگای دیکتاتۆرێکی وەک سەدام حوسێنی کرد، بەڵام خۆمان دژی یاساین و هەر لە سێبەری یاساشەوە نەبووین بە مرۆڤ.
شار پڕە لە کتێبی پەروەردەی و چاپخانەکان بەردەوامن لە چاپ و سەد ساڵە مامۆستایان دەڵێن پەروەردە کردنیان پێش فێرکردنتانە، بەڵام هەر نەبووین بە مرۆڤ.
لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزدا کوشتنی بەرازێک هەمووان دەکاتە بەرگری کار لە مافی ئاژەڵ، بەڵام خۆمان نەبووین بە مرۆڤ.
هەموو هەفتەیەک زیاتر لە هەزاران مزگەوت و چەندین کلێسا و حوسێنیە هاوار دەکەن و باسی پێکەوه ژیان دەکەن و ئێمە نەبووین بەمرۆڤ.
وتمان دەنگمان ناگات بە جیهان و مافەکانمان پێشێل ئەکرێت، و ئاگامان لە ئازارەکانی گەلان نیە بە ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵی 1898 دەستمان بە ڕاگەیاندن کرد و ئێستا هەزاران میدیای بیستراو، بینراو، خوێندراو، ئەلکترۆنی مان هەیە و کەوتووین بەسەر پێشکەوتووترین ئامێرەکانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی دونیادا و نەبووین بە مرۆڤ.

لە کۆتایدا وەک مەحوی دەڵێت:
لە ناکەس کاریا خاکم بەسەر ڕۆیی بەبا عومرم
خودا تۆ بمژێنە تا لەبەر قاپی کەسێ دەمرم

ئەرێ بەراست کەی ئەبین بە مرۆڤ؟

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس