هۆشیار جەمال: هەژاری سەختیە نەک جوانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەڵامێک بۆ نووسەری زێدە ئەزیز کاک سوارە نەجمەدین، کە سەرباری حورمەتم بۆ جوانی نووسینەکەی، بەڵام منیش ڕێگا بەخۆم دەدەم هەژاری بەم جۆرە سەختە ببینم نەک جوانی.
نووسین ئازاری هەژاری کەم ناکاتەوە، تەواو پێچەوانی ئەو دێڕانەم کە برای ئەزیز “کاک سوارە نەجمەدین”م جوانی ئەو چرکەیە چیە کە دایک نەخۆشبێت و نەتوانی تا نەخۆشخانەیەکی ببەیت و چارەسەری پێویستی بۆ بکەی؟
کامە جوانی کە نەنک، یان باپیرە پێویستی بە نەشتەرگەری بوو خۆتی لێ کەنار بگری، تا ڕۆژ بەڕۆژ بە ئازاری زیاترەوە بژی بەرەو مەرگ بڕوات!
جوانی کارکردنی منداڵانی کچ و کوڕ چیە لە شەقامەکان و ئاو دەفرۆشن و چەندیان دەستدرێژی دەکرێتە سەریان، لە کۆمەڵگایەکی ماسک بە ڕووخساردا کە لە ڕووبەڕوودا فریشتە و له ناخیشدا گورگن.
جوانی ئەو ئازارە لە کوێدایە زستانی ئەمساڵ لە ژێر هەورە بروسکە باراندا چەند چرکەیەک وەستام، بۆ تەکسی منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ ئەپاڕایەوە تا بە مۆبایلەکەم پەیوەندی بە ژمارەکەی دایکیەوە بکات و شەقامەکەی بدۆزێتەوە کە ئەویش گۆرەوی لە شوێنێکی تر دەفرۆشت.
کامە جوانی هەژاری سواری تەکسیەکە بووم و منداڵێکی تری ئاوارەی سوری کە کلێنس فرۆشی سەرشەقامەکان بوو، بە گیرفانی خاڵیەوە سەرکەوت و لە سلێمانیەوە هەتا بازیان له تەنیشتمەوە خەوی لێکەوت ڕوخساری ماندووی هاواری ئەکرد لە بەیانیەوە سەرما کەسیرەی کردوە.
کوا جوانی دونیا لە هەژاریدا کۆبۆتەوە؟ ئاخر کامە جوانی مریشک و پسکیت و پێداویستی ڕۆژانە بەقەرز بکڕیت، دایم چاو بەرەوژێری دوکاندارەکەبیت، بڵێت خوایە نەیتەسەرم و لەناو ماڵ و منداڵدا ڕسوام نەکات بۆ 25 هەزار دیناری پارەی مریشک.
تێمگەیەنن کوا جوانی هەیە لە نێوان کچێکی هەژار و کوڕێکی دەوڵەمەند کاتێک باوکی کوڕە ئەڵێت: ئەوان لە مستەوای ئێمەیان نین و دەبنە خاوەن وەرەسە، خۆمان کچی فڵان بازرگانت بۆ دەهێنین و ژیانی شاهانەت لەگەڵ کچی حەماڵ و کرێکار بەسەرمەبە.
کوا جوانی کاتێک کوڕێکی هەژار ئاشقی کچێکی دەوڵەمەند دەبێت و هەتا مردن ناتوانێت هەستی خۆی بۆ دەربڕێت، چونکە خۆی بەکەمتر دەبینێت.
کوا جوانی لە کرێچێتی دایە کە هەر ڕۆژەی له کۆڵانێکدابیت نەوێری لە ماڵەکەی خۆشتدا بە ئیسراحەت دانیشی له ترسی پەڵپ و بیانووی خاوەن خانووەکەت.
ئاخر جوانی هەژاری لە کوێدایە! کاتێک منداڵە کوڕەکەت داوای پاسکیل، یان کچەکەت داوای بوکێکی منداڵانە بکات هاوشێوەی کور و کچەکانی هاوڕێیان و تۆش پارەت پێنەبێت بۆیان بکڕی ئەوە جوانییە یان مردن؟
بوونی هەژاری و هەژار تەنها بۆ حزبی کوردی باشه و پڕ خێروبەرکەتە، ئەویش کاتی دەنگدان کە لەوپەڕی ڕاست بۆ ئەوپەڕی چەپ و ئەمسەری عیلمانی بۆ ئەوسەری ئیسلامی دەبنە پارێزەری هەژاران و بە بەڵێنی درۆ دەیانبەنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دوای هەڵبژاردن ئەوان بۆ پەرلەمان و شەڕی دۆلار هەژارانیش بۆ سەرجادە و شەقامەکان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت