ڕەووف محەمەد ئالانی: کەسێتی مامۆستا و کاریگەریی لەسەر پەروەردە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەسێتی مامۆستا زۆرگرنگە لەناوپرۆسەی پەروەردەدا، کاردانەوەوکاریگەری لەسەرکەسێتی مناڵ جێدەهێڵێت. توێژینەوە پەروەردەییەکان گرنگییان بە شێوازەکانی کرداروڕەفتاری کەسی پیشەیی مامۆستا داوە، کە دەبێتەهۆکاری بەهێزبوونی لێهاتووییە پەروەردەییەکان و ئاسوودەیی دەرونی بۆمناڵان.
ئەو کاتەی بەتەواوی مامۆستا بایەخ بە پیشەکەی بدات و خواستی ئەوەی هەبێت، وەک مامۆستا کەسێتی زانستی وپەروەردەیی خۆی بەرجەستەبکات.
مامۆستای سەرکەتوو دەتوانێت گیانی لێبووردەیی و خۆشەویستی وڕێزگرتن وهاوکاری لەناوناخی مناڵدا بچێنێت، ئەوەش بە مامەڵەیەکی پەروەردەییانەی دروست، لەڕێگەی ئەم جۆرە مامەڵانەوە:
(نەرمونیانی و ڕێزگرتن و ئارامگرتن، ڕاهێنانیان لەسەرچۆنێتی هەڵەکردن کەئاساییە وچۆنێتی ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، هاندان، هاوکاری، خۆشەویستی ئەوانیتر، دوورخستنەوەیان لە دەمارگیری، دروستکردنی هەستی بەرپرسیارێتی، ڕاستگۆیی ودوورکەوتنەوە لەدرۆکردن).
ئەمانە بەشێکی گرنگن کە مامۆستا لە هەڵسوکەوت و ماماڵەی کرداری لەکاتی وانە وتنەوەوئاراستەکردندا ئەتوانێت بەشێوازی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کاریگەری هەبێت لەسەرمناڵان، ئەمانە مامەڵەوکرداری پەروەردەیین، هەندێ شێوازیتری کاریگەرهەن کە مامۆستا دەتوانیت، کەسێتی مناڵ بەهێزبکات، کە زیاترڕوکەشوڕواڵەتین، کە مناڵ بەبێ ویستی خۆی نیگاکانیان تێکەڵ بە دیمەن و شێوازو جەستەی مامۆستا ئەبێت، بۆیە جلوبەرگ و جەستەی مامۆستا زۆرکاریگەری لەسەرڕەنگدانەوەی ئەرێنی و نەرێنی بۆسەرکەسێی مناڵ هەیە، بۆ مامۆستایانی پیاو و ئافرەت(ژن).
بەپێی کات و سەردەم و گۆڕانکاریەکانی دنیا، پەروەردەوڕۆڵی نەوەکان گۆڕانکاری بەسەردادێت، هەمیشە نەوەی تازە سودیان لەئەزموونی مامۆستاکانیان وەرگرتوەو دەبێ مامۆستاکانیان تێپەڕێنن، ( لیۆناردۆ داڤینشی 1452- 1519 )دەڵێت: ( ئەوەی مامۆستاکەی تێنەپەڕێنێ و باشترنەبێت، خوێندکارێکی بێ بەرهەم و هیچە).
مامۆستا پیویستە زۆربەشێوازی سادەو ئاسایی لەگەڵ مناڵان و خەڵکی مامەڵەبکات، واتە هەڵسوکەوتی خاکە ڕایانە بێت، بەوەش قوتابیەکانی وخەڵک خۆشیان دەوێت، خۆشەویستیش هۆکارێکی گرنگە بۆنزیکی و فێربوون.
(ویلیام ئارسەروارد)دەڵێت: (مامۆستای خاکەڕاولێبووردە، باش بۆمان ڕوون دەکاتەوە، بەجوانی و ڕێزەوە ڕێی ڕاستمان نیشان دەدات، مامۆستای خۆبەزلزانیش ئەو کەسەیە کە پەراوێزمان دەخات).
بەدەرلە کاریگەری کەسێتی مامۆستا بۆ سەر قوتابیان و خوێندکاران، مامۆستایان کاریان ئەوەیە هەمیشە ژینگەیەکی لەباربۆ منالآن بڕەخسێنن تا خۆری سەرکەوتن وهیوا لەکازیوە چاوەڕوانیان بکات، (بیل پارسێڵز) وتوێتی: (مامۆستای باش ژینگەیەک دروست دەکات کە ڕێگە بە خوێندکار دەدات سەرکەوتوو بێت).
زۆرجارلەناوکایەی کۆمەڵایەتیدا باس لە کەسێتی ئەو مرۆڤانە دەکرێت کە لەناو کۆمەڵگە دیارن و کاریگەریان بەرچاوە، بێ چەندوچوون هەمووان باس لە قۆناغەکانی خوێندن دەکەن و مامۆستاکانیان بە نمونە دەهێننەوە، هەریەکێک لەوانە باس لە شێوازی مامەڵەو باڵاو ڕێکپۆشی و هێمنی و گفتوگۆی مامۆستاکانیان بەوجۆرەی هاتونەتە بەرچاویان دەیان ناسێنن، ئەوە دەبێتە ناسنامەی مامۆستایان لای قوتابیان و خوێندکاران، کە کەسێتیانەو رەنگیداوەتەوە.
یەکێک لەخاڵە بەهێزەکانی کەسێتی مامۆستا ئەنجامدانی دادپەروەریە، هەر مامۆستایەک نەیتوانی دادپەروەری لە پیشەکەیدا بەدیبێنێت، پەیامەکەی ئەسپاردەی تاریکی کردووە، وەک(حەسەنی بەسری)ئاماژەی بۆ کردووەو وتوێتی: (ئەگەرمامۆستا لە ناوقوتتابیاندا دادپەروەر نەبێت، وەک لەتاریکیدا بنوسێت وایە).
لایەنێکی تری گەشی کەسێتی مامۆستا گرنگیدانە بەخۆڕۆشنبیرکردن و ئاگایی بەردەوام لە ڕووی زانست و زانیاری و چۆنێتی گەیاندنی پەیامە پەروەردەییەکەی، بەهۆی فێربوون، دووربکەوێتەوە لە شێوازی کۆنی وانە وتنەوە، کەپێی دەوترا فێرکردن، لەوکاتەدا زەبرو زەنگ و بەزۆرجێگەی خواست و حەزوویست و ئارەزوو دەگرێتەوە.
مرۆڤ کاتێ خۆی ڕۆشنبیر دەکات و وێڵە بەدوای فێربوونی زیاتر، ئاگایی و هزری فراوان دەبێت، بەمەش دەگات بەهۆشیاری، ‌هیچ شتێکیش هێندەی هۆشیاری سوود بەمرۆڤ ناگەیەنێت، بەتایبەت بۆ مامۆستایان، پیرەمێردی نەمر لەسەر هۆشیاری وتوێتی:
قەت بەهێچ ناچێ، خانم وخاتوون
هۆشیاری مرۆڤ، دەکات بەئاڵتوون.
مامۆستای سەرکەوتووخاوەن کەسێتی بەرز، جیاواز لەگەیاندنی پەیامە مرۆڤایەتیەکەی کە فێربوونە، لەڕووی دەروونیشەوە، ئاسوودەیەو دڵی بە پیشەکەی زۆر خۆشە.
مامۆستا دەتوانێت بەباشی و جوانی پەیامی فێربوون و شێوازەکانی بیرکردنەوە، کە گرنگترینیان بریتین لە: بیرکردنەوەی زانستی، بیرکردنەوەی داهێنەرانە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لەناوکەسێتی خوێندکاراندا بگەیانێت، بەمەش ئایندەی کۆمەڵگە ڕوون و گەش و پڕدیمۆکراسی دەبێت، بەها ونرخ بۆ ژیان دابین دەکرێت، ئازادییەکان فەراهم دەبن، دەسەڵات و کارگێڕی و پایەکانی کۆمەڵگە پتەو دەبن، نیشتمان دەبێتە ژینگەیەکی ژیاری و کامەرانی، سۆزو خۆشەویستی جێ بە ‌ڕق و کینە لەق دەکات و ژیان دەبیتە جوانترین تابلۆی سەرنج ڕاکێش و تێڕامان.
وتارەکەم کۆتایی بە وتەیەکی(فیلۆکسین ئه لستێری)دێنم کەدەڵێت: (ئەوە مامۆستاکانمانن کە ڕێگای ژیانێکی ڕاست و دروستمان نیشان دەدەن و جوانیمان پێدەبەخش).

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت