پشکۆ ناکام: باج ..
جارێکی تریش بیری تۆزاویی و بۆچوونە نا ئینسانیەکانی ئایین مشت و مڕێکی تازەی خستە ناو خەڵکەوە و ڕیش خەناویی و دەرچوانی حوجرەکەی” قوڕەیش” هەموو پێکەوە کەوتنە قیڕان و زرمە زلێ و نارەزایی، لەسەر چی ؟.. لەسەر ئەوەی نیوەی خاکی هەرێم!! وا لە ژێر ڕکێفی سوپای تورکیا و سیادەتی ئەو کەڵەکە تڕێ یەی ناویان ناوە “قەوارە” کەوتۆتە ژێر پۆستاڵی رەشی جەندرمەوە ؟ یان لەسەر ئەوەی بە دەیان ملیارد دۆلاری داهات و قوتی خەڵک خەشنۆش کراوە، کەسیش نوتق ناکا؟ لەسەر ئەوەی لە هەولێر پێشوازی لە لە کۆنە ئەفسەر و ئیستخباراتەکانی بەعس ئەکرێ..؟ ئاخۆ لەسەر ئەوەی مافی ڕۆژنامەنووس و نووسەران بوە بە “پەشمەک” و دەمێکە لە ناو دەمی دەسەڵاتا تواوەتەوە..؟ لەسەر ئەوەی مووچەخۆران بوون بە یاری دەستی ئەوەی کراسی حکومەتیان پێ لەبەر کردوە؟. لەسەر ئەوەیە ڕۆژانە خەڵک بە چەکی نایاسایی ئینسانیەت و یاسایی بنەماڵە و میلیشیاتەکان ئەکوژرێن..؟ نەخێر لەسەر هیچی ئەمانە نین، لەسەر ئەوەیە مرۆڤێک ، کچێک پێی خۆش بوە سەمایەک لەبەر چاوی خەڵکا بکا هەم وەک ئارەزوویەکی هونەری خۆی کە تەنیا موڵکی خویەتی و هیچ کەس و قودرەتێک بۆی نیە لێ ی زەوت بکا و هەم بۆ خستنە ڕووی توانای خۆی بۆ کۆمەڵگا و خۆبەتاڵ کردنەوە لە مەشەقەت و سەریەشەکانی رۆژانە و هیچی تر.. نە ئەرز وێران بوو نە ئاسمان تێک شکا نە ژیانی کەسێکی تر بەوە کەوتە قوڕاوەوە. لەبەرامبەرا ئەوانەی خۆیان بە پێوەری ئەخلاق و ڕەوتی ڕۆژانەی خەڵک ئەزانن کەوتنە لێ یانی قەوانە کۆنە سواوە ژەنگاوییە ئیکسپایەرەکە: چی بوە؟ بێ ئەخلاقی کراوە، قیامەتە، کۆمەڵگا غەرقی بێ دیانەتی بوە ، جۆن کچێک”رەنگە پیاو بوایە زۆر گرفت نە بوایە،!!”بەڵێ کچێ.. چۆن کچێک دوور لە بنەماکانی حەدیس و ئینستەگرام و ڤایبەر و ئایاتەکان جورئەتی کرد و لە مانگی رەمەزانا و لەبەر چاوی خەڵک سەمای کرد…!؟ سەما کە یەکێکە لەبەد رەوشتییەکانی ئینسانی عەبدی خوا.. جا نەخوازەڵا عەبدەکە كچ بێ..!
پێش هەموو شتێ هیچ کەسێک، هیچ گروپێک، هیچ دیندارێک بۆی نیە دەست نیشانی پێوەرە ئەخلاقیەکانی تاک و کۆمەڵ بکا لە کاتێکا بۆچوونەکانی ئەوان لەسەر ئەخلاق هەزار و یەک نیشانەی پرسیاریان لەسەرە و لە دیدە فەلسەفییە ئینسانییەکانا زۆربەیان” گەر نەڵێین هەموویان، سەرتاپا” دژی مافە سروشتییەکانی تاک و کۆمەڵن، دیدی ئایین یەک غرام مەجالی تیا نیە بۆ مەسەلە ئینسانیەکان و لەسەروویشانەوە مافی تاک لە هەڵبژاردنی ستایل و ئیدارە یانی ژیانی خۆی بە دڵی خۆی و بە کەمالی ئیسراحەت بێ دەست تێوەرانی ئەم یان ئەو، بێ چاوسوور کردنەوە کە هەنگاوی یەکەمی ڕووەو دیکتاتۆریەت چوونە و بە ئیرهاب کۆتایی یەت.. هەموو جۆرە کۆت و بەندێک دژ بە ئینسان قبوڵ کراو نیە دینی بێ یان سیاسی… ئاخر کەسێک چوار ژنی هەبێ رەوشت بەرز بێ و کچێکیش سەما بکا بێ ڕەوشت بێ، ئەچێتە کام بڕگەی ئینسان پەروەری! كەسێک سەما بکا گوناهبار و ئەهلی جەهەنەمە، بەڵام کەسێک بە دروشمی “أللە اکبر” ئینسانێک سەر ببڕێ دواپلەی بە ئەخلاق و ئەهلی بەهەشتە..! ژنێک وەک یەکسانییەک بەرامبەر بە پیاو کار بکا و ئەمادە نەبێ وەک سواڵکەرێک لە گەڵ مێردەکەیا بژی بە بێ ئەخلاقی حیساب بکرێ، بەڵام پیاوێک ژنەکەی وەک فەرشی لوول کراو لە تۆپێک قوماش بپێچێتوە و جگە لە جێگای نووستن هیچ شتێکی تر کۆیان نەکاتەوە ئەمە لووتکەی بە ئەخلاق بوونە لەو دونیاش لۆجێکی تایبەتیان لە تەنیشت کوپە شەرابەکەوە بۆ دانراوە..!!
مرۆڤ بە ئازادی لەدایک ئەبێ و عومریش لەوە کورت ترە بە دەیان کۆسپ و کۆت و تاسەی لاوەکییەوە ببەسرێتەوە، نابێ ڕێگە بگیرێ لە تام و چێژ کردنی ژیان لە ژێر هەچ ناو و دەمامک و وەهمێک بێ، هونەر لای عەمامە بەسەر و ريش خەناوییەکان وەک کارەبایە و ئەیانگرێ، بەڵام چونکە مردن بە کارەبا لە هیچ حەدیس و ئایەتێکا نیە خۆیانی لێ لا ئەیەن، هونەر بەشێکە لە ژیان و هیچ سەودا و مامەڵەیەک هەڵناگرێ، کێ حەزی لد مزگەوتە فەرموو با بچێ حەز ئەکا چادرێکی لێ دانێ و خەریکی حیجژ کردنی پەنایەک بێ لە بەهەشت، کەس هەقی نیە، بەڵام ڕێگە گرین لە خەڵکی تر کە چۆنیان ئەوێ بژین و ” فەتوا”ی دژ دەرکەن ئەچێتە خانەی چەوسانەوە و زۆریان لەسەر ئەکەوێ..گەر کەسێک سەما بکا ببێ بە کافر ئەو بە کافرییەی خۆی ڕازییە و لێی گەڕێن با چێژی لێ ببینێ هەر وەک چۆن کەسێکی تر لەسەر وەهمی ئایین و ئەو دونیا و بەهەشت و جەهەنەم تام لە ژیان وەرئەگرێ، بەهەماننشێوە، خۆ ئەگەر سەماکەرێک بە غەڵەت بەر بەهەشت کەوت بۆتان هەیە شکاتی لێ بکەن تا بیگواسنەوە بۆ جەهەنەم، مولحیدە کافرەکان خۆیان ئەو ستایلەی ژیانیان هەڵبژاردوە، خۆ ناکرێ بەشەق و ئیرهاب واز لەو ستایلە بێنن، خۆ بە شەق بێ جیاوازی دیکتاتۆری و فاشیست و ئاین چیە؟ ئاییبش بۆ دژایەتی خەڵک و مافەکانی تاک پێناسەی خۆی هەیە، لەدیکتاتۆرییەت پێیان ئەڵێن تێکدەر یان تابوڕی پێنجەم، فاشیستەکان بە کۆمۆنیست ناویان ئەبەن، ئایین و پەيڕەوانی قوڕەیشیش بەکافر و مولحید تاوانبارییان ئەکەن، کە هەر سێ پێناسەکە شەرعیەت دانە بە چەوسانەوەی ئینسان و هیچی تر، یەکێ بە جلی سەربازی و یەکێکی تر بەجلی مەغاویری و ئەوەی ئەو لاش بە کەوا و سەڵتەوە بۆ ئینسان لە بۆسەیان” بە جیاوازییەکی گەورە کە لە دیکتاۆریەت و فاشیزما سەما قەدەغە نیە وەک لە ئایینا نەک هەر قەدەغەیە هەر زۆر قەدەغەیە…” خۆ لە زیکر و مەراسیمە ئایینیەکا جۆرێک لە سەما ئەبینرێ، ئەمەیان حەڵاڵە، چونکە بە شمشێرەوەیە، شمشێریش سیمبولی ئایینە بۆ چاوترساننی خەڵک و وەک عەسکەری بەزۆر ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەهەشت، ئەی کاتێک کەسێک حەزی لە حۆری و شەراب نەبێ، قوڕی کوێ بکا بەسەر خۆیا..؟ نە بۆی هەبێ لەم دونیا تۆزێ بەئارەزووی خۆی سەما بکا و نە لەودونیاش بەئارەزووی خۆی لە کونجێکا ئیسراحەت بکا، ئیتر خۆشی ژیان بۆ ئەم داماوە چیە و لە کوێ یە..؟
هەموو توند و تیژی سەلەفی و عەمامە بەسەر و مێشک موحەجەبەکان بۆ مسۆگەر کردنی بیتاقەیەکی یەک سەری غەیرە مورەجەعە بۆ بەهەشت، بەڵام باجی بەسەر بردنی شەوێک لەگەڵ حۆرییەکا پەنجا دۆلار(یان لیرەی سعودی) و هەر قاپێک شەراب دە دۆلار بێ، ئاخۆ هیچ کەسێک لەوانەی لە سەما تۆقیوون و خەریکە جەڵتەی سەما لێیان ئایا حەز بە بەهەشت ئەکەن.!؟ بەبێ شک و بە یەقینەوە نەخێر، چونکە ئەوان بۆیە ئاینیان هەڵبژاردوە تا لە هەردوو دونیا بکەن و بخۆن بە بەلاش…. بێ باج
- Latest Posts by
-
پشکۆ ناکام: بەرد…
- -
پشکۆ ناکام: دەستکێش..
- -
پشکۆ ناکام: دوور لە خوا.
- All Posts