كەمال محەمەد: داهاتوی هەرێمی كوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە مێژوی نزیكەی سی ساڵی دروست بونی هەرێمی باشورەوە كە خرایە ژێر چاودێری هێزە نێودەوڵەتییەكان، فۆرمێكی نوێی بەرێوەبەری و حكومەتێكی كوردی ڕاگەیەندرا، بەئومێدی ئەوەی لەم پارچەیەدا سیستەمێكی دیموكراسی و فرەیی و هاوڵاتیبون بهێنێتە كایەوەو، هەنگاوی جددی و كردارەكی بنرێت بە ئاراستەی لەناوبردن و كەمكردنەوەی قەیرانە ئابوری و سیاسی و جوگرافی و كۆمەڵایەتیەكان. بەڵام دواجار ئەوەی بینرا نەتوانینی تەجاوزی سەنتراڵیزمی دەوڵەت نەتەوە بو لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی كوردیەوە، یەكێكی دیكە لە كێشەكان نەبونی ئیرادەیەكی مەعریفی و ئایدۆلۆژی و سیاسی بو لەم هەرێمە بۆ سەر لەنوێ بنیاتنانەوەی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و دادوەری و یاسادانان، كە دواجار ئەم فۆرمە لە حكومڕانی نەیتوانی بەشداربونی دیموكراسی لە دەسەڵات فەراهەم بكات و، ئەم فۆرمە لەبەرێوەبردنی دامەزراوەكانیش سیستەمێكی سەنتراڵیزمی تۆتالیتاری بەرهەم هێنا.
ئەگەر بگەرێنەوە بۆ كێماسییەكانی عێراق خۆی، ئەبینین بە درێژایی 90 ساڵی ڕابردو ئەم دەوڵەتە بەدەست چەندین گرێ كوێرەوە ئەناڵێنێت و هیچ كات نەیتوانیوە سود لەدەستورێك وەربگرێت بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی عێراقێكی نوێ. دواین دەستوری عێراقیش كە ژێر فشاری ئەمریكا نوسرایەوەو كوردیش بەشدار بو لەنوسینەوەو دەنگپێدانی لە 15 ی ئۆكتۆبەری 2005 نەیتوانیوە عێراق بكاتە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆی سەروەریی. بەڵام ئەوەی مەبەستمە لێرەدا داهاتوی كورد و هەرێمەكەیەتی كە ئەبێت دەسەڵاتی سیاسی كوردی كە خۆی ببێتە هۆكار بۆ چارەسەركردنی تەنگەژە سیاسی و ئیداری و ئابوری و نەتەوەییەكانی و بتوانن بەرنامەیەكی نیشتمانی و بەرەیەكی سیاسی نیشتمانی بكەنە بناغەیەك بۆ پاراستنی ئامانجی نیشتمانی و لەدەرنجامە خراپ و ناهەموارەكانی بەردەمی بیپارێزن.
كۆبونەوەكانی سەرۆك كۆماری عێراق و هێزو لایەنە سیاسیەكانی كورد ئەتوانرێت تەنها كۆبونەوە نەبێت و لەروانگەی پێزانینیانەوە بێت لەبەردەم عێراقی داهاتوو ئەگەرو پێشهاتەكانیدا، ئەكرێت ئەم كۆبونەوانە هەست كردن بێت بە بەرپرسیارێتی بۆ ئەوەی چیدیكە گەندەڵی سیاسی و ئیداری ئابوری نەبێتە هۆكاری تێكشانی پێكهاتەو پەیكەری ئەم هەرێمە و زیاتر پەرتكردنی كۆمەڵگاو هۆكاری لەناوبردنی پلورالیزم و لێبوردەیی.
ئەكرێت پرۆژەكە هۆكارێك بێت بۆ دروستكردنی ناسنامەیەكی نیشتمانی كە هەمو خەڵك و هەرێمەكەش لەژێر چەترێكدا كۆ بكاتەوە،كەواتە ئەوەی لێرەدا پێوێستە هەستی پێ بكرێت چەمك و تێگەی فیدراڵیزم و داهاتوی هەرێمەكەیە لەلایەن سیاسییەكانییەوە كە لە سیاسەت و دەستورێكی نیشتمانیدا ڕەنگ بداتەوە، دەستورێك كە دور بێت لە ململانێی خواستی دەڤەر و حیزب و بنەماڵەیەك.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت