پشکۆ ناکام: بەرد…

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێ حیزبی سەقەت دەوڵەت ئەبا ئەبا بەڕێوە، حکومەتێکی سەقەت دروست ئەکا کە سیستەمێکی حوکمڕانی سەقەت ئەهێنێتە کایەوە، سیستەمی سەقەتیش کۆمەڵگایەکی سەقەت بەدوای خۆیا ئەهێنێ، بەڵگەی ڕاستی ئەم بۆچوونە نموونەیەکی حازری بەرچاومانە کە ئەویش هەرێمی! كوردستانە، لە سیستەمە سەقەتەکەی ئەمڕۆ ناویان لێ ناوە” قەوارە” زۆربەی شتەکان ئاوەژوو کراونەتەوە و ڕاست و چەپ کەوتوە بەسەر یەکا و کەم شت هەیە لە شوێنی سروشتیی خۆیا بێ،کە بۆتە مایەی فەوزا و پشێوی و دڵەڕاوکێی خەڵک و باڵ کێشانی نا ئومێدی بەسەر بیرکردنەوە لە یایندە جگە لە هەڵکشانی بەکار هێنانی زەبر و زەنگ لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ فەرزکردنی ئەمری واقیع بەسەر خەڵکا…و مەحکەم کردنی پێگەی خۆی لەڕێی دەزگا ئەمنی و چەکدارییەکانی خۆیەوە.
لە سیستەمێکی سەقەتی وەک ئەوەی هەرێم زۆربەی دامەزراوەکان کارتۆنین، قسە قسەی سەرۆکی حیزب یان بنەماڵەیە، بۆیە کۆمەڵگا تووشی سڕ بوون ئەبێ و لەکار ئەخرێ بە شێوەی ئیفلیج بوون، کە ئەمەش لە قازانجی دەسەڵاتە و کۆمەڵگا هەر کە شوێنی خۆی ئەبێ و تەراویح ئەکا بەرەوپێش چوون بەخۆیەوە نابینێ.
لە سیستەمی سەقەتی حکومەتی سەقەت دز ئەبێ بە حاکم. گورگ بە شوان و شوانیش بە دەرەبەگ، ڕاوچی ئەبێ بە وەزیر، حەیتە بە پێش نوێژ، موهەڕیج ئەبێ بە ئەکتەر، خەباتگێڕی لات و لەواری دوێنێی شاخ ئەبێ بە ملیاردێر، بسنسمان بە سیاسی، ئیسلام بە پەپوولە، درۆکردن ئەبێ بە خیسڵەتێکی ڕۆژانە بەتایبەتی لە مەجالیسی حیزبی و حکومی، بیرەوەری ئەبێ بە سیناریۆی فیلمی کوڕە ئازاکە، قاچاخچیش بە سینەماکار، معاش ئەبێ بە مەتەڵی ساڵ، داهات وەک جنۆکە ناوی هەیە و دیار نیە، لەسەر پەند و حیکمەتەکانی سەرۆک! دکتۆرا وەرئەگیرێت، موستەشار و ئەنفالچی و فایلدار هەوییەی نیشتمان پەروەری دابەش ئەکەن..، چەک وەک تەسبیح بە زۆربەی خەڵکە، ئاش بەتاڵ ئەبێ بە نسکۆ!، دوای رەمەزان و قوربان، سی و یەکی ئابیش بە جەژن، نەخۆێنەوارەکانی حیزب توێژێکی تازەی کۆمەڵگا ئەهێننە کایەوە بەناوی” مشەخۆرەکانی پارلەمان”.. حکومەت ئەبێ بە چاودێر و پارلەمانیش فەرمانگەیەکی کەڕ و لاڵی جێ بەجێکار، موعارەزە دەوری پاشکۆ ئەبینێ و لەسەر نەزەرییەی” گوێم لە هیچ نەبوو.. هیچم نەدی.. هیچم نەووت..”بەشداری حکومەتە، دراوسێ ی داگیرکەر میوانێکی هەمیشە لەسەر چاوانە و کوردیش لە جیاکانی خاکی خۆی ڕاو ئەنرێ، مامۆستا لە نەبونیا ئەبێ بە سایەق تاکسی و” ابو القطعتین” ی دوێنێ خاوەنی کۆمپانیای سەیارەیە، میژوو لەدەستی دەسەڵاتدارەکانا ئەبێ بە کۆنکەن بە ئارەزووی خۆیان پێڕی لێ دروست ئەکەن و وەرەقەی رابردوی خیابەت ئەخەنە حەوزەوە، ڕۆژنامە فرۆش تەرفیع ئەکا بۆ ڕۆژنامە نووس، پارە ئەبێ بە کيلۆی کێشی ئەخلاقیات و ئینسانیەت، بوغز جێ بە عەشق لێژ ئەکا و نزگەرە بە مۆسیقا و عەرزوحاڵ بە شیعر، دزی و جەردەیی ئەبێ بە پەنجەرەیەکی بێ شووشە چاکسازیش بە بەرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت