دانا مەنمی: پارتی لە نێوان کۆنترۆڵکردنی هەست و بلۆککردنی هوشیاریدا.

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس

زیاد له پێنج ملیۆن کورد له هەرێمی کوردستاندا خاوه‌نی چاون بۆ بینین، به‌ڵام ئه‌م چاوانه خاوه‌نی پێرسپێکتیڤی جیاوازن، به‌تایبه‌ت له بواری سیاسی و بواری ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و سه‌ربه‌خۆی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ دا، زانست سەلماندویەتی ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی جووڵه‌ن زۆرتر و باشتر ده‌بینن، ئه‌وانه‌شی که‌متر ده‌جووڵێن، که‌مبینترن، جوڵەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ئەگەر بە چاوی بینین خوێندنەوەی بۆ بکەین جوڵەیەکی خنکێنراوە، پارتی وەک هێزێکی هەژمونخوازی خێڵەکی لەسەر بنەمای کاردانەوەی “پرۆڤیکاسیۆن “بێزارکردنی خەڵک و تووڕه‌کردن و بێ ئومێدبوونی خەڵک هەنگاوەکانی دەنێت، لە پشتی ئەو بێزاریی و توڕەیی و بێ ئومێدبونەی خەڵکەوە دیوێکی تری ئامانجەکانی پارتی بلۆککردنی هوشیاری خەلک و ڕۆشنبیران و سزادانی رۆژنامەنوسان و قەڵەمە بوێرەکانە، هەموو ئەمانە پێکەوە کۆمپلێکسیتێتی کۆمه‌ڵایه‌تی (ئاڵۆزیی کۆمه‌ڵایه‌تی) خولقاندووە کە جگە لە پارتی هیچ هێزێکی تری سیاسی سودمەند نابێت.
پارتی لەم کێڵگە سیاسی یە ئاڵۆزە شکستخواردووەدا و لەم دۆخە کۆمەڵایەتییە شێواوەدا کە خەڵکی کوردستان بێ ئومێد بوون پێویستی بە گەمەی نابەجێی سیاسی و مەشغوڵکردنی خەڵکە بە دونیای شتە بچوکەکان تا بەرهەمی هەستی مرۆڤەکان لەناو دونیای کەمتر جوڵان کەمتر بینین و بیرکردنەوەدا بچنێتەوە، بە نمونە بۆ ئەوەی بەرهەمی هەستی هاوڵاتیانی که‌رکووک، خانه‌قین بچنێتەوە ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 وەک چەکێکی سیاسی بەکار دەهێنێت، لەبەر ئەوەی خودی ڕوداوەکە بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی توێژینەوەی لەسەر نەکراوە بارگاوی کراوە بە حقدوکینەی سیاسی دژ بە هێزێکی سیاسی تووڕه‌ییه‌‌کی گه‌وره‌یان هه‌ڵگرتووەو توڕەی و کینەی پارتیش ئەم پرسە هەڵدەسوڕێنێ و بیریان دەخاتەوە وەک ئەوەی دوگمەی کۆنترۆڵکردنی هەستەکانیان بە دەست پارتییەوە بێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی ئه‌نتی سۆسیال و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر و مانیپولیره‌که‌ر، کە بە توخم رەگەزی تۆتالیتارانەوە خولقاوە لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا هەژمونەکەی دۆخێکی خولقاندووە کە یەکێتی و بزوتنەوەی گوڕان و ئیسلامییەکان لە ناو مەکینەی هەژمونخوازی پارتی و سەرۆکەکەیدا ببن بە ژێرەوە ، هەرگیز یەکێتییەکەی مام جلال و کۆمەڵەکەی کاکە نەوە ڕۆحیان شاد بێت لە ژیانیاندا بیریان لەوە نەکردبویەوە کە ڕۆژگارێک بخولقێت کادیرانیان لە پارتی پارتیتر بن!
لە دوای ئاشبەتاڵی ساڵی 1975 وە تاکو ڕاپەڕین چارەنووسی سیاسی کورد له‌مپه‌ڕی تراژیدیا و ژێرکه‌وتنه‌وه بۆ ئه‌وپه‌ڕی سه‌رکه‌وتن لەسەر دەستی دوو کەسایەتی و دوو قوتبی سیاسیدا بووە کە ئەوانیش “ مام جلال و نەوشیروان مستەفا” بوو ، هەر بۆیە وەفاتی “مام جلال و نەوشیروان مستەفا” یەکێتی و گۆڕان پێکەوە ڕۆچوون، دوای وەفاتی کاکە نەوەو مام جلال بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نەیانتوانی ئەو نوسەرو ڕۆشنبیرو شاعیرو ڕۆژنامەنوسانەی کە بەهۆی “شێرکۆ بێکەس” ەوە لە دەوری یەکێتی و گۆڕان کۆبوبونەوە ئیستیسمار بکەن، هەردوو حیزبەکە لەناو ململانێ و بەریەککەوتن و دژایەتی کردنی یەکتریدا خزمەتی باشی ئامانجەکانی پارتییان کردو جەماوەریان لێ دوور کەوتەوەو زۆرێکیش لە کادیران و هەڵسوراوانیان لەناو حیزبەکانیان بوونە سیخورو بەکرێگیراوی پارتی، لە دوای وەفاتی “ مام جلال و نەوشیروان مستەفا “ سه‌رده‌مێکی نوێ له نەبوونی ئه‌واندا هاتە کایەوە ئەویش هەژمونخوازی پارتی و سەرۆکەکەی بوو، ئەم هەژموونەی پارتی و سەرۆکەکەی کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی هەستی مرۆڤەکان و بلۆککردنی هوشیاری و بێ ئومێدی و توڕەیی خەڵک دەکات، بەشێکی زۆری خەڵکانی ڕاسیۆناڵ و رۆشنبیر لەلایەن پارتی و سەرۆکەکەیەوە هەستەکانیان کۆنترۆڵ کراوە و خۆیان توانای کۆنترۆڵکردنی هەستەکانی خۆیانیان نییە.
پرسی ریفراندۆم وەک مۆدێلێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکێک بوو لەو پرسانەی کە بە هەست و سۆزو دیدێکی حیزبیانەوە پارتی مامەڵەی لەگەڵدا کرد، ریفراندۆم مەشروعێک بوو کە پارتی موڵکایەتی مەشروعەکەی لە گشتییەوە گواستەوە بۆ حیزبی و دواتریش بەرگێکی شەخسی کرد بەبەریدا، پارتی لە ریفراندۆم دا هەستەکانی خەلک و هێزە سیاسییەکانی کۆنترۆڵ کرد و ئازادی مافی بڕیاردانیشی لەخەڵک سەندەوە، ریفراندۆم بۆ خۆی مەشروعێکی رەوا بوو خەڵکی لەو ڕۆژەدا بە ئیرادەی سەربەخۆییەوە چوونە دەنگدان، بەڵام بێ ئاگا لەوەی کە هەستەکانیان لەلایەن پارتی و سەرۆکەکەیەوە کۆنترۆڵ کراوەو بەکار دەهێنرێت بۆ مەرامی سیاسی! ماوەتەوە بڵێم وەرن با هەموو پێکەوە دوای دروشمی ئەو کوردایەتییە نەکەوین کە پارتی بانگەشەی بۆ دەکات و ئازادانە ڕاستگۆیانە کوردانە هەستەکانمان کۆنترۆڵ بکەین.

 

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس