دانا مەنمی: ململانێی بارزانیەکان بەشێک لە مێژوی ناکۆکی نێوماڵی پارتی.

میکیاڤیڵی دەڵێ: ئامانج پاساوی رەفتارە.
ئەگەر ئاوڕێک لەمێژووی خێزانە سیاسییەکانی کورد بدەینەوە، هەمیشە بکەرو کاراکتەرە سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی خیانەت و ناپاکی پاساوی خۆی بە چەند ئامانجێك خستۆتە روو، بارزانیەکان لە ناو دونیای سیاسەتدا کێشەو بەڵای گەورەیان خولقاندووە ئەم ماڵویرانیەی ئیستای کورد دیمەنێکی تازە نییە و بە درێژایی مێژووی خەباتی شاخ و شار بۆ ڕزگارکردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان سەدان جار سەنگەرەکانیان فرۆشتوە بە داگیرکەران، دەستپێکی ململانێ و مەسەلەی باڵ باڵێن و جیابونەوە لە نێوماڵی حیزبەکان لە نێو ماڵی پارتی لە ساڵی 1946 لە مهاباد سەرچاوەی گرت، ئەو کاتە ناکۆکی دەکەوێتە نێوان مەلا مستەفا و ساڵح حەیدە و نافع یونس دا دروست دەبێت و دواتر لە پارتی جیادەبنەوە، ئەم کێشە و ململانێیانە کۆنگرە لە دوای کۆنگرە درێژە دەکێشێ ولە کۆنگرەی دووەمی پارتیشدا ساڵی 1951 لە بەغداد “ هەمزە عەبدوڵا” بە بڕیارەكانی كۆنگرە ڕازی نابێت و لە پارتی جیادەبێتەوە و حزبێكی بەناوی “ بەرەی پێشكەوتوی پارتی دیموكراتی كورد” دامەزراند، ناکۆکی و ململانێی ناو پارتی بەردەوام بوو لە کۆنگرەی چوارەم دا لە ساڵی 1959 لە شاری بەغداد هەریەک لە “ساڵح حەیدەری، هەمزە عەبدوڵا، حەمید عوسمان، نەژاد ئەحمەد و خەسرەو تۆفیق” لە پارتی جیادەبنەوە و کۆنگرەیش بڕیاری دەرکردنیان دەدات.
ململانێی مەلا مستەفا و ئیبراهیم ئەحمەدو مام جەلال وێستگەیەکی تری جیابونەوەیە لە ناوڕیزەکانی پارتیدا، بۆیە لە سەرەتایی مانگی تەمموزی 1964 لە کۆنگرەی پێنجەم لە قەڵادزێ، باڵی مەکتەبی سیاسی ئەوکاتەی پارتی بەسەرکردایەتی ئیبراهیم ئەحمەد کە پیاوێکی بیرتیژو سیاسییەکی ژیر بوو بۆ دەرباز بوون لە تاکڕەویی و جیاوازی بیرو ڕایی سیاسی و بیرکردنەوەی خێڵەکی و سەپاندنی هەژموونی بارزانییەکان لە پارتی جیادەبنەوە، لێرەوە پارتی شیراژەی سیاسی تێکدەچێت و مۆرکێکی خێڵەکی ڕەنگدانەوەی لە سەر سیاسەت و ئاکارو کرداریدا دەبێت، دكتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری گەورەی كورد باسی لەسەرهەڵدانی نارەزایەتیەكانی باڵی مەكتەبی سیاسی ئەو سەردەمەی پارتی وەک شایەتحاڵێک دەگێڕێتەوەو دەڵێت؛ مەلا مستەفا دەیویست حیزبەكە بەعەقلییەتی سەرۆك عەشیرەتێك ببات بەڕێوە، باڵی مەکتەبی سیاسی و مامۆستا برایم ئەحمەدیش ئەیانویست دەسەڵات بەدەست مەكتەبی سیاسیەوە بێت و ڕێز لە پەیڕەوو پرۆگرام بگیرێت، بەدرێژایی قۆناغی جیابوەنەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی لەپارتی تا دوا ساتەكانی ژیانی مەلا مستەفا دوژمنایەتی بنەماڵەی بارزانی لەگەل باڵەكەی مەكتەبی سیاسی بەتایبەتیش مامۆستا برایم ئەحمەد بەردەوام بوو.
لەساڵی 1976 ساڵێک دوای ئاشبەتاڵ پارتی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی کۆنفرانسێک دەبەستێت سەرکردایەتی (قیادە مووەقەتە)یان هەڵبژارد ، بەڵام كۆنفراسەكە ” نەیتوانی كێشەو ناکۆکییەکان چارەسەر بکات و “عەلی سنجاری “ لە پارتی جیابۆوە و حزبێكی نوێی بەناوی “یەكێتیی دیموكراتی كوردستان”دامەزراند، لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی لە ساڵی 1979 دا سامی عبدالرحمان لەگەڵ کوڕانی مەلا مستەفا تێکدەچێت و دواتر هەر یەک لە “ سامی عەبدولڕەحمان، كەریم سنجاری، نوری شاوەیس و جەوهەر نامیق” کە پێیان دەگوترێ سەركردایەتی “قیادە موەقتە” ی پارتی جیابونەوە و حزبێكی نوێیان لە ساڵی 1981 بەناوی (پارتی گەلی دیموكراتی كوردستان) دامەزراند، سامی عبدالرحمان هەر زوو لەگەڵ ئیدریس بارزانی ‌و مەسعود بارزانی دەکەوێتە ململانێ وە، كریس كۆچێرا لەبارەی جیابونەوەی سامی عبدالرحمان لە پارتی لەزاری سامی عەبدولڕەحمانەوە دەڵێت؛ سامی عبدالڕحمان وتوویەتی” بڕیاری من بۆ جیابوونەوە لە پارتی كاتێك بوو كە پێشمەرگەكانی مەسعود و ئیدریس بارزانی لەبەرانبەر ڕێپێوانی كوردەكانی شاری “شنۆ” تەقەیان كرد و پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون”.
لەلایەکی تر سامی عبدالڕحمان یەکێک بووە لەپلانداڕێژەرانی کارەساتی هەکاری و دەیان سەرکردەو پێشمەرگەی یەكێتی‌و هەریەكە لە ” عەلی عەسكەر‌و دكتۆر خالیدو شێخ حسێن شێخ بابا”یان بەدیل گرتووەو دواتر شەهیدیان کردوون، سەید كاكە لە بیرەوەریەكانیدا دەڵێت؛ كاتێك كە لەكارەساتی هەكاریدا لە لایەن “قیادە موەقەتەوە” بەدیل گیراوین بە سامی عەبدولرەحمانی گووت كە ڕێكەوتنمان لەگەڵ ئیدریس بارزانیدا هەبووە، بەڵام سامی عەبدولڕەحمان لەوەڵامدا گووتی: ئێوە لەخۆتانەوە ئیدریس بە بەرپرسی ئێمە دادەنێن، ئێمە سەر بەئیدریس نین”. دەمەوێ بڵێم سامی عبدالرحمان لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە گەرمەی ناکۆکییەکانی “مەلایی و جەلالی” پەیوەندی بە پارتییەوە دەکات و لەلایەن مەلا مستەفاوە گرنگی پێدەدرێت،گرنگیپێدانی مەلا مستەفا بە سامی عەبدالرحمان لەبەر ئەوە بووە کە بۆشاییەکی گەورە لە ناو پارتیدا دروست بووە بە هۆی جیابونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی ، كریس كۆچێرا لە كتێبی ” بزوتنەوەی نەتەوەیی كوردو ویستی سەربەخۆیی”دا نوسیویەتی و دەڵێت؛ لە پاش ئاشبەتاڵ لەبارەی خەبات‌و كۆبوونەوەكانی ” عەلی عەسكەری‌و عومەر دەبابەو دكتۆر خالید سەعید” لە شاری نەغەدەی ئێران سامی عەبدولرەحمانم بینی و پرسیارم لێکرد لە بارەی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش، لەوەڵامدا سامی عبدالرحمان دەڵێت: بزوتنەوەی چەكدارانەی كورد نەک هەر لە رووی سەربازییەوە كۆتایی هاتووە، بەڵکو لە ڕووی سیاسییشەوە تەواو بووە.
لە سەردەمی فەیلەسوفی گەورەی یۆنانی “ ئەفلاتون “ چەمكی ” زاڵبونی ئەخلاق بەسەر سیاسەتەوە ” یەکێک بوو لەو یاسایانەی کە لە پێناو چاکەی گشتی و بەرهەمهێنانی سیاسییەکی تەندروست هاتە ئاراوە، بە پێی ئەم تێزە هیچ خولیاو حەزێكی سروشتی مرۆڤ نابێت لەسەروی یاسای كۆمەڵگەوە بێت ، بەڵام شێوازی بەڕێوەبردن و مامەڵەکردنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی پێچەوانەی ئەم تێزەیە بە نموونە؛ پەكخستنی پەرلەمانی کوردستان و بەبریارێكی شەخسی و ئیفلیجكردن و بەحیزبیکردنی حكومەت و بێ بەهاکردنی دادگاکان و و برسیكردنی میللەت و لە قالبدانی ئازادی ئینسانەکان و داڵدەدانی بەعسییەکان و جاش و خۆفرۆشەکان هیچ بەهایەکی ئەخلاقی لە پارتی دا ناهێڵێتەوە، ناکۆکی نێوماڵی پارتی چ لە قۆناغی شاخ دا وەیان لە قۆناغی شارو دوای ڕاپەڕین لەپێناو دەستکەوت پاراستنی مەسڵەحەت و بەرژەوەندی حیزبی و بنەماڵەیی بووە، لە شاخ و لە شار سەرۆک و سەرکردەکانی پارتی و بە حقدو کینەی سیاسییەوە سیاسەتیان کردووە، لە مێژوودا هیچ ناکۆکییەکی بارزانییەکان لەناو پارتی و دەرەوەی پارتیدا نادۆزینەوە کە لەسەر هزر و تێڕوانینێکی نوێ بێت وەیان لەسەر بەرنامەیەکی نوێی سیاسی و ئابووری بێت کە خزمەتی کۆمەڵگا بکات و چاکەی گشتی لە بەرچاو بگرێت.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies