بەهرۆز جەعفەر: گەلی عێراق، بەدڵ لەگەڵتانن و شمشێرەکانیشیان بەسەر سەرتانەوەیە!

لەوتەیەکدا، ئیمامی حەسەنی کوڕی ئیمامی عەلی، ئەڵێت:” ئەوی من لەخەڵکی کوفەم دی، خەڵکانێکن ھەرگیز جێگەی باوەڕنین بۆکەس، ھەرکەسێک پشتیان پێ ببەستێ بابزانێ پشتی شکاوە، کەسیان لەگەڵ کەسیان ساغ نین و لەھیچ کاروبارێکدا یەکناگرنەوە، لەھەموو شتێکدا ناکۆکن، تەنانەت لەچاکەو خراپەشدا ناتوانن یەکبگرن. ئەوی باوکم لێیانی بینیبوو سەرسپی دەکات، داخ و ئەفسووس بۆ ئەو کەسە دەخۆم کەپاش من ھەوڵی چاکبونەوەیان ئەدا، بەکورتی لەسەر زەمینی خوا وێرانەی وا نەکەوتووە.” حاشا ئەمە قسەی من نییەو بڕواننە (الکامل فی التأريخ، الابن الاثير،ص ٤٤٧،دار الاحیاء التراث العربی- بیروت). ھەندێک لایانوایە، ئەگەر لەھەموو شتێکدا بگەڕێینەوە بۆ مێژوو ئەوا توانای بەرەو پێشچوونمان نابێت و کەسانێکی چەقبەستوو دەبین، بەڵام ڕاستی یەکەی ئەگەر مێژوو فەرامۆش دەکەین چ شتێکی دەوڵەمەندتر پڕ وانەترمان لەمێژوو پێیە بۆ ئێستا تا شیکارو پێشبینی ئایندەی پێبکەین؟. لەچوار ھەزار ساڵ پێش ئێستاوە دۆڵی ڕافیدەین جێگەی کوشتن و ئازاردان و سوتاندن و ناکۆکیخوازییە، مرۆڤ لێرە وەھا کەسێتیەکی بۆ دروست بووە، ھەمیشە چێژ لەمەرگی بەرامبەرەکەیدا دەبینێت، لەگەڵ بێ متمانەییدا ڕاھاتووە، مەگەر ئەوە عێراقیەکان نەبوون پەیکەرێکیان بۆ جەنەڕاڵ مۆدی ئێنگلیز – Frederick Stanley Maude دروستکرد، کەبەغدای داگیرکرد، ھەر ئەوانیش دوای نەمانی ڕاستەقینەی ئینگلیزەکان پەیکەرەکەیان ڕووخاند!. لێرە داماننا شتێکە ھەر بوونی نییە دەرھەق بەخاک و سەروەری نیشتمان، لەمێژوودا زۆربەی داھێنانە نوێییەکانی شێوازی کوشتن و لەداردان لەم عێراقەوە سەریانهەڵداوە، کەچی کۆنترین یاساکانی وەک “حامورابی، یاسای ئاشوورییەکان و ئۆشۆنای و ..ھتد”یش لێرەوە بوون!. بەڵام نەیاساو نەدادوەرە عێراقیەکانیش نەیانتوانی بەر بەتاوان و خوێنڕێژی بگرن. ئیمامی ئەعزەم (ئەبوحەنیفەی نەعمان) لەبەرئەوەی ئامادەنەبوو لەحکومەتەکەی (ئەبوجەعفەری مەنسور) کە دڕندەترین و خوێنڕێژترین حاکمی ئیسلامیە ببێت بە وەزیری داد، ناچار لەزیندانەکەی مەنسووردا گیانی لەدەستدا. ھەموو ئەو کودەتایانەی لەمێژوودا کراون بۆ پاراستنی خاک و سەروەری نیشتمان و خۆشبەختی مرۆڤەکان نەبووە. هیچ کەسێک لەم عێراقەدا نەبوەتە سەرۆک ئەگەر درۆی لەگەڵ تەواوی وڵاتەکە نەکردبێت. بۆ چەوساندنەوەی ئەوانی ترو ئینتیما بۆ تایەفە و خێڵ و حیزب و مەلەزاتی تایبەتی بووە. ھەموو سەرۆکەکانی عێراق لە کۆنترین مێژووەوە تادەگاتە بەکر شۆنای (بەکر شۆنای؛ بەزیندوویی ئاگری لەمرۆڤ بەرئەدا). ھەتا ئەگاتە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، تا دەگاتە سەددام حوسەین، لەمدواییە تارق ھاشمی، ھەموو ئەمانە یان کوژراون یان لەداردراون یاخود ڕایانکردووە، جگە لە “حەجاج و شلمنەر” کە دوونمونەی خوێنڕێژو دیکتاتۆری تری ناو ئەو مێژووەن. کێ ھەیە لەم وڵاتە بۆنی ئاشتی و پێکەوەژیان بکا؟. کێ دەتوانێت یەک قۆناغ دەستنیشان بکا کە ھەزاران مرۆڤی بێتاوان بەناھەق نەکوژرابن؟..بەعسیەکان کاتێک عەبدولکەریم قاسمیان ئابڵوقەداو کودەتایان کرد، بەچاوی کراوەوە قاسم تەماشای گوللەکانی دەکرد. کە فەھدو سەرکردە شیوعیەکانیان لەسێدارە دا پڕ دەمیان لەپەموو دەکردن و بە تیپ دەیانبەست، تا ھوتاف نەکێشن. جۆرەھا ستەم لەناو دەزگا ئاسایشی و ھەواڵگرییەکانی ئەم عێراقەدا ئەنجامدراون کە مرۆڤ خۆی ڕاناگرێت لەبەرامبەر خوێندنەوەشیان.!!. حزبی بەعس بەملیۆنان عێراقی لەم وڵاتە بەھۆی ھەڵگیرسانی شەڕ و بیروڕای جیاوازو دەربەدەرکردنەوە لەناوبرد و بلاوەی پێکردن لەسەر دوو بۆمب کە ئێران بەھەڵە گرتبویە کوێت جەنگێکی خوێناوی بەناوی نەوتەوە لەگەڵ ئێران ھەڵگیرساند. دوایی ھەرخۆی چووە کوێتی وێران کردو ئاگری لەبیرە نەوتەکانیشی بەردا، تا ئەم چرکەیەی ( 2021) یش لە فرۆشتنی هەر بەرمیلە نەوتێکی عێراقدا (3$) سێ دۆلاری ئەچێت بۆ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی -IMF بۆ قەرەبوکردنەوەی کوێت. ڕۆژگاری عێراق وایە، تەنانەت سەرۆک و پیاوە سیاسیەکانی ئەم عێراقە کامەیان لیبراڵترە ئەوەیان لە هەموو گەندەڵترو پڕ نیفاق ترە!
ئەکرێت ئەمە ناو بنرێت “دۆڵی خراپەکاریی”. لەسەر هەوای کەسیی و مەزەندە ئەچێت بەڕێوە. سەیری بکە لە ئاینی عەلەوییەکاندا هاتووه کە ڕۆژێک «دوو کوێر» دەرئەکەون لە باکورو باشوری سوریاوە شەڕێکی کاولکاری دروست ئەبێت!… لە سەر ئەم بنەمایە ساڵی (1967) کاتێک «ئەمین حافز» سەرۆکی سوریابو، لە ئیسرائیل «موشیە دایان» وەزیری بەگری بو، کە موشیەدایان پیاوێک بو یەک لە چاوەکانی کوێر بو، یەکسەر سەرۆکی سوریا «جۆلان» ڕادەستی ئیسرائیل ئەکاو ئەڵێ بەخوا ئەمە پیاوە کوێرەکەیە کە لە باکورەوە دێت!. ئینجا ئەوکاتانە «سەعد جومعە» سەرۆکوەزیرانی ئەردەن ئەبێت کتێبێکی نوسیوە بەناونیشانی «مجتمع الكراهية» واتە کۆمەڵگای خراپەکار یان پڕ ڕق و کینە، زۆر بە کۆمیدی باسی ئەم کۆمەڵگانەو بڕیارەکەی سەرۆکی سوریا ئەکات.
ئیمڕۆکە لەناو عێراق، بە تایبەتی کورد، حەشاماتێکن سەریان لێشێوێنراوە، نازانێت کێ دوژمنیەتی، ڕۆژێ بەغدا دوژمنە، ڕۆژێ داعش، ڕۆژێ حەشدی شەعبی، ڕۆژێ ئەڵێ خۆمانین، ڕۆژێ ئێرانە، ئینجا ئەڵێ دونیاکە خۆی خراپە.
ئێ بێگومان دونیاکە خراپە، ئەفسەرێکی ئاسایش بە لۆری پارە کۆبکاتەوە و خۆی سەربەخۆیانە بۆڕی کون بکاو نەوت بفرۆشێت، پەرلەمان پڕ بکرێ لە هەڕەج و مەڕەج، بێگومان دونیاکە خراپە میللەتێک ئۆقیانوسێک خوێنی ڕشتووە بۆ سەربەخۆیی کەچی کێبڕکێیانە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە باوەشی دوژمنەکەیان!. هەمویان گەندەڵی ئەکەن و هەموشیان هاوپەیمانی ئەبەستن بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و داوای بنبڕکردنی ئەکە!.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies