ئارپاك سه‌رگه‌تی: رێگای ئه‌سته‌می دیمۆكراسی.

چه‌مكی دیموكراسی, چه‌مكێكی رۆژئاواییه‌ كه‌ له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی تایبه‌تی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگاكانی ئه‌وروپاو ئه‌مریكای باكوور سه‌ریهه‌ڵداو گه‌شه‌ی كردودواتر ده‌بێته‌ چه‌مكێكی جیهانی و هه‌موو دونیا ده‌گرێته‌وه‌. دیموكراسی له‌ رۆژئاوا كاردانه‌وه‌یه‌ك بوو، به‌رانبه‌ر به‌ حاكمیه‌ت و سوڵته‌ی موتڵه‌قی سه‌رده‌مێكی هه‌زارساڵه‌ی كڵێسه‌كان له‌ ئه‌ورووپا. هه‌ركه‌س بیه‌وێت رۆژئاوای ئه‌مرۆ بناسێت، یان بیه‌وێت به‌ باشی له‌ چه‌مكه‌كانی لیبڕالیزم، سیكولاریزم و دیموكراسی بگات، پێویسته‌ ماوه‌یه‌كی میژوویی نیوان ساڵانی 500بۆ 1500 زاینی به‌ جوانی بخوێنیته‌وه‌و ده‌ركی بكات. كه‌سێك كه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ باشی نه‌ناسێت یان نه‌زانێت، تێناگات بۆ له‌ ئه‌ورووپا, ڕه‌وتی لیبرالیزم و سیكوڵاریزم و دواتر دیموكراسی پێكهات و سه‌ریهه‌ڵدا. به‌ داخه‌وه‌ هه‌موو چه‌مكه‌كان له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ,حاڵه‌‌تێكی پۆپولیستی په‌یدا ده‌كه‌ن و زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ چه‌ن كتێبێكی ته‌رجه‌مه‌كراو ده‌خوێننه‌وه‌ یان له‌ میتینگ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌شداریان كردوه‌ له‌م چه‌مكانه‌ ناگه‌ن و تێكه‌ڵاوی ده‌كه‌ن و دواتر ده‌بنه‌ بانگخواز و دارِێژه‌ری ئه‌م چه‌مكانه‌ له‌ وڵاتی خۆیان.
دیموكراسی ئاكام و به‌رهه‌می لیبرِالیزم و بیری سیكوڵاریزمی رۆژئاوایه‌. دیموكراسی وه‌كو پێویستێك له‌ سیستمی سه‌رمایه‌داریدا گه‌شه‌ی كردو جۆر و شیوازه‌ جیاوازه‌كانی له‌ وڵاتانی ئه‌وروپاو ئه‌مریكای باكوورو ژاپون وه‌رگرت. هه‌رچه‌ن بنه‌ما فه‌لسه‌فی و رۆشنبیریه‌كانی رژێمه‌ دیموكراته‌كانی ئه‌مریكا،به‌ریتانیاو فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیا یه‌كێكن، به‌ڵام پرۆسه‌كان و جۆری كاركردن و میتۆده‌كانیان جیاوازه‌. بۆ نمونه‌ ئازادی بیرورِا له‌ فه‌ره‌نسا له‌ هه‌موو وڵاتانی تر زیاترو فراوانتره‌, ئه‌مه‌ش به‌و مانا نیه‌ كه‌ دیموكراسی هه‌زار شیوازو جۆری هه‌یه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دیموكراسی له‌ هه‌موو رژێمه‌ دیموكراته‌كانی دونیا بنه‌مایه‌كی هاوبه‌شی هه‌یه‌. بۆ نمونه‌ یه‌كێ له‌ بنه‌ماو پره‌نسیپه‌كانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو هاوڵاتیه‌ك ماڤی دروست كردنی حیزب و گرووپ و هه‌رتاقمێكی هه‌یه‌. جیا له‌وه‌ی كه‌ چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه‌ و خاوه‌نی چ بیرورِایه‌كن. له‌ واقعدا بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ حكومه‌ت گرنگ نیه‌ و وه‌ها نیه‌ كه‌ سه‌ره‌تا حكومه‌ت پێناسه‌ی بیركردنه‌وه‌كان بكات و دواتر رێگه‌ به‌ تاكه‌كان بدرێت كه‌ حیزب رێكبخه‌ن.
یه‌كێتر له‌ بنه‌ماكانی دیموكراسیه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م حیزبانه‌ به‌ شێوازی پیشبرِكی له‌ گۆرِه‌پانی سیاسی وڵاتێكدا ئاماده‌ ده‌بن و خۆیان ئاراسته‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ ده‌كه‌ن و له‌ رێگای ده‌نگدانی خه‌ڵك و هه‌ڵبژاردنێكی ئازاده‌وه‌, ده‌گه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات و ئه‌ركی خزمت كردن‌ ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ،بێ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌ حكومی و سه‌ربازیه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و سیاسی خۆیان به‌كاربهێنن. دیموكراسی له‌م بواره‌دا به‌ واتای پێشبڕكێ و ملمڵانێی به‌رنامه‌و پرۆژه‌كان دێت بۆ به‌ریوه‌بردنی وڵات و له‌م رێگه‌شدا شتێكی سروشتییه‌ كه‌ هه‌موو حیزبه‌كان باوه‌رِیان به‌ ده‌ستوور هه‌یه‌و ده‌ستوریش سه‌روه‌ره‌و ماڤی هه‌موو هاوڵاتیان، دابین ده‌كات. سه‌رده‌مانی به‌رێوه‌بردن یان به‌ واتای رۆژهه‌ڵاتی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی كورته‌و درێژخایه‌ن نیه‌و له‌ ئاكامیشدا گه‌رِان و ده‌سبه‌ده‌س بوونی ده‌سه‌ڵات دروست ده‌بیت. ئاماژه‌ به‌م خاڵه‌ش پێویسته‌ كه‌ پرۆسه‌ی دروست بوونی حیزب و رێكخراو له‌ ڵایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه‌ به‌ره‌و حكومه‌ت به‌ رێوه‌ ده‌چێت. واته‌ گوشاری چینی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت به‌رنامه‌ وپرۆژه‌ی هه‌بێت و گه‌ر پرۆژه‌وبه‌رنامه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كات جارێكی دیكه‌ متمانه‌ وه‌رناگرێته‌وه‌.
له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مه‌وه‌‌ به‌ تایبه‌ت له‌ وڵاتانی ئه‌مریكاو ئه‌ڵمانیاو فه‌ره‌نسا، ره‌وتی حیزب خوازی پێكهات كه‌ له‌ رێگای سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و به‌ پشتیوانی چینی بورژوازه‌وه‌،‌ بینا تازه‌كه‌‌‌ی خۆی بونیاد ده‌نێت. سیسته‌می سه‌رمایه‌داری خوازیاری سه‌قامگیری سیاسیه‌،چوون گه‌شه‌ی ئابووری و زۆربوونی سه‌رمایه‌ له‌ وڵاتێكی ئاڵۆزو پشێودا پێناگرێت. ئه‌م سیسته‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ سیاسه‌ت وه‌كو ئابووری رێك بخات، كه‌وته‌ لایه‌نگریكردنی ئه‌حزابی سیاسی تا له‌م رێگایه‌وه‌ گه‌رِان و چه‌رخانی ده‌سه‌ڵات دروست بێت و شه‌رِی سیاسی به‌ پێی یاساو رێسایه‌كی دیاری كراو بێت. بۆیه‌ سیستمی ئابووری دارێژه‌ی ژێرخانی سیستمێكی سیاسیه‌،كه‌ ئه‌م ستراكچره‌ سیاسیه‌ ده‌بێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیستمی ئابووری هه‌نگاو بنێت و هیچ كۆسپێكی بۆ درووست نه‌كات.
خاڵێكیتر كه‌ رێگای دیموكراسی ئه‌سته‌م و دژوار ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دیموكراسی له‌ رۆژئاوا له‌گه‌ل راهێنان و فێركاریدا بووه‌و به‌ شیوازێكی به‌رده‌وامی پێك هێنرا. بێگومان دیموكراسی له‌ رێگه‌ی بڵاوكراوه‌،كتێب،كۆنفراس، یان سیمیناره‌وه‌ درووست نابێت و پێناگرێت. دیموكراسی بیروباوه‌رِیكی ده‌رونیه‌و مروڤه‌كان ده‌بیت په‌روه‌رده‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ باوه‌رێكی دیموكراتیكیان هه‌بێت. له‌ رۆژئاوا، فێركاری هاوكاته‌ له‌گه‌ل گه‌شه‌ی گۆرانكاری دیموكراتیكدا. ره‌وتێكی فێركاری هاوكات له‌گه‌ل گۆرانكاریه‌ سیاسیه‌كاندا بوونی بووه‌و هه‌ڵبه‌ت زۆر دریژخایه‌ن بوه‌ تا گه‌یشتۆته‌ ئه‌م قۆناغه‌. كه‌واته‌ دیموكراسی له‌ حاڵه‌تێكدا باوه‌رِێكی ده‌روونیه‌و له‌ حاڵه‌‌تێكیتردا شیوازێكی سیاسیه‌و جۆریكه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌.
ئه‌م ڕێگایه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌وڵی زۆری بۆ دراوه‌، به‌ڵام زۆر ئه‌سته‌م و دژوار بووه‌. یه‌كێ له‌ گرنگترین هۆكاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌حزابی سیاسی له‌م وڵاتانه‌ خێڵه‌كی بیرده‌كه‌نه‌وه‌ وهیچ كات باوڕیان به‌ سه‌روه‌ری یاسا و ده‌ستوور نیه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌بوونی سیستمێكی ئابووری به‌هێز و تۆكمه‌ له‌م وڵاتانه‌، وایكردووه‌ كه‌ هیچ كات ڕه‌وتی دیمۆكراسی نه‌توانێ پێبگرێت، بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌توانین بڵێین كه‌ له‌م‌ جۆره‌ سیستمه‌ حوكمڕانیه‌دا هه‌موو ستراكچه‌ر وپێكهاته‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و سیاسیه‌كان ‌ گرێدراوه‌ به بیركردنه‌وه‌یه‌كی سیاسی دكتاتۆرانه‌وه‌، باوه‌ڕی به‌ هیچ گۆڕانكاریه‌ك نیه‌ و رێگری سه‌ره‌كی هه‌موو گه‌شه‌كردنێكی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌م جۆره‌ كۆمه‌ڵگایانه‌دا.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies