پشکۆ ئەمین: کێشەی کورد لەباکوری کوردستاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەناو حیزبەکانی تورکیادا بەدەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیونەوە، دوو بۆچونی جیاواز لەسەر کێشەی کورد و جێبەجێکردنی داواکاریەکانی کورد هەیە،
ماوەیەک پێش ئێستا کڵچدار ئۆغڵو سەرۆکی پارتی کۆماری گەورەترین پارتی ئۆپۆزسێۆنی تورکیا رایگەیاند، ئێمە دەتوانین و دەزانین چارەسەری کێشەی کورد بکەین، تا کوردەکان وەک هاونیشتیمانی بناسرین و هەست بەهاونیشتیمانی بوون بکەن.
لە بەشی یەکەمی ئەو فلیمە دۆکۆمینتاریەدا کە ڕۆژنامەنوس و دەرهێنەری فلیمی دۆکۆمینتاری (جونال جانتاک) دەریهێناوە،کڵچدار ئۆغلو رخنەی دەگرێت لەو هەنگاوەی ساڵی 2019 ئەردوگان سەرۆکی حکومەتی تورکیا نای بەگفتوگۆ کردن لە گەڵ ئۆج ئالان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستانی زیندانی کراو،کە هەوڵێک بوو دیسانەوە بۆ بە دەسخستنی دەنگی کورد لەهەڵبژاردنی بەلەدیەی ئەستەمبولدا، بەلام فەشلی هینا.
هەروەها دەڵێت: چارەسەری کێشەی کورد، دەبێت لەگەڵ هادەپ
( پارتی گەلانی دیموکراتدا) گفتوگۆ بکرێت، ئەوان لە پەرلەمانین و دەسەڵاتی رێگە پێدراون و خاوەنی بنکەی جەماوەری گەورەن ئیش و کاری خۆیان لەپەرلەماندا جێبەجێی دەکەن و خاوەنی 10 ملێۆن دەنگدەرن. بۆیە بۆ چارەسەری کێشەی کورد ناکرێت ئەوانی نوێەری کورد پشتگوێ بخرێن. لەگورەپانی سیاسیدا، گەر هەوڵێک هەبێت بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە رێگەی ئەوانەوە نەبێت ناکرێت.
گەرچی سەرۆک ئەردوگان دەیەوێت لەگەل عەبدوللە ئۆج ئالانی، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستاندا بیکات.
دوای ئەم لێدوانەی کڵچداردا ئۆغلۆ، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پاتی رەگەز پەرستی مەهەپە وەڵامی کڵچداری دایەوەو وتی، کێشەیەک نیە لە تورکیادا بەناوی کێشەی کورد.
هەر دوای وەڵامەکەی باخچەلیش ئەردۆگان وەک تووتی دژی کەمال کڵچدار هاتە دووان و پشتگیری باخچەلی رەگەزپەرستی کردو رایگەیاند کە کێشەیەک نیە لە تورکیادا بەناوی کێشەی کورد، دەمێکە کێشەی کوردمان چارەسەر کردوە.
سەلاحەدین دەمیرتاش، چەند جارێک لەسەر ئەم باسە بۆچوونی خۆی راگەیاندوەو دەڵێت: چارەسەری کیشەی کورد لەپەرلەمانی تورکیادایە، پارتی گەلی دیموکرات خاوەن ئیرادەی سیاسیە، بۆیە دەبێت بۆ چارەسەری کێشەی کورد لەگەڵ هادەپدا گفتوگۆ بکرێت، کەس ناتوانیت ئەو نوینەرایەتیەمان لێوەرگرێت.
دەمیرتاش لە تویتێکیتردا وەڵامی باخچەلی و ئەردوگانی دایەوە و دەڵێت: هەیە باسی نەمانی کێشەی کورد دەکات و بە چارەسەرکراو ناوی دەبات، درۆیە کێشەی کورد چارەسەر نەکراوە. بەڵی دەبێت پێکەوە بە یەکسانی بژین لەم وڵاتەدا کە وڵاتی هەموومانە، بەڵام کوا یەکسانی لە کاتێکدا بەمەلاین منداڵی کورد ناتوانێت بەزمانی دایکی چیرۆکەکان بخوێنێتەوە و بنوسێت.
ئەحمەد تورک سەرۆکی کۆنی شارەوانی ماردین دەڵێت: هیچ پاشە رۆژێکمان لەگەڵ ئاکەپەدا نیە، بۆیە هیچ دان و سانێکیش بەکەڵک نایەت.
ئەم سیاسەتمەدارە کوردە روو لە کڵچداری پارتی گەلی کۆماری دەکات و داوای لێدەکات، روونی کاتەوە چۆن کێشەی کورد چارەسەر دەکات خۆ چارەسەر هەر بەقسە نابیت. روونتر بدوێ دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد؟
کڵچدار ئۆغڵو جاریتر دەلێت: هەرجارێک کەباس لەچارەسەر کرابێت ئەردۆگان رووی لە ئیمرالی ناوەو داوای لە ئۆجەلان کردوە بۆ ئاشتی، بۆیە رەنگبێت دیسانەوە بە دزیەوە ئەم کارەی کردبیت یان بەم زوانە ئەردوگان روو لە ئیمرالی بکات. بۆیە کڵچدار ئۆغلو دەڵێت: هادەپ نوینەری کوردە، دەبێت ئەردوگان شتێکی لەگەل ئۆجەلاندا کردبێت بە دزی هادەپەوە تا لە دەنگداندا نەدۆرێت و کورد پشتگیری بکات، ئەرۆدگانی داگیرکەرو شۆڤینی پەنا دەباتە بەر هەموو فڕو فێلێک و تەنانەت بە دابەشکردنی مەعکەرونیەوە دەچێتە شارە کوردیەکان و سێ چوار دێڕ لە هۆنراوەی شاعیرێکی کورد دەخوینێتەوە، یان دەکەوێتە باسکردنی بدیع الزمان ( نورسی ) کە لەکاتی خۆێدا پشتگیری دەوڵەتی عوسمانی ئیسلامی کردوەو هانی سەرۆک خیڵ و عەشیرەتەکانیداوە کە پشتگیری لە دەوڵەتی عوسمانی بکەن دژی جودا خوازە کوردەکان. بەم قسە قۆرانە کوردی نەزان و ناهۆشیار گێل دەکات بە ناوی ئیسلام و برایەتیەوە، کورد هەڵدەخڵەتێنیت.
بۆیە هەرکەس و لایەک بیەوێت ئەردوگان رزگار بکات کارێکی نەک باش ناکات، بەڵکوو خیانەت لەکێشەی کورد دەکات.
دەبێت ئەوەش بڵێم لە راپرسیەکدا کە ریکخراوی کوندا بۆ لێکۆڵێنەوە کردویەتی، لەهەر 10 کورد 7 تیان دەنگ بەپارت گەلانی دیموکرات دەدەن. بەکیر ئەغیردیر سەرۆکی ریکخراوی کۆندا دەڵێت: بەبی کوردیش بەپێیراپرسیەکان ئاکەپە دۆراوەو ئۆپۆزسێۆن براوەیە، بەلام بە بێ کورد ئۆپۆزسێۆن ناتوانیت حوکمەت پێکبهێنێت.
نابێت کورد ڕێگە بدات کە ئەردوگان بە فرت و فێڵکردن بە ناوی چارەسەر کردنی کێشەی کورد و ناردنی وەڤد بۆ ئیمرالی، بۆلای ئۆجەلان، ئەمجارە خۆی رزگاربکات. دەبێت ئەم دووژمنە سەرسەختە کۆتاپێبێت.
سەیرە لەلایەکەوە هادەپ دەداتە دادگاو دەیەوێت دایبخات لەو لاشەوە لە ژێرەوە نوێنەر بنێرێتە لای ئۆجەلان، گەرکارێکی وابکات و ئۆجەلان رازی بکات، دەتوانم بڵێم ئەم ماستە گوریسێکی تێدایە.
نزیکەی بیست ساڵێک دەبێت ئەم فاشیە بەم شێوەیە دەستی کورد دەبڕێت و دەمانخڵەتێنێت و دەنگی کورد بەدەست دەهێنێت، لەکاتێکدا کە بە سەدان کوردپەروەر و پەرلەمەنتارو سیاسەتمەدار نێرو مێی کورد لەزینداندان. بە سەلاحەدین دەمیرتاشی سەرۆکی هادەپ و شیرە ژنە جێگرەکەشیەوە دەیان پەرلەمەنتارو سەرۆک شارەوانیان لە زینداندایەو قەیومی تورک و ئاکەپەیی لە شوێنیان دانراوە، هادەپی داوەتە دادگای دەستوری کەدەنگی زیاتر لە 8 ملیون دەنگدەری هەیەو دەیەویت دایبخات.
حیزبی گەلی کۆماری جەهەپە سەرۆکەکەی کڵچدار ئۆغڵو کە پێیوایە لە تورکیادا کیشەی کورد، چارەسەر نەکراوەو دەبێت چارەسەری بکەن. چارەسەرو گفتوگۆکردن دەبیت تەنها لە ڕێگەی پارتی دیموکراتی گەلانەوەبێت، بە سەرۆکایەتی سەلاحەدین دەمیرتاشی زیندانی کراو لە 2016 وە.
کڵچدار دەڵێت: هادەپ نوینەرو هەڵبژیراوی کوردە نزیکەی 8 ملیون کورد دەنگی پێداون بۆیە دەبێت لەگەڵ ئەوان گفتوگۆ بکرێت نەک لەگەل ئۆجەلان.
ئەم جیاوازیەو دوو بۆچوونەی حیزبە تورکیەکان مرۆڤ دەخاتە شک و گوومانەوە. بڵێی راستبێت، ئەردوگان کە بەم رۆژگارە هێرش دەباتە سەر قەندیل و قارەمانانی کورد دەکوژێت، بۆ گفتوگۆ پچێتە لای ئۆجەلان ؟. یان بۆ دەبێت پارتی کۆماری سووربێت لەسەر ئەوەی کە تاکە لایەن بۆ چارەسەری کێشەی کورد پارتی دیموکراتی گەلانە؟،
ئەمە بۆچوونی کڵچدار ئۆغلوە بەئاشکرا دەێڵێت هەرچی ئەردۆگانە باس لەوەهاکاریک ناکات و دەڵێت: کێشەی کورد چارەسەرکراوە.
دەزانم کڵچداریش کوردێکی خۆفرۆشە و سەر بە پارتێکە وەک هەموو پارتەکانی تری تورکیا، دوژمنی گەلی کوردە. بەڵام ئەم باسی سەفەقاتەی دەیکات لەگەڵ ئۆج ئالاندا بێ مەرام نیەو لەخۆیەوە نایڵێت.
کەس بەتووڕەیی وەرینەگرێت، ئەمە تەنها بۆ باسکردنەو راو بۆچوونە !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت