ئیسماعیل میرشه‌م: رۆشنیریی سزادان نه‌ك رۆشنبیریی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌!

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

و- عیماد عه‌لی
هه‌ر میله‌تێك بگره‌ خاوه‌نی فه‌رهه‌نگ و میراتیه‌كی رۆشنبیریی بۆماوه‌یی تایبه‌تی خۆیه‌تی و رۆشنبیریه‌ك به‌سه‌ریدا زاڵه‌ كه‌ ده‌ربری به‌هاو روحی خۆیه‌تی، ره‌فتارگه‌لێك له‌ باوپیرانی بۆ ماوه‌ته‌وه‌ و به‌ جۆرێك له‌ نه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ئه‌ویتر ده‌گوێزرێته‌وه كه‌ زۆرحار ناتوانرێت خۆت لێده‌رباز بكه‌یت و لێی قوتار بیت، هه‌رچه‌ند درك به‌ زه‌ره‌ر و نه‌رێنیه‌كانیشی بكه‌یت.
له‌ رۆشنبیریی كوریه‌كاندا و به‌ تایبه‌تی له‌ دراما و فیلمه‌كانیاندا وای ده‌رده‌خه‌ن كه‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ربڵاوه‌، به‌ڵام له‌ ژیانی سیاسیاندا، له‌ راسنیدا تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌ بوونی نیه‌، ده‌شێت حزبی فه‌رمانڕه‌وا فه‌رمانی رفاندنی سه‌رۆكی ئۆپۆزسیۆن بدات یان حوكمی گرتن و زیندانیكردن بۆ هه‌ر كه‌سێك بدات كه‌ به‌هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ سه‌ر خۆی بزانێت، به‌ڵام ناگاته‌ حاڵه‌تی كوشتن و تیرۆركردن، ئه‌گه‌ر ناكۆكی و ناجۆریان هه‌رچه‌ند بێت و بگاته‌ هه‌ر ئاستێك، ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌ر بووه‌ بۆ به‌رده‌وامیی پێشكه‌وتن و په‌ڕه‌سه‌ندنی بزوتنه‌وه‌ی دیموكراسی له‌و وڵاتدا، ئه‌مه‌ش نه‌ریتێكه‌ بۆ‌ پاراستنی وزه‌ و لێهاتویی و توانای نیشتمانی و دابینكردنی هه‌لی به‌خۆداچونه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی وڵات.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی رێگه‌وتی 24- 12- 2021 سه‌رۆكی كۆریا مۆن جی- ئین لێبوردنی تایبه‌تی بۆ سه‌رۆكی پێشووی وڵاته‌كه‌ مه‌دام مارك گوین- هیه‌ی ده‌ركرد، به‌ به‌هانه‌ی بوونی پێویستی له‌راده‌به‌ده‌ر بۆ یه‌كێتی نیشتمانی وه‌كو له‌ به‌یاننامه‌ی سه‌رۆك كۆماردا هاتووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ پاش مانه‌وه‌ی نزیكه‌ی چوار ساڵ و نیوی ئه‌و دێت له‌ ماوه‌ی سزادانه‌كه‌ی به‌ بیست و دوو ساڵ زیندانیكردن به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵیه‌كی زۆر و به‌كارهێنانی پاره‌و پوڵی گشتی و ده‌رستڕۆیشتوویی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیا.
له‌م باره‌وه‌ ئه‌زمونێكی تریان له‌ ساڵی 1973 هه‌یه‌، هه‌واڵگریه‌كانی پارك جۆنگ – هێیه‌ سه‌رۆكی پێشوتری كۆریا (له‌ ساڵی 1960 تاوه‌كوساڵی 1979 سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی كۆریای كرد)، هه‌ڵسان به‌ رفاندنی سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزسیۆن كیم دیه- جۆنگی نه‌فیكراو له‌ وڵاتی ژاپۆن و به‌ نهێنی به‌ كه‌شتیه‌ك له‌ رێگه‌ی ده‌ریاوه‌ گه‌ڕاندیانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ساغ و سه‌لامه‌تی له‌ش و لاری جه‌سته‌ی به‌ڵام به‌ چاو به‌ستراوی له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ سیئۆل ئازادی بكه‌ن.
به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بینین كه‌ رۆشنبیریی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی جه‌سته‌یی ( تیرۆر و كوشتن) له‌ ناوه‌ندی سیاسیی كۆریای باشووردا نیه‌، به‌م ره‌فتاره‌ش هیچ وزه‌یه‌ك و لێهاتوییه‌كی نیشتمانی له‌ پرۆسه‌یه‌كی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی خوێناوی تێكدرانه‌دا به‌ فیڕۆناده‌ن، هه‌رچه‌ند ناكۆكی له‌ نێوان نه‌یاره‌ سیاسیه‌كاندا هه‌بێت، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندیی باڵا له‌سه‌رووی هه‌ر كاردانه‌وه‌ و گرژی و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك داده‌نێن.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت