بەختیار نامیق: بافڵ تاڵەبانی لە نێوان نوێنەری خۆپیشاندان و ڕێکخستنەوەی زۆنی سەوزدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی لەسەر ئەرزی واقع ڕوودەدا و ئەو چارەسەرەش کە لای هەندێکمان هەیە وەک ئەوە وایە لەسەر هەور درەخت بچێنی، سیاسەت و ئیدارە و دەستەڵات و جۆرێکی کاڵ لە دەوڵەتداری مامەڵەیە لەگەڵ واقع. واتا ئەوەی هەیە و ئەو چارەسەرەیەی کە پێویستە و ئەوەشی لە خەیاڵدانی ئێمەدایە، جیاوازی نێوان ئاسمان و ڕێسمانە. ئەوەی دەگوزەرێ لەم زۆنی سەوزەدا غیابی سەرکردەیەکە کە بتوانی بە هەمو کەم و کوڕیەکانیانەوە جارێکی تر کۆپیەکی مام جەلال و کاک نەوشیروان بەرهەم بهێننەوە، بۆ ئەمەش تەنها خوێنی یەکەمی مام جەلال دەتوانی ئەم کارە بکات، چونکە هەمومان دەزانین زۆنی سەوز لەژێر هەژمونی ئێراندایە، وەک چۆن زۆنی زەرد لەژێر هەژمونی تورکیادایە، تورکیا و ئێران بەدەر لە وردە ناکۆکی لەسەر ئاستی باڵا و پەیوەندی بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، بۆ ئەمەش بە ئاشکرا ئێران دەڵێ ئێمە مامەڵە لەگەڵ کوڕانی تاڵەبانیدا دەکەین. واتا خوێنی یەکەم، ئیتر هەر هێزێک لە دەرەوەی خوێنی یەکەم دروست ببێت ئێران سفری دەکاتەوە یان وەک دوژمنێکی بێ هێز بەرامبەر دۆستێکی بەهێز دەیهێڵێتەوە. ئەمەش لە لاهوردا بە تەواوی سەلمێنرا، کەواتە دوای ئەوەی کە زۆنی سەوز بو بە گروپ گروپی چەکداری پارەداری بە دەستەڵات و دژایەتی یەکتر کردن تا ئەو ئاستەی ئەوانەی خۆیان بە پیاوی ئیداری و مالی و یاسایی دەزانی سەرانی ئەم گروپانە بون و هەر ئەمانەش کاری نایاسایی و نا ئیداری و فەسادی مالیان دەکرد، بەڵام لە بەرامبەردا خەڵکە هەژار و داماوەکە پابەند بون بە ئیدارە و باجی مالی و یاساشەوە، سەرەڕای ئەمانەش ناحەقی و کوشتنیان بەرامبەر دەکرا، کەواتە بۆ دەربازبون لەم حاڵەتە کوڕانی سەرکردەکان بە تایبەت مام جەلال و کاک نەوشیروان لە غیابی نەبونی دامەزراوەیی کە لە قۆناغی باوکیاندا نەتوانرا بکرێت بەرپرسیاریەتی یەکەمیان دەکەوێتە سەرشان، چونکە لە دەرەوەی ئەم خوێنانە ئێران ڕێگا بە هیچ هێزێک نادات دەستەڵاتی بە دەستەوە بێت ئەگەر 1+50 ی کورسیەکانی پەرلەمانیش بەدەست بێنێ، چونکە دەزانین کە پەرلەمان بێ ئەرزش کراوە، ئەمەشمان لەسەردەمی کاک نەوشیرواندا بینی کە بە 25 کورسیەوە کاریگەری زۆری نەبو ئێران دژی وەستا، کەواتە ئەوەی پێی دەوترێت ئەمری واقع ئەوەیە کە پافڵ تاڵەبانی هەوڵی بۆ دەدا کە توانی سەرانی گروپەکان چەک بکات و بیانخاتە ژێر یەک دەستەڵاتەوە، هێز و چەک و پارە کۆنتڕۆڵ بکات و لەژێر دەستی گروپەکانی دەریبهێنێ، ئەمەش لەسەرچاوەی هێز و چەک و پارەوە دەکرێت، کە ئێستە بافڵ تاڵەبانی و قوباد خەریکن و بە پێی ئەمری واقع سەرەتایەکی باشە و کوڕانی کاک نەوشیروانیش تا ئێستا هیچ کۆمێنتێکیان نیە و وای بۆ دەچم وەک باوکیان ڕەزامەند بن بۆ کاری پێکەوەیی، بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە دوای کۆنتڕۆڵ کردنی گشتی چی.؟ بافڵ تاڵەبانی دەتوانێ چی بکات، چۆن وێنەکە دەکێشێتەوە چۆن جوگرافیاکە دادەڕێژێتەوە، ئەگەر چی بافڵ لەم ڕوەوە کۆمەڵێک کاری باشی کردوە، بەڵام هەمومان تەقەکردنی شەوانە و تەعدا کردنی سەرانی ئەم گروپانە دەبینین کە ئەگەر بافڵ وریا نەبێت ئەوا چواردەوری خۆی هەر ئەوانە دەبن کوڕ و منداڵەکانیان بەرداوەتە گیانی خەڵک، هەر ڕوداوێک لەم چەشنە ڕو بدات کاردانەوەکەی بۆ بافڵ دوو دیو دەبێ، دیوێکی ئەگەر بێ دەنگ بێت و هیچ هەڵوێستێکی نەبێ زۆر قورس لەسەر پێگەی مەعنەوی دەکەوێ ئەگەر هەڵوێستی هەبێ و چەند نزیکی خۆشی بێ بیدا بە دادگا و سزا بدرێ ئەوا کەسایەتی مەعنەوی لای خەڵک بەرز دەبێتەوە، لێرەوە دەکرێ بۆ دوای کۆنتڕۆڵ کردنی تەواوەتی لە ئێستەوە چەند پرسیارێک بخرێتە بەردەست بافڵ:
1- ئایا دەستەڵاتی بافڵ کۆپی دەستەڵاتەکانی گروپەکانی پێشتر نابێ، واتا تاوانی گروپەکان تەنها گروپێک بیکەن نزیک لە بافڵ، یان کار لەسەر چاکسازی ئیداری و سەروەرکردنی یاسا دەکات و کەس بەدەر نابێ ئەگەر سەرپێچی کرد بەوانەی لای خۆشیەوە، وە ئایا لەژێر دەستەڵاتی خویدا جارێکی تر باڵباڵێنە دروست نابێتەوە.
2- ئایا لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری و پڕۆژەی ستراتیژی چی پێ دەبێ و وە دەبێ دوای قۆناغی کۆنتڕۆڵ کردنی گشتی بە کردار ببینرێت.
3- ناعەدالەتی جوگرافی زۆر هەیە لەسەر ئاستی حکومەت لە نێوان زۆنی سەوز و زەردا، ئایا دەتوانی عەدالەتی جوگرافی بگێڕێتەوە بۆ زۆنی سەوز (کتێبی ناعەدالەتی جوگرافی بەیار عومەر)
4- هەمو سێکتەرەکان بە تەواوی بەرە و ئەهلی بون دەچێت ئەمەش ڕۆژ بە ڕۆژ بۆ ژیانی هەژاران زەحمەت تر دەبێ، ئەوەش دەزانین ئەم بە ئەهلی بونە زۆربەی خاوەنداریەتیان کەسانی بەرپرسن بەوانەی لای بافڵیشەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت