ڕێژوان دیاری: ژن و ژیان و ئازادی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خودناسی ژن
ئێمە ئەتوانین سەرەتا بە چەند پرسیارێک دەست پێ بکەین:
بۆ نمونە بپرسین ژن کێ یە؟
بەو واتایەی پێویستە لە پرسی خودناسیەوە دەست پێبکەین،
ئێمەی ژن کێین؟
ئایا ئێمەی ژنان خاوەن بیرکردنەوە و بیروڕاو ئەندێشەی تایبەت بەخۆمانین؟
کاتێک هەر ژنێک ئەم پرسیارەی لەخۆی کرد و وەڵامەکەی بە بەڵێ لەخۆی دا درک پێکرد، کەواتە ئەبێ ئەوە بزانێت وەکو مرۆڤێک و ڕەگەزێکی ئازاد ببینرێ.
یاخود با ئێمەی ژنان ئەو پرسە لەخۆمان بکەین ئایا ئێمەی ژنان خۆمانین بەو واتایەی هیچ ڕۆڵێکمان بۆدیاری نەکراوە؟
یاخود منی ژن لەماڵەکەی خۆم لە گەڕەک و شارەکەم وێنە و چوارچێوەیەکم بۆ نەکێشراوە؟
یان ئەو سروشتەی ناوی لێنراوە سروشتی ژنان و ئەو ئازادیەی باسی لێوەدەکرێ کە گوایە بەژن دراوە لە ڕۆژی ئەمڕۆیا بە بەراورد بە ڕابردوو، ئایا ژن خۆی لە بنەڕەتی بونیەوە دەبێ خۆیان خاوەنی بن یاخود خۆیان وتەنی دەبێ چاوەڕێ بکرێ لە لایەن باوک و برا و مێرد و مام و خاڵ و بنەماڵەکەیەوە پێی بەخشراوە و بوەتە خاوەنی؟!
کاتێک ژن هەر یەک لە وەڵامی ئەم پرسانەی لە خودی خۆی و وەڵامێکی ڕازیکەریی دەستکەوت پاشان پێویستە: هەنگاوی دواتر دەستپێبکات و دیدی ڕەگەزی بەرامبەر بزانێت و وەکو ئەوەی ئاماژەمان پێدا ئەو ئایدیا و نەریتە سەپێنراوەی لە دێرزەمانەوە هەتاکو ئێستاش ماوەتەوە و کەم تا زۆر کاریگەری لەسەر تەواوی بونی ژن بەجێ دەهێڵێ.
خۆ دەربازکرنی ژن لە هەندێ توند و تیژی لەژێرناوی دین و نەریتی باوی کۆمەڵگە چۆن دەبێ؟ منی ژن هەر بەخاتری نەریتی سەپێنراو و دین هەتا کۆتایی تەمەنم دەبێ قوربانی بم و ڕازیبم بەو گوفتار و کردانەی ڕۆژانە بەرامبەرم دەکرێ؟ بۆ نمونە هەر لەبەر ئەوەی دینی ئیسلام ئەوەی حەڵاڵ کردوە لەسەرم فرە ژنی کارێکی ئاساییە، کەواتە منیش دەبێ قبوڵی بکەم و دوبارە قوربانی بوون هەڵبژێرم. یاخود ئەوەی کە هەتا ئەمڕۆ باوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەشە دەکات و هەتا بۆنە و فیستیڤاڵی گەورەی بۆ ڕێک دەخرێ و تێیدا ژنان خەڵات و پاداشت وەردەگرن بەرامبەری لە سنورێک و ناوچەیەکی دیاری کراو ڤیستیڤاڵی حیجاب کردن” تاجی زێڕین.
من لێرەدا ئەوە ئەپرسم ئایا بەشێک لەو کچە تازە پێگەشتوانەی لەو بۆنانە بەشداریان پێ دەکرێ لەسەر بنەمانی ئازادی و ڕای خۆی ئەوەی هەڵبژاردووە؟ ئەمە لەکاتێکدایە لەوانەیە هەڵکەوتەی جوگرافی ئەو شوێنە یاخود وەکو ئەو نەریتەی باوەی باسی لێکرا زۆر بەڕونی دەبینرێ لەو جێگایانە و زۆرجار وا لە ژنان دەکات بکەونە ژێر کاریگەریەوە. کاریگەریی فریودان و دەستەرۆکردن، وەک ژن تۆ ئازادیت، بەڵام لەو چوارچێوەیە دەرمەچۆ تۆ شەرەفی بنەماڵەکەتی، وەک بڵێی ژن خۆی توانای ئەوەی نەبێ ڕاست و هەڵەی خۆی جیابکاتەوە.
وەک ئەبینرێ هەندێ لەژنان حەز و توانا یاخود زەمینەیەکی ڕەخساویان بۆ دەرکەوتن هەیە، لەهەمان کاتدا ئەمانیش لە کۆتایدا دەکەونە ژێر کاریگەریی و ڕای بەرامبەریان پشتگیری دەکرێن و دەردەکەون، بەڵام بە کۆمەڵێک مەرجەوە سەرەتا جوانکاری خۆ ڕازاندنەوە و کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ڕادەبەدەر بۆ ئەوەی توانای ڕازیکردنی چاوەکانی چواردەوریان هەبێ بە نمونە“ کچە مۆدێل و مایکەپ ئاڕتیستەکان.
ماوەتەوە بڵێين ئەوەی لەسەر خودی منی ژن پێویستە ناسین و شانازیکردنی منی ژنە بە خۆمەوە لە هەر ئاستێکی ژیاندا بووم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت