عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دوا هه‌ناسه‌ی نامورادیی و نامۆیی!

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

له‌ روخساری دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ دا، بێ ده‌نگی و خامۆشییه‌کی پڕ له‌ تراژیدیای نامۆیی ده‌خوێنرایه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی که‌س په‌ی به‌ نهێنی چیرۆکی خه‌م و برینی قوڵی ئازاره‌ کپه‌کانی ناخی نه‌با، زۆرجار له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌، به‌ ده‌م زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه‌، کۆپله‌و یه‌ک شیعر، یا برگه‌یه‌ک گۆرانی ده‌وت.
دکتۆر مارف له‌و رۆژه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌ستبه‌رداری یه‌ک بوون و له‌ رێژنه‌ی کچی دابڕا، هه‌موو خه‌ون و خۆزگه‌و هیواو ئاواتێکی ئه‌وه‌بوو، جارێك، ته‌نیا جارێک بۆ چه‌ند چرکه‌یه‌ک، (رێژنه‌)ی کچی له‌ ئامێز بگرێ، سروه‌ی خۆشه‌ویستی و حه‌سره‌تی سۆزی باوکایه‌تی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی دابڕن و بارانی فرمێسکی دووری به‌سه‌ر کچه‌که‌ی شیرینه‌که‌ی دا ببارێنێ، بۆ تاوێک رۆحی باوکایه‌تی ئارام بێته‌وه‌. به‌ڵام گرێی ئاڵۆزی ده‌روونی نه‌رجسیه‌تی ئه‌هریمه‌نێک، هه‌موو ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌و زه‌وی و ئاسمان و سنووره‌کانی له‌ به‌رده‌م دا قفڵ کرد، بواریان نه‌دا باوکێک به‌ دیداری کچه‌که‌ تاقانه‌که‌ی شاد بێێته‌وه‌.
چه‌ندساڵێک له‌ مه‌و به‌ر ئێواره‌یه‌ک له‌ گه‌ڵ سه‌ردار فه‌تاح و ئیبراهیم محێدین پێکه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ دکتۆر مارف عومه‌ر گوڵ، له‌ ماڵی خۆیان دانیشتبووین.
دکتۆر مارف به‌ده‌م خه‌م و هه‌ناسه و حه‌سره‌تیێکی قوڵه‌وه چیرۆکی مه‌رگه‌ساتی نامۆیی و دابڕانی رێژنه‌ی په‌پوله‌ی بۆ گێڕاینه‌وه‌:
– بڵێی رۆژێ له‌ رۆژاننله‌ دووره‌وه‌نبه‌ رێکه‌وت رێژنه‌ی کچم ببینمه‌وه‌، هاواری لێ بکه‌م: رێژنه‌ رێژنه‌، کچم جگه‌رم بۆ وا دووریت، ئه‌ویش به‌ رووه‌ خۆشه‌که‌یه‌وه‌ هه‌ردوو ده‌ستی بۆ ئاسمان به‌رز بکاته‌وه‌ و باوه‌شی خۆشه‌ویستیم بۆ بکاته‌وه‌ و بڵێ:
– بابه‌ بابه‌، زۆر ده‌مێکه عه‌وداڵی هه‌واڵێکتم، هیچ که‌س سۆراغی تۆیان پێ نه‌ده‌وتم.
– ئای کچه‌ شیرینه‌که‌م، پێش ئه‌وه‌ی مه‌رگ یه‌خه‌م بگرێ، ئۆخه‌ی ئێستا تۆ له‌ ناو دڵ و چاو و هه‌ناسه‌مدایت، ئۆخه‌ی نه‌مردم تاسه‌ی دابڕان و دووریت شکا.
هاوڕێیان، ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاره‌ها جار هه‌وڵم دا، ده‌یان که‌سم راسپارد بۆ ئه‌وه‌ی رێژنه‌ ببینم، ئه‌رکی باوکایه‌تی بۆ جگه‌ر گۆشه‌که‌م جێ به‌جێ بکه‌م، به‌ڵام ده‌ستی ئه‌هریمه‌ن چرنووکی له‌ مێشک و جگه‌رم گیرکرد بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌ یه‌کیان دابڕین.
نه‌ دکتۆر مارف رێژنه‌ی بینی، نه‌ رێژنه‌ باوکی.
بوون به‌ دوو هیڵێ ته‌ریب، دوو ئه‌ستێره‌ی دوور، بوون به‌ دوا هه‌ناسه‌ی نامرادیی و نامۆیی.

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت