زانا عثمان: سۆشیال میدیاو ھەرەسی نوخبەی ساختەچی بەناو نوسەرو ڕۆشنبیر.

ھەروەکو دیارە یەکێک لەباشیەکانی سۆشیال میدیا ئەوەیە؛ کەھیچ کەس و لایەنێک (لەسەرکردەی سیاسی و دەوڵەمەند و حیزب و حکومەت) ناتوانێت وەکو تیڤی و ڕادیۆ و سایتەکان کۆنتڕۆڵی بکات و چی حەزلێبوو ئەوە دەرخواردی خوێنەرو بیسەرو بینەر بدات. بەڵکو خودی ھەر ھاوڵاتیەک چەقەو ئازادە چۆن بیردەکاتەوە چی دەڵێت و دواتر چی پێشکەش دەکات لەوەی کەخۆی باوەڕی پێیەتی.
لەو چوارچێوەو نێوەندەشدا سۆشیال میدیا ھەڵسا بەئەرکێکی گرنگ ئەویش ئەوەبوو کەتەواو کۆتایی بەدەیان و سەدان بەناو نوسەرو ڕۆشنبیر ھێنا کە خۆیان بە(ئەدیسۆن و مەھاتماو ماندیلاو ئەنشتاین و ئەرستۆو پاوڵۆ کۆیلۆو فرۆیدی کوردی و… ھتد، بەکۆمەڵگاو حیزب ناساندبوو. ئەمەش بەقۆناغی زێڕینی مێژوویی نەک بۆ کورد بۆ تەواوی میللەتانی جیھان دادەندێت بەتایبەت وڵاتانی جیھانی سێیەم، کە چۆن سۆشیال میدیا ژیان و بیرکردنەوەکانی گۆڕی بەشێوەیەک بیروباوەڕە کۆنتڕۆڵکراوەو ئاڕاستەکراوو پلان دەندراوەکانی کردە بیروباوەڕی تەواو کراوەی ئازادو فراوانی بێسنور ھەر لەماڵەکانەوە بۆ تەواوی جیھان.
لەنێوان دوو دەیەی تەواوەتی دوای لێدان و ڕوخانی عێراقی سەددامی زۆر بەڕوونی ئەم جیاوازی پاشەکشێیەی ئەو تایپە بەناو نوسەرو ڕۆشنبیرە سەربەخۆو ئازادیخوازانەی ڕوکەش و قومیشکراووماسکدار ئاراستەکراوی دەستی حیزب دەبینین بەرامبەر میللەت، بەوەی لەدەیەی یەکەمی دوای لێدانی عێراق بازاڕگەرمی ئەو تایپە تەواوی سەرچاوەو پێگەکانی ڕاگەیاندنیان داگیرکردبوو بەجوانکردنی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە خێڵەکیە خۆماڵیەی دوای ڕاپەڕین تا گەیشت بە کۆتاییەکانی دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک، بەڵام لەدەیەی دووەم و گەشەی قەبەی سۆشیال میدیاو ھەمەڕەنگیەکانی کۆتایی بەتەواوەتی ئەو تایپە ھێناو ئێستا جگە لەخۆیان و مەقابەلەچیەکان و دەست و پێ سپیەکان کە ژمارە کەمی بێ کاریگەرن و سەر لەھیچ دەرناکەن کەسی تر نیە گوێیان بۆ بگرن و بیانناسن و بەقسەکانیان جۆش و سەرخۆش و مەستببن و سەری ئەشھەدوبیللایان بۆ بلەقێنن.
بۆیە ئەوانیش باش لەوە تێگەیشتوون کەچەندە بێئەرزش و ھیچ کەوتوون بەراورد بەدوودەیەی پێش ئەم دەیەی کۆتایی، لەبەرئەوەشە ئێستا لەناو بێدەنگی قوڵدان لەماڵەكانیان خۆ بێنە گۆش ھەروەکو سەرکردە سیاسیە گەندەڵکارو دژە ئازادی و قۆرغکارە ستەمکارەکانیان زمانیان ھەمان زمان و ئەخلاقیان ھەمان چەشن و پۆشتەییان ھەمان شتە، کاتێک کۆمەڵگا دەکەوێتە ھاواری بەرز بۆ ئازادی و دژ بەستەمی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری و ئابوریان. بەغاش لەولاوە، کاتێک بڕیار یاھەڵوێستێکی یاسایی و سیاسی گونجاو دژی سیستەمە خێڵەکیە دیکتاتۆریە کوردیەکە دەردەبڕێت زمانەکەیان بەدئەخلاقتردەبێت. ھەم بەرامبەر ھاوڵاتیانی کوردستان ھەمیش بەرامبەر حکومەتی عێراقی، بۆیە بەرامبەر ھاوڵاتیان ڕۆژبەڕۆژ نابووترو بەرامبەر بەغدا مانگ بەمانگ لاوازترو ترسنۆکتردەبن.
جا ئەو تایپە تاپێش ئەم دەیەی کۆتایی شاخێکبوون لەپشت حیزب و بنکەو بارەگاکان، یائەوەتا بەشێک لەخەڵکیان بەزمان جادوویی ماسکداری بێدەنگ دەکرد یانیش بەناڕاستەخۆ پەلکێشی ناو حیزبەکانیان دەکردن، بەڵام سۆشیا میدیا ئەمەی کۆتایی پێھێناو ماسکەکانی ئەوانی داماڵی کەچەند ناڕۆشنبیرو ناڕوناکبیرو ناڕۆژنامەنوسی دوور لەئیتیکی ڕۆژنامەوانی کاریان دەکردو بوون، چەند قوڵتر لە مەکتەب سیاسیە حیزبیەکان خەمی حیزب و سەرکردەکانیان بووە بۆ مانەوەو بەھێزبوون. خاڵی لەخەم بۆ نیشتیمان و نەتەوەو بەرەوپێشچونێکی عاقڵانی یاسایی، نەک خێڵی و عەقڵی، کەھەیانبوو وەھەیانە.