حەسەن ڕازانی: ژیانی ژنانی کوردوستان لە کۆمەڵگایەکی ژن کوژدا.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

بۆچی هەر ڕۆژەو ماریایەک دەکوژرێت و ئەوکەسەی کە بەرەنگاریش لە ماریاکان دەکات هەر دەکوژرێت؟ بۆ نموونە شەهید: نەقیب محەمەد لەتیف
پیرۆز بێت 8ی مارس لە ژنان و تەواوی ئازادی خوازان و هەموو ئەوانەی کە باوەڕیان بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەیە بە کرداری.

(لە پەراوێزی کوژرانی ئیمان سامی، کە ناسراوە بە ماریا، لەناو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردوستان)
کورتەو ڕیشەی ڕوودانی ڕووداوەکە: بە پێی گێڕانەوەکانی ئێن ئاڕ تی و ڕوداو کە لە، سامی مەغدید، باوکی ماریا، وەریان گرتووە دەگوترێت: ئیمان سامی ناسراو بە ماریا لە تەمەنی 12 ساڵیدا بە شوودراوە و لەگەڵ مێردەکەی نەگونجاوەو بە بەردەوامی کێشەو گرفتیان لەگەڵ یەکتردا هەبووە. لەبەرئەوە ماریا هەمیشە لە ژێر گوشاردا بووەو هەربۆیەش پارساڵ ماریا لە مێردەکەی جیابۆتەوە. دوای ئەوە ماریا ڕێگای هاتنەوە ماڵی پێنەدراوە تاکو لەگەڵ دایک و باوکیا بژیت، بۆیە بە تەنیا ژیاوە. باوکی دەڵێ: من ماوەی دوو ساڵ بووە قسەم نەبووە لە گەڵیداو بەڵام بەشداری سەرقەبرانم کردووەو بۆشی گریاوم چی بکەم جەرگمە.” ئەو دەڵێ: ” من بەشداری کوشتنەکەیم نەکردووە و بەزۆری براوم .” هەروەها باوکی ماریا ئەوەشی ئاشکراکردووە کە کوڕەکەی بە ئۆتۆمۆبێلی براکەی چووەو تووشی ماریا بووەو پێی گوتووە کە لەگەڵیدا سەربکەوێت و بچنەوە ماڵەوە، بەڵام ماریا بەقسەی نەکردووەو دوای درووستبوونی دەمەقاڵێ فیشەکی پێوەناوە. باوکی دەڵێ: ” من زۆرم پەرۆش بووە بەڵام چی بکەم کوڕەکەم کوشتویەتی و ئەویش لەبەر ئەوەی بووە کە ماریا زۆر سەرەڕۆ بووە. ماریا شەوی 6/7ی 3- 2022 لە هەولێر بەدەستی براکەی کە لە خۆی بچوکتر بووە کوژراوە. هەروەها هاوڕێیەکی ماریا ئاهوا باس لە ماریا دەکات: ماریا کەسێکی باوەڕ بەخۆ، ئازاو ئازادو وریا بووە. لە سۆشیال میدا زۆر چالاک بووەو زۆر هەواداری هەبووە بۆ نموونە لە تیکتۆک. ئەو دەڵێ ماریا لایەنگری کۆمەڵگای پەلکە زێرینەکان بووەو بەشداری چالاکیەکانی ئەوانیشی کردووە.
ژن کوشتن لە زۆر شوێن بوونی هەیە بەڵام لە کوردوستان لەبەر زۆری و بەردەوامیەکەی وای لە کۆمەڵگای کوردی کردووە کە سیمایەکی ژن کوشتن بەخۆوە بگرێ و پیاوی کوردیش بە ژن کوژ ناوزەد بکرێت. ئایا دیاردەی ژن کوشتن لە کوردوستان و لە لایەن پیاوی کوردەوە هۆیەکەی سیاسییە و کێشەی نێوان سیستەمی عیلمانی و ئایینە، کێشەی نێوان سیستەمی ڕاست و چەپ و کۆمۆنیستی و لێبڕالییە یان هۆیەکەی کۆمەڵایەتییە و پەیوەندی بە کەلتوورەوە هەیە؟ یان ئەوەتا هەموو ئەو هۆیانە بە یەکەوە بەشدارن لە ڕاهێنانی ئەم پیاوی کوردە لەسەر ژن کوشتن؟ یان ئەوەتا هۆیەکەی تەنها سیستەمی سەرمایەدارییەو هیچ دوورتر بۆی مەڕۆ؟ ئایا ئەم دیاردەی ژن کوشتنە هەر پەیوەندی بە پیاوی کوردەوە هەیە یان ئەوەتا پیاوی نەتەوەو ڕەگەزەکانی تریش لەسەر هەمان ڕێچکەن؟ بە بڕوای من هۆیەکەی هەر کامێکیان بێت و یان هەموویان بە یەکەوە بەشداربن ئەوەندە گرنگ نییە بە قەدەر ئەوەی کە ئەو بابەتە پەیوەندیدارە بە خودی ژنان خۆیانەوە. واتە بەرگرتن بە دیاردەی ژن کوشتن دەتوانرێت لە کوردوستان کۆتایی پێ بهێنرێت یان بەری پێ بگیرێت ئەگەرژنان خۆیان بە کرداری هەبن و بیکەنە ئەرکی دەستبەجێی خۆیان.
بە بڕوای من، سیستەمی سیاسی و دەسەڵات هۆی ڕاستەوخۆن لە هێشتنەوەو کۆتایی پێ نەهێنانی دیاردەی ژن کوشتن لە لایەن پیاوەوە. حکومەت ئەگەر بە ڕاسستی و بە کرداری بیەوێت، نەک هەربە قسە لە بۆنەکان و 8ی مارس دا دژی ژن کوشتن بێت، بە دڵنیاییەوە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت ژن کوشتن کۆتایی پێ بێت. ئەویش بەیەک هەنگاوی زۆر سادە، بەڵام ئازایانە، ئەویش بەسزاگەیاندنی دەستبەجێی ژن کوژان. حکومەتی هەرێمی کوردوستان زۆر بە کەمی سزای ژن کوژانی داوە. زۆر جاران حیزبە دەسەڵاتدارەکان کە دەسەڵاتیان لەسەرووی حکومەتەوەیە هۆکاری سەرەکین لە هێشتنەوەی دیاردەی ژن کوشتن. چونکە ئەوانن و بەرپرسەکانی نێو ئەوانن کە داڵدەی ژن کوژان دەدەن و دەیان شارنەوەو لە یاسا دەربازیان دەکەن.
بۆیە بە بڕوای من، ئەرکی پاراستنی ژنان لە کوشتن و سوکایەتی پێکردن و ماف پێشێلکردنیان دەبێ ڕاستەوخۆ بکرێتە ئەرکی خودی ژنان خۆیان. من تێدەگەم کە ئەوە ئەرکی کۆمەڵگایە بە پلەی یەکەم و سیستەمی حوکمڕانییە بەڵام ئەوەتە داروبەرد شاهیدە کە نە حکومەتەکەو نە کۆمەڵگایەکەش وەک پێویست لە پەنای ژناندا ڕاناوەستن، بۆیە هەر دەبێ ژنان خۆیان بیکەنە ئەرکی ڕاستەوخۆی خۆیان. دەبێ ژنان خۆیان بێنە مەیدان و خۆیان بپارێزن لە پیاوان و کۆمەڵگای ژن کوژ. ئەگەر ژنان خۆیان هەبن پیاوی ئازادی خوازیش بەشی ئەوەندە هەیە لە کۆمەڵگای کوردیدا کە پشتگیری لە ژنان بکات. بەڵام ئەوەی کە تێبینی کراوە ئەوەیە کە موعادەەلەکە پێچەوانەیە. ئەویش ئەوەیە کە هەمیشە هەر پیاو بوون کە دەستپێشخەرییان کردووە لە دیفاع لە ژنان و هەر پیاوان بوون مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ڕێکخستووە و ئینجا ژنانیش پەیوەستبوون پێیانەوە. دەبوایە ژنان خۆیان ئەم کارە بکەن و چاوەڕێ بن پیاوی ئازادیخوازیش پەیوەست بن پێیانەوە. ئەم کارو هەڵوێستەی ژنان تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت غائیبە.
کەواتە با گرفتەکە ڕاستەوخۆ ببەستمەوە بە ژن خۆیەوەو با گلەیی و ڕەخنەکانیشم ڕاستەوخۆ ئاراستەی ژنان خۆیان بکەم. بە بڕوای من، ئەوەی کە لە کوردوستان دەگوزەرێ لە دژی ژنان و تائێستا پیاو بۆی لواوەو سیستەمە سیاسیەکەش دووفاقانە مامەڵە لەگەڵ کوشتنی ژناندا دەکاو هیچ ئاماژەیەکیش لەگۆڕێدا نابینرێت کە ئەم تاوانکاریە بەدژی ژنان کۆتایی پێبێت، بەشی زۆری هۆیەکەی سستی و ناچالاکبوونی ژنان خۆیانن لەوبوارەدا.
ئەوەی کە کراوەو دەکرێت کە گوایە دیفاع لە ژنان دەکرێت، بە بڕوای من، هەمووی هەر وتاری ئینشائیانەی سەر کاغەزەو لە بۆنەکاندا پێشکەش دەکرێ و بەس. بۆ نموونە ڕێواز فایەق ، سەرۆکی پەڕلەمانی کوردوستان ، لە ڕۆژی 8ی مارسی ئەمساڵدا وتی: شەوی ڕابردوو زۆر بیرم کردەوە بەڵام لە ڕووم نەهات ڕاگەیەندراو بۆ ٨ی مارس بڵاوبکەمەوە” لە وتارەکەیدا کە دیارە ڕوودەکاتە دەسەڵات و خۆشی بەشێکی سەرەکییە لەو دەسەڵاتە، بەڵام ژنە نەک پیاو، دەڵێ :” 8ی مارس بە هەموو وتارو بۆنەو ئاهەنگەکانیەوە بۆ خۆتان، بەڵام ڕۆژەکانی تری ساڵ بە ژنانی وەڵاتەکەم و هەرێمەکەمان. بماندەنەوە بەبێ هەڕەشە، بەبێ مەترسی لەسەر ژیانمان، لەسەر کەڕامەتمان، لەسەر کارمان ، لەسەر هەڵوێستمان،”. لێرەدا بە بڕوای من، سەرۆکی پەڕلەمان کە سەرۆکی دەزگایەکی هەرێ گەورەی بڕیاردانە لە کوردوستان بەم شێوەیە قسە بکات و داوا بکات، کە لە پاڕانەوە دەچێت، هیچ شتێک ناگەێنێت بێجگە لە بێتوانایی و بێئیرادەیی و بێهومێدی ژنان لە کوردوستاندا. ژنان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پیاودا لە هەموو بوارو جومگەکانی ژیاندا خنکێنراون و بێتواناو بێ ئیرادە کراون. ئەگەر سەرۆکی پەڕلەمان کە ژنە بەم شێوەیە قسە بکات دەبێ گەلۆ ماریاکان چی بکەن؟.
ئەم ماریایەی کە دوێنێ لە هەولێر کوژرا، بە بڕوای من ئەم ماریایە نە یەکەمینەو نە دواهەمینیش دەبێ. ئەم ماریایەی کە لە هەولێر کوژرا هەزارەمین ماریایە کە لە کوردوستاندا بەدەستی پیاوان دەکوژرێن. گۆڕستانی پڕ لە ماریای کوژراو بەدەستی پیاوان و چەندین ماریاش هەن کە بێناوونیشانن و گۆڕستانی تایبەتیان بۆتەرخانکراوە. ئایا دەبێ ئەم کۆلمەڵگایەی کوردوستان چ ناوێکی لێ بنرێت؟ ئایا باشە پێی بگوترێت: کۆمەڵگای پیاو سالاری، یان نێر سالاری، یان نێو گەڵ پارێزی؟ بە بڕوای من نێوگەڵ پارێزی پڕاوپڕی خۆیەتی. چونکە زووربەی زۆری ئەو ژنانەی کە کوژراون پیاو کوشتوونی و لەسەر شەڕەف و نامووسیش کوشتوونی. شەڕەف و نامووسیش لە کۆمەڵگای کوردوستاندا بە لای پیاوانی کوردوستانەوە بە مانای ناوگەڵی ژنان دێت. شەڕەف و نامووس لای ژن کوژەکانی کوردوستان نیشتیمان فرۆشتن نیە، گیران لەسەر دزی نییە، لە سەر چەتەیی و ڕاوەڕوت کردن نیە، لەسەرفێڵکردن و خەیانەت لە خەڵک وهەژاران نیە، لە سەر گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی نەتەوە نییە، لە سەرجاسووسی و نۆکەرایەتی وخۆش خزمەتی بۆ داگیرکەرانی کوردوستان نییە، بەڵک و لای ئەو ژن کوژانە شەڕەف و نامووس تەنهاو تەنها ژنەکانیانن، خوشکەکانیانن، دایکیانن، و مێینەی ناوکۆمەڵگاکەیانن. واتە ئەو پیاوانە دەبێ هەمیشە ئاگایان لە پاراستنی نێو گەڵی مێینەکان بێت. پاسەوانانی نێو گەڵن نەک پاسەوانانی نیشتیمان وکوردو وەڵات و نەتەوەو خاک و ئاو.
هەر بۆیەش، بە بڕوای من، دەبوایە ئێستا ژنانی کوردوستان بە گشتی و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و خانمان و دەیان ناوی تری ژنانە لەگەڵ بوونی هەزاران چالاکوانی ژنی نێو بواری ژنان هەموو شەقام و کوچەو کۆڵانەکانی شارەکانی کوردوستانیان پڕکردبایەو بهەژاندایە. دەبوایە ئێستا بچووبانایە بەردەرگای بەرپرسە حیزبی و حکومیەکان و تەنانەت بەردە بارانیشیان بکردبانایە. بەڵام بەداخەوە تەنها لە ناو شاری هەولێر چەند ژنێک لە ژێرناوی چالاکوان و ڕێکخراوی ژناندا کە ژمارەیان لە 10 تا 15 کەسێک تێپەڕی نەدەکردو بە چەند لافیتەیەک هاتبوونە سەر شەقام و تا ئێستا هیچی تر بەدی ناکرێت. لە سەر یەکێ لە لافیتەکان نوسرابوو: ساڵی پار 15 ژن کوژراوە”. بەڵام بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێ ساڵی پار 24 ژن کوژراوەو پەڕلەمانتارێکیش وتی هەر ئەمساڵیش تائێستا 11 ژن کوژراوە. دیارە هیشتا ماریای تەمەن 20 ساڵ نەخراوەتە ناو لیستەکە. بۆیە قسەی من ئەوەیە کە ئەگەر ژنان خۆیان بەدەستی خۆیان نەیەنە مەیدانی بەرەنگاری لە خۆیان ئەوە با دڵنیابن کە ماریا کوشتن کۆتایی نایەت و بۆی هەیە هەر بەرەوسەر بڕوات.
ئەوەی کە تێبینی کراوە و دەکرێ ژنان وەک پێویست بەرەنگاری لە خۆیان ناکەن و نە بەرەنگاریش لەو پیاوانە دەکەن کە لە پێناوی پاراستنی ژناندا ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە. بۆ نموونە دەبوایە ژنان لە سەرتاسەری کوردوستاندا بهاتنایە سەرشەقامەکان و مانگرتن و خۆپیشاندانیان کردبایە ئەو کاتەی کە نەقیب محەمەد لەتیف شەهید کرا. نەقیب محمد شەهید کراو سێ پۆلیسیش بە خەستی بریندار کران لە پێناوی پاراستنی ئەو ژنانەدا شەهیدو بریندار کران کە ژیانیان لە مەترسیدا بوو. نەقیب محەمەد ژیانی خۆی کردە قوربانی پاراستنی ژیان و مافی ژنان.
دیسان تێبینی دەکرێت ژنان چاوەڕێی پیاوانن ئەو کارەیان بۆ بکەن. بە بڕوای من ئەمە خەونێکەو قەت نایەتەدی بەتایبەتی لە سەردەمی ئێستادا کە سیستەمی سەرمایەداری لەئەوپەڕی ئەوجی خۆیدایە. بۆچی دەبێ ژنان چاوەڕێی چالاکوانانی پیاو بن بەرەنگاری لە مافی ژنان بکەن، بۆچی دەبێ ژنان چاوەڕێی نووسەری پیاوبن لە جیاتی ژن بنووسێت و لە نووسینەکانیاندا بەرەنگاری لە ژنان و مافەکانیان بکەن؟ بۆ چی دەبێ ژنان بۆ هەموو ئەو ناداد پەروەریەی کە لێیان دەکرێت چاوەڕێی مەڕحەمەتی پیاوان بن کە بارودۆخەکەیان بۆ باش بکەن؟ بۆ چی دەبێ ژنان چاوەڕێ بن چالاکوانانی پیاو مانگرتن و خۆپیشاندانەکان ڕێکخەن بۆ ژنان و ژنانیش هێواش هێواش تاق و تەرا بەدوا پیاوانەوە دەرکەون؟
ئایا ژنان چیان کەمە لە پیاوان؟ ژنان لە کوردوستاندا بە دڵنیاییەوە بە ژمارە لە ژمارەی پیاوان زۆرترن، دەرچوانی ژن لە زاکۆکان ئەگەر لە پیاوان زۆرتر نەبن کەمتر نین، ژنانی خاوەن بڕوانامەی بەرزی وەک ماستەرو دوکتۆراو سەروو تریش چی وایان لە پیاوان کەمتر نین، ژنان لە دەسەڵاتدان و لە نێو حکومەت و پەڕلەمان دان، ژنان پلەی باڵایان لەناو حیزبەکاندا هەیە، ژنان ڕێکخراوو یەکیەتی و نەقابەی خۆیان هەیە. ژنان نووسەرن، شاعیرن، ئەندازیارن، مامۆستان، دوکتۆرن، شوفێرن، کرێکارن، سیاستەمەدارن. بۆیە بەبڕوای من، نەدەبوو ژنان بەو بێ هێزی و بێ دەسەڵاتیەی خۆیان ڕازی ببن و بە بەرچاویانەوە هەموو ڕۆژێک ماریایەکیان لێبکوژرێت بەدەستی پیاوانی ژنکوژی نێوگەڵ پارێز.
بۆیە دەبێ ژنان هەر خۆیان بەدەستی خۆیان بارودۆخی خۆیان خۆش بکەن. دەبێ هەر خۆیان ڕاستەوخۆ ببنە هۆی چوونە ناو شوێنی بڕیارو بەڕێوەبردنی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کارگێری وەڵات. دەبێ لە پاشکۆیەتی پیاو بێنەدەر. چۆن دەبێت ژن خۆی وەزیر بێت و ئەندامی سەرکردایەتی حیزبێک بێت و پلەی باڵای هەبێ لە حکومەت و کارگێریدا کە چی هێشتا نەتوانێ لەبەرامبەر پیاوەکەیدا، دیارە بە هیچ شێوەیەک مەبەستم درووستکردنی ئاژاوە نییە لە نێو خێزان و نێوان ژن و مێردا. تەنها مەبەستم ژنە کە ئەویش یەکسانە بە پیاو، تەنانەت جۆری خوارنێک کە خۆی ئارەزووی دەکا بۆ ژەمێکی نان خواردن دیاری بکا؟ ئەمە پرسیارێکەو دەبێ ژنان خۆیان وەڵامی بدەنەوە.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت