دانا مەنمی: موشەکەکانی ئێران و بەئامانجگرتنی هەولێر.

زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکاو بەشێکیش لە وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئەو باوەڕەن کە چالاکی و هێزی مووشەکی ئێران بووەتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە، هەڵبەت ئەو نیگەرانیەی وڵاتانی ڕۆژئاواو ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بێ هۆنییە و بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئێران لەگەڵ تاقیکردنەوەی موشەکەکانیان هۆشیاریان داوەتە وڵاتانی ناوچەکە لەئەگەری مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئیران وەڵامدانەوەی خێراو توندیان دەبێت، ئێران لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەی لەگەڵ عیراق لە دەیەی هەشتاکان سەرقاڵی دروستکردنی موشەکی هەمەجۆرە بە شێوەیەکی بەربڵاو وپەرەی باشی بە توانا سەربازیی و لۆجستییەکانی وڵاتەکەی داوە ، زنجیرە موشەکەکانی (شەهاب 3،2،1  – سجیل 1،2 – قیام – زلزال 4،3،2،1 خوڕەمشار-کەنداوی فارس – فاتیح- عیماد – عاشورا- نازعات – فەجر- قەدر) چەندین جۆری تر توانای بڕینی زیاتر لە ( 2500)کیلۆمەتریان هەیە و ئامانجەکانیان بپێکن ، سەرباری ئەوەی بەشێک لەو موشەکانە ئێران تاقی نەکردونەتەوە ، لەپاڵ ئەم مووشەکانەدا خەمی گەورەی ئێرانیەكان خەمی پاراستنی رژێمەیەكەیانەو هەندێكجارسەركردەكانی ئێران بەلایانەوە باشترە هەر خۆیان دەستپێشخەری شەڕ بن و چاوەڕێی قەدەر نەكەن! ئێران بە ئاشکرا بە ئەمریکاو ئیسرائیلی گوتووە لە ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێك لە ئەگەرەكان و شەڕی مان و نەمان دەکەن و لە رێگەی مووشەكی مەودا نزیك و مامناوەندوە دەتوانن بە قەدەر كاریگەریی چەندین بۆمبی ئەتۆمی هێرش بکەنە سەر دوژمنەکانیان.
هێرشە مووشەکییەکانی شەوی شەممەی ڕابردوو بۆ سەر هەولێرکە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیەکەی گرتە ئەستۆ ، هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی لەدایکبوونی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسکە لە 11ـی ئازاری ساڵی 1957 لەدایکبووە ، بەڵام لە ڕاگەیەنراوێکدا سوپای پاسداران رایگەیاندووە کە هێرشەکە بۆ سەر ناوەندە گرنگەکانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل بووە لە هەولێرو دوای ڕاگەیەنراوەکەی سوپای پاسداران پێگەی ڕۆژنامەی (هائارێستی ئیسرائیلی) لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد کە موشەکەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر ناوەندە گرنگەکانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج و تێکیشکاندون. دوا بە دوای هێرشەکان ئەمریکا هاتە سەرخەت و ڕایگەیاند ؛ موشەکەکانی ئێران ئاڕستەی ئێمە نەکراوە. بە ئامانجگرتنی هەولێر لە لایەن ئێرانەوە بێهۆ نییەو ئێران نیگەرانە لە جوڵە سیاسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ، ئەم هێرشانە هەم ڕەهەندی نێوخۆیی هەیە و هەمیش ڕەهەندی ئیقلیمی.
رەهەندێکی ئەم هێرشەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر ئیقلیمییە و لەپاڵ تێکشکاندنی ناوەندە ستراتیژەکانی هەواڵگری ئیسرائیل لە هەولێر پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پرسی گازی سروشتییەوە هەیە کە پارتی دەیەوێت لەدەرەوەی کۆدەنگی و ئیجماعی سیاسی و یاسایی خەڵکی کوردستان و لە دەرەوەی دەستوری عێراق هاوشێوەی نەوتەکە هەرزانفرۆشی بکات، ئاخر هەناردەکردنی نەوت و ڕێکەوتنی پەنجاساڵی نێوان پارتی و تورکیا دەرهاویشتەی خراپی بۆ خەلکی کوردستان لێکەوتووەتەوە و جگە لەپارتی هیچ کەس و لایەنێک لەووردەكاری و شێوازی گرێبەست و وەبەرهێنانی ئەم نەوتە ئاگادار نییە سودی بۆ خەڵکی کوردستان تێدا نەبووە ، نزیکبونەوەی زیاتری پارتی لە تورکیا بۆ هەناردەکردنی گازی سروشتی ئێرانییەکانی نێگەران کردووە.
ڕەهەندێکی تری ئەم هێرشە بۆ سەر هەولێر نێوخۆییە و پەیوەستە بە هاوپەیمانێتیەکەی پارتی و ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە، کە بڕیار بووە ئەم هەفتەیە لەسەر پرسی کابینەی نوێی حکومەتی عیراق و پرسی سەرۆککۆماری عێراق کۆببنەوە ، هاوپەیمانەتییەکەی پارتی لەگەڵ ڕەوتی سەدرو عەرەبی سوننە (حەلبوسی و خەنجەر) لە پێناوی ئاشتی و پێکەوە ژیانی هیزە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکان و پرۆسەی چاکسازی ڕاستەقینە لە عیراق بونیاد نەنراوە، دیوێکی ئەم هاوپەیمانەتیەی پارتی لەناوبردنی یەکڕیزی کورد بوو لە بەغدادو لە دەرەوەی ئیررادەو ویستی گەلی کوردستان ژێربەژێر ڕێکەوتنەکە ئەنجام دراوە کە تاکە ئامانجی پارتی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقە ، بەڵام لەناو ئەم هاوپەیمانەتیەدا ستراتیژی ڕەوتی سەدر کار لەسەر بنبڕکردنی گەندەڵی و دژایەتی کردنی فەسادی ئیداریی دەکات لە عێراق دا و ئەمەش تەواو ناکۆک و دژ بە ستراتیژی پارتییە لە بەغدادو لەم بوارەدا پارتی و نوێنەرەکانی پارتی غەرقی گەندەڵی و فەسادی ئیداریین و ناتوانن دەستبارو هاوکاری ڕەوتی سەدربن بۆ ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران ، دواجار ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان تێوەنەگلێت لە گەمەی نابەجێی سیاسی و هەڵەی ستراتیژی پارتی کە هەرجارەو دەست لەگەڵ بەرەیەکی ئیقلیمی دژ بە وڵاتێک تێکەڵ دەکات نەبێتە مایەی ماڵوێرانییەکی تر بۆ سەر خەڵکی کوردستان.

دانا مەنمی