دانا مەنمی: پارتی و تێکدانی ئارامی سلێمانی.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

پێگەی تایبەتی سلێمانی زادەی مێژوویەکی دورودرێژە کە پەیوەندی بە سەنگ و قورسایی ئیرادەکەیەوە هەیە کە تا ئێستا هیچ رژێمێک نەیتوانیووە بۆ چرکەیەکیش دەستەمۆ بکات، کاتی خۆی عوسمانییەکان بۆ ئەوەی سلێمانی بچەمێنن لەپەیمانی ئەرزڕۆمی دووەمدا بەشێك لە ولایەتی بەسرە دەبەخشن بە قاجارییەکان، بەڵام سلێمانیان بۆ ناچەمێت و دەستەمۆ نابێت، دواتریش لە سەردەمی ڕژێمی بەعس دا سەدام حوسێن لەبارەی سەرکەشی سليمانییەوە دەڵێ؛ ئاسمانی هەموو پارێزگاكانی عێراق ساماڵە، تەنیا سلێمانی ئاسمانەكەی هەور و غوبارە. هەمیشە سلێمانی دەستپێشخەر و پێشەنگی یاخیبون و نارازی و نۆژەنکەرەوەی شێوازەکانی بەرهەڵستی و خۆراگری بووەوخۆی نەچەماندووەتەوە، سلێمانی لە هونەری ململانێ سیاسیدا ئارامگرو حەوسەڵەدریژەو چاوەروانی ساتی گونجاوبووە بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین، سلێمانی قەڵغانی بەهێزو هێزی مانەوەی ناسنامەی کوردایەتی و کوردبوونیشە، بەڵام مرۆڤەکانی ناو ئەم شارە نازانن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان هانا بۆ کێ بەرن؟ و لەگەڵ کێ قسە بکەن؟! بەرپرسیارەتی و خاوەندارییەتی سلێمانی لای کێیە؟!
جارێ ئەوەی کە پارتی بە سلێمانی کردووە و ڕژێمی بەعسیش نەیتوانیوە بیکات، پارتی بە درێژایی حەفتا ساڵی تەمەنی خۆی خاوەن پێگەیەکی ئەوتۆ نەبووە لە سلێمانیدا، مەلا مستەفا بۆ ئەوەی سلێمانی کۆنترۆڵ بکات هاوسەرگیرییەکی سیاسی بۆ ئیدریس بەرزانی ئەنجام ئەدات و کچێکی حەمەی ئەورەحمان ئاغای سلێمانی لە ئیدریس بەرزانی مارە دەکات کە دەکاتە دایکی نێچیرڤان بەرزانی، بەڵام دیسانەوە ئەم پلانەی مەلا مستەفا وەکو پلانی عوسمانییەکان بۆ دەستەمۆکردنی سلێمانی شکست دەهێنێت و سەرکەوتوو نابێت.
ساڵانێکە پارتی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە فەرمی و نافەرمییەکانیەوە، لە ڕێگەی هەندێک فەریکە ڕۆشنبیر و نوسەری دەربارەوە سلێمانی وەک شارێکی بێخاوەن و مەنبەعی سیاسەتی ئێرانی دەشوبهێنێت کە ئەمە دیوێکی ئەو هێرش و پەلاماردانە ناڕەوایەی پارتییە دژ بە شاری سلێمانی، دیوێکی تری پەلاماردانی پارتی کایەی ئابورییە کە پارتی لە ڕێگەی حکومەت و بەتایبەت لە کابینەی نۆیەمدا بە پلان و بەرنامە سلێمانیان پەراویز خستووە و پێشکەوتنەکەی هەولێریش هەر لەسەر حسابی سلێمانی بووە، پارتی بە حوکمی ئەوەی سەرچاوەکانی هێزی ئابوری کوردستانی لە ژێر دەستدایە بەردەوام پارەو سامانی گشتی وەکو هەڕەشە دژ بە سلێمانی بە کاردەهێنێت لە ڕێگەی پێنەدانی ماف و ئیمتیازات بە شارەکە، کە دواجار ئەو سزا سیاسی و ئابورییەی پارتی‌، تەنها لەبەرئەوەی خەڵكی سلێمانی پارتیان قبوڵ نیە.
لەپاڵ پەراویزخستن و هێرشی میدیایی چەواشەکاری پارتی دژ بە سلێمانی هەوڵێکی تری پارتی تێکدانی ئارامی خەڵکە لە لایەن دروستکردنی هێزی چەکداری حیزبی لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی، مەسەلەن پارتی لە سلێمانی (هێزی خەبات )و لە چەمچەماڵ (فەوجی عەبدوڵای کویغا موبارەک ) ی هەیە، بە داخەوە تائێستاشی لەگەڵ بێت کار بە یاسای ئەحزابی ژمارە 17ی ساڵی 1993 نەکرا خۆئەگەر کار بەم یاسایە بکرایە بە گوێرەی ماددەکانی 3 و 5 و 9و 12 و15 رێگەنادات حزبەکان هێزی چەکدار و نیمە چەکداریان هەبێت، بەڵام پارتی لەپاڵ هەبوونی یاسایی قەدەغەکردنی هێزی چەکدار خۆی دانەماڵیووە لە چەک و لە هێزی چەکدار بەڵکو هەر جارەو لە ژێر ناوێکدا هێزێکی چەکدار لە دەرەوەی شەرعییەتی یاسایی بۆ نەیارەکانی قوت دەکاتەوە، مەسەلەن لەشکری ڕۆژ لە ساڵی 2012 لە سەر دەستی مەسعود بەرزانی پێکهێنران ولە بنکەکانی بنەسڵاوەو باشیک ڕاهێنانیان پێكراوەو ژمارەیان شەش هەزار کەس دەبێت، پارتی ساڵی 2017 لەشکری ڕۆژ لە ڕێگەی سحێلاوە دەنێرێتە سنونێی و شنگال و هێرش دەکەنە سەر خانەسۆر کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندایە، ئەمە یەکەمین ئەزموونی تاقیکردنەوەی لەشکری ڕۆژ بوو کە پارتی دژ بە گەریلا و ڕۆژ ئاوا تاقیکردەوە.
پارتی لەدوای ڕووداوەکانی 17ی شوباتی 2011، وە پلانی بە سەربازگەکردنی شاری سلێمانی داڕشتووە، چەند ساڵێک دوای شۆڕشی 17ی شوبات پارتی بە بیانوی پاراستنی بارەگاکانی هێزێکی زێرەڤانی کە ژمارەیان هەزار کەس دەبێت لە سلێمانی جێگیر دەکات، پارتی چەند ساڵێکیشە هێزی خەباتی دروستکردووە کە پێکهاتووە لە چوار بەتالیۆن و لە ناو بارەگاکان جێگیرکراون، بۆ ئەمساڵیش ئاشنا بووین بە هێزێکی تری چەکدار لە دەرەوەی شەرعییەتی یاسایی کە ئەویش (هێزی عەبدوڵای کوێغا موبارەک) ە هەموو ئەم هێزانەی پارتی لەدەرەوەی شەرعییەتی یاسایین و نیشتیمانی نین ، ئەم هێزانە هێزی حیزبن و دەچنە خانەی میلیشیاو پێناسەی میلیشیا دەیانگرێتەوە، چونکە ئەم هێزانە بەویستی حیزبی و شەخسی بەكار دەهێندرێن و سەدان بندیواریان هەیە، ئەوەی لە سلێمانی بژی ئەو ناسەقامگیرییە دەبینێ کە پارتی لە ڕێگەی هێزی چەکدارو چه‌قۆكێشەوە خولقاندوویانە و دوای هەموو کوشتنێکیش بانگێشتت دەکەن بۆ سوڵحی عەشایەری! پارتی لەم شارەدا باخاوەنی “فیرقه‌ و لیوا” و “فه‌وج و سریه‌”و چه‌ته‌خانه‌ و میلیشیاخانه‌ بێت، باوەکو هۆلاکۆ پەلاماری گەرەک و شەقام و مێژوو خەڵکەکەی بدات، با کلکی رێوی سیخوڕی تورک و کەواسوورەکەی پارتی ئارامی سلێمانی تێکبدەن،گرنگ ئەوەیە پارتی لە ئەمڕۆ و دوێنی و سبەینێت ئەترسێت و تۆ هەر بەپێوە دەوستێ و پارتیش وەک هەمیشە خۆیانت بۆ دەچەمێنن.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت