بەهمەن تاهیر نەریمان: نەورۆز بەتامی سەلەفیزم.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

لەمڕۆدا، دەرگیری جۆرێک لە دیندارین، کە ڕوبەری حەرام فراوان و فراونتردەکات، ڕوبەری حەڵاڵ و ڕێپێدراو تەسک و تەسکتردەکاتەوە. لە ڕابردوودا، ئەم دیدە بە “ئەهلی خەبەر” ناسرابوون، ئەمانە دەقخواز و دەقپەرستبوون، بۆ ئەوەی ئەم دیدە ببێتە ڕێبازێکی تۆکمە، پێویستی بەوە هەبوو، مەودای دەقی پیرۆز فراونبکات، ئەوەش لەڕێی نوسینەوەی زۆرینەترین فەرمودە و پاڵدانی بە پێغەمبەری ئیسلامەوە کرد. لەلایەکی تریشەوە، لەڕێی پێوانە(قیاس)ـەوە، دەق ڕۆژانە فراواندەکرا-فراواندەکرێت، ئیتر مەودای حەرام فراوندەکرا-دەکرێت. گوتاری دینی ئالێرەوە ناتوانێت ڕێز لە فرەڕەنگی و فرەزمانی و فرە کلتووری بگرێت. ئەم قوتابخانەیە، ئەقڵ وەک بەڵای سەر و ئەقڵانیبوون وەک هاوواتای کافربوون دەبینن، بەسە بۆ تۆ پێت بڵێن کەسێکی ئەقڵانی و حەداسییە!
فراوانبوونی ئەهلی خەبەر و دەق، ڕێک پەیوەندیی بە ئەقڵی تەڵقینی و جوینەوە و بیرنەکردنەوەوە هەیە، تا ئەقڵی داهێنەر لەناومان کزبێت، ئەقڵی”ئەگەر بە جۆرێک لە ئەقڵ ناوی ببەین!”ـی ڕوکارخواز و دەقخواز فراوانتر و زاڵتر دەبێت. هەر لێرەشەوە دەتوانین لەوە بگەین پەروەردەی تەڵقینی و ئەهلی خەبەر چۆن یەکتری تەواودەکەن و پەروەردەی ئێستای قوتابخانە، خوێندگە، زانکۆییمان، تەواوکەری ئەقڵی خەبەرین، چونکە تەڵقینین، لەوەش دەگەین، زانکۆ، وەک دەزگایەکی مۆدێرن، بۆ سەلەفیزم لەناوخۆیدا بەرهەمدێنێت!
لەبەرانبەر ئەهلی خەبەر، ئەهلی ڕا هەبوو، ئێستا لە گیاکەنشتدا نییە، بەڵکو لە لاوازترین قۆناغی خۆیدایە، ئەم قوتابخانەیە ئەقڵیان وەک پێدراوێکی ئیلاهیی مەزن سەیردەکرد. دیدی زیندوو، کە مەبەستەکانی شەریعەت دەکات بە پێوانە، لەبەردەم هەژموونی ئەهلی خەبەردا، لەم ڕۆدا لە ترۆپکی لاوازیدایە. ئێستا ئەهلی خەبەر، بریتییە لە سەلەفیزم، سەلەفیزم بەهەموو ڕێباز(مقاربة- Approach) و لقەکانییەوە، دەق دەکاتە پێوانەی یەکلاکەرەوە، لای ئەم جۆرە قوتابخانەیە گفتوگۆی ئەم پرسانە هەرگیز کۆتاییان نایەت، هەمیشە لەناو گفتوگۆیەکی بێزنتیانەو سەفسەتەدا دێت و دەچێت، هەر بەم سەفسەتە نەبراوەیەش دەژی.
لەناو ئەهلی ڕادا، پرسێکی وەک نەورۆز، یەکلاکردنەوەی زۆر ئاسانە و ناخرێتەناو چێوەی حەڵاڵ و حەرامەوە، بەڵکو مەبەستی جەژنەکە یان ئاهەنگەکە لێکدەدرێتەوە، کە دەزانێت لە پەرستن و خواداناسی و خوداداریدا، هاوەڵپەیداکردنی تێدا نییە، کە دەزانێت بۆ چیژو جەژنی بەهار و خۆشییە، کە دەزانێت لای گەلی ژیردەستە، وزەی مانەوەو و بەرگرییە، کە دەزانێت وزەی مانەوەی یەکێک لە بەڵگەکانی خودایە کە زمانە، ئیتر خەریکی قال و قیلی زیاتر نییە و ڕێزی لێدەگرێت. گوتاری دینی ئالێرەوە دەتوانێت ڕێز لە فرەکلتووری و فرە زمانی و فرە ڕەنگی بگرێت.
لەڕابردوودا، لەناو کورداندا، ئەهلی ڕا و مەبەست، بەهێز و پتەو بووە، زۆرینەی زانایانی کورد، سەر بەم قوتبخانەیە بوون، بۆیە گونجاندنی دین و نەورۆز، دین و ئاهەنگەکانی کوردەواری، لەگەڵ گوتاری دینی باودا بەیەکیاندا نەداوە، بەڵکو یەکترییان تەواکردووە. هەر لەم دیدەوەیە، مەلای گەورە، شێخی خاڵ، جەنابی مودەریس بەرگریی لە نەورۆز دەکەن و بەرزی دەنرخێنن. کێ لە شیعرێکی کلاسیکیدا بینیویەتی نەورۆز پرسێکی دینی بێت؟!
ئەو هەڵا نەبڕاوەی ئەمڕۆ لەسەر نەورۆز هەیە، ئەو هەڵایەی کە زۆر خەڵکی لە چێژی ڕۆژە سەرەتاییەکانی بەهار بێبەشکردووە، لە ئێستادا ئەوەندە گەورە بووە، نەک ناشاردرێتەوە، بەڵکو هاتووەتە ناو زۆرینەی ماڵەکانمانەوە. هەر ئەوە نییە لەناو سەلەفییەکدایە کە خۆی بەسەلەفی دەزانێت و لەدوای مەلایەکی سەلەفییەوە نەبێت نوێژناکات، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ ناو کۆی حزبە ئیسلامییەکان و لەوێشەوە، نەرمنەرم هاتۆتە ناو حزبە خۆبەنەتەوییزانەکانیشەوە، لانی کەم ئێستا، زۆر لەوان خۆ لەوە دەبوێرن نەورۆز جەژن بێت، پێیان وایە ئاهەنگ و بۆنەیە. ئیتر بەرە بەرە، ئەهلی خەبەر ئیشی خۆی دەکات، لە داهاتودا زیاتر لەناو ئەم بیرکرنەوەدا خۆی نمایشدەکات، تا دەگات بە تامی حەرامرکردن.
هۆکارەکە ئەوەیە، خەریکە لەناو کوردی باشووردا، ئەهلی خەبەر لە وێنە سەلەفییەکەیدا دەبێتە گوتاری فەرمی و ستاندارد، خەریکە دیندارە کوردەوارییەکە کە نزیکبوو لە ئەهلی ڕا و مەبەستەوە، تەواو دێتە دواوەو وەک غەوارەی لێدێت. ئەمەیە سەلەفیزم، لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەیدا، وردەوردە دێت و ئاوەزمەندیی تاک و کۆ داگیردەکات و کاری خۆی دەکات، دیندارییە کوردەوارییەکەش بۆتە زۆڵەک!
ئەو پوچگەرایی و نابەرپرسیارێتییەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەناو تاکی کوریدا چاندویەتی، تەواکەری سەلەفیزم و ئەهلی خەبەرە، دژی یەک نین، یەکتری تەوادەکەن. بەو بێباکییەی تاکی کوردستانی بەرانابەر بە پرسە هەقیقییەکانی خۆی تێی کەوتووە، ئەوە کردنەوەی دەروازەیە بەڕووی هوروژمی سەلەفیزمدا؛ تا بێت و هەموو بستێکی ژینمان، بە ئارەزوی خۆی، بە حەرام بتەنێت و هەموو شتێک بارگاوی بکات بە ئەقڵی خۆی.
سەلەفیزم و ئەهلی ڕا، لە تەکفیری هەموان دژی هەموان تەواونابێت، دەستدەکات بە تەکفیرکردنی خۆی لەناو خۆیدا، وەک تەکفیرکردنی کەسە یەکەمەکەی مزگەوتی بەهەشت و دەرکردنی لە بەریتانیا، ئەمە پێکدادانی لێکچونەکانی سەلەفیزمە نەک جیاوازییەکانیان، ئەمیش بە نۆرەی خۆی ئەوان کافردەکات. ئیتر کافرکردن و تەسککردنەوەی ژیان بە نەورۆز و خۆشییەکانەوە ناوەستێت، دێت و دەگەڕیتەوە بۆ ئەو سەرەتایەی کە پێی وابوو لەپێکردنی قۆندەرە حەرامە، پێی وابوو کارکردن بە ئامێری چاپ حەرامە و کاری فەڕەنگە(عەلی وەردی لە کتێبی لمحات اجتماعییة من تاریخ العراق الحدیث، بەرگی سێ باسی ئەم پرسانە بەدرێژی دەکات)، پێی وابوو خویندنی مۆدێرن حەرامەو لە ئێراقدا نەیان دەهێشت خوێندنی مۆدێرن، لەناو موسڵمانەکاندا بکرێتەوە، لەولاشەوە، لەبەر ئەوەی مەسیحی و جوەکانی ئێراق لە پرسەکە گەشتبوون، هەر لەگەڵ مۆدێرنێتێدا، منداڵی خۆیان دەناردە بەر خویندنی مۆدێرن(بۆ ئەم پرسە کتێبی “تاریخ التعلیم في العراق في عهد العثماني١٦٣٨-١٩١٧” ورد ئەم پرسە باسدەکات). ئەم گوتارە سەلەفییە دەمان گێڕێتەوە بۆ بیرکردنەوەکانی (إصابة في منع النساء من الكتابة”، الشيخ البغدادي نعمان بن أبي الثناء الألوسي) و پێی وایە ژن کە فێری نوسین و خوێندنەوە بوو، وەک ئەوە وایە گەمژەیەک شمشێرێکی بدیتەدەست، بۆیە ناوی کتێبەکەی ناوە “پێکان لە قەدەغەکردنی ژن لە نوسین”، پێشی وابووە خوداییانە پێکاویەتی!
لە سایەی چاندنی ئەو پوچگەراییەی دەسەڵاتی باشوور لە هەرێمی کوردستان دەی چێنێت، هەموومان، دەسەڵاتێکی سەلەفی قەرزارین، نەوۆرز حەرامە، نوقتە سەری دێڕ!
* سەرنج: دوو وێنەم داناوە، یەکیان جەنابی مودەریسەو وەک ئەهلی دیدو مەبەست، قسەلەسەر نەورۆز دەکات. دووەمیان، وەک دیدی ئەهلی خەبەر و سەلەف، لەسەر خوێندنی ژن لەناو کتێبی “پێکان لە قەدەغەکردنی ژن لە نوسین” وەرگیراوە، زانای قال و قیل بوو، قسەکانیشی، وەک قسەی خوا بارگاوی دەکرد، خەڵکی ڕەشۆکیش چوزانن قسەی خوا نییە، تەنها قسەی بەندەیەکی حەقیری خۆیەتی!

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت