بەهمەن تاهیر نەریمان: ئەردۆگان و بۆریس جۆنسن،کەی دەبینە یەک خواناس؟.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینی/ گرتە ڤیدیۆکەی بۆریس جۆنسۆن لە خوارەوە دامان ناوە

هیچ کات گەلانی ئەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە نەیان توانیەوە یەکتاپەرستبن و تەنها خوایەک بپەرستن، چ جای ئەوەی یەک- خواناسبن و یەک خوا بناسن. کەی توانیمان سەرکردەکان وەک مرۆڤی ئاسایی لێبکەین و داوای خوایەتیمان لێنکەن، ئەو کاتە ئێمە قۆناغی بتپەرستیمان تێپەڕاندوەو بووین بە یەک خواپەرست(مۆنۆیست)، دواتریش یەک خواناس.
لای ئێمە سەرکردەکان هەمیشە داوای پەرستن و خوایەتیمان لێدەکەن. کوا دین توانیویەتی ئەوەمان تێدا دروستبکات تەنها خوایەک هەیە و دوای ئەو خوای تر نییە؟ سەرکردەی ئەم گەلە ڕەشوڕوتە، سەرکردەیەکی پیسخۆر و دز و جەردەیە، کەچی داوای خوایەتی دەکات. خوایەتی چییە جگە لەوەی خۆی لە هەموان بە شایستەتر دەزانێت بۆ ئەو شوێنەو تا مەرگ دانابەزێت (ئەمەیە سیفەتی بێهاوتایی و تاک و تەنهایی کە هەر خۆی خاوەنی عەرشە و لێی دانابەزێت)، خوداداری چییە جگە لەوەی پێی وایە هیچ کەس لەو ناچێت، دەبێت هەموان لەخوار ئەوەوە بن، بی سەلمێنن کە گوێ لەمست و بچوک و ملکەچن. کەس نابێت لەوێنەی ژیانە شاهانەکەی لە سەرکردە بچێت، کەس نابێت ماڵومڵک و ڕیزی ئۆتۆمبێلەکانی لەو بچێت، ئەی خوا هەر ئەوە نییە کە نابێت کەس لەو بچێت(لیس کمثلە شيء)!
سەرکردە دەبێت بەقەد گەورەبوونی وڵاتەکەی خۆی بچوکبێتەوەو لە دۆخی خوایەکی نائاسییەوە بکرێتەوە(نەک ببێتەوە) بە مرۆڤێکی ئاسایی. سەیری بۆریس جۆنسنی سەرۆکی وڵاتێکی وەک شانشینی یەکگرتوو(بەریتانیا) چۆن وەک هەر خەڵکێکی ئاسایی بەدوای شەمەنەفەردا ڕادەکات تا بی گاتێ و ئەو خاتونەی وێنەی دەگرێت بە پێکەنینەوە پێی دەڵێت چۆنی بۆریس(های بۆریس)، ئینجا قاقا پێی پێدەکەنێت، بۆریسیش بەدەم ڕاکردنەوە سەلامە پر لاقرتێکەی خاتونەکە وەڵامدەداتەوە. پرسیاری سەرەکیی ئەوە نییە ئەم خاتونە سنگ و سێوی دیارە یان نا، ئەوە هی خۆیەتی، ئەوەی پەیوەندیی بە هەموانەوە هەیە ئەم خاتونە پەرەوەردەیەک کراوە کە فێری کردووە سەرکردەکەی وەک ئەو ئاساییەو خوا نییە.
ئیماندارترین سەرکردە کە تازە لە تورکیا مزگەوتێکی کردوەتەوە، خۆی لێبوتە خوا، بەئارەزوی خۆی سیستمی پەرلەمانیی وڵاتی گۆڕی و کردی بە سەرۆکایەتی، تا خۆی وەک خوای تاک و تەنها بمێنێتەوە و بەهەموان بڵێت من خوا هەرە بڵندەکەتانم(انا ربکم الاعلی). ئەردۆگان نەک خوا نییە، لەو جۆرە خوایانەیە کە بەخوێنڕشتن عەرشەکەی خۆی دەپارێزێت و دەهێڵێتەوە، ئەو نەک داوای خوداداری ناکات، بەڵکو ڕازیی نابێت هیچ خوایەکی تر جگە لە خۆی هەبێت. ئەم خوایە لە کەوڵی دیندارێکی خواناسیشدا ساویلکەی دنیای خەڵەتاندوە. ئەوەندە خوایەکی ترسناکە، نەک ڕێز لە دراوسێکانی ناگرێت(ئەی گوایە دین فێرت ناکات ڕێز لە دراوسێکەت بگرێت!)، وا خەریکە داری هەرێمی کوردستان دەبڕێتەوە و وڵات لە ژیان دەخات. ئەم خۆبەخوازانە دوێنێ مزگەوتێکی کردەوە، هەر پێرێ دوو هاتوهاواری بۆ قودس کرد، ئیتر نەک درک بە خوایەتییەکەی ناکرێت، بەڵکو لای مرۆڤی کۆیلەڕەفتار دەبێتەوە بە خەلیفە موجاهیدەکە، چەند رکاتێ نوێژ بۆ ئەو بەسە وا ببینرێت لە جوملەی بۆخواسوڵحاواندایە.
کەی توانیمان دانەدانە ئەم خۆبەخوازانانە لە دەرەوەو ناوەوەی وڵات لە کەوڵی خوایەتی دەربێنین و بیان کەینەوە بە مرۆڤی ئاسایی، ئەوسا لە ڕۆحی ڕەوانی یەکتاناسی گەیشتوین. کرۆکی یەکتاناسی لەخواخستنی مرۆڤەکانە. هەر گوتارێک نەی توانی ئەمە بکات، ئەوە لەناو بتپەرستی نەهاتۆتەدەرەوە. ئیتر با ئەو گوتارە بەرگی دینێکی یەکتاپەرستی پۆشیبت. ئەوەتا دەوڵەتێکی مەدەنی وەک بەریتانیا، بێ ئەوەی لافی دەوڵەتی پیرۆزی خوا لێبدات، بۆریس جۆنسنی کردوەتە کەسی ئاسایی و لە کەوڵی خوا دەری هێناوە و تەواو لەخوایەتی خستووە، ئەمە کرۆکی پەیامی دینێکە کە شەڕی فرەپەرستی دەکات، نەک دینێکی پڕ سروت، ئەمما پەرستەگەکانی بونەتە بتخانە، وڵاتی پڕپڕبن لە بت و بتەوان و بتپەرست!
ئەگەر بەسیرەتمان لەدەست نەدابێت و بیناییمان مابێت؛ لە دەوڵەتی مەدەنیدا بەئاسانی لەخواخستنی مرۆڤ دەبینین، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتدا هەموو دەوڵەت و هەرێمەکانی پڕن لە خوای گەورە و خوای مامناوەند و خوای فرەئاست. هەر خوایە و بەدەورماندا فرکانفڕکانییەتی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت