بەهرۆز جەعفەر: میدیاو بەرپرسیارێتی.
لە جیهانێکدا کە قۆناخە مێژووییەکەی پۆست- پیشەسازییەو گەلان لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای قەبارە بچوک و کاریگەری گەورەوە خۆیان مانیفێست ئەکەن. لە جیهانێکدا کە ئۆفیسی حکومەتەکان سەرقاڵی ووزە نوێبوەوەکانن و پلانی ژینگەیی بیست ساڵە و – پەنجا ساڵییان هەیە. قسەو باس هەیە کە لە سەر مانگ لەمەولا کشتوکاڵ دەست پێ بکرێت، ووڵاتان کڵاوەی ئەتۆمی لە ژێر دەریادا حەشار ئەدەن. پەیتا- پەیتا نوخبەکان سەرقاڵی ڕاگۆڕینەوەوەن بەرانبەر بەرپرسیارێتیان لەسەر ئەم هەسارەیە، بێ گومان کاری میدیاییش ئاڵۆزتر ئەبێت!. کەواتە پێویستە ڕاستەوانەو هاوتەریب تواناو کارامەیی و بەرپرسیارێتی میدیاکارانیش زیاتر بکات.
بە پێی زانیارییە تۆمارکراوەکان، لە هەرێمی کوردستان تێکڕاو بەیەکجار؛ پۆلیس، مامۆستای زانکۆ، شۆفێری گڵابە، پەیامنێری تەلەفزیۆن، دوکاندار، توێژەر، کادری حیزب، چالاکەوان، پەرلەمانتار، مامۆستای ئاینی، پاسەوان و خانەنشینی مەدەنی هەموو پێکەوە ئەندامن لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان! ژمارەی رۆژنامەنووس لە هەرێمێکی شەش ملیۆنی کوردستان زیاترە لە ژمارەی ڕۆژنامەنووس لە هەردوو ووڵاتی تورکیاو ئێران کە سەروو 160 ملیۆن دانیشتویان هەیە.
پێناسەی “بەرپرسیارێتی” کورت و پوخت ئەوەیە «تۆ شتێک کە ڕەهەندو لێکەوتەی خراپی هەیە پێت بکرێت، بەڵام نەیکەیت». لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆدا، سەرۆکی دەزگایەکی میدیایی کە لەم دونیایەدا بژی، پێویستە ئەم سیفەتانەی تێدا بێت، بۆ ئەوەی پیشەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە بکات و ئاگاداری ڕێبازی ڕووداوەکان بێت:
1- بەرپرسیار بێت بەرانبەر زانیاری لەپێناو چوارچێوە مرۆیی و نیشتیمانییەکان.
– توانای بەڕێوەبردن و ئاڕاستەکردنی گوتاری دامەزراوەکەی هەبێت، کە تەریب بێت بە بە گوتاری مرۆیی و نیشتیمانی.
– زیاتر لە زمانێک بزانێت و خاوەنی بڕوانامەی باڵا بێت، بۆ ئەوەی لە باکگراوەندی نوسین و وتارو هەواڵ و ڕاپۆرتە دەرەکی و ناوخۆییەکان تێ بگات.
– تەواو بارگاوی بێت بە یاسا مەدەنییەکان و یاساکانی بواری ڕۆژنامەگەریی.
– شارەزایی ئەمنی و ئیختراقاتی ئەمنی هەبێت و تەڵەکان بناسێتەوە، چونکە بەشی هەرە زۆری ئامرازەکانی میدیا (بینراو، بیستراو، میدیا ئەلیکترۆنی و کاخەزییەکان) یان سەر بە دەزگا هەواڵگرییەکانن، یان کۆمپانیاکان و سەرمایەگوزارو بانکەکان لە پشتیانەوە وەستاون لە دونیادا.
– ئاگاداری ڕووداوە ژینگەیی، سیاسیی، ئابوریی و تەکنیکیەکان بێت، بۆ نمونە: کارگەیەکی چیمەنتۆ ڕۆژانە 3000 تۆن چیمەنتۆ بەرهەم ئەهێنێت! ئیشی ئەم ئەوە نییە بەتەنها ئەمە بکاتە دەستکەوت، لەهەمان کاتدا ئیشی ئەوەیە لەوە بکۆڵیتەوە کە لولەکانی ئەم کارگەیە پێویستە دوو ساڵ جارێک پاک بکرێنەوەو بگۆرێن ئەگەرنا سەدان کەس تووشی شێرپەنجە ئەکات و کارەساتی ژینگەیی دروست ئەکات. یاخود میدیایەکی وەک “جەزیرەی قەتەری “ ناوبەناو ئەوە باس ئەکات نەوتی هەرێمی کورستان بە ئیسرائیل ئەفرۆشرێت، ئیشی ئەم ئەوەیە بزانێت ئایا ئەو هەواڵە بۆ ئەوە نییە کە هانی ئێران بدات پەلاماری کوردستان بدات؟ نەوتی کوردستان وەک ئەوەی عێراق ڕەوانەی بەندەری جەیهان ئەکرێت ئایا لەو بەندەرە کڕیاری دەیان دەوڵەتی دونیای لێیە یان هەر هی ئیسرائیل؟. جگە لەمانە، ئەکرێت لەڕووی ئابورییەوە هەواڵێکی میدیایی وا بکات گرفتی عەقارات دروست ببێت.
– بەڕێوەبەری ناوەندێکی میدیایی ئەبێت خاوەنی کەسێتیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی هەمەلایەنەی جیاواز بێت، کە لەسەر متمانە بینا کرابن.
– نابێت ناوەندێکی میدیایی و بەڕێوەبەری ئاژانسێکی میدیا هەرچی زانی و هەرچی بە زمانی دا هات باسی بکات و بیڵێت. هەرکەسێک ئەزمونێکی گێرایەوە، یان لە میتنگێکدا هەرشتێک باسکرا ئەویش دواتر بچێت بیخاتە سەر پەڕەو بڵاوی بکاتەوە. هەروەک چۆن ئەگەر “ دڵنیابون” کاراکتەرێک، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریی زیان بەفەزاو ئاسایشی گشتی ئەگەیەنێت نابێت لەحاڵەتی هەر فشارێکدا پاشەکشە بکەن لە بەرانبەریدا؟ چونکە میدیاکار و توێژەران بەگشتی مامەڵە لەگەڵ “فاکت-ڕاستی” دا ئەکەن نەک “ بیروڕا”کان.
– پێویستە ئاژانسێکی میدیایی و بەڕێوەبەرەکەی لە دۆزینەوەی میکانیزم بۆ گەیاندنی گوتارو پەیەمەکەیان ئاگاداری “ زمان و ڕەوانبێژی” بن. ئازادن بەو شێوازە کونافەکە بپێچنەوە کە لە ڕووی سیاسییەوە خزمەت بە ئامانجەکەیان ئەکات، بەڵام دەستگرتن بە ووشەو خزمەتی زمان و خاڵبەندی – Punctuation و داڕشتن بنەما گرنگەکەیە.
ئایا لە هەرێمی کوردستان بەرێوەبەری سایتەکان، پەیجەوانەکانی سۆشیال میدیا، بەڕێوەبەری تیڤی و ڕۆژنامەو گۆڤارو ڕادیۆکان هەڵگری ئەو سیفەتانەی سەرەوەن؟.