بەیار عومەر: بەهەرێمکردنی پارێزگای کەرکوک.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، بێزارن لە دەسەڵاتی کوردی، چجای پارێزگای کەرکوک کە ڕێژەیەکی زۆر عەرەب و تورکمان و مەسیحی تێدا دەژین.
ململانێی حزبی بۆ تاڵانکردنی بیرە نەوتەکان و چەوساندنەوەی خەلکەکەی و موزایەدەی سیاسی و موئامەرەی ئیقلیمی بە ناوی ڕیفراندۆمەوە کەرکوکی لە هەرێمی کوردستان دابڕی.
باشترین چارەسەر بۆ دۆخی کەرکوک لە ئێستادا، گۆڕینیەتی بۆ هەرێمێکی سەربەخۆ کە تیایدا هەموو پێکهاتەکان بەشداربن لە کایەی سیاسی و ئابوریدا.
کەرکوک دوای بەسرە، دەوڵەمەندترین پارێزگای عێراقە، کێڵگەکانی بابەگوڕگوڕ، هاڤانا، بای حەسەن، جەمبور، و خەباز خاوەنی 13 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتن. ناکرێت کەرکوک نیوەی عێراق بەخێوبکات بەڵام زۆرینەی دانیشتوانەکەی هەژار بن.
گەڕەکە کوردنشینەکانی (ڕەحیم ئاوا، ئازادی، مامۆستایان، شۆرجە، ئیسکان، بلاخ، قۆرییەشکاو، حەسیرەکە، تەپەی مەلا عەبدوڵڵا، ئیمام قاسم، شۆراو، ئەحمەد ئاغا، خەبات، شەھیدان، و حیسابات) لە سەردەمی بەعسدا پشتگوێخرابوون، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی کوردیشدا بەپێی پێویست خزمەت و قەرەبوو نەکراونەتەوە.
کەرکوک لە توانایاندایە ڕۆژانە ١ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات. ئەگەر لە پارەی پەترۆدۆلار، لە هەر بەرمیلێک نەوت، 5 دۆلار بگەڕێندرێتەوە بۆ پەرەپێدانی کەرکوک، ساڵی نزیکەی ٢ ملیار دۆلار دەکات؛ لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا کەرکوک دەبێتە دەوڵەمەندترین و خۆشگوزەرانترین پارێزگای عێراق.
پارێزگاکە بە شاری کەرکوک و قەزاکانی (داقوق و دبس و حەویجە) و ناحیەکانی (قەرەحەسەن-لەیلان، قەرەهەنجیر، شوان، تازەخورماتوو، ئاڵتون کۆپری، مەلا عەبدوڵا، بایجی، سەرگران، تازە، ڕەشاد، ڕیاز، عەباسی، و زاب) نزیکەی 105 ملیۆن هاوڵاتی تێیدا نیشتەجێن. کەمی دانیشتوان و داهاتی زۆر، خزمەت بە دەەوڵەمەندبوونی خێرای پارێزگای کەرکوک دەکەن.
ڕژێمی بەعس لە پاڵ تەعریبدا، قەزاکانی چەمچەماڵ و کفری و دوزخورماتووی لە پارێزگای کەرکوک دابڕی، بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لەو پارێزگایە؛ ئەو قەزایانەی دابەشکرد بەسەر پارێزگاکانی سلێمانی و دیالە و سەلاحەدیندا.
هەر کات دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، گۆڕا بەرەو دیموکراسیەت و باری ئابوری بوژایەوە و هاوڵاتی کورد هەستی بە ئاسودەیی کرد، ئەوکات عەرەب و تورکمانە میانڕەوەکانیش لایان ئاسایی دەێت لە چوارچێوەی هەرێمێکی فیدرالی دیموکراسی و دەەوڵەمەندا بژین.
ئەگەر لە ئایندەشدا یەکگرتنەوە ڕویدا، عەقلیەتی مەرکەزی ناتوانێت کەرکوک و هەرێمی کوردستان بەڕێوە بەرێت. باشترین چارەسەر ئەوەیە هاوشێوەی ئەمریکا و ئەڵمانیا و ئیمارات؛ پارێزگاکانی کەرکوک، سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، و دهۆک ببن بە پێنج پارێزگای فیدرالی و سەربەخۆیی تەواویان هەبێت لە ڕوی ئیداری و ئابوریەوە. لە پاڵ ئەوەدا هەموو پارێزگاکان سیاسەتێکی دەرەوەی هاوبەش و سوپایەکی یەکگرتویان هەبێت و پێکەوە ئیدارەی هەرێمی کوردستان بکەن.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت