عه‌بدوڵا که‌ریم مەحمود: مزه‌فه‌ر نه‌واب له ویژدانماندا ده‌دره‌وشێته‌وه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 20- 5- 2022 موزه‌فه‌ر نه‌واب شاعیری خاوه‌ن هه‌ڵوێستی عێراق، له نه‌خۆشخانه‌ی فێرکاری ئه‌مارات له ته‌مه‌نی 88ساڵیدا ماڵئاوایی له ژیان کرد.
سه‌عات 2- ی پاش نیوه‌ڕۆ ی 22- 2- 2020 بنکه‌ی روناکبیریی گه‌لاوێژ دیدارێکیان بۆ شاعیری عێراقی مزه‌فه‌ر نه‌واب له هۆڵی پرۆفیسۆر عیزه‌دین مسته‌فا له گراند میلینیۆم له‌سلێمانی سازکرد.
له‌هۆڵه‌که‌دا باڵێ خه‌یاڵ گه‌ڕاندمییه‌وه بۆ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر دڵشاد مه‌ریوانی شیعری پاکانه‌که‌ی مزه‌فه‌ر نه‌وابی له زمانی عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی کوردی.
وه‌رگێڕانی شیعر کارێکی زۆر قورس و دژواره، به‌ڵام دڵشاد مه‌ریوانی به زمانێکی ئه‌وه‌نده شیرین و پاراو به ته‌کنیکێکی هونه‌ری جوانی پڕ له ئیستاتیکا، پڕ له روبارێک له مۆسیقای ئارامی، هه‌ڵسوکه‌وتی له گه‌ڵ دیمه‌نی ناو تابلۆ ی شیعره‌که‌دا کردبوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی مزه‌فه‌ر نه‌واب ئه‌و شیعره‌ی به کوردی نوسیبێ یا دڵشاد مه‌ریوانی خۆی ئه‌و ده‌قه شیعره‌ی به کور دی نوسیبێ. پاکانه‌که‌ی مزه‌فه‌ر نه‌واب و دڵشاد مه‌ریوانی پڕه له هه‌ست و نه‌ست، له ئیحساسێکی پڕ له لوتکه‌ی باڵای ته‌حه‌دای به‌رگریی لۆژیکانه.
حه‌مه جه‌زا ی هونه‌رمه‌ندو پێشمه‌رگه ئه‌وه‌نده به جوانی پاکانه‌که‌ی نه‌وابی وتوه ئه‌وه‌نده به هه‌ستێکی زیندو بە ئیحساسێکی شکۆماندانهوه، هۆنراوه‌که‌ی وتووه، ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاره‌ها زیندانی کورد له زیندانه‌کان، بۆ ته‌حه‌دای جه‌لاده‌کان ژیانی پڕ له شه‌رمه‌زاری پاکانه‌یان ره‌ت ده‌کرده‌وه، په‌تی سێداره‌و گوله بارانیان ده‌کرده مل و مه‌دالیای سه‌رسنگیان.
دڵشاد مه‌ریوانی خاوه‌نی چه‌ند توانایه‌کی قوڵ و به‌ربڵاوی له‌بن نه‌هاتووبوو، وه‌ک پسپۆرێکی زمانی کوردی قوتابیه‌کانی ده‌کردووه به هه‌ڵگری رێچکه‌که‌ی، هۆنراوه‌کانی، گۆرانی سه‌ر زمانی خه‌ڵكن. رۆژنامه‌نوسێکی یاخی بوو به دوای پرسیاره بێوه‌ڵامه‌کاندا ده‌گه‌ڕا، نووسه‌رێکی رووناکبیریی به ئه‌زمون بوو، ره‌خنه‌گرێکی بوێر و چیرۆک‌نووس و سیناریۆنوسێکی داهێنه‌ر بوو، ئه‌کته‌رێکی کۆمیدیی بوو، کێ هه‌یه قوتبهدینهکهی لانه‌وازان نه‌ناسێ، به دیمه‌نێکی شانۆی دیاریکراو، دڵشاد سه‌لماندی هیچی له ئه‌کته‌ره ناسراوه کانی دنیا که‌متر نیه، به‌رهه‌مه‌کانی دڵشاد مه‌ریوانی له‌و ته‌مه‌نه دیاریکراوه‌دا له‌هه‌موو بوارانهکانی ئه‌ده‌ب و زمان و کلتورو هونه‌رو وه‌رگێڕانی پڕن، له هه‌نگاوی نوێ و گۆڕانکاری نوێ و داهێنان.
گه‌ر ئه‌منی سلێمانی به هاوکاری جاسوسی کورد ده‌سگیریان نه‌کرایه‌وه‌و له زیندان گوله باران نه‌کرایه، ته‌رمه‌که‌یان بێ سه‌روشوین نه‌کرایه، ته‌مه‌ن بواری بدایه، ده‌یان به‌رهه‌می پڕ له داهێنانی نوێ و شاکاری ده‌گمه‌ن له بیر‌و و رۆح و دڵی به کوڵی دڵشاد مه‌ریوانی له دایک ده‌بوو.
دیداره‌که‌ی مزه‌فه‌ر نه‌واب ناخی هه‌ر هه‌موومانی له هۆڵه‌که‌دا هه‌ژاند، مزهفهرێکی پڕ له دنیای شیعری جوانی و به‌رگری و داهێنان،
هه‌موو ته‌مه‌نی له هه‌ڵوێستی باڵادا بوو ، دژ به هه‌موو ده‌سه‌ڵات دارانی عێراق و سه‌رۆکی وڵاته عه‌ره‌بییه‌کانی هه‌رهه‌موی کردووه به (ق……….)
هه‌مووی ته‌مه‌نی نه‌واب هه‌ڵوێستی یاخی بوون بوو، له‌زیندانی نوگره سه‌لمان و ده‌ربه‌ده‌ریی و ئاواره‌یی و پێشمه‌رگایه‌تی و له شاخ و گونده‌کانی باشووری کوردستان، له‌م وڵات بۆ ئه‌و وڵات له‌م شار‌و بۆ ئه‌وشار، هه‌موو شیعره‌کانی پڕن له خۆشه‌ویستی و ئه‌وین، لوتکه‌ی ته‌حه‌دای باڵای هه‌ڵوێستی مرۆڤ، دژ به غه‌در وزوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ و چینایه‌تی.
مزه‌فه‌ر نه‌واب له‌ساڵی 1934 له خانه‌واده و بنه‌ماڵه‌یه‌کی خانه‌دان له به‌غداد له‌دایک بووه، ناسنامه‌ی نه‌وابی له که‌س و کاره‌که‌یه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه، له سیاسه‌تدا کاریان کردووه‌و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رایه‌تی بوون، مزه‌فه‌ر هه‌ر له ته‌مه‌نی گه‌نجی یه‌وه یاخی بووه له‌و داب و نه‌ریتانه‌ی که چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی و مرۆڤیان به سروشتی ئاسایی ژیان و کۆمه‌ڵگا ده‌زانی.
ئه‌و له‌گه‌ڵ ژیانی ئه‌رستۆکراتی خێزانه‌که‌یدا دوو دنیای جیاواز بوو، وه‌ک دوو هێڵی ته‌ریب، له سه‌ره‌تادا ئه‌ندامی حیزبی شیوعی بوو، له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌کان له‌سه‌ر شیوعیه‌ت زیندان کراوه‌و له زیندان هه‌ڵهات.
مزه‌فه‌ر نه‌واب به‌شداری کۆڕ و شیعری کردوه‌و له‌و کۆڕانه‌دا رووبه‌رووی سه‌رکرده‌کانی عێراق و هه‌موو سه‌رکرده‌ی ووڵاتانی عه‌ره‌بی به چه‌کی شیعر ده‌وه‌ستایه‌وه، هه‌موویانی به شاکاری جنێوی شیعری جوان خه‌ڵات ده‌کرد، به جۆرێک ئه‌و سهۆکانهی جنێوباران ده‌کرد، له سه‌رکورسی سه‌رۆکایه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌یهێنانه‌وه بۆ ناو بۆته ئه‌سڵه‌که‌ی خۆیان، که هیچ نین.
له‌ساڵی 1959 شیعری (ریل و حه‌مه‌د )بڵاو کراده‌وه، ئاوازی بۆ دانراو بوو به گۆرانی وێردی سه‌ر زمانی خه‌ڵک، یه‌که‌م دیوانی له 1959 به ناوی (ریل و حه‌مه‌د)ه‌وه چاپکراوه، هۆنراوه‌کانی له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپا به به‌رده‌وامی چاپ و بڵاو ده‌کرێته‌وه.
نه‌واب له هۆنراوه‌یه‌کیدا ده‌ڵێت:
به‌وه رازی بووم به‌شم له دنیا وه‌ک به‌شی باڵنده‌یه‌ک بێ،
به‌ڵام خودای گه‌وره ته‌نانه‌ت باڵنده‌کانیش نیشتمانیان هه‌یه‌و بۆی ده‌گه‌ڕێنه‌وه،
که‌چی هێشتا نیشتمانێک که له ده‌ریاوه بۆ ده‌ریا درێژ ده‌بێته‌وه
گرتووخانه‌یه به‌ته‌ک گرتووخانه‌وه
موزه‌فه‌ر نه‌واب له مه‌یخانه کۆنه‌که‌وه بۆ جنێودان به سه‌رکرده‌کانی عه‌ره‌ب.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
-
عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حه‌فر – بەشی دووەم.
- -
عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حه‌فر.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: مه‌رگی خانه‌واده‌یه‌ک.
- All Posts