هاوڕێ جەبار: هەڵوەستەیەک لەسەر ئەخلاقی کۆمەڵگە و یاسای دەسەڵات.

بۆ تێگەیشتن لە هەر بابەت و کێشە و دەرئەنجامێک پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕەگ و بنچینەکەی، وەک ئەوەی بتەوێت کەسێک بە باشی بناسی پێویستە تاوەکو سەردەمی لانکەکەی بگەڕێیتەوە. بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە هەمان ڕێباز بەکاردێنم. بۆ زیاتر ئاشنا بوونمان دەتوانین پۆلێن بەندییەک بکەین، مێژووی مرۆڤایەتی بۆ دوو قۆناغ دابەش بکەین.
قۆناغی یەکەم/ کۆمەڵگەی سروشتی (ئەخلاق)
قوناغی دووەم/ دەسەڵات و دەوڵەتگەرا (یاسا)
قۆناغی یەکەم/ کۆمەڵگەی سروشتی کە 98٪ ی مێژووی مرۆڤایەتی پێک دێنێت. هەندێک دەڵێن کۆمەڵگەی سەرەتایی کە دەڵێین سروشتی واتا کۆمەڵگە بە سروشتی خۆیەوە ژیاوە، له چوارچێوەی پێوان و پرەنسیبەکان (ئەخڵاق) ی کۆمەڵگە کە لە (کڵان، تیرە، قەبیلە) پێک هاتووە. واتا کۆمەڵگە لەو ماوە دووروو درێژە بەبێ دەسەڵات و دەوڵەت ژیاوە، لەبری یاسا و ڕێسا و دامەزراوەکانی حکومڕان و دەوڵەت، ئەخلاق و ڕەوشت پێوانە بووە لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگە.
چەمکی ئەخلاق مەبەستمان ئەو تێگەیشتنە هەڵەو کلاسیکیە نیە کە بچوک دەکرێتەوە له جەستەی ئافرەت دا. بەڵکو ئەخلاق واتا ویژدان، هەڵوێست، هەستکردن بەبەرپرسیارێتی، ڕێزگرتن، وەک هەڤی، دادپەروەری، وە زۆری تر. لەم چوارچێوەیەدا کاتێک ئەخلاق دەبێتە پێوەر ئیدی زووڵم و ستەم و زۆرداری و قۆڕخکاری لەناو کۆمەڵگەدا بوونی نابێت.
کۆمەڵگەی سروشتی لایەنی کۆمەڵایەتی زۆر لەپێش بووە، کاتێک تاکێکیان سزا بدایە قورسترین سزا دورخستنەوەی ئەو تاکە بووە لە کڵان و تیرەکەی، واتا لە کۆمەڵگە دایان بڕیوە. بەپێجەوانەوە لای دەسەڵات و دەوڵەت کۆمەڵایەتی بوون لە ئاستی هەرە لاوازیدایە.
لەنێو ئەم کۆمەڵگەدا قۆڕخکاری لە بەرهەمدا نەبووە هەر تاکێک یان کڵانێک بەرهەمی زیادەی کۆبکردایەتەوە بە کارێکی نائەخلاقی سەیر دەکرا، هەر کڵانێک بەرهەمی زیاد لە پێویستی خۆی هەبووایە دەبوو بیدایە بە کڵانێکی تر. هەروەها ژن پیرۆز بوو، چونکە ژن منداڵی دەهێناوە دونیاوە و ئاژەڵی ماڵی دەکرد و چاندنی دەکرد، بەپیرۆز دادەنرا. خوداوەندەکان ژن بوون، تەنانەت زمانی ئاخافتنیش مێینە بوو.
لەو قۆناغە دووروو درێژەدا بەقەد ئەم سەردەمە کەمەی قۆناغی دەسەڵاتداری نە مرۆڤ کۆمەڵکوژ کراوە و نە دەست درێژی بەم ئاستە مەترسیدارەی ئێستا کراوەتە سەر سروشت.
قۆناغی دووەم/ دەسەڵات و دەوڵەتگەرا کە 2٪ مێژووی مرۆڤایەتی پێک دێنێت. سەرەتای ئەم قۆناغە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێشتا و لە خاکی میزۆپۆتامیای خوار و عێراقی ئێستا دەست پێدەکات.
لە یەکەم هەنگاویاندا (یاسا) یان لە جێگەی ئەخلاقی کۆمەڵگە دانا. ئەوەی بۆ دەسەڵات و دەوڵەت پێویستە، دامەزراوەیەکی پۆلیس مەبەست لە (هەموو هێزە ئەمنیەکان)ە لەگەڵ دامەزراوەیەک بەناوی (دادگا) بۆ دادگایکردنی هەموو نەیارەکانی.
دەوڵەت و دەسەڵات بە دروست بوونی پۆلیس و دادگا لە دایک دەبێت. دەوڵەت و دەسەڵات واتا پۆلیس و دادگا هەر بۆیە دەسەڵات پێش هەموو شتێک هێزیکی پۆلیسی هەیە.
ئەم هەنگاوەی دەسەڵات دژ بە کۆمەڵگە زۆر مەترسیدارە و گەشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار بەتایبەت ئەگەر لەڕوانگەی حکومەتی کوردی باشوری کوردستانەوە سەیری بکەین.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بە شێوەیەک عەقڵ نایبڕێت کە دەسەڵات لە گەڵیشدا (یاسا) کەی دزەیان کردۆتە ناو ووردترین شانە و مەمیلەکانی کۆمەڵگە. هیچ بوارێکی ژیان نەماوە کە بە یاساکانی دەسەڵاتەوە گرێ نەدرابێت، بەمجۆرە کۆمەڵگە خراوەتە ناو دۆخێکەوە کە هەناسەی لە بەر بڕاوە و لە خۆی نامۆ بووە. توانای جێبەجێکردنی هیچ پرەنسیبێکی ئەخلاقی خۆی نەماوە.
ئەگەر ڕەوشت و ئەخلاق یەکێک بێت لەتایبەتمەندییە سەرەکیەکانی کۆمەڵگە و چەمکێکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی پێوە هەیە، ئەوا یاساش بەهەمان شێوە تێگەیەکە سیستەمی دەسەڵات و دەوڵەتگەرا پەیوەندیدار دەکات.
ئێمە زۆر جار داوایەک دەکەین کە ڕاستەوخۆ دژ بە خۆمانە دەڵێین: با یاسا سەروەربێت، پێویستە بزانین لە هەرکوێ یاسا سەوەربێت واتا دەستی دەسەڵات ئەوەندە کراوەیە لە تاڵانکاری و چەوسانەوە و زووڵم و ستەمی سەر کۆمەڵگە.
ئەگەر سەیر بکەین دەسەڵاتی کوردی لە ماوەی ( 30 ) ساڵی حکومڕانی دا، لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا زیاتر کار بە یاسا دەکات و گرنگی پێدەدات، دەبیین ژیان و گوزەرانی خەڵکی زیاتر بەرەو خراپتر ڕۆشتووە، بەشێوەیەک دەسەڵات دەستی ناوەتە بیناقاقای خەڵکی، ژن لە ڕەوشێکی زۆر خراپ دایە لە کۆمەڵگەی سروشتی کە ئاماژەمان پێدا ژن خوداوەند بوو بەڵام لێرە ژن وەکو کاڵایەک بازرگانی پێوەدەکرێت ژن کوشتن بۆتە دیاردە. ئازادی ڕادەربڕین زیاتر بەرتەسک کراوەتەوە.
ئەو هەموو باج و سەرانە و دزی و تاڵانی و داگیرکارییانە بە یاسا ڕێک خراوە. پۆلیسیش پارێزەر و جێبەجێکاری هەموو ئەو بڕیارانەی دەسەڵاتە.
هەروەها دەسەڵات بۆ ئەوەی یاساکانی شەرعیەتی هەبێت و کاری پێبکرێت بێ ڕەوشتی و بێ ئەخلاقی لە ناو کۆمەڵگە بڵاودەکاتەوە.
هەر بۆیە ئەم ڕووداوەی دادگای سلێمانی مرۆڤ تووشی شۆک ناکات، چونکە لە بنەڕەتدا دادگا دامەزراوەیەکی دەسەڵاتە بەرامبەر بە کۆمەڵگە دروست کراوە، هەروەها پۆلیسیش دامەزراوەیەک پارێزەری دادگا و دەسەڵاتە نەک کۆمەڵگە.