دڵشاد حامید دەروێش: لە ساڵوەگەڕی مەرگی زیرەکدا، سەرنجێکی پەرتەوازە.

1- چارلی چاپلن[1889- 1977] لە دوونیای سینەمادا فیگورێکی بێئەنداز بەپیتە، ئەو وەک چلۆن منداڵێک بۆ خۆی کەمەندکێش دەکات، بەهەمان گوژم و گوڕ و تین فەیلەسوفێکیش بۆ خۆی ڕادەکێشێت، بەڵــــگەشمان بۆ ئەمە کارکردنی فەیلەسووفی سـلۆڤینی سلاڤۆی ژیژەکە لەسـەر شاکاری ڕووناکییەکانی شار [City Lights]. لە فەلسەفەشدا دیالۆگەکانی ئەفڵاتۆن لە یەکەم نیگادا بێئەنداز سادە دەردەکەون، هەر بۆیە زۆرێک لە فەلسەفەکاران بە دیالۆگەکانی ئەم فەیلەسووفە گەشتەکەیان سەرڕێ خستووە، دوای مەشقێکی زۆر، دوای دەست و پەنجە نەرمکردنێکی درێژخایەن لەتەک میراتە دوو هەزار و قسور ساڵییەکەی فەلسەفەدا، ئینجا توانیویانە لە قوڵاییەکانی تێکستی ئەم بلیمەتە گریکییە بگەن.
لە دوونیای گۆرانی کوردیدا حەسـەن زیرەک لەو ڕوووەوە لە چاپلن و ئەفڵاتۆن دەچێت، فیلمەکانی چاپلن و دیالۆگەکانی ئەفڵاتۆن و گۆرانییەکانی حەسەن چەند توێژێک لە هەناو دەگرن، بە ووشەگەلێکی دیکە، بەرهەمی ئەم سیانە بریتین لـە چەندان خۆکردنەوەی جیاواز. ئەمێک کە بە پاشخانێکی مەعریفی و توانستی جوڵــەی هێرمنیوتیکییەوە بەر حەسەن دەکەوێت، دیوێکی زۆر تایبەتی بە ڕوودا دەکرێتەوە کە هـــــــەرگیز لە مەودا و سنووری دەستپێڕاگەیشـــتنی ئەوێکیدا نییە کە لە پێواری ئەم پاشخان و توانستەدا بەری دەکەوێت.
سـەرەڕای ئەم پۆتاسیۆنە، سەرەڕای ئەم خۆکردنەوەیەی حەسەن بۆ کارلەسەرکردنی هەمەلایەن و فرەڕەهەند، کەچی ئەم دیاردەیە لە دوونیای ئێمەدا بە ئیستاشەوە زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵێم دەســـــــــتلێنەدراوە، حەسەن تاوەکو هەنووکە هەڵنەگیراوەتەوە. هۆکاری ئەمەش ئەگەر بەشـــــــێکی بۆ ڕۆشنبیری کوردی بگەڕێتەوە کە بەردەوام خۆی لە دەرگیربوون لەتەک دیاردە هونەرییەکاندا بەدووردەگرێت، بەشــەکەی دیکەش تەلیسم و سیحری خودی حەسەنە، میندۆزا بە نیگاو حەســەن بە دەنگ ئەوانی دیکەیان بە بــەرد کردووە.
2- لە میسۆلۆگیای گریکدا دیۆنۆسیۆس خوداوەندی شەراب و ئاهەنگگێڕان و بنپێخستنی پابەندبوونەکان و تێپەڕاندنی ســـــــــنوورەکانە، ئەم خوداوەندە پنت بە پنتی گریک دەگەڕا و خەڵکی فێردەکرد چلۆن لە ترێکانیان شــــەراب چێبکەن و بە شەرابەکانیشیان ئاهەنگ و سەرگەرمی سازبکەن. حەسەن دیۆنۆسیۆسی کوردە، ئەو ڕێی وێڵی کەوتۆتە زۆر ناوچەی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، دیۆنۆسیۆس ئاساش لە هەموو ئەو جێیانەی پێی تێناون، ئاهەنگی ســـاز کردووە و بە مەستی گۆرانی بەسەر سینگ و بەرۆک و قەدی شمشاڵ و گەردنی بلوریی مێینەکانیدا چڕیوە. بە گوێرەی گێڕانەوەکان، حەســــەن ئەگەر لە دووریشەوە ئافرەتی لێدیاربا، بە کەیفتر و باشتر و سازتر گۆرانی دەچڕی، تەنانەت زیاد لە جارێک لەسەر ئەوەی ئاماژەی بە خەت و خــــاڵ و تایبەتمەندی و شەقڵی جیاکەرەوەی ئافرەتێک کردووە یانژی لە سەرخۆشییەکی لە ڕادەبەدەردا ناوەکەی لــــــــە زار دەرچووە، دووچــاری ئازاردان و توندوتیژی و ســوکایەتی بۆتەوە. بۆیە لە بەستێنی هـــونەری زیرەکدا، ئێمە ئـاتاج و پەنەوازی پێکار و ئامرازەکانی ئەو ڕەوتە دەروونشـــیکارییە نین کە هونەر بە پانتاییەک وێنـــادەکــــات بۆ خۆبەیانکردنی ڕەمزیانەی خواستە سێکسییەکان، چوونکە لــــەکـن حەسەن گوێگر زۆر بە زەقی و ڕاستەوخۆیی بەر ئالۆشییەک یان ئافرەتخوازییەک لە دوا ئاستەکانی خۆیدا دەکەوێت. سێکسوالیتەیەکی نەڕەمزێنراو یاخود نیمچە ڕەمزێنراو بە نزیکەیی لە گشت گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندەدا ئامادەیە.
3- بە بۆچوونی هەندێک لەو فیگۆرە فەلسەفییانەی لە ئیســـتاتیکادا خودان باندۆر و شـوێنپەنجەی دیارن، کاری هونەری پەیوەندییەکی تەنگاتەنگی لەتەک توڕهەڵدانی ڕەمەکی سێکسیدا هەیە، لە کن ئەمان هونەر بە گشتی دەرپەڕین و دەرچوونی کاتی هونەرمەندێکە لە سێکسوالیتە و پێداویستییە بایۆلۆگییەکان بە ئامانجی بینین و دواتریش گواســــتنەوەی وێنای شتەکان لە فۆرمە جاویدانەکانی خۆیاندا، بە دەربڕینێکی دیکە، وەک ئەوەی لە خودی خۆیاندا هەن.
بە هۆی بە ســـــەنتەر کردن و بە چەقکردنی ســـــێکسوالیتەوە، هونەری حەســــەن دژوەستانەوەیەکە بەرانبەر ئەم تایپە لە هونەر و ئەم تێگەیشـــتنە لێی، لەم پارادایمە هونەرییەدا سێکسوالیتە نەک کۆســــــپ و تەگەرەیەک نییە لەبەردەم هونەرمەندا بۆ داهێنانی هونەری، بەڵکو یەکێ لە کارەکانی هونەر دەبێتە بەرجەستەکردن و نیشـــــــاندانێکی ڕووت و زەقی ئەم ڕەمەکە. دەربڕینەکانی وەک [بــا ڕاتمووسم] یان [دەســــتێ لە لەمــــکت دەدەم] یاخود [تـــا دەم نە نێمە نـێو دەمت] یانژی [تەســـکێ] و چەندانی دیکە، لـــەو دەربڕیانە حەســــەنیانەن کە هەندێکیان لە چەندان گۆرانی و دانیشتیندا پاتەو پات بوونەتەوە. بە کورتی هاوڕێ لـــــــەتەک حەســــەندا ئێمە بەر پارادایمێک لە هونەر دەکەوین تێیدا سێکـســــوالیتە لە فۆڕمە نەڕەمزێنراو یاخــــــود نیمچە ڕەمزێنراوەکەیدا ڕووبـەرێکی گەورەی داگیرکردووە.
شایانی هێما بۆ کردنە، ئەم ئاراییە زەق و بەرجەستە و ڕاستەوخۆیەی سێکسوالیتە بۆ نەبوونی توانستی ڕەمزاندن یان هــــــــەر هۆکارێکی دیکە بگەڕێتەوە، دواجـــار ئەو ڕاستییە پووشـــــبەسەر ناکات ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی حەسەن هاوڕێ لەتەک چەندان فیگۆری هونەری و ئەدەبی دیکەدا وەک مەتەرێزێکی دیۆنیسیۆسی لە نێو ڕۆحی ئەم نەتەوەیەدا دژ بەو بەدگۆڕان و داڕزینەی لە مێژە ئیسلامییەکان سەرڕێیان خستووە، دەربکەوێت.

تێبینی
* لە میسۆلۆگیای گریکدا، میندۆسا یەکێکە گۆرگۆنەکان [Gorgons]، واتە کچانی فورسیس [Phorcys] و سیتو [Ceto] و خوشکانی گرایا [Graeae] و ئیکیدنا [Echidna] ولادۆن [Ladon]. ئەم خێزانە هەموویان ترسناک و دڕندە بوون، تەنیا میندۆزا بمر [Mortal] و شۆخ و شەنگ بوو، وەلێ ئەویش ئەسینا توڕەیی خۆی بە سەردا باراند و کردی بە دڕندە. سەری لە بری قژ، ماری پێوەبوو، نیگاکانیشی مرۆیان دەکرد بە بەرد. لە کۆتاییدا میندۆسا لەلایەن پێرسیۆس [Perseus]ـەوە دەکوژرێت و سەری وەک چەکێک بۆ بە بەردکردنی دووژمنەکانی بەکاردەبرێت.
* پێوار: غیاب، نەبوون
* پەنەواز: محتاج

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies