عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دۆزه‌خ.

گه‌نج توێژێکی پێشه‌نگ و سه‌ره‌کی کۆمه‌ڵگایه‌، پڕن له‌ وزه ‌و هیواو خه‌ون و خۆزگه‌و توانای جیاجیای له‌بن نه‌هاتوو. رۆڵێ بنه‌ڕه‌تی و دیاریان له‌ ئاراسته‌ی ژیانی کۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌، ده‌ستپێشکه‌ری گۆڕانکاری و داهێنان و پێشكه‌وتنی هه‌موو بواره‌کانی ژیانن.
له 1920ی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی عێراق و دوای کۆده‌تای 1958ی کۆماری عێراق، له‌ ماوه‌ی 71ساڵ تا راپه‌ڕینی ئازاری 1991، به‌ هۆی بارودۆخی نائاسایی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌، گه‌نجانی کورد له‌ هه‌موو مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان بێ به‌ری کرابوون.
دام و ده‌زگا زه‌برو زه‌نگ و توندوتیژه‌کانی عێراق، گه‌نجی کوردیان ده‌سگیرو زیندان و ئه‌شکه‌نجەو له‌ سێداره‌ ده‌داو گوله‌بارانیان ده‌کردن و ته‌رمه‌کانیانی له‌ گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کاندا شوین بزر ده‌کرد. زۆربه‌ی گه‌نجه‌کان له‌و سه‌رده‌مانه‌دا له‌به‌ر سته‌می داپڵۆسینی داگیرکه‌رانی نیشتمان، روویان ده‌کرده‌ چیاکان و ده‌بوون به‌پێشمه‌رگه‌، له‌ نه‌به‌ردی و چالاکی و داستانه‌کاندا، ده‌پێکران و رۆحیان‌ ده‌سپارد.
دوای راپه‌ڕین و دوای نه‌مانی سه‌دام و به‌عس، سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانی کوردستان به‌ گیرفانی خاڵی یه‌وه‌ له‌ و دیوو سنووره‌کانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیشتمانێکی ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال، هێز و وزه‌و تواناو هیوای گه‌نجه‌کانیان کرد به‌چه‌کدارو پاسه‌وانی کاروانی ئوتۆمۆبیله‌کانیان و به‌ر باره‌گاو به‌رده‌رگای ماڵه‌کانیان.
ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران گه‌نج به‌ نه‌داری و به‌ره‌نج و ماندووبوون به‌تواناو لێهاتووی خۆیان بڕوانامه‌ی به‌کالرویس و نامه‌ی نایاب و باڵا ی ماسته‌ر و دکتۆرایان له‌ زانکۆکاندا به‌ده‌ستهێناوه‌، نه‌حکومه‌تی هه‌ریم له‌ کایه‌کانیاندا دایان ده‌مه‌زرێنێ، نه‌ له‌ که‌رتی تایبه‌تی کارێکیان چنگ ده‌که‌وێت.
زۆربه‌ی‌ گه‌نجه‌کان بێ هیوابوون له‌ په‌رله‌مان و حکومه‌ت و نیشتمان، له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ک گه‌نجه‌کانی پێش راپه‌ڕین رووبکه‌نه‌ چیاکان و ببن به‌ پێشمه‌رگه‌و شه‌هید بکرێن، روو ده‌که‌نه‌ ده‌رگا داخراوه‌کانی سه‌ر سنووری وڵاتان و رووه‌و ئه‌وروپا سه‌رهه‌ڵده‌گرن و ره‌خته‌کان له‌ ده‌ریای ئیجه‌ ونیان ده‌که‌ن. گه‌ر تویژینه‌وه‌یه‌کی زانستی له‌و دوو دیمه‌نه‌ جیاوازیی چاره‌نووسی گه‌نجانی کورد بکه‌ین، چاره‌نووسی پێش راپه‌ڕین له‌ شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی و ژیانی دوای راپه‌رین و نه‌مانی سه‌دام و سه‌رهه‌ڵگرتن رووه‌و ده‌ریای ئیجه‌ و ئه‌وروپا.
سه‌رکردایه‌تی سیاسیی و په‌رله‌مان و سه‌رۆکی حکومه‌ت به‌پێی ده‌ستوورو یاسا به‌راوردێکی ژیانی خۆیان له‌ ناوه‌وەو ده‌ره‌وه‌ له‌ گه‌ڵ بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی نیشتمانه‌که‌یان بکه‌ن، جیاوازییه‌کان ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ هه‌موو ده‌ستوورو یاسای ئه‌م هه‌رێمه‌و عێراق شه‌رمه‌زار ده‌کات.
ده‌سه‌ڵاتداران ئێوه‌ ده‌ڵێی هاوڵاتی ئه‌م نیشتمانه‌ نین له‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی تره‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م خاکه‌، وه‌ک ژیانتان له‌ هه‌موو روویه‌که‌وه‌ لەگه‌ڵ خه‌ڵک جیاوازه‌، ژیانی کچ و کوڕی ئێوه‌ له‌گه‌ڵ کوڕو کچی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ ئاسمان و رێسمانه‌.
سەرکردایه‌تی سیاسیی کوردستان و په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم ئێوه‌ تاکه‌ی ئه‌و هه‌مووگه‌نجه‌ ده‌خه‌نه‌ په‌راوێزه‌وه‌؟ تاکه‌ی هیواو وزه‌و تواناو خه‌ونی گه‌نج سه‌دام ئاسا له‌ سێداره‌ ده‌ده‌ن بۆ ئێستاو دوارۆژیان گوله‌ باران ده‌که‌ن.
ئه‌و هه‌موو کچ وکوڕه‌ له‌ به‌ربێ کاری و بێ بژێوی ژیانیان ناتوانن ژیانی خانه‌واده‌یی دروستکه‌ن، گه‌ر کورو کچێک ژیانی خانه‌واده‌یی پێک بهێنن، له‌به‌ر بێ کاری و بێ بژێوی، له‌ دادگا ده‌ستبه‌رداری یه‌ک ده‌بن.
گه‌نج پێشه‌نگ و سه‌رکرده‌ی ئێستای و ئاینده‌و باڵاترین وزه‌و هیزی کاری ئه‌م نیشتمانه‌یه‌، گه‌ر ئێوه‌ ئاوا بێ موبالاتانه‌ گه‌نجان بخه‌نه‌ ‌په‌راوێزه‌وه‌، چاره‌نووسی ئێستاو ئاینده‌ی کورد له‌ رووی سیاسیی و ئابووریی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کلتووریی و ده‌روونییه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ڵدێرێکی هه‌زار به‌ هه‌زاری تێكشکان ده‌که‌وێته‌وه‌.
ئێوه‌ کۆمه‌ڵگای کورده‌واریتان به‌جۆرێک تێکوپێکداوه‌، شیرازه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیتان به‌ جۆرێك تێکشکاندووه‌، ئه‌و ئه‌نفاله‌ی سه‌دام و به‌عس بۆی ته‌واو نه‌کرا، ئێوه‌ بۆیان ته‌واو ده‌که‌ن.
ئێوه‌ بەم پلان و به‌رنامه‌و نه‌خشه‌و پرۆژانه‌تان، گه‌نجی کوردتان به‌ جۆرێک په‌راوێزخستووه‌، چه‌ند ساڵێکی تر کاردانه‌وه‌ی ژه‌هری مه‌ترسییه‌ سامناکه‌کانی ده‌رده‌که‌وێت.
هه‌رێمێک بێ گه‌نج، بێ کار، بێ هزر، بێ هیوا، بێ وزه‌، بێ به‌رهه‌م، نیشتمانێک له‌ بیابانی ئه‌نفال و گه‌رده‌لولی جینۆسایدو گۆڕی به‌کۆمەڵه‌وه‌ ده‌که‌ن دۆزه‌خ.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies