هوشیار ئەحمەدی: قاسملوو ڕێبەری واقێعبینی نەتەوەیەکی ئێحساسی بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر سەرنج بدەین، هەم سەردەمی زیندوو بوونی، هەمیش ئێستا کە 33 ساڵە بە جەستە لە ناوماندا نەماوە، زۆرینەمان هەر لێی تێنەگەییشتووین یان ئەگەر هەندێکمان لێی تێگەییشتووین، بەکردەوە لە ئامانجەکانی، ڕێبازەکەی دوورین.
هەم کاتی زیندوو بوونی، هەمیش پاش مەرگی، بە ئێستاشەوە هەر لای نەتەوەکەی زیاتر نوقمی هەست و سۆز و دروشم بووە. کەمتر کەسێ لەوانەی وانیشان ئەدەن خۆیان قوربانی گۆڕ و یادی ئەکەن، تاقە کتێبێکیان خوێندووەتەوە( کوردستان و کورد، تاڤەی هەقیقەتی1,2,3، کردستان رنج و ایستادگی، چل ساڵ خەبات، کورتەباس و….).
ئەمە کاتێ خەمهێنەرترە ئەبینین هەموو ڕێبەرایەتیی ئێستای هەردوو لای حیزبەکەی خۆیان بە ڕێبواری ڕێبازی ئەو و قوتابیی قوتابخانەکەی دائەنێن، کەچی زۆربەیان نە لە بیرکردنەوە و کەسایەتیدا و نە لە کردەوەشا پا نانێنە جێگا پای دکتۆر قاسملوو.
ئاخر ئەو لە هەموو شتێ، تەنانەت بنەماڵەکەی، گیان و ژیانیشی گوزەرا بۆ ئامانجە باڵاکانی نەتەوەکەی، بەڵام ئەوان لەو دەشتە ڕووتەڵە هیواکوژەی کۆیەدا تەنیا خەریکن لە پشت فێرگە، گۆڕستانی هیواکان ئاوادانتر ئەکەنەوە.
ئەوان بە چەقەنەیەک حیزبە گەورەکەی دیموکراتیان لە بەر بەرژەوەندیی خۆیان و پلە و پایەی دەسەڵاتی ساوێری خۆیان لەتوپەت کرد و ساڵانێکە بە ناوی دانوستانی یەکگرتنەوەوە خۆڵ لە چاوی خەڵک ئەکەن.
گەر سەرنج بدەین، زۆربەی ئەوانەی وا 40 ساڵە لە ڕێبەریی حیزبان و سەدانی تر لە فەرماندە و ڕێبەرانی کارامە و بەتوانای شۆڕش و حیزب کە ئێستا لە نێوماندا نەماون لە ڕێگای د.قاسملووەوە سەرنجیان بۆ لای حیزب و شۆڕش ڕاکێشرا، کەچی لە پاش تیرۆری ئەوەوە تا ئێستا، کەسێکی وام پێ شک نایێ ئەوانیتر توانیبێتیان هێنابێتیانە ڕیزی شۆڕشەوە، ئەگەر زۆرێکیشیان دەرنەپەڕاندبێ.
33 ساڵە هەموو لایەک بەس شێعر و گۆرانی و سروود و پەخشان بە باڵای د.قاسملووا ئەهۆنینەوە، ئاخۆ هەموومان چەند شارەزای ناوەرۆکی بیروباوڕەکانیین؟ چەندە لە پەیامی وتارەکانی تێگەییشتووین؟
یان زۆربەی ئێمەش، وەک چۆن هاوڕێیەکی سەرکردایەتیمان تەنیا لە بەر ئەوەی د.قاسملووی خۆشویستووە و متمانەی پێ بووە، دەنگی بە کورتەباس و هەڵبژاردنی سوسیالیزمی دیموکراتیک وەک ئامانجی دواڕۆژی حیزب دابوو، ئاوا دوکتۆر قاسملوومان ناسیووە و قەبوڵمانە؟!
ئاخۆ هێشتنەوەی دکتۆر قاسملوو و بیروباوڕەکانی لە بازنەی شێعر و ئەدەبیات و پەخشان و سۆز و ئێحساسدا بە قازانجی کەسانێ یان لایەنێکە و ئاوا ئاراستە کراوە؟
یان هەر خۆمان وەک کورد حەزیاری ئەو شێوازە لە ژیان و بیرکردنەوەین؟
ئاخۆ پیرۆز کردنی دکتۆر قاسملوو باشتر و بە قازانجترە بۆ ئێمەی کورد یان خوێندنەوەی کتێب و وتار و بیرو باوڕەکانی و کارکردن بە ڕێنمایی و ئامۆژگاری و ڕاسپاردەکانی؟
ئەی ئەگەر خوێندنەوەی وتار و بیروباوڕەکانی و ناسینی کەسایەتیی ئەو و پەیامەکانی گرینگتر و کاریەرترن، بۆچی زۆرینەمان هەر لە بازنەی سۆز و ئێحساسا بە دەوری کەسایەتییی ئەوا ئەخولێینەوە؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت