محەمەد بەرزی: ئەنجومەنێکی مەزن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ساڵی 1921دا بۆ یەکەمجار حکومەتی عیراق دادەمەزرێت. لە هەمان کاتدا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دەستەیەک بەناوی دەستەی دامەزرێنەرەوە پێکدەهێنرێت. کە بە گشتی کارەکانی بریتی بووە لە: دانانی پادشای عیراق لەسەر تەختی پادشایەتی، دامەزراندنی وەزارەت و دامەزراوەکان و دۆزینەوەی کەسانی شایستەی ناو هەموو نەتەوەکانی وڵات بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان. دانانی دەستور و یاسای هەڵبژاردنی ئەندامانی پەڕلەمان و ڕێکخستنی پەیماننامەی نێوان عیراق و بەریتانیا. جا لەگەڵ ئەوەشدا لە نێوان ساڵەکانی ( 1921 تا سەرەتای ساڵی 1950 ) چلوپێنج جار حکومەت گۆڕڕاوە، بەڵام لەو ماوەیەدا و لە هەموو بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و پەروردە و پیشەسازی و کشتوكال و ژیانی خەڵکیدا، نەیانتوانیوە دارێک بخەنە سەر بەردێک و هیچ ئاسەوار و یادگارییەکی جوانیان لە دوای خۆیان بەجێ نەهێشتووە. بە گشتیش هۆکارە سەرەکییەکانیشی بریتی بوون لە:
1- دانانی وەزیری نەشارەزا و نەشیاوی دەست و پێ سپی لە وەزارەتەکاندا، کە نەیانتوانیوە یەک بکەن بە دوو.
2- لاوازی پلان و بەرنامەی وەزارەتەکان بە هۆی بێ توانایی وەزیرەکانەوە.
3- بارودۆخی ناجێگیری سیاسی و ئابوری عیراق و گۆڕینی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەت بەزوویی.
4- لەو سەردەمەدا داهاتی سەرەکی وڵات بریتی بووە لە نەوت، بەهۆی قۆرخکردنی بواری نەوتیشەوە لە لایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە، ڕێژەیەکی کەمی داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
ئەوەی شایانی باسە لە ساڵی 1950دا و لە حکومەتی چلوشەشهەمیندا گۆڕانکارییەکی ئێجگار گەورە ڕوودەدات، بیر لەوە دەکرێتەوە ئەنجومەنێکی ئاوەدانکردنەوە دابمەزرێت، بەجۆرێک پێگەو قورسایی هاوشانی پێگەو قورسایی حکومەتی عیراق بێت. سەربەخۆ کاربکات و ئەندامەکانی کەسانی پاک و شارەزا و لێهاتوو بن، بەشێوەیەکی ڕەمزیش سەرۆک وەزیران سەرۆکی ئەنجومەنەکە و وەزیری داراییش ئەندامی بێت، بەبێ ئەوەی ڕۆڵیان هەبێت و دەستبخەنە کارەکانییەوە. هەموو داهاتی نەوتیش بە تەنها بۆ ئەنجومەنەکە تەرخان بکرێت، داهاتەکانی تری وڵاتیش وەک: داهاتی کشتوکال و باج و… هتد، بۆ مووچە و ڕاپەڕاندنی کارەکانی دەوڵەت بەکاربێت. بێگومان ئامانجەکانی ئەنجومەنەکەش بە پلەی یەکەم بریتی بووە لە:
1- دروستکردنی ئەو پڕۆژانەی سوودیان بۆ ئابوری گشتی هەیە.
2- گرنگیدان بەو پڕۆژانەی ئاستی ژیان و گوزەرانی تاک بەرزدەکەنەوە.
3- چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نیشتەجێبوون و کارەبا و ئاوی خواردنەوە.
4- قەدەغەکردنی داگیرکردنی موڵکی گشتی.
5- گرنگیدان بە پەروردە، بە تایبەتی بوارەکانی پیشەیی و تەکنیکی، بە مەبەستی پەرەپێدان و ڕێکخستنی ژیانی ئابوری بە شێوەیەکی باشتر.
6- گرنگیدان بە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە، بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی هەژموونی بازاڕەکانی دنیای دەرەوە.
7- لاکردنەوە لە پڕۆژەی پیشەسازی. چ لە ڕێگای پڕۆژە دیاریکراوەکانی ئەنجومەمنەکەوە، چ لە ڕێگای بانکی پیشەسازیی نێودەوڵەتییەوە.
8- بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری جوتیاران، لە ڕێگای پێشکەشکردنی یارمەتی دارایی و هونەرییەوە بۆیان.
9- باشکردنی ڕێگاکانی گواستنەوەی وشکانی و دەریایی، بە هۆی دروستکردنی پرد و تۆڕی ڕێگاوبان و کۆمپانیاکانی کەشتیوانییەوە.
10- کردنەوەی پڕۆژەی گەورەی ئاودێری بۆ سودوەرگرتن لە ڕووبەرێکی فراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان.
جا چونکە ئەنجوومەنەکە لەلایەن کەسانی شارەزا و دڵسۆز و دەستپاکەوە سەرپەرشتی کراوە و پارەی تەواوی نەوت چۆتە خەزێنە خاوێنەکەیەوە و دزیی و ساختەی لێ نەکراوە، ئەوا توانیویانە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا خزمەتی زۆر هێژا بە عیراق بکەن. چەندین پڕۆژەی زەبەللاح لە وڵاتدا تەواو بکەن و بارودۆخ و ڕووی عیراق بە تەواوی بگۆڕن. بێگومان جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکیان بکەین، کە لە ڕێکەوتی هەفتەی یەکەمی مانگی نیسانی ساڵی 1956دا تەواو بوون و کراونەتەوە:
1- پڕۆژەی بەنداوی ئاوی سەرسار لە باکوری شاری ئەنبار، کە یەکێکە لە پڕۆژە هەرە نایاب و گرنگەکان، کە توانای گلدانەوەی ( 59,85 ) ملیار مەترە سێجا ئاوی هەیە و شاری بەغدادی بە تەواوی لە مەترسی لافاو ڕزگار کردووە.
2- پڕۆژەی بەنداوی حەبانییە بۆ ڕێگرتن لە مەترسی لافاو.
3- سەرباری ئەو دوو پڕۆژە زەبەڵلاحانە و لە هەمان هەفتەدا ئەم پڕۆژانەش کراونەتەوە: کردنەوەی دوو پرد، یەکێکیان لە شاری حلە و ئەوەی تریشیان لە هندییە. ڕێگای نێوان شاری حلە- کوفە – نەجەف.
شان بە شانی ئەو پڕۆژانە و لە دوا هەفتەی مانگی مارتی ساڵی 1957دا، کە بە هەفتەی دووەمی ئاوەدانکردنەوە ناودەبرێت، ئەم پڕۆژانەی خوارەوە کراونەتەوە:
1- پردی شاژنە عالییە، کە دوای شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ ناوەکەی کراوە بە پردی جمهوری. پاشان کردنەوەی پردی ئەئیمە، کە ناوچەکانی کازمییە و ئەعزەمییەی بە یەکەوە بەستۆتەوە.
2- دانانی بەردی بناغەی مۆزەخانەی تازەی عیراق لە ناوچەی ساڵحییە، کە لە ساڵی 1966 دا تەواو کراوە.
3- کردنەوەی کارگەی شیرەمەنی لە ئەبوغرێب.
4- دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی 25 هەزار خانوو ( اسکان ) لە ڕۆژئاوای شاری بەغداد. لە هەمان پڕۆژەدا بڕیار دراوە تا ساڵی 1980 ( 400 ) هەزار خانوو لە سەرتاسەری عیراقدا دروستبکرێت، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون.
5- کردنەوەی کارگەی چنیین لە موسڵ و دانانی بەردی بناغەی کارگەی شەکری موسڵ لە لایەن مەلیک فەیسەڵی دووەمەوە. پاشان هەر مەلیک هەستاوە بە کردنەوەی کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار لە سلێمانی و بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی بەنداوی دوکان، کە لە ساڵی 1954 دا بەردی بناغەی دانراوە و لە ساڵی 1959 دا تەواوکراوە.
ئەوەی شایانی باسە پڕۆژەکانی ئەنجومەنی ئاوەداکردنەوە لەو پڕۆژانە سەرەوە زۆر زیاترن، کە هەندێکیان لە دوای شۆڕشی 14 ی گەلاوێژەوە تەواو کراون وەک: تەلاری پەڕلەمانی عیراق، شاری پزیشکی ( مدینە الطب ) لە بەغداد و کولیجەکانی دەورووبەری، نەخۆشخانەکانی کەڕادە و کەرخ، زانکۆی بەغداد لە جادرییە، بەنداوی دەربەندیخان و بەنداوی بێخمە ( کە هەتا ئێستا تەواو نەکراوە )، کارگەی کاغەز لە بەسرە و کارگەی ئاسن لە باشوری عیراق و… هتد.
جا ئێستا پرسیار ئەوەیە: لە سایەی وەزیر و لێپرسراوی نەشیاو و نەشارەزادا، چلوپێنج کابینەی یەک لە دوای یەکی عیراق نەیانتوانیوە لە ماوەی 29 ساڵدا پڕۆژەیەک لەو پڕۆژانەی سەرەوە بنیات بنێین، بەڵام کاتێک کەسانی شارەزای دڵسۆز و دەستپاک لە شوێنی شیاودا دادەنرێن و خەمی خەڵک و نیشتمانی خۆیان لە کۆڵ دەگرن، توانیویانە وڵات ئاودان و میللەتەکەی بەختیار بکەن. ئەرێ بەڕاست کاتی ئەوە نەهاتووە دەسەڵاتە پاوانخوازەکەی هەرێم، دوای سی ساڵ لە شکست و برسێتی و تاڵانی، واز لە مێشکی خێڵ و شاخ و باڕ و باڵەخانە بێنێ و بیر لە ئەنجومەنێکی ئازا و ئازاد و شارەزا و دەستپاکی وا بکاتەوە، بەڵکو ئەمە خوایە شان بە شانی پڕۆژەی تازە، پڕۆژە وێرانکراوەکانی سەردەمی حکومەتی عیراقیش سەرلەنوێ بنیات بنێنەوە، کە سەرچاوەی بژێویی و ئارامی هەزاران خێزان بوون، وڵاتیش لە برسێتی و چەڕەدووکەڵی مولیدە و بێ ئاوی و زبڵ و خۆڵ و خاشاک ڕزگار بکەن و شتێکیش نەمێنی بە ناوی بێکارییەوە، خەڵکە بەشەرەفەکەشی لـەسەر خـاکی خوێناوی خـۆیان ئاسودە و سەربەرزانە بژین؟.

تێبینی: بۆ ئەم باسە سود لە چەند سەرچاوەیەکی عەربی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت