ڕێباز مام شۆرش: له‌تێوریی یارییه‌كاندا، مه‌رج نییه‌ هه‌موو یاریزانه‌كان هاو ئاست بن‌.

هه‌رچه‌نده‌ به‌خت‌و پێگه‌ش لە یارییەکاندا رۆڵ ببینێت له‌بڕیارداندا، به‌ڵام ته‌نانه‌ت لاوازترین یاریزانیش، به‌بڕیاری دورست ده‌توانێ خۆی له‌خراپترین چاره‌نووس بپارێزێت. لای سه‌ركردایه‌تی یەکێتیی پێویسته‌ فه‌رامۆش نه‌كرێت كه‌ كاتی دانوستاندن، به‌هایه‌كی ستراتیژیی هه‌یه‌و كه‌شفكردنی كارته‌كان یان رازی بوونی خێرا به‌ده‌ستكه‌وته‌ كاتییه‌كان یاخود پێداگریی به‌رده‌وام بۆ خواستێكی نه‌سه‌لمێنراو، به‌زیان ده‌شكێته‌وه‌.
له‌تیۆری یارییه‌كاندا، دوو مۆدێل جێی بایه‌خی زیاترن، مۆدێلی گۆڵمه‌زی زیندانی، كه‌ پشت به‌هاوكاریی ده‌به‌ستێت‌و مۆدێلی باڵنده‌ كه‌ پشت به‌ناوبانگ له‌ترساندنی به‌رامبه‌ر ده‌به‌ستێت، ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌مڕۆی یه‌كێتی گرنگه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌یه‌ كه‌ ئایا، یه‌كێتی ده‌یه‌وێت له‌پێشبڕكێ له‌گه‌ڵ حزبه‌ سیاسییه‌كانی تردا، زۆرترین ده‌سكه‌وتی هه‌بێ‌و ئه‌و باڵنده‌یه‌ ده‌كاته‌ نموونه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ناو پۆلێ باڵنده‌ی تردا، بێ ترس له‌ده‌نوكی نه‌یاره‌كانی، زۆرترین گه‌نم بخوات، یان ئه‌و زیندانییه‌ ده‌خاته‌ به‌رچاوی خۆی، كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سپێشخه‌ربێ له‌هاوكاریكردندا، ئه‌وا هه‌رچه‌نده‌ باشترین چاره‌نووسی نابێت، به‌ڵام له‌شكست رزگاری ده‌بێت.

تیۆری یارییه‌كان:
له‌تیۆریای یارییه‌كاندا، دوو جۆر یاری سیاسی هه‌یه‌ كه‌ كاره‌كته‌ر ده‌توانێ ئه‌نجامی بدات: گه‌مه‌ی سفری‌و گه‌مه‌ی ناسفری. گه‌مه‌ی سفری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوو یاریزان كێشمه‌كێشی راسته‌وخۆیان هه‌بێ‌و گه‌مه‌ی ناسفری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یاریزانه‌كان هاوكاریی یه‌كتر بن. له‌گه‌مه‌ی ئه‌نجام سفردا، بردنه‌وه‌ی یه‌كێكیان دۆڕانی ئه‌وی دییه‌و له‌گه‌مه‌ی ناسفری دا، ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر یه‌كێكیان له‌ڕێ هاوكاریكردنی یه‌كتره‌وه‌، زیاد ده‌بێ. له‌سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق ئایا یه‌كێتی كام یارییه‌ی مه‌به‌سته‌؟ ئایا بۆ هاوكاریی ده‌گه‌ڕێت یان كێشمه‌كێش؟
به‌وته‌ی ماكس ڤیبه‌ر، سیاسه‌ت لێوانلێوه‌ له‌كێشمه‌كێش. ئه‌گه‌ر ئه‌م تێڕوانینه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، ناكرێ یه‌كێتی وه‌كو حزبێكی سیاسی گرنگ بیه‌وێ هه‌بێ‌و كێشمه‌كێشی سیاسی نه‌كات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌كێشمه‌كێشدا كردوێتی، به‌م دواییه‌ ته‌نهاو ته‌نها دەرەوەی هەرێمی بووە، نەک كێشمه‌كێشی ناوخۆیی.
داهاتووش وەڵامی پرسیارەکانمان دەداتەوە، ئایا کێشمەکێشمەکان دەگەن بەکوێ، لە بەرژەوەندییەکان.