شوان خورشید: تورکیا دەیەوێت بە چی بگات؟

ڕژێمی تورکیا بە بەهانەی بونی پەکەکە لە باشوری کوردستان، هەر کاتێ ویستبێتی هێرشی کردۆتە ناوچە سنوریەکان و کەی پێویستی کردبێت بە فڕۆکەو تۆپی قورس ناوچەکەی بۆردومان کردوە،کەسیش لە گوڵ کاڵتری پێ نەوتوە. بە جۆرێک نە عێراق، نە هەرێمی کوردستان، نە نەتەوە یەکگرتوەکان، نەزلهێزە جیهانیەکان ناڕەزایەتیان بەرامبەر دەسدرێژیەکانی ئەردۆگان و سەرانی ڕژێمەکەی دەرنەبڕیوە. بۆیە ئەویش بەڕاست و چەپ دا، هەر شوێنێکی ویستبێ کردویەتیە ئامانج و هەر جێگایەک بە پێویستی زانیبێت و بۆ ئەو ستراتیژی بێت بنکەو بارەگای لێ داناوە. لە ناوخۆی هەرێمیش ڕەوایەتی بە پێشڕەویەکانی دراوە، سەیر لەوەدایە تورکیای داگیرکەر، دەیان گوندو ناوچەی سنوری تۆپباران کردوەو چەندین کەسی لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان شەهیدو بریندار کردوەو ڕەزوو باخ و بەروبومی جوتیارانی سوتاندوە،کەچی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی باشوری کوردستان بە دێرێک ناڕەزایەتیان دەرنەبڕیوەو تەحریمی کردەوەکانی تورکیایان نەکردوەو، تورکیاش لەپای ئەوە زیاتر دەسکراوە بوە. کردەوە سەربازیەکەیان زیاتر فراوان کردوە پەل و پۆی فراوانتریان هاویشتوە، بێ مەوقفی دەسەڵاتدارانی هەرێم و شەرمنۆکی دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان، لە هەمبەر داگیرکاری تورکیا،کارەکەی گەیاندۆتە ئەوەی کە هەیە. تەنانەت دەسەڵاتدانی باشوری کوردستان سەرەڕای ئەوەی خۆیان بەرامبەر دەستدرێژیەکانی تورکیا هیچ کاردانەوەیەکیان نیە، ڕێک ڕێگا بە خەڵکی ناڕازی و چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی ئازادیش نادەن، بۆ دەربڕینی هەڵچونەکانیان و، چەندین چالاکوان و خەڵکی ناڕازیان ئاخنیوەتە کونجەکانی زیندانەوە،لەپای پاراستنی بنکەو بارەگاکانی تورکیای داگیرکەر.\
جا ئەوەی پێویستە بوترێت، چەندین ساڵە تورکیا بەبەهانەی لێدان لە پەکەکە، باشوری کوردستانی کردۆتە مەیدانی جرت و فرتی خۆی و خەڵکی سیڤل ئەکوژێ و لادێ و گوندو کوێستانەکان خاپور ئەکات و، ئاوەدانی لەو ناوچە سنوریانە بنبڕ ئەکات، حکومەتی هەرێم و یەک بەرپرسی حیزبی و حکومی هیچ ناڕەزایەتیەکیان بەرامبەر تورکیا نەبوەو بە دێرێکیش تەحریمی دەستدرێژیەکانی تورکیایان نەکردوە، وەک ئەوەی کورد مرۆڤ نەبن و زیادە بن لەسەر ڕووی زەوی. تا کار گەیشتە ئەوەی ناوچەیەکی گەشتیاری تۆپباران بکات و ژمارەیەک هاوڵاتی باشورو ناوەڕاستی عێراق بکاتە ئامانج و کوژاو برینداری لێ بکەوێتەوە. بەو کردەوەیە یەکسەر دەسەڵاتدارانی عێراق هاتنە سەر خەت و بە توندی ئیدانەی کردەوەکەی تورکیایان کردو ناڕەزایەتی شەقامی عێراقی تەنی و کار گەیشتە ئابلوقەدانی سەفارەت و شوینە فەرمیەکانی تورکیاو بە ڕەسمیش داوا کرا تورکیا بارەگاو هێزەکانی عێراق جێ بهێڵی و لە پای ئەوکارەی داوای لێبوردن لە گەل و حکومەتی عێراق بکات، هەر لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی هەرێمیش شەرمنانە کەوتنە دەربڕینی ناڕەزای و هۆکارەکەشیان ئەخستە ئەستۆی بونی پەکەکە لەو ناوچانە.
من ناڵێم بەرپرسانی هەرێم خراپیان کردوە لە دەربڕینی ناڕەزای، بەڵام دەپرسم بۆ چەندین ژن و مناڵ و مڕۆڤی ئەم کوردستانە بە تۆپبارانی ڕژێمی تورکیا کوژران، ئێوە نقەتان لێوە نەهات و ناڕەزایتان دەرنەبڕی. کەچی لەگەڵ ناڕەزای حکومەتی عێراق هاتن سەر خەت و لە ڕێگەی دەزگا ڕاگەیاندنەکانتانەوە زۆر شەرمنانە، ناڕەزایتان دەربڕی. ئەی دەپرسم حکومەتی عێراق تا برینەکە جەستەی خۆیانی خەڵتانی خوێن نەکردبوو، بۆ ڕۆژێ لە ڕۆژان بەرامبەر داچۆڕانی خۆینی لادێ نشینەکانی کورستان بۆ هیچ متەقیان نەبوو، هەرچەندە کێشانی هەر گیانێک لە هەر نەتەوەو ئایدیاو ئاینێک بێت بەلای منەوە هەر گیانەو دەبێت پێرۆزی پێ بدرێت، بەڵام ئەوەی دەیبینین،حکومەتی عێراق و هەرێم و سیاسەتی بانێک و دوو هەوا پەیڕەو دەکەن و، لە بەرامبەر ڕوداوەکان سیاسەتی دوو فاقی دەبینن،کاتێ کوردی خێرلەخۆ نەدیو دەکوژرێت، بە شەستیری تورکی داگیرکەر دەکرێتە خەڵوز نەعێراق نە هەرێم بە ووشەیەک هاوخەمی کەس و کاریان ناکەن و لەسەر ئەو کردەوەیە، ناڕەزایەتی دەرنابڕن. بەڵام گەشتیارێکی عەرەب دەکرێتە ئامانج، جگە لە عێراق حکومەتی هەرێم و بەرپرسەکانیشی بەپەلەپڕوزێ دەکەونە دەرکردنی ڕاگەیەندراوی شەرمنانە، غیرەت پەیدا دەکەن. دەکرێ بپرسین تورکیا چی دەوێت و دەیەوێت بە چی بگات لە پای ئەو پێشڕەوی و دەستدرێژیانەی دەیکاتە سەر باشوری کوردستان، دیارە تورکیا خەونی لە مێژینەی زیندو کردنەوەی ولایەتی موسڵەو بۆ چرکەیەکیش ئەو خەونەی لە زیهن دەرنەچوە، بۆیە وەک هەنگاوی دەسپێک بە سەربازگەکردنی باشوری کورستان، هەنگاو بۆ بەدیهێنانی خەونەکەی هەڵدەهێنێت، ئەمە لەڵایەک،لە لایەکی ترەوە، لە ئێستادا تورکیا دۆخی دارایی ژێرخانەکەی ئەوە نیە کە ئیدارەی ململانیەیە ناوچەیەکانی بدات وەک جموجۆڵەکانی لە سوریاو لیبیاو عێراق وئاڵۆزی لەگەڵ یۆنان و چەندین بابەتی تر، ئەوەی تورکیا پشتی پێ دەبەستێت و باری دارای پێ ڕاست دەکاتەوە زیاتر گەشتیاریە،وەک دەبینین بەبەرچاوی تورکیاوە خەریکە هەرێمی کوردستان و هاوینەهەوارەکانی دەبنە شوێنگرەوەی ناوچە گەشتیاریەکانی تورکیا. بۆیە تورکیا چاوی بەوە هەڵنایەت،دێت ئەو شوێنە گەشتیاریانە دەکاتە ئامانج و هەوڵ ئەدات بڕەو بە ناوچە گەشتیاریەکانی خۆی بدات، باری لێژی دارای کەمێک ڕاست بکاتەوە. سا ئەوە نیە تورکیا بەهەڵە شوێنی گەشتیاری تۆپباران بکات، دەزگا هەوڵگریەکانی تورکیا بەهاوکاری دەزگا سیخوڕیەکانی ناوخۆی هەرێم ئەوەندە دەقیقن، لە گوندە دورەدەستەکانی گەرمیان، شۆڕشگێرانی باکور دەکەنە ئامانج، بەڵام کردنە ئامانجی شوێنی گەشتیاری و خەڵکی سیڤل نهێنی تری لە پشتەوەیە، لەلایەک دەیەوێت خەڵکی ڕوو لە تورکیاو ناوچە گەشتیاریەکانی ئەو بکەن لەلایەکی تر،بێ سیادەی و بێ سەروەری عێراق وای کردوە ئەو کردەوانە ئەنجام بدات، لەبەر ئەوەی بەڕاستی عێراق و ئاسمانەکەی بێ سەروەرن، حکومەت تونای پاراستنی سنورەکانی نیە،گەر هەیبوایە چەندین ساڵە دەستدرێژی دوای دەستدرێژی، کاردانەوەیەک، ناڕەزایەتیەک،گرتنە ڕێگای دادگایەکی نێودەوڵەتی دەگیرایە بەر، بۆیە دەبینین تورکیا چاوچنۆک سەرەڕای ناڕەزایەتی شەقام و حکومەتی عێراقی، هەر بەردەوامە لەکردەوە داگیرکاریەکانی تەنانەت، لەئاست ناڕەزای حکومەت و شەقامی عێراقی زۆر بێ شەرمانە جاوش ئۆغڵو لە نوێترین لێدوانی دا دەڵێت بۆ ڕەوەدونانی تیرۆرستان داوای مۆڵەت لە هیچ کەس و لایەنێک ناکەین و شەڕیان لە ناوخۆو دەرەوەی سنوری تورکیا دەکەین.

 

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies